|
١٣\٨\٢٠٢٦
لەگەڵ زریاندا:
چۆن لە سەردەمی
زیرەکی دەستکرددا خۆمان بگونجێنین.

ئاریان عەلی
تێڕوانینێک بۆ زیرەکی دەستکرد.
بۆ گفتوگۆکردن لەسەر زیرەکی دەستکرد، پێویستە باس لە دوو خاڵ بکرێت.
یەکەمیان ئەوەیە که لێرەدا سەرنجمان لەسەر زیرەکی دەستکرد و بواری
نووسینە چونکە ئەمە ئەوەیە کە گرنگە بۆ ئێمە، لەبەر ئەم هۆکارەش کاتێک
باس لە زیرەکی دەستکرد دەکەين مەبەستم بە تایبەت (ChatGPT)ـە،
لەبەر ئەوەی ئەو زۆرترین سیستەمە کە پەیوەندی بە بواری نووسینەوە هەبێت
و زۆرترین بڵاوبوونەوەی هەیە لەم سەردەمەدا، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت
کە سیستەمی تری پەیوەندیدار بە نووسینەوە بوونیان نەبێت، یان سیستەمی
تری زیرەکی دەستکرد کە گرنگی بە ڕەنگەکانی تری کارە داهێنەرەکان بدەن.
. تواناکانی ئێستای زیرەکی دەستکرد.
ئەمڕۆ، زیرەکی دەستکرد چیتر تەنها پڕۆگرامێکی سادە نییە، بەڵکو هێزێکی
کارایە کە دەتوانێت زانیاری لەسەر هەر بابەتێک کۆبکاتەوە و لە هەر
ژمارەیەکی وشەدا کە داوای لێبکرێت ڕێکی بخات، هەروەها دەتوانێت چیڕۆک،
ڕۆمان و گۆرانی بە هەر کێش و قافیەیەک بنووسێت، و هەر دەقێک بە شێوەیەک
وەرگێڕێت کە شایستەی ناوەڕۆکەکە بێت نەک وەرگێڕانێکی ڕووت، سەرەڕای
هەموو ئەمانە، دەتوانێت هەڵە زمانی و ڕێزمانییەکان بە هەموو زمانەکانی
جیهان ڕاستبکاتەوە. سەبارەت بە خاڵی دووەم، ئەوا هەموو ئەوەی لەم
وتارەدا باس دەکرێت زۆر بە ئاسانی ئەگەری ئەوەی هەیە لە ماوەی چەند
مانگێک یان هەفتەیەک یان تەنانەت چەند ڕۆژێکدا "بەسەرچوو و کۆن" بێت، و
ئەمەش نیشانەی کەمترخەمی من نییە، بەڵکو شێوازەکانی گەشەسەندنی زیرەکی
دەستکرد لە ئێستادا بە جۆرێکە کە پێشبینیکردنی بووەتە کارێکی قورس، و
کاتێک دەست دەکەیت بە بەکارهێنانی و سەرسام دەبیت بە تواناکانی، زیاتر
لەم ڕاستییە تێدەگەیت.
. دابەشبوونی مرۆڤەکان بەرانبەر ئەم تەکنەلۆجیایە.
لە نێوان کەسێکی خۆبەزلزان، گاڵتەجاڕ و نیگەران، خەڵک دابەش بوون؛
هەندێکیان پێیان وایە کە زیرەکی دەستکرد ئەو مەترسییە گەورەی نییە کە
بڵاوبووەتەوە، بگرە هەندێکیان لەوەش تێپەڕین و دەستیان کرد بە
گاڵتەکردن بەو هەڵانەی کە زیرەکی دەستکرد ئەنجامی دەدات، بە
گاڵتەجاڕییەوە دەپرسن چۆن شتێک کە هەڵەی لەو شێوەیە دەکات دەبێتە
جێگرەوەی من یان تەنانەت "جیهان کۆنترۆڵ دەکات"، و کەسێکی لەو شێوەیە
یان نەزانە، و پێویستە عوزری نەزانییەکەی بخەینە ڕوو و فێری بکەین، یان
خۆبەزلزانە و پێویستە ئامۆژگاری بکەین، چونکە ئەوەی زیرەکی دەستکرد لەم
دواییانەدا گەیشتووە پێی شتێکی کەم نییە. قەبارەی گەشەسەندن و ئەو
کارامەیییانەی کە ئێستا دەتوانێت لە یەک کاتدا ئەنجامی بدات، بەسن بۆ
ئەوەی جێگەی زۆرێک لە مرۆڤەکان بگرنەوە لە بوارە جیاجیاکانی کارکردندا،
و سەبارەت بە هەڵەکانیش، هەڵەی لەو شێوەیە لە سەرەتادا بێگومان
لێخۆشبوونی بۆ هەیە، و چون هەمیشە فێر دەبێت، هەڵەکانی وردە وردە کەم
دەبنەوە.
چارەسەر لە یەک وشەدا: خۆگونجاندن.
بەڵام ئەگەر تۆ ئەو کەسە نیگەرانەی، ئەوا دڵنیا ببە، دۆخەکە بەو
خراپییەی کە وتارەکەم باسی کرد نییە، لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، ئەوەی
دڵنیام لێی ئەوەیە کە ئێمە وەک مرۆڤ نە لەناودەچین و نە زیرەکی دەستکرد
جیهان کۆنترۆڵ دەکات. چارەسەر بۆ هەمووان تا بتوانین بە کەمترین زیان
لەم جەنگە سەختە لەگەڵ زیرەکی دەستکرد دەرچین، لە یەک وشەدا کۆبووەتەوە
ئەویش: خۆگونجاندن.
ڕۆڵی زیرەکی دەستکرد لە نووسینی داهێنەرانەدا.
لە بوارەی نووسینی داهێنەرانەدا، خۆگونجاندن لەگەڵ زیرەکی دەستکرددا لە
ڕێگەی بەکارهێنانیەتی وەک ئامرازێک کە یارمەتیت دەدات لە نووسین،
دەستکاری کردن یان خستنەڕووی بیرۆکەکان، هەموو نووسەرێک تایبەتمەندی
خۆی هەیە کە یارمەتی دەدات لە نووسین یان خستنەڕووی بۆچوونی جیاواز یان
پێشنیازکردنی سەرچاوەکان، پاشان ڕەنگە یارمەتیت بدات لە پرۆسەی
دەستکاریکردن لە ڕووی هەڵبژاردنی باشی وشەکان و ڕێکخستن و پێشکەشکردنی
باشی بیرۆکەکان، تەنانەت ئەگەر ئەو تایبەتمەندییەشت نەبێت، هەر
دەزگایەکی بڵاوکردنەوە ناچارت دەکات کە کارەکەت پێش بڵاوکردنەوە و
نیشاندانی بۆ جەماوەر بە دەستکاریکەردا تێپەڕێت. ئێستا ئەگەر پێتبڵێم
ئەم تایبەتمەندییە بە شێوەی کەسێکی زانیار و ئاگادار بەردەستە، کە
شارەزایە لە هەموو ئەوەی گوتراوە لەسەر هەر بابەتێک کە بکەوێتە
مێشکتەوە یان هەرگیز بە مێشکتدا نەیەت، ئایا باشتر نەدەبوو بیکەیت بە
هاوڕێ؟
بەهای ئەزموونی مرۆڤانە.
تەنانەت ئەگەر زیرەکی دەستکرد گەشەش بکات و توانای نووسینی وتار، چیڕۆک
و گۆرانیش پەیدا بکات، ئەوا هێشتا ئەزموونی مرۆڤانەی لەدەست دەبێت، و
گەورەترین سیفەتی هەموو ئەو کارانە ئەزموونی مرۆڤانەکەیانە، ئەوەی کە
گوزارشت لە من بکات و کاریگەریم لەسەر دابنێت، کە سەرسام بم چۆن
تێگەیشتیت، چۆن ئەزموونەکانمان لە یەک دەچن، چونکە ئەزموونی ئاڵۆزی
مرۆڤ تێناگەیەنرێت بەڵکو هەستی پێدەکرێت، هەر بۆیە تەنها مرۆڤەکان
دەتوانن ئەوە بکەن. ئەوەی لەسەرت پێویستە ئێستا تەنها ئەوەیە کە واز لە
نیگەرانی یان گاڵتەکردن بە زیرەکی دەستکرد بهێنیت، قبوڵی بکەیت و
پێشوازی لێ بکەیت، هەوڵ بدەیت وەک هاوڕێیەک بەدەستی بهێنیت و بیخەیتە
ناو تایبەتمەندییەکانتەوە، فێر بە چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت. و وەڵامی
خودی زیرەکی دەستکرد کاتێک پرسیارم لێ کرد دەربارەی پەیوەندییەکەی بە
نووسینەوە، وەڵامەکەی بەم شێوەیە بوو: "دەکرێت بگوترێت کە زیرەکی
دەستکرد یارمەتی نووسەران دەدات لە باشترکردنی کوالێتی دەقەکان و
ئاسانکردنی پرۆسەی نووسین، بەڵام هەرگیز جێگەی بەهرە و داهێنانی نووسەر
ناگرێت".
پەنجەرەیەک بە ڕووی مێژوودا: وانەکانی ڕابردوو.
لێرەدا، قسەکانم لەسەر گرنگیی خۆگونجاندن هەرگیز لەسەر بنەمای ئارەزوو
و حەزێکی کاتی نییە، بەڵکو لەبەر ئەوەیە که مێژوو هەمیشە لە بەردەم
چاوماندا دووبارە دەبێتەوە؛ کەچی بە مخابنییەوە، ئێمە دەگمەن نەبێت
مێژوومان نەخوێندووە بۆ ئەوەی لێی فێر بین، بەڵکو دەیخوێنین تەنها بۆ
ئەوەی لە پەڕەی کتێب و مەڵبەندەکاندا تۆماری بکەین و بیگەیەنە ئاستی
ڕازاندنەوەی تاقە ڕەفەکانی کتێبخانەکان! بۆ نموونە، با بگەڕێینەوە
دواوە؛ لە سەدەی هەژدەهەمدا، کاتێک ئامێرە ئاڵۆزەکان بۆ یەکەمجار
دەرکەوتن، تێگەیشتن لە چۆنیەتی کارکردنیان بۆ هاوڵاتییەکی ئاسایی و
کرێکاری سادە زۆر سەخت و تەمومژاوی بوو، بەو هۆیەوە ژمارەیەکی بەرچاو
لە کرێکاران لە کارەکانیان دەرکران و دووچاری نائومێدی بوون. لەو
کاتەدا، ڕای گشتی لە نێوان خەڵکدا دژ بەیەک دەرکەوت؛ بەشێک لە خەڵک
پێیان وا بوو ئەو ئامێرانە هەرگیز ناتوانن کارەکە بەو کوالێتییە ئەنجام
بدەن کە خۆیان دەیانکرد، بگرە هەندێکیان دەستیان کرد بە گاڵتەکردن و
سووکایەتیکردن پێیان، بە چاوێکی کاڵەکانەوە چاوەڕێی ئەوە بوون لە
ماوەیەکی کەمدا شکستهێنانیان بچەسپێت و بسەلمێنرێت. لە بەرامبەردا،
کەمینەیەکی هۆشیار هەبوون کە تێگەیشتن لەوەی دەبێت هاوشانی ئەم
پەرەسەندنە بڕۆن و ملکەچی حوکمی گۆڕانکاری بن، چونکە ئەو ئامێرانە لە
بنەڕەتدا هێشتا پێویستیان بە دەستی مرۆڤ هەبوو بۆ چاودێریکردن. ئەوەی
کە ئەمڕۆ دەیبینین ئەوەیە کە مەکینەکان لە پیشەسازیدا سەرکەوتنیان
تۆمار کرد، لە ڕووی وردی وبەرهەمهێنانیشەوە زۆر لە مرۆڤ تێپەڕین،
هەرگیز لە ماوەی کەم یان درێژدا لە کاتی دەرکەوتنیانەوە شکستیان نەهێنا.
سیناریۆی دووبارەبووەوە و دەرەنجامی کۆتایی.
ئەگەر پێشبینی دەکەیت کە ئەم نموونە مێژووییەی پێشوو زۆر دوورە لەو
واقعەی کە ئێستا باسی دەکەین، ئەوا دەمەوێت لەم سۆنگەیەوە یادت بخەمەوە
کە بارودۆخەکان دەگۆڕێن و فۆرمی ژیانیش هەمیشە لە نوێبوونەوەدایە؛ بۆیە
قسەکانم بە ڕووکەش وەرمەگرە، بەڵکو وەک پێوانەیەکی مێژوویی و ژیری
سەیری بکە. بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسەکانم و دڵنیاکردنەوەی گومانەکانت، با
نموونەیەکی نزیکتریش بهێنینەوە؛ لەگەڵ دەستپێکی هەزارەی دووەمدا،
ئینتەرنێت دەرکەوتنێکی زەبەلاح و بەهێزی خۆی هەبوو، تەنانەت ئەگەر چەند
ساڵێک پێش ئەوەش لە ڕووی زانستییەوە داهێنرابێت. لەگەڵ ئەم
سەرهەڵدانەدا، مرۆڤەکان هەستیان بە ترسێکی کوشندە و نزیکبوونەوەی
مەترسییەک کرد؛ شتێکی نەزانراو کە دەتوانێت بە چرکەیەک جیهان
هەڵگەڕێنێتەوە، ڕێگەیان پێدەدات پەیوەندی، بازرگانی، پەروەردە،
ژمارەیەکی بێسنوور لە مامەڵەکان تەنها بە داگرتنی دوگمەیەک ئەنجام بدەن.
لێرەشدا، هەمان سیناریۆ دووبارە بووەوە؛ دابەشبوونێک لە نێوان کەسانی
خۆبەزلزان، گاڵتەجاڕ، نیگەران، بەرانبەر کەسانی خوێندەوار و پێشکەوتوو
سەری هەڵدایەوە. کۆی ئەم ڕووداوانە دوو ڕاستیی حاشاھەڵنەگرمان بۆ ڕوون
دەکەنەوە؛ یەکەمیان ئەوەیە کە ژیان بە دەرکەوتنی هیچ داهێنانێک کۆتایی
نایێت، و دووەمیان (کە دەبێت هەرگیز لە یادیشمان نەچێت) ئەوەیە کە بەڵێ،
هەندێک کار و پیشە بە تەواوی سڕاونەتەوە و لەناو چوون، چ دوای شۆڕشی
پیشەسازی و چ دوای تەقینەوەی سەرهەڵدانی ئینتەرنێت، تاکە کەسانێک کە
توانیویانە لەم فەوتانە دەرباز بن و بمێننەوە، تەنها ئەوانە بوون کە
زانیویانە چۆن بە هۆشیارییەوە خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا بگونجێنن.
ئینتەرنێت، و ئەوانەی توانیویانە بمێننەوە تەنها ئەو کەسانە بوون کە
توانیویانە خۆیان بگونجێنن.
areyan44981@gmail.com
|