په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\١٠\٢٠١٠

له‌ گفتار و له‌ ره‌فتار.

سەلام عەبدوڵا   

 

١- بۆ کەناڵی KNN: ئەوانە هاوڵاتی کوردستانیین، نەک پەنابەر!


ئیمڕۆ کەناڵی(knn) راپۆرتێکی لەبارەی ئەو کوردستانییانە بڵاوکردەوە کە لە رۆژئاوای کوردستانەوە بەهۆی زوڵم و ستەمی رژێمی حکومەتی بەعسی سوریا، روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.


ئەوەی لە میدیا حزبییەکانەوە دەیبیستین و دەیخوێنین ئەمەیە: (ئێمە نەتەوەیەکین بۆ 4بەش دابەشکراوین....کوردستان وڵاتێکە). ئەمە راستە، بەڵام کاتێ باسی هاوڵاتییەکی کوردستانی لە بەشێکی کوردستان روو لە هەرێمی دەکەن، هەمان ئەو کەناڵانە بە حکومەت و پەرلەمان و حزبەکانەوە، پێیان دەڵێن(پەنابەر).


لەڕاستیدا ئەو مرۆڤانە هاوڵاتی کوردستانین و هەرێم ماڵی باوکیانەو هەموو مافی هاوڵاتییەکی هەرێم بە باشترین شێوە بۆیان دەستەبەر بکرێت، نەک وەک پەنابەر مامەڵەیان لەگەلدا بکرێت. ئەوە چ شەرمەزارییەکە کوردستانییەک بێت و بیەوێ لە هەرێم کار بکات، دەبێ یەکێک ببێت بە کەفیلی؟!


ئەمە فاولێکە وەک ئەو فاولە کە لەبارەی ناوچە دابڕێنراوەکانەوە دەوترێ(ناوچە جێ ناکۆکەکان).
ئایا ئەمەش ئەقڵ و زمانی عەرەبە شۆفێنیستەکانە یان عەقڵی کول و خواروخێچى سیاسەتمەدارە کوردەکانە؟!
خۆزگا زمانتان راست بکەنەوەو لەم جۆرە دەربڕینە نابەجێیانە وازبهێنن.

 

 

----------------------------------------------------------------------------------------------------------

 


٢
- فیستیڤاڵی عەبدولمەجید لوتفی لە خانەقین.

 


لە 27/10/2010بنکەی رۆشنبیری لە خانەقین هەڵدەستێ بە بەرزراگرتنی یادی لەدایکبوونی 104ساڵەی رۆشنبیرو بیرمەندی کوردستان(عەبدولمەجید لوتفی). عەبدولمەجید نووسەری کۆچکردوو یەکێکە لە چیرۆکنووس بەناوبانگەکانی کوردستان و عێراق. وەزارەتی رۆشنبیری هەرێمی کوردستان ئەرکی فیستیڤاڵەکەی لەئەستۆ گرتووەو لە هۆڵی کلتووری خانەقین بەڕێوەدەچێت.


لەم بارەیەوە وەلی شەریف ئەندامی کۆمسیونی باڵای فیستیڤاڵەکە بە ئاسۆی وت: دوێنێ کۆمسیونەکەمان کۆبووەوەو وەک رێزنانێک لە عەبدولمەجید لوتفی و یادکردنی و لەچاپدانی بەرهەمەکانی سەرقاڵی رێکخستنی فیستیڤاڵەکەین و خەریکی مێوانداری رۆشنبیرو نووسەر و کەسایەتییەکانین تا لە رۆژی دیاریکراو ئامادە ببن و تا ئێستا کارەکانمان بە باشی و رێکوپێکی بەڕێوەچووە. هەر وا لە درێژەی قسەکانی وتی: ئێمە بانگەوازی هەموو ئەو نووسەران و رۆشنبیرانە دەکەین کە هەر نووسین و لێکۆڵینەوەو یادوەریان لەگەل گەورە نووسەرەکەمان هەیە، بەم ئەدرەسە ئەلکترۆنیە (walisherifhussein@yahoo.com) یان ژمارەی تەلەفۆنی(07708627280) پەیوەندیمان پێوە بکەن.

 

 

----------------------------------------------------------------------------------------------------------
 

 

٣- خانەقین شاری ئاشتی و تەباییە.


هەواڵ: 4/10/2010

لە کۆبوونەوەی ئیمرۆ لە قائیمقامییەتی قەزای خانەقین، قائیمقام و رێکخراوە مەدەنییەکانی شاری خانەقین هەموویان یەک بۆچوون بوون لەبارەی ئەوەی بە فەرمی داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند بکرێ، خانەقین وەک شاری ئاشتی و تەبایی بناسرێت.


لەم بارەیەوە فەیروز عەبدولحەمید(لێپرسراوی ماڵی رووناکبیری سەلام)و پەخشان محەمەد عەلی(رێکخراوی حەونی منداڵان) وتیان: زۆرم پێخۆشە شارەکەمان بە سمبۆلی ئاشتی بناسرێت.


قائیمقامی شارەکە وتی: ئێمە پێشنیارەکە وەک ئیدارەی خانەقین ئەو پێشنیارە پەسەند دەکەین کە خانەقین بکرێت بە شاری ئاشتی و تەبایی. ساڵهای ساڵە لەم شارەکەمان هەموو نایفە و ئاین و مەزهەب ونەتەوە پێکەوە دەژێن و تا ئێستا هیچ گیروگرفتیان لەنێوان درووست نەبووە. داواکارم لە هەموو لایەک پشگیری لەم پێشنیارە بکەن، چونکە بەڕاستی خانەقین شاری ئاشتی و تەباییە.


هەر هەموو رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی - خالد باجەڵان(رێکخراوی کارکردن لەپێناو ئاشتی)، زاهر تاهەر(رێکخراوە دیموکراتییەکان)، گۆران جەبار(رێکخراوی گەشەپێدانی ئەرتەمیتا)، رێکخراوی کەڵات، رێکخراوی ئاشتی، مەها عەلی حەداد پسپۆڕی کۆمەڵایەتی و دەروونناسی و سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە بواری کۆمەڵایەتی، هیوا ئیسماعیل(کۆمەڵەی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان، نەبیل موسی پەیمانگای وەرزش)، خەلیل حوسین(رێکخراوی ئاشتی مرۆیی) لەسەر ئەم داواکارییە کۆک بوون.

 

ماڵپه‌ڕی سه‌‌لام عه‌بدوڵا