په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\١١\٢٠١٢

    لە هەموو شوێنێکە سەری من.

هێمن عوسمان عەبدوڵا

سەرم ، لەناو مزراحێک دەسوڕێتەوە
سەرم ، لەناو تۆپێکە و منداڵانی گەڕەک تێی هەڵدەدەن
دەیخەنە ماڵی هاوسێیەک
ئەویش بەچەقۆیەکەوە دێت و ،
سەرم فش دەکاتەوە.

سەرم ، لەناو سەماوەرەکەی دایکمدایە و
قوڵپ
قوڵپ
قوڵپ
دەکوڵێ
سەرم ، لەناو سێ‌ بە سێی تەلاقەکانی باوکمدایە و ،
بەزەویدا دەکێشێ‌.

سەرم ، لەناو ئەو دارەیە مامۆستا
لەسەرەتای قۆناغی خوێندندا
بە قونیدا دەکێشام.

سەرم ، لەناو سەری ، بووکەشووشەی خوشکە بچووکەکەمدایە و
بەدیوارەکەیدا دەکێشێ‌
سەرم ، لەناو دڵی منداڵێکی برسیدایە
سەرم ، لەناو دڵی میوەیەکە ناوی نازانم
سەرم ، لەناو چاڵێکە هەزاران پیاو
ڕاوەستاون ، خۆڵی بەسەردا دەکەن .
سەرم لەناو سەبەتەی مێووژەکەی مام زۆراب_ە و
کچێک شوێنی کەوتووە: مام زۆراب... مام زۆراب
مێووژم بدەیێ‌.

سەرم ، لەسەر پشتی کیسەڵێکە و ڕێ دەکا
سەرم ، لەسەر پەڕۆی سواڵکەرێکی پیرە و ،
بەیانی تائێوارە سواڵ دەکا
کرێی ڕۆشتنەوەی پێنییە.

سەرم ، لە ژێرپێی تۆدایە
هێواش ، هێواش ، ڕێ ببڕە
با نەفلیقێتەوە
سەرم ، لەبەردەم مێروویەکى هەزارپێیە
هەزارپێی بەسەرمدا ناوە
لەسەری مندا گۆدۆ هات
بەدیارییەوە دانیشتووم تا بڕوات .

سەرم ، لەناو لەپی قەرەجێکدایە ، تەماشای دەکات
دەست بەکەپوویەوە دەگرێ‌ و ، دەڵێ‌ :-
پیف..لەو بۆنە پیسە!
سەری تۆ..ئاهـــــ لەسەری تۆ
پڕیەتی لە گوو.

سەرم ، لەناو فنجانێکی قاوەیە و
قاوەگرەوەکە دەڵێ‌:-
سەری تۆ زۆرکۆنە ، مێژووەکەی بۆ هەزاران ساڵ دەگەڕێتەوە
لەوەتەی مرۆڤایەتی درووستبووە سەری تۆ هەیە
ئاهــــ...لەو هەمووشتە!
جا چی تێدا نییە سەری تۆ؟
پڕیەتی لە تەپەتۆر ، کـــا ، پووش و ، پەڵاش
وای چەند سووکە سەری تۆ!
چەند خۆشە مرۆڤ ، سەری سووک بێ‌ وەک تۆ!

سەرم لەناو دێڕێکی ڕامیارمەحمود_ە دەڵێ‌:-
" بەڵێ‌ هاوڕێ‌ گیان
بێدەنگانە بەتەنیشت شپرزەبوونی منەوە
هاوڵاتیەکان هاتوچۆ ئەکەن
وەک ئەوەی شپرزەبوونی من ڕەگی نەچێتەوە سەرخەتەر
من ناژیم لەگەڵ قەڕنی ئەم قەرەباڵغیە ساختەیەدا. "

بسیت و ، دووساڵە دڵۆپێک باران لەسەرمى نەداوە
ڕیقنە چۆلەکەى ئاسمان ، هەمووى بەر سەرى من دەکەوێ
سەرم ، خەریکە دەمخوا
سەرم ، وەک مرۆڤــ
وەک ئەوەى خۆم نەبم
پێدەکەنێ و ، دەخەوێ و ،
تەماشاى تیڤى دەکا و ،
گۆرەوى لە پێ دەکا.

سەرم ، جڕت لێدەدا
سەرم ، ئینتەلاى کردووە
سەرم ، هێندە هێڵنجى داوە
وەختە بیرکردنەوەم بپسێ .

پاسۆردى سەرم لاى خەڵک هەیە
دەیکەنەوە و لاقەى دەکەن .

سەری من ، سەری هەموومرۆڤێکە
سەری من ، جەنگی هەڵگیرساند
سەری من ، مۆلەت نادا ئاشتی بەرقەرار بێ‌
سەری من ، کارەساتی گەورەی ئافراند
سەری من ، یەکەمین گوللەی تەقاند
سەری من ، یەکەمین خوێنی تکاند
سەرى من ، یەکەمین سێکسى کرد
سەرى من ، یەکەمین سێوى خوارد
سەری من ، ساڵانێکە وادەکا لە کاتژمێرێکدا
دووسەد منداڵ ، لەبرسان بمرن
سەری من ، یەکەم ئوتومبیلی ئاژووت و ، هەریەکەم شتێکیش
بەژێر تایەکانییەوە کرد، سەر بوو .

سەرى من ، سەرى خەڵک دەشکێنێ
ئێوارە دێنە سەرباوکم و
منش ئاگادار نیم !
سەرى من ، خۆى لەسەرى خەڵک دەگۆڕێت
سەرى من ، جار ، جار ، دەچێتە سەر بەدەنى باوکم و
بە بێ ئاگادارى من ئاراستەى دەکا.

بەپێى نوێترین توێژینەوە
سەر کردوویەتى و ،
لەسەر چەند سەرێک ئەنجامداروە
دەرکەوتووە ،
سەر ، گەورەترین گرفتە بۆ مرۆڤ
سەر ، لاسارترین ئەندامى لەشە .

سەرم ، بەجەستەمەوە خۆی ناگرێ‌
جەستەم ، بە سەرم ، ڕازى نییە
چەند سەرێکم بە لاشەمەوە کرد بۆى نەبوو
یان زۆر بچووک بوو
یان زۆر گەورە بوو بوو .

دەبێ‌ ، سەرمان فڕێبدەین
دەبێ‌ ، شتێکی نوێ‌ بدۆزینەوە ، تا لە جێی سەرمانی دابنێین
دەبێ‌ ، سەرمان لەنێو زبڵدانێک بخەین و ،
دواتر بیسووتێنین.
سەرم ، بێ ِرەوشت بووە
بەدەم پشیلەکانى کۆڵانەوە بۆم دەهێننەوە
بێ پرسى من بۆ هەموو شوێن دەڕوات.

سەرم ، لەناو سندقێک کرد و ، فڕێمدایە ناو زەریا
سەرم ، لەناو قوماتێک کرد و ، لەبەردەم مزگەوتێک دامنا
کەس هەڵى نەگرتەوە
سەرم ، لەناو هێلکەی مریشکێک نا
پیسی کرد و ، هەڵی نەهێنا
سەرم ، لەناو سینگی کچێک کرد
هێندە عەجول بوو تا دەریکرد
سەرم ، لەناو بەفرگری ماڵەوە کرد
تا بۆن نەکا و خراپ نەبێ‌
شوینێک نییە ، تاکوو سەرمی تێدا فڕێ بدەم
شوینێک نییە ، سەرم لە ئامێز بگرێ‌.

ئاشووبەکانی سەرم دەژمێرم
دەگەمە پێش کۆتایی و ، ژمارەکانیانم لێ تێک دەچێ
دیسان ، لە سەرتاوە دەست پێدەکەمەوە
هەموو شتێ‌ ، لەسەری مندا و
سەری من ، لەهەمووشوێنێکدا
جێگەیان نابێتەوە .

سەرم ، قورس و ، لاشەم سووک بووە
جەستەم ، دەخەمە سەر سەرم و ،
رێدەکەم ، تا هێندەى دەمگەێنێتە
شوێنێک و فڕێى دەدەم
سەرم ژمارەى چل و دووە
گەر دۆزیتانەوە بۆم مەهێننەوە
نامەوێ.

 

٢٠١٢
ماڵپەڕی هێمن عوسمان عەبدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک