په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٨\٢٠١٤

لە هێرشی عەرەبی سوننەوە، بۆ شەڕی رزگاریی خاک،
لە هەراوزەنای حیزبحیزبێنەوە بۆ دەستێوەردانی ئێران و،

گێڕانەوەی دەسەڵاتی شیعە لە عێراق!

سیروان کاوسی     


گێڕانەوەی پێشمەرگەی رۆژهەڵات لە شەڕی ''داعش''، پەیامی ئێران بوو بۆ ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵات، نەک هەر لەڕۆژهەڵاتی کوردستان جێگە و پێگەیەکتان نییە، بەڵکو لە کوردستانی بندەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمیش، بەبێ ئیزنی ئێران ناتوانن تەنانەت شەڕی عەرەبی سوننەش بکەن!

لەسەروبەندی هێرشی هێزەکانی عەرەبی سوننە ''داعش'' بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کە بوو بەهۆی جێنۆسایدێکی تازە بۆ سەر گەلەکەمان لە ناوچەی ''شەنگال'' و دەوروبەری و، لەسەرەتای هەزارەی سێیەمی زاینی، سەرلەنوێ سەربڕین و تاڵانوبڕۆ و دەستدرێژی بۆ سەر جەماوەری گەلەکەمان، سەرانسەری کۆمەڵانی کوردستانی خەمبار و توورەکرد، هاوکات بوو بەهۆی پشتیوانیی نێونەتەوەیی لەکورد. چەندین فڕۆکەی گواستنەوەی خواردەمەنی و چەکوچۆڵ لەلایەن ئەمریکا و فەرەنساوە راستەوخۆ گەیشتنە هەولێر،حەوت وڵاتی دیکەی ئۆروپا بەڵێنی ناردنی چەک و دەرمان و کەلوپەلی پێویستیان داوە بەکورد. ژمارەیەکی بەرچاو لە کاربەدەستانی ئۆروپا، گەیشتنە باشوور، یان لەپێتەختی وڵاتەکانیانەوە ئامادەیی حکوومەتەنیان دەربڕیوە بۆ یارمەتیدانی کورد. فڕۆکەبۆمباهاوێژەکانی ئەمریکا تاکو ئێستا رۆڵی گەورەی بینیوە لە وەستانی هێرشی هێزی دڕندە و بێڕەوشتی ''داعش'' و، بەرزکردنەوەی ورەی پێشمەرگە، کە بتوانێ لە دۆخی بەرگرییەوە بکەوێتە هێرشکردن بۆ ئازادکردنی هەزاران کیلۆمەتر خاکی کوردستان کە ''داعش'' بەماوەی چەند رۆژێ داگیریکردبوون. پشتیوانی بەرفرەی لەنەکاو لە کورد لەئاستی نێونەتەوەیی، هیوا و دڵگەرمییەکی گەورەی بەخشییە کورد کە لەم ''ئەنفال'' تازەدا نەک هەر بەتەنێ و بێکەس و بێدەرەتان نییە، بەڵکو پشتیوانیی کردەیی گەورەترین وڵاتانی جیهانی لەگەڵە.


گەورەیی کارەساتی شەنگال و، خووی دڕندەیەتی و بێڕەوشتی چەکدارانی عەرەبی سوننە کە پێشینەیەکی مێژوویی و کولتووریی سەدان سالەیان لەم بارەوە هەیە، بیری یەکێتی نەتەوەیی و پارێزگاری لە حکوومەتی هەرێم و خاکی کوردستانی گەیاندە ئاستێک کە هەزاران پیرولاوی کورد خۆبەخشانە شانبەشانی پێشمەرگە چوونە سەنگەری پارێزگاریکردن لە نیشتمانەکەیان. پێ کێ کێ هەر زوو چەندسەت گەریلای ناردە باشوور و رۆڵی گەورەیان بینی لە بەهاناچوونی دەیانهەزار ئاوارەی ئێزدی لە چیای شەنگال. پارتی ئازادی کوردستان (پاک)، و دواتر حیزبەکانی دیکەی رۆژهەڵات، ئامادەیی خۆیان دەربڕی و، هێزی پێشمەرگەی خۆیانناردە بەرەکانی جەنگەوە. بەکورتی هێرشی ''داعش'' لەماوەی چەند رۆژێکدا زەوینەیەکی مێژوویی و لەباری پێکهێنا بۆ سازکردنی بەرەیەکی یەکگرتووی کوردستانی. لێ مخابن لەگەرمەی باسوهەواڵی تێکهەڵچوونی پێشمەرگەی کوردستان و ''داعش'' دا، لەگەرمەی بڵاوبوونەوەی هەواڵی رفاندنی سەدان ژن و کچی بەرۆمەتی کوردی ئێزدی لەلایەن چەکدارانی عەرەبی سوننەوە و، دواتر فرۆشتنیان لەبازاڕەکانی کۆیلەفرۆشی، سەرلەنوێ قەوانی رزیوی حیزبایەتی و حیزبپەرستی و پڕۆپاگەندەکردن بۆ سەرکەوتنەکانی پێشمەرگەی حیزبی خۆ و، هەڵاتن و شکستی حیزبی دی،لەڕێگەی زوڕناژەنەکانەوە بوو بە باس و هەواڵی سەرەکیی میدیای حیزبەکان. لەم نێوەدا میدیای پێ پێ کێ و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دێمۆکراتی کوردستان وەک سێ پارتی سەرەکیی گۆڕەپانی سیاسی کوردستان کە دەبوو لەم دۆخە پڕمەترسی و چارەنووسسازەدا رۆڵی گەورە و مێژوویی بگێڕن بۆ دانانی سەرۆکاتییەکی هاوبەشی لەشکری و سیاسی بەئامانجی رزگاریی خاک و، خستنەوەڕووی پرسی رفراندۆم بۆ کوردستان، کەچی زۆر نابەرپرسیارانە و دوور لە هەر باوەڕ و پرنسیپێکی نەتەوەیی و، وەک جاران، کەوتنە هەوڵی زیانگەیاندنی سیاسی بەیەکدی و، پشتگوێخستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و سەربەخۆیی کوردستان!


رژێمی داگیرکەری ئێران کە پشتیوانی سەرەکیی شیعەیە لەعێراق، بەرلە هێرشی ''داعش'' سەرۆکایەتی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستانی ئاگادارکردبوو دژایەتی راپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان بکەن. کاتێ بەهۆی هێرشی ''داعش'' وە ئاگاداری یەکگرتوویی کورد و بەشداریکردنی حیزبەکانی رۆژهەڵات بوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی ''داعش''، داوای لەهەردوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانی کرد پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵات بگێڕنەوە بۆ نێو ئۆردووگاکانیان. ئەوەبوو دوای سپاس و دەستخۆشیکردنی سەرۆکایەتی هەرێم لێیان، داواکەی ئێرانیان پێراگەیاندن، ئەمانیش دەست لەئەژنۆدرێژتر، بەناچاری گەڕانەوە بۆ نێو ئۆردووگاکان. گێڕانەوەی پێشمەرگەی رۆژهەڵات لە شەڕی ''داعش''، پەیامی ئێران بوو بۆ ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵات، نەک هەر لەڕۆژهەڵاتی کوردستان جێگە و پێگەیەکتان نییە، بەڵکو لە کوردستانی بندەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمیش، بەبێ ئیزنی ئێران ناتوانن تەنانەت شەڕی عەرەبی سوننەش بکەن!


کاربەدەستانی ئێران هاوکات بەناوی یارمەتیدانی سەربازی و لەبنەڕەتدا بەنیازی سووککردنی حکوومەتی هەرێم، بەناردنی چەندسەتکەسێ هەندازیاری سەربازی و فەرماندەکانی سوپای پاسداران بۆ گەرمیان و جەلەولا، وابەستەیی توندوتۆڵی ئیدارەی سلێمانی بەڕیژەکەیانەوە خستەڕوو. ڕێزدار فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەرۆکایەتی یەکێتی نیشتمانیی لەوتووێژی لەگەڵ ''رووداو تی ڤی'' لەبارەی پێوەندییان بە ئێرانەوە وەک ئەوەی تەرازووی لەگیرفاندا بێت، دەڵێ: ''پێوەندیی پارتی لەگەڵ تورکیا، لەچاو پێوەندیی ئێمە لەگەڵ ئێران زیاترێکە!''. لەوەرامی پرسیارێکی دیکەدا، پێوەندیی حیزبەکەی و ئێران بە پێوەندییەکی لەمێژینە و ستراتژیک نێودێنێ. دەربڕینی ئەم چەند وشەیە لەزاری ئەندامێکی سەرکردەیەتیی حیزبێکی گەورەی کوردییەوە، باشترین بەڵگەیە بۆ ئەوەی لەهۆکاری پەکخستنی پرۆسەی سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان تێبگەین. ئەگەرچی رێزدار ئەسەسەرد کەسێکی خوێندەوارە بەڵام بەڕۆنی دیارە لەلایەنی زانستی سیاسیسیەوە کول و لاوازە. چۆنکە ئەوە نازانێ پێوەندیی ستراتژیک لەنێوان دوو دەولەتی سەربەخۆدا دەبەسترێت کە لەبوارێک، یان لەچەند بواری سیاسی، ئابووری و سەربازییەوە بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە، وەک پێوەندیی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و ئینگلیز لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست. پێوەندیی نێوان حیزبێکی سیاسی گەلێکی بندەست لەگەڵ دەوڵەتێکی داگیرکەر ناچێتە خانەی پێوەندیی ستراتژیکەوە، بەڵکو یارمەتیدانی ئەو حیزبەیە بۆ گەیشتن بە چەند ئامانجێکی سیاسی لەدەرەوەی سنوورەکەی خۆی. بۆیە لێرەدا دەبێ بڵێین: ''هەش بەسەرمان بۆ خۆمان و سەرکردەمان!''.


جارێکی دی سەرۆکایەتیی کورد حکوومەتی رووخاوی عێراقی زیندووکردەوە. جارێکی دی دوای هەرەسهێنانی حکوومەتەکەی سەرۆکوەزیران (مالکی)، کورد بناخەکانی حکوومەتی عێراقی داگیرکەری دامەزراندەوە. جارێکی دی کورد ئەرکی سەیروسەمەری نێوبژیوانی ''برایانی عەرەبی سوننە و شیعە''ی دەگرێتە ئەستۆ بۆ پێکهێنانی حکوومەتی تازەی عێراقی عەرەبی. جارێکی دی کورد لەمیدیای حیزبەکانیەوە گوێبیستی کێشەی بووجە و ''مادەی 140'' و تەقاندنەوەی لێرەولەوێی ماڵوسامان و گیانی هاووڵاتیانی کورد لەلایەن ''برایانی عەرەبی سوننە و شیعە'' دەبێتەوە!


بەکورتی، گەر ئەوە بەڕاست دەرنەچێ کە ئەمریکا و رۆژاڤا پلانی گۆڕینی نەخشەی سیاسی ناوچەکەیان هەیە و، ئەمجارەش نەتەوەی کورد بخەنەوە ژێردەستی دراوسێکانی دڕندەیەوە، تاکو خاوەنی ئەم سەرکردانە بین، حاڵمان لەمە باشتر نابێ و، ئەوی دوای لەباربردنی ئەم دۆخە هەستیار و چارەنووسسازە بە تەمابێ سەرکردەی حیزبەکانی چوارقوڕنەی کوردستان، نیشتمانەکەی بۆ رزگاردەکەن و بەئازادیی دەگەیەنن، با سیر بخوا و زوڕنایان بۆ لێدا!

 

 

٢٩\٨\٢٠١٤

ماڵپه‌ڕی سیروان کاوسی

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک