٢\١٠\٢٠١١
لە هەولێرەوە تا
سلێمانی، عێراقێکی دی.

وەرگێرانی: ئەحمەد خوسرەوی
راپۆرتی ژیار گل هەواڵنێری
بەشی فارسی (تەلەفزیونی بی بی سی).
- بەشی یەکەم -
قاچاخی شت و مەک بۆ
ئێران.
راپۆرتەکان باسیان لەوە دەکرد کە هێزەکانی
سەر سنووریی ئێران ئەسپی قاچاخچییەکان دەکوژن و گولەش بە قاچاخچییەکانەوە
دەنێن. چەند حەوتوو پێش بۆ یەکێک لە سنوورە غەیرە ڕەسمییەکانی نێوان
کوردستانی عێراق و ئێران ڕۆشتم.. موحەمەد ی ڕێنشاندەرم کە کوردێکی
ئێرانی سنوور نشینە، لە لاڕێیەکەوە بۆ یەکێ لە خاڵە سنوورییەکانی
نزیک بە سنووری شارستانی سەردەشت کە بۆ قاچاخی شت و مەک کەڵکی
لێوەردەگیرا ، بردم. موحەمەد پیاوێکی تەمەن ٣٠ ساڵانە کە ڕووخساری
بزرکاوی لە تەمەنی خۆی پیرتر دەینوێنێ. تەنیا داهاتی خانەوادە پێنج
کەسییەکەی موحەمەد قاچاخی کردنی شت و مەکە و موحەمەد تا ئێستا چەندان
جار جار بەو هۆیەوە لە لێواری مەرگ نزیک بووەتەوە.
سنووری هاوبەشی کوردستانی عێراق و ئێران لە زنجیرە کێوێکی هەڵەمووت بە
درێژایی ٣٠٠ کیلومیتر پێکدێت. ڕۆژانە هەزاران کاسبکار کە زۆرینەیان
کوردە ئێرانییەکانن بە گوێدرێژ یان بە پێ لە دەورووبەری پاسگاکانی
سنوورەوە دێن و دەڕۆن و شت و مەکی قاچاخ بۆ هەر دو خاڵی سنووری
دەگوێزنەوە.
ئەم مەردومە لەو لاوە بەنزین و لاستیک بۆئەم دێو دێنن و لەم دێویشەوە
مەشروباتی ئەلکوڵی ، ساون و بەرهەمە دەرەکییەکان بە قاچاخی بۆ ئێران
دەبەنەوە. ئەم ئیشە لە ڕوانگەی ئەوانەوە ئیشێکی شەرافەتمەندانەیە.
بۆ یەکێ لە ئۆردوگاکانی قاچاخچییەکان کە لە دوو کیلومیتری پاسگایەکی
سەر سنوور بوو ڕۆشتم. ئەوێ هەماری زۆر لەو شتە دەرەکییانەیە کە پاش
تاریک بوون بە قاچاخ بۆ ئێران دەگوێزرێنەوە. لە چەند ساڵی ڕابووردوودا
ئێران بۆ بەستنی ڕێی ئەو قاچاخچییانە هەوڵی زۆری داوە، بەڵام هەموو
ئەو هەوڵانە تا ئێستا نەیانتوانیوە وا لە گەنجە بێکارەکانی ناوچەکە
بکەن کەدەست لەو ئیشە مەترسیدارە هەڵگرن.
گەنجێکی ٢٢ ساڵە کە نەیویست ناوەکەی بدرکێت گوتی کە خوێندکاری ساڵی
چوارەمی ئەندازیارییە و ماوەیەکە بۆ دەرهێنانی بژێوی خۆی و بنەماڵەکەی
دەستی بەو ئیشە مەترسیدارە کردووە. کەمێک لەولاترمەوە گەنجێکی چواردە
ساڵان دەڵێ کە ئەم ئیشە پڕ مەترسییە تەنیا سەرچاوەی بژێویمانە.
ئەم کۆڵبەرانە بۆ گەیاندنی کۆڵەکانیان بە ئێران دەبێ شەوانە بە ڕێیەکدا
تێپەڕن کە هەم مەیدانی مینە و هەمیش هێزە نیزامییەکانی سەر سنوور لە
کەمین بۆیان دانیشتوون. جار و بار لەو کەمینە دەرباز دەبن و جاروباریش
دەبنە ئامانجی گولەی ئەو هێزانە. ئەوان دەڵێن کە لەم چەند ساڵەی
دواییدا هێزە سنوورییەکانی ئێران سیاسەتی کوشتنی ئاژەڵە کۆڵکێشەکانیان
گرتۆتە بەر.. قاچاخچییەکان بۆ ئەوەی کە ئەو سەفەرەی خۆیان وێنە لێ
بگرن داوای کامیرایان لێم کرد و هەنسێکیشیان بەڵێنیان دا کە بە
مۆبایلەکانیان ڕووداوەکانی ڕێگەکە تۆمار بکەن.
پاش ماوەیەک یەکێک لە کاسبکارەکان کامیراکانی لە گەڵ چەندین وێنەی
هەژێنەردا کە لە رێگەی بردنی شت و مەک بە قاچاخ بۆ ناو ئێران گرتبوونی
، بۆم گەڕاندەوە. لە ڕێدا یەکێک لە کۆڵبەرەکان بە گولە دەکوژرێت . کەسی
کوژراوەکە کە ناوی حوسێن دەروێشی بوو، باوکی دوو منداڵ بوو و خەڵکی
ئاوایییەکانی قڵا ڕەشی شارستانی سەردەشت بوو. هاوڕێکانی وتیان کە
ناوبراو لە کاتێکدا کە کٶلی لە نێوان هەر دوو سنووردا گواستۆتەوە سێ
گولەی هێزە نیزامییەکانی بەرکەوتووە. لە بەشێکی دیکەی فیلمەکەدا کە لە
لایەن کۆڵبەرەکانەوە گیراوە یەکێک لە مەئمورەکانی هێزە نیزامییەکان
ئەسپی کۆڵبەرەکان تیر باران دەکات.
پیاوێکی پەنجا ساڵە کە دانیشتووی یەکێک لە ئاوایییەکانی شارستانی
سەردەشت بوو بە تووڕەیییەوە وتی :
" لە دونیادا هیچ حکومەتێک گیانلەبەر ی بێگوناه ناکوژێت. ئەگەر ئێمە
سەرپێچی دەکەین با بێن ئێمە سزا بدەن ، بۆچی ئەم بەستەزمانانە دەکوژن ؟
پیاوێکی دی گوتی لەم سنوورەدا مەئموورەکان خاوەن دەسەڵاتن. جاری وا
هەیە کە بەرتیڵمان لێوەردەگرن و ڕێمان لێ دەکەنەوە و جاری واش هەیە کە
دەمانکەنە ئیشانەی گولەکانیان یان ئەسپەکانمان دەکوژن.
زۆر لەم کاسبانە لە هەر دوو دێوی سنوورەوە خزم و ناسیاویان هەیە و
سەرەڕای بوونی بەربەست و پاسگای سنووری هەر دوو وڵاتەوە، بەڵام تا
ئیستا وڵاتەکان نەیانتوانیوە کە ئەو بازرگانییە نایاسایییە بەوان واز
بێنن. بازرگانییەک کە زۆر جار گیانیشیان دەخەنە سەری.
پێوەندی ئابووری ئێران لە گەڵ کوردستانی عێراقدا.
لە سەرەتای ساڵی ١٩٩١ ە وە کە کوردستانی عێراق لە کۆنترۆڵی حکوومەتی
سەدام حوسێن نەماوە ، کۆماری ئیسلامی ئێران پێوەندییەکی نزیکی لە گەڵ
کوردەکانی عێراقدا هەبووە. لە ئیستادا لە سنوورە ڕەسمییەکانی ئەم
ناوچەیەدا زۆرتر خواردەمەنی ئێرانی یان شتو مەکی خاریجی لە ڕێگەی خاکی
ئێرانەوە بۆ کوردستانی عێراق هاوردە دەکرێت. لە چەند ساڵی ڕابووردوودا
هەل و مەرجی ئابووری و ئاسایشی کوردستانی عێراق زۆر بەرەوپێش ڕۆشتووە و
ئەم ناوچەیە بووەتە بازارێک بۆ شتومەکی وڵاتانی ناوچەکە.
هەر لە سەرەتاوە ئێران یەکێک لە گەورەترین شەریک ە کانی بواری بازرگانی
حکوومەتی هەریمی کوردستان بووە. نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر دەڵێ "
ئێران لە سەردەمی ڕژیمی سەدام حوسێنیشدا بۆ خەباتگێرە عێراقییەکان و
بە تایبەت ئێمە کوردەکان پەناگەیەک بووە، ئەمە وایکرد کە زۆر لە ئێمە
لەوێ بژین و پێوەندییەکی مێژووی لە نێوانماندا درووست بێت و ئەو
پێوەندییەش تا هەنووکە بەردەوامە"
بەڵام لە بازاڕی ئەمڕۆی کوردستاندا شتو مەکە تورکییەکان زیاتر لە شتو
مەکە ئێرانییەکان لە دووکانەکاندا دەبینرێن. یەکێک لە دووکاندارەکانی
بازاڕی هەولێر دەڵێ زۆربەی کەلوپەلەکانی ئەو ئی تورکیایە، چوونکە خەڵک
زۆرتر کەلوپەلی تورکییان پێ باشترە.
کەمتر لە ٢٠٠ کۆمپانیای ئێرانی ئەمڕۆ لە کوردستاندا چالاکییان هەیە
بەڵام زیاتر لە ٨٠٠ کۆمپانیای تورکی لە بوارەکانی بازرگانی، پیشەسازی
نەوت و پرۆژەی گەورەی ئاوەدانکردنەوە وە لە کوردستاندا چالاکن. پرۆژەی
یەک میلیارد دۆلاری درووستکردنی فرۆکەخانەی هەولێر لە لایەن
تورکەکانەوە بەڕێوە جێ بە جێ کرا.
نەوزاد هادی دەڵێ کە پێشوازی نەکردنی کوردەکان لە کەلوپەلی ئێرانی
بەرەوپێش چوونی باری ئابووری هەرێمی کوردستانە کە بووتە هۆی و
بەرزبوونەوەی سەتحی ژیانی خەڵکەوە و ئەمەش وادەکات کە خەڵک بە دوای
کەلوپەلی باشتردا بگەڕێن.
ئەو دەڵێ " لە پاش ئازادی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ تورکەکان توانییان بە
چاکی چالاکییەکانی خۆیان پەرە پێبدەن و توانییان کەلوپەلەکانیان بە
کوالیتی باشەوە بخەنە ڕوو و کاردانەوەیەکی باشیش لە بواری پرۆژەی
ئاوەدانکردنەوە وە پێشکەش بکەن "
لەم دووایییانەدا بە هۆی تۆپبارانەکانی ناوچە سەر سنوورییەکانی
کوردستانی عێراقەوە لە لایەن سوپای پاسدارانەوە کەمپەینێک لە کوردستان
بۆ بایکوتکردنی کەلوپەلی ئێرانی ڕێکخرا، عەلی مەحمود یەکێک لە
ڕێکخەرانی کەمپەیکەنە دەڵێ " هەرێمی کوردستان ساڵانە چەندین میلیارد
دولار مامەڵەی بازرگانی لە گەڵ کۆماری ئیسلامیدا هەیە. ئێمە دەمانەوەی
لە ڕێگایەکی شارستانیانەوە خەڵک هاندەین کە لە کڕینی کەلوپەلی ئێرانی
خۆ ببوێرن تا ئەو کاتەی کە کۆماری ئیسلامی کۆتایی بە تۆپبارانکردنی
ناوچەکان دێنێ "
ئابووریی هەرێمی کوردستان ئابوورییەکی بەرخۆرە و ئەمەش بۆ
بەرهەمهێنەرە ئێرانییەکان و بە تایبەت بۆ پارێزگا سەر سنوورییەکان کە
لە گەڵ نەبوونی کارخانە و بێکارییەکی زۆردا دەستەو یەخەن ،بازاڕێکی
باشە. بە سەرنجدان بە هەلومەرجی ڕامیاری و ئابووری ناوچەکە و ڕامیاری
دەرەوەی ئێران لە گەڵ وڵاتانی دراوسێدا، کاسبکارە ئێرانییەکان بۆ
پاراستنی پێگەی خۆیان لە بازارەکانی ناوچەدا ڕێیەکی پڕ کێشەیان لە
بەردەمدایە.
چالاکوانانی مافی مرۆڤی ئێرانی لە کوردستانی عێراق.
لەم ساڵانەی دوواییدا چالاکوانە مەدەنییەکان لە بەر ئەوەی
گۆڕەپانەکەیان بۆ چالاکییەکانیان بە ناشیاو زانیوە، مەجبوو بوون کە
وڵات جێ هێڵن و ئاوارەی وڵاتانی دی ببن. کوردستانی عێراقیش بووەتە
پەناگەی زۆر لەو کوردە ئێرانییانەی کە لە بواری مافی مرۆڤدا چالاک
بوون. بەڵام هەندێک لەو پەنابەرانە دەڵێن کە لە کوردستاندا بۆ ڕێکخستنی
نارەزایەتی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ سنووردارییەکی زۆردا
بەرەوڕوون.
لە خانوویەکی چووکی یەکێک لە گەڕەکە کۆنەکانی سلێمانی دا چاوم بە
خانەوادەی گلی کەوت. کوڕە گەورەی ئەوان ( یاسر گلی ) ماوەیەک دەبیری
یەکێتی خوێندکارانی کوردی ئێران بوو، ئەو یەکێتییە لە گەڵ هەموو
یەکێتییەکانی خوێندکاری ئێراندا پێوەندی هەبوو. یاسر یەکێک لە
چالاکانی ناسراوی بواری مەدەنی و مافی مرۆڤ لە کوردستان بوو کە بە ١٥
ساڵ زیندان حوکم درا، ماوەی سێ ساڵی لە زیندانەکانی سنە و شارستانی
بافت دا بە سەر برد و دواتر بە دانی کەفالەتێکی ورس بە مەبەستی
چارەسەری نەخۆشی دڵ لە زیندان بە شێوەی مەرەخەسی هاتە دەر. بەڵام چیدی
نەگەڕایەوە زیندان و لە گەڵ بنەماڵەکەیدا بۆ کوردستانی عێراق هەڵاتن.
ژومارەیەک لەو زیندانییە سیاسییانەی کە لە ساڵی ٢٠٠٨ دا لە زیندانی
سنە ئیعدام کران لە هاوبەندییانی یاسر بوون. ئەو دەڵی یەکێک لە
تاڵترین یادەوەرییەکانی ژیانی ، ئیعدامی ئەو هاوڕێیانەی بووە کە
چەندین حەوتوو، مانگ لە پەنا یەکدا ژیاون. ئەو دەڵێ بارودۆخی زیندانییە
ئاسایییەکانیش زۆر لە زیندانییە سیاسییەکان خراپترە و ئەوانیش
گیرۆدەی خراپترین هەلومەرجی تەندرووستی و خۆراکین.
فاگمە گوفتاری کە دایکی یاسر گلییە لە ڕووە ناوسراوەکانی مافی مرۆڤی
کوردستانە، ئەو یەکێک لە دامەزرێنەرانی دایکانی ئاشتی کوردستانی ئێران
بوو. ئەویش هاوکات لە گەڵ یاسر دا دوو ساڵی لە زیندانەکانی کۆماری
ئیسلامیدا بە سەر بردووە. خانمی گوفتاری دەڵێ " من بە هۆی دایک
بوونمەوە دوو ساڵ بەند کرام، هەر کاتیک کەسێک بکوژرایە ، بۆ ئێمە گرنگ
نەبوو کە کێیە، پاسدارە، هێژی نیزامی یە،یان پێشمەرگە ، ئێمە سەردانی
خانەوادەی قوربانییەکانمان دەکرد ئەم کارەی ئێمە بوو بە هۆی تووڕەیی
کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی و منیان بەند کرد ".
خانمی گوفتاری شاهیدی لە دار درانی چەندین بەندیی سیاسی لە زیندانی سنە
دا بووە و دەڵێ کە یادەوەرییەکانی ئەو ڕۆژگارە زۆر تاڵن و قەت لە بیرم
ناچنەوە.. ئەو دەڵێ هەر بەیانییەک کە زیندانبانەکان قورئانی بەشی
ئافرەتانیان بردووە ئیدی دەمانزانی کە کەسێک لە دار دەدرێت دەکرێت. بە
ناوی خوا ..
دووبارە پەتی سێدارە. ئیدی لە لاکانی
هەواگۆڕێ خزمەتگوزاری تەندرووستی بەندی ئافرەتانەوە بینەری بەڕێوەچوونی
مەراسیمی لە دار دانەکە دەبووم.
یاسر و دایکی لە سەردەمی نائارامییەکانی هەڵبژادنەکانی سەرۆکایەتی
ڕابووردوودا لە زیندان دا بوون، ئەوان دەڵێن کە لە زیندانیشدا چەندین
جار بە مانگرتن لە خۆراک پشتیوانی خۆیان بۆ بزووتنەوە مەدەنییەکان
دەرەوەی زیندان وەک دایکانی پارکی لالە و کەمپەینی یەک میلیون واژۆ
دەربڕیوە . هەروەها گوفتاری هەر لە زیندانەوە پێوەندی بە دایکی نەدا
ئاغا سوڵتان و سوهرابی ئیسماعیلییەوە دەگرێت و خۆی بە هاوخەمیان
دەزانێت.
یاسر دەڵێ لە ئێراند اهەر چالاکێکی مافی مرۆڤ یان هەر چالاکێکی بواری
پاراستنی ژینگە دەستگیر دەکرێت و لە کاتی لێپرسینەوەدا لە لایەن
کاربەدستانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ، دەستگیرکراوان دەبێت دان بە
پێوەند بوونیان بە ڕێکخراو یان گروپێکی تایبەتەوە بنێن. کۆماری ئیسلامی
دەیەوێت کە کێشەی کوردەکان وەک کێشەیەکی جوداییخوازی پێناسە بکات و
خەباتی ئێمە لە خەباتی گەلانی دیکەی ئێران جودا کاتەوە. ئێمەش لە گەڵ
ئەو جۆرە تێگەیشتنەی ئەوان کێشەمان هەیە و لەو بروایەداین کە چارەنووسی
ئێمە هەموو ئێرانییەکان پێکەوە گرێ دراوە.
خانەوادەی گلی بە بەجێهشتنی ئێران کۆتایییان بە چالاکییەکانیان
نەهێناوە و لە کوردستانی عێراقیشدا لە ڕیکخستنی چەندین ڕێپێوان وەک
ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بە ئیعدامەکان لە ئێران و شەڕ لە ناوچەکدا
بەشدار بوون. یاسر دەڵێ پێچەوانەی گومانی من لە کوردستانی عێراقیش تا
ئیستا چەندین جار لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی حکوومەتی هەرێمەوە گیراوم
و لێم دراوە. دەڵێ لە لایەن ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە چەندین جار
هەڕەشە لە خانەوادەکەم کراوە کە ئەگەر واز لە چالاکییەکانمان دژ بە
کۆماری ئیسلامی نەهێنین ئەوە ئەوان ئێمە ڕادەستی کۆماری ئیسلامی
دەکەنەوە.
ئێران پێوەندییەکی زۆر نزیکی لە بوارەکانی ئابووری و ئاسایشەوە لە گەڵ
هەرێمی کوردستان هەیە و لەم ساڵانەی دوواییدا حکوومەتی هەرێم چالاکی
حیزبە کوردییەکانی نەیاری کۆماری ئیسلامی کە پێگەیان لە کوردستان هەیە
سنووردار کردووە. کاربەدەستانی هەرێم دەڵێن کە ناڕەزایەتییە
ڕێکخراوەکان لە لایەن خانەوادەی گلی یەوە ئیزن پێنەدراو بووە.
کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کارووباری پەنابەران
خانەوادەی گلی وەک پەنابەر ناسیوە و ئەوان ئیستا چاوەڕوانی کۆچ بۆ
وڵاتێکی سێهەمن. بەو حاڵەش ئەوان نیگەرانی باری ئاسایشی خانەوادەکەیانن.
ئیرلەند
ماڵپهڕی ئهحمهد خوسرهوی
|