په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\١٠\٢٠١١

  لە ئینجانەی ژوورەکەمدا

  بێدەنگیی وشکی کردووم

  بۆ نمەی پێکانت وا خەریکە ھەڵەوەرێم.

 

زمکان عەزیز

١. بە دووربینەکەی دووری سەیری نزیکبوونەوە ئەکەم.


من ئەزانم ..
تۆ بە قەد ڕێی غەریبیم دووریت
چیبکەم ..
لە سەر ھەر ڕێگایەکەوە دەستپێبکەم
ئەو سەری نوقمی سەرابە

من ئەزانم ..
کە تۆ بە قەد ئەم مەنفایە دابڕاویت
چیبکەم ..
دەست لە ھەر ڕێگایەک ئەگرم
بە سەرلەقانێکەوە پێمئەڵێت
جێیەک بۆ من نەماوە

من ئەزانم ..
تۆ بە قەد درەختەکان ھەڵوەریویت
خۆ پایز نیم ڕوتتکەمەوە
ئەتکتکەم ..
چیبکەم ..
پەرداخە شکاوەکەی دڵم
لێیئەڕژێت ..
ئیدی لە منی شەقوشڕدا
شوێنێک بۆ تۆ شک نابەم
نازانم چۆن کۆتکەمەوە

من ئەزانم ..
تۆ بە قەد دەریاکان قووڵیت
خۆ من ماسی نیم ..
گەرچی دەمم ناوە بە دەمی باوە
شمشاڵیشبم قورگم ئەنوسێ
ئاخر .. لە کوێی بێنم
ئەو ھەموو ھەناسەیە

من ئەزانم ..
تۆ بە قەد ئاسمان بەرزیت
چیبکەم ..
خۆ من خودا نیم
باڵی باڵندەیەکیشم پێوە نیە

من ئەزانم ..
تۆ بە قەد چیایەک سەختیت
چیبکەم ..
تۆ بینیوتە ..
قالۆنچەیەک لوتی فیل ڕاکێشێت

من ئەزانم ..
تۆ لەو دیو دەرگاکانەوەیت
چیبکەم ..
کاسپەریش نیم
ئاخر ..
لەودیو کلیلەکانم لای خۆت بەجێھێشتووە

من نازانم تۆ لە کوێیت
لێرە بیت یان لەوێ
دوو چڵە نێرگزەکەی چاوانم
بە دوت کەوتون

من نازانم تۆ لە کام شوێنیت
لەو ڕۆژەوە پێکانم ڕۆشتون
منیان لای گۆچانەکەم
بەجێھێشتووە ..

من نازانم تۆ لە کام کیشوەر و
لە کام کەون و
لە کام ئاسمانیت ..
لەو ڕۆژەوە من لەتوپەتم و
ھەرپارچیەکم بە لایەکدا ڕۆشتووە


من نازانم چیم ماوە
ھەمە و نیمە
بۆ تۆ ..
ئەو دڵە پڕ لە شکانەی
ڕۆژانی زوو.

٢. شەوێک مەست و مەستێک لە باوەشی ئەو ژنەدا خەوتووە.


بیرتە ..
تۆ و لێوە شەرابیەکەت
تا بەیانی بە شوشەیەک ماچ
مەستتان ئەکردم

بیرتە ..
تۆ و پەنجە شمشاڵیەکانت
شەوانتان بە ختوکە و چڕنوک
بۆ ئەژەندم

بیرتە ..
کە ڕوتبووین
دەنکە ترێی چاوەکانت
تا بەیانی بەسەر سنگمەوە
خلۆر ئەبونەوە

بیرتە ..
تۆ و موچوڕکەکانم
بەسەر گۆی مەمکەکانتا
گەرم گەرم ..
ئەیانڕژاندم

بیرتە ..
تۆ و پشیلە نینۆکەکانت
لە جێی نوستندا
تۆ و شیرینە گازەکانت
لە کاتی ڕەحەتبوندا

تۆ و من
من و تۆ
ئێستا ..
ھیچیان لای من نین
تەنھا ..
گوڵێکی شین و
بورجێکی درۆزن
لای من ماون.

ماڵپه‌ڕی زمکان عه‌زیز

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک