په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\١١\٢٠١٨

تەنزی خۆشەویستیی:

لە ژێر (موبەڕیدە)دا.


جەلال قادر     


ئەو کاتەی خوێندکار بووم لە زانکۆی بەغدا. یەکێ لە خوێندکارەکان کچێکی بچکۆلانە و قشت و جوان بوو. بەلام وەک کۆترە کێو دەستەمۆ نەدەکرا. چەندین قوتابی قۆز و جوان و زەنگین و قسەخۆش داویان بۆ دادەنا دەستگیر نەدەبوو.


ڕۆژێکیان پۆلێک قوتابی بەدەم پێکەنین و شۆخییەوە مەرجیان لەگەل کردم ئەگەر دڵی ئەو کچە بدزم خەلاتم بکەن. مامۆستای زانکۆش بەڵێنیدا هاوکاریم بکات ئەگەر توانیم ماچێکی بکەم.
منیش وتم: ئێوە بەو جوانی و کراس و قاتە لەبەرە گرانبەهایە نەتان توانی، من بەم جڵە شڕوهەژارییەم چیم پێدەکرێت!.
قوتابییەک وتی: دڵ وەک مێش وایە بەسەر گووش دەنیشێ...
بەهەربار بەڵێنمدا هەوڵی خۆم بدەم.


لە زانکۆ لەپشتی موبەڕیدەکان قوتابییەکان یەکتریان ماچ دەکرد. منیش لەگەڵ یەکەم دیدار، پیاسەیەکم لەگەل کرد بەرەو لای موبەڕیدەکان. پێمووت: دەزانیت من حەز بە گۆرانیەکی خاڵقی دەکەم کە دەڵیت ؛ گۆزەی سووری سەرشانی...یارم هاتوە لە کانی...بە چارۆگە دایپۆشێ لەرە لەری مەمکانی؟
وتی: جا تووخوا ....کەی ئەمە ڕاستە کچ بچێت ئاو بێنێت و پیاو بیخوات...
- من مەبەستم لە جوانی دیمەنەکەیەتی...
+ پیاو وەک گورگە...هەردەیانەوێت قەپ لەژن بگرن!.
لە دڵ خۆم وتم: ئەی باوكە ڕۆ ئەمە بەچی ماڵی دەکرێ؟


لە پاش چەند ڕۆژێک هاوپۆڵەکانم لێیانپرسیم: ها شێر بووی یان ڕێوی؟
وتم: ئەمە دڵی دەڵێی بەردە...بەچی نەرمی کەم..
مامۆستاکەم وتی : کوڕی خۆم...ئەسپی کێوییش زین دەکرێت....بڕۆ سواری بە...
هەموومان دامان لە پێکەنین...پاش چەند ڕۆژێک وتم: بۆچی ڕاستییەکەی پێنەڵێم...بەڵکو پێکەوە کلاو بکەین سەر مامۆستا و قوتابییەکان.


لە ڕێگە تووشم بە تووشی کچێکی قسەخۆشی بەغایی.بوو(سەنا)..یەکسەر پێیوتم: ''ها بەختیار...ش صار؟''.
وتم : بۆ تۆش بە مەسەلەکە دەزانیت..؟
-گشت جامعە دەزانێت و چاوەڕوانی چاڵاکی تۆن؟
+ وەلا ...زەحەمەتە...
وتی: من یارەمەتیت دەدەم..
+ چۆن چۆنی؟
وتی: با پێکەوە پیاسە بکەین، هەر کە ئەوت بینی، پێکەوە دەیکەین بە گاڵتەوگەپ و پاشان من خۆم کارێک دەکەم ئەو دڵەی بڵەرزێنم.


کچە دڵڕەقەکە بەرەو ڕوومان هات...من وسەنا کردمان بە پێکەنین وشۆخی...ئینجا سەنا پێنووسێکی پەڵکە زێڕیینەی لە جانتاکەی دەرکرد و وتی : ئەمەش پێشکەش بە تۆ!
+ بەلام ئەم پێنووسە گران بەهایە...
بە پێکەنینەوە وتی: خەمت نەبێت ڕۆژی سەد گەنج کەر دەکەم و دیارییم بۆ دەهێنن!
خەریکبوو بپسێم لە پێکەنین...کچە دڵڕەقەکە بە مۆنییەوە هاتە لام و وتی: ئەوە بەچی پێدەکەنن..؟
+ (سەنا) ئەم پێنووسە جوانەی پێبەخشیم.
- بەچ موناسبەتێک...
+ ئێرە زانکۆیە...برادەری کچ و کوڕ ئاساییە..
بە تووڕيییەوە وتی : بەڵی ...بەڵێ...
لە موبەڕیدەکە نزیک کەوتینەوە...وتم : دەزانیت تۆ زۆر جوانیت؟ تەڵێک مووی تۆ بە كچی دونیا نادەم.
وتی: ئەوە تۆ باسی چیدەکەیت...
+ من خەریکە دڵم بتەقێ...ئەگەر تۆ بەڵێنم بدەیتێ دەتوانم لە خوێندنش سەرکەوتووبم.
وتی : منیش تۆم خۆشدەوێت...بەلام بەو شێوەیە نییە...
+پێویست ناکات شێروپلنگت بۆ بهێنمەوە...ئەم ساڵ کۆتایی زانکۆیە...دەمەوێت ئەو دەرفەتە لەدەست خۆمان نەدەین.
- بیرێکی لێدەکەمەوە...
تا سبەی چاوەڕوانت دەبم....


بۆ سبەینێ قوتابیەکان بۆ موحازەرش نەچوونە ژوور بەدزییەوە هەموو چاودێری من و ئەو کچە دڵڕەقەیان دەکرد.
کچەکەم بردە پشت موبەڕیدەکە و بە پێکەنینەوە خێرا ماچێکم کرد... ئەویش ئەوەندە بەتووندی باوەشی پێماکرد خەریکبوو بخنکێم.
لەپڕ (سەنا) کچە بەغاییەکە هەڵهەڵەی لێداو... وتی : پیرۆزە...
قوتابییەکانش پێکڕا چەپڵەڕێزانیان کرد... مامۆستاکەشم دەستی هەڵبڕی وبە ئیشارەت دە دەرەجەی پێشکەش کردم.
کچە دڵڕەقەکەش سەری سووڕمابوو...لە نیگەرانی و شەرما خۆی گرمۆڵەکە کردە ژێر موبەڵیدەکەوە!*
________________________________________
* وشەی موبەڵیدەم لا جوانتر بوو بۆ تەنزەکەم.

 

ماڵپه‌ڕی جه‌لال قادر
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک