١٧\٩\٢٠١٠
لێژنه تایبه‌ته‌که‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم
هیچ شه‌رعیه‌تێکی نییه!
- سه‌باره‌ت به ڕاگه‌یاندنی دووه‌می لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه له
دۆسیه‌ی سه‌رده‌شت عوسمان
-

حه‌مه غه‌فور
زیاد له چوار مانگ به‌سه‌ر تیرۆری (سه‌رده‌شت عوسمان)دا تێپه‌ڕیوه،
تازه ئه‌و "لیژنه تایبه‌ته"ی سه‌رۆکی هه‌رێم پێکیهێنابوو گوایا بۆ
شوێنگرتنی کرده‌وه تیرۆریستیهکهو به‌دواداچوون بۆ ده‌سگیرکردنی
تاوانباران، دوێنی 15ئه‌یلول سکێچی تێپه‌ڕاندنی سیناریۆی شوێنبزرکردنی
ڕاستی‌و واقعیه‌تی چۆنێتی‌و شێوازی تیرۆرکردنی سه‌رده‌شتی له ڕاگه‌یاندنێکی
تهمو مژاویو بێبناغهدا بڵاوکرده‌وه.
گه‌وهه‌ری ڕاگه‌یاندنه‌که به گوێره‌ی لۆژیک بێت یان به‌پێی یاسا نه‌ک
هه‌ر دۆسێکه‌ی ئاڵۆزتر کردووه‌و دوورتری خستۆته‌وه له چوارچێوه‌و ده‌سه‌ڵاتی
داد‌و دادوه‌ری، به‌ڵکو به ئاشکرا وه‌ڵامدانه‌وه به ئامانجێکی سیاسی
تایبه‌تمه‌ندیش وێنا‌و به‌رجه‌سته ئه‌کات. ڕاگه‌یاندنی ئه‌م لیژنه
تایبه‌ته له ڕوانگه‌ی لۆژیکیه‌وه خۆی له خۆیدا سهربهخۆییو سه‌روه‌ریی
یاسای کوردستانی بردۆته ژێر پرسیاره‌وه. وه له شهئنو ڕێوشوێنی
فهرمیو ده‌سڕۆیشتوویی دادگای باڵای که‌م کردۆته‌وه‌و بهرجهستهییو
پراتیکبوونی ده‌سه‌ڵاتی قه‌زایی کوردستانی له‌که‌دار کردووه. نه‌ک
نزیکخستنه‌وه‌ی پرسه‌که له ڕۆشکردنهوهو نیشاندانی سه‌ره داوه‌کانی
خستنه‌ڕووی ڕاستی ڕوودانی کاری تیرۆرکردنه‌که!
ئه‌گه‌ر ئامانجی سه‌رۆکی هه‌رێم له بنه‌ڕه‌تدا پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه
بووایه، ئه‌وسا وه‌کو که‌سایه‌تی یه‌که‌م له ڕووی شه‌رعیه‌تی
دیموکراسی‌و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیشه‌وه ده‌بوایه ڕێزی بۆ سهروهریو
سه‌ربه‌خۆیی دادوهریو یاساکانی کوردستان دابنایه‌و شوێنگرتنی دۆسێکه‌ی
به ده‌سه‌ڵاتی قهزاییو دادی کوردستان بسپاردایه، نه‌ک فه‌رمان بدات
به درووست‌کردنی لیژنه‌ی تایبه‌ت که له هیچ فه‌رهه‌نگێکی دیموکراسی‌و
هاوچه‌رخدا جێگای نابێته‌وه. لیژنه‌یه‌ک که که‌س نازانێ میکانیزمی
کارکردن‌و پره‌نسیپی تێفکرین‌و لێکۆڵینه‌وه له دۆسێکه‌ی چۆنه‌و کامه‌یه.
لیژنه‌ی تایبه‌تی له‌و چه‌شنه زۆرتر په‌یوه‌ست ئه‌بێته‌وه به ده‌سه‌ڵاتی
حزبی‌و فه‌رمانده‌یی ده‌سه‌ڵاته تۆتالیتاری‌و سه‌روو خهڵکیهکانهوه،
که پلاتفۆرمی سیاسیان هه‌میشه بریتی بووه له گرتنه‌ده‌ستی جڵه‌وی
سه‌رله‌به‌ری دهسهڵاتهکانو چڕکردنه‌وه‌ی له‌ژێر چنگی دیکتاتۆرێکدا.
ئه‌گه‌ر میدیای دهسهڵاتو ڕاگه‌یاندنی جووت حیزبه‌که ته‌نانه‌ت هه‌روا
به‌رده‌وامیش بن له‌سه‌ر کوتانی ده‌هۆڵی به‌ته‌نگه‌وه‌بوونی سه‌رۆکی هه‌رێم
بۆ یه‌کاڵاکردنه‌وه‌ی دۆسێی تیرۆری سه‌رده‌شت عوسمان، به‌وه‌ی که له‌سه‌ر
فه‌رمانی به‌رزانی "لیژنه‌ی تایبه‌ت بۆ لێکۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچوونی ئه‌و
په‌روه‌نده‌یه" پێکهاتووه، وه بیانه‌وێ ئه‌م هه‌نگاوه‌ی سه‌رۆک وه‌کو
پهرۆشیو به‌ته‌نگه‌وه بوونی ئه‌و بۆ بڕشتی ده‌سه‌ڵاتی قه‌زاو دادوه‌ری
کوردستان به خه‌ڵکی کوردستان بفرۆشنه‌وه، به‌ڵام پێبزانن یان نا،
خودی ئه‌و فه‌رمانه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم بۆ درووست‌کردنی ئه‌و لیژنه‌یه
سنووربهزاندنو خه‌رقێکی گه‌وره‌ی سیاسی، ئهخلاقیو یاساییه له
کوردستان، وه ڕێز‌و حورمه‌تی یاسا‌و سهروهریهکانیشی پێشێل کردووه.
کارنامه‌ی لیژنه‌که ئه‌مه‌مان پێ ئه‌ڵێت!
پاراستی سه‌قامگیری کوردستان، چاودێری سه‌لامه‌تی سه‌رو ماڵی هاوڵاتیان،
به‌رگرتن به تیرۆری هاوڵاتیان له‌وانه‌ش کاره‌ساتی تیرۆری ڕۆژنامه‌نووسێکی
لاوی وه‌کو سه‌رده‌شت، گرنگتر له‌وه‌ش گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی یاسایی بۆ
لێکۆڵینه‌وه‌و ده‌سگیرکردنی تاوانبارانی بکوژی سه‌رده‌شت عوسمان که به
ڕۆژی ڕووناک‌و به‌به‌رچاوی هاوڕێکانیو ته‌نانه‌ت به‌پێش چاوی پاسه‌وانانی
زانکۆشه‌وه ڕوویداوه، مه‌سه‌له‌و پرسی ئارامی‌و ئاسایش‌و ئۆقره‌یی
کۆمه‌ڵگای کوردستانه‌و به‌ر له هه‌ر شتێک یان پێش هه‌ر دهسهڵاتو
پایه‌و مه‌قامێک په‌یوه‌ست ده‌بێته‌وه به ده‌سه‌ڵاتی باڵای دادوهریو
یاسایی کوردستانه‌وه نه‌ک هیچ شتێکی شاز یاخود لیژنه‌یه‌کی تایبه‌تی
به‌دواداچوون که هیچ شهرعیهتو ڕه‌سمیه‌تێکی فه‌رمیشی پێنه‌درابێت
له ڕێگای ده‌سه‌ڵاتی باڵای یاسایی‌و دادگای سه‌راسه‌ری ووڵاته‌وه.
پرسی ئۆقرهییو دۆسێی ئارامی‌و سه‌قامگیری ووڵات پێش هه‌ر شتێک
جێگیریی‌و سه‌قامگیریی سهربهخۆییو سه‌روه‌ریی ده‌سه‌ڵاته قهزاییو
یاسایی‌و دادپهروهریهکانیهتی. پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێم له ووڵاتێکدا
که ڕۆژی هه‌زاران جار بانگه‌شه‌ی دیموکراسی بوونی بۆ ئه‌کرێ، ده‌سه‌ڵاتێکی
سیاسی‌و فهرمایشیه نه‌وه‌ک شتێک له سه‌ره‌وه‌ی یاساکان‌و ده‌سه‌ڵاته‌کانه‌وه.
له په‌روه‌نده‌ی سه‌رده‌شت عوسماندا سه‌رۆکی هه‌رێم خۆی پێش له هه‌ر
کهسو ئۆرگانێکی تر، سهروهریو سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی یاسا‌و
دادگاکانی خسته ژێر پێوه. ئیتر هیچ پاساوێک ناتوانێ به‌ر به داڕمانی
مسداقیه‌تی بانگه‌شه‌و ئیدیعای سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم، هی پارله‌مان‌و سه‌رۆکایه‌تی
حکومه‌تیش بگرێت لای هاوڵاتیان سه‌باره‌ت به پڕووپووچی سه‌روه‌ری
یاسا‌و به‌رقه‌راربوونی ئاسایش‌و سه‌قامگیریی له کوردستان.
ووردبوونه‌وه له ڕه‌واڵی شکڵدان به ڕاگه‌یاندنی فه‌رمی ووته‌بێژی فه‌رمی
حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، یانی لێدووانی کاوه محمود شاکر که ئه‌مڕۆ
سه‌باره‌ت به بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕاگه‌یاندنی ئه‌و لیژنه تایبه‌ته سه‌باره‌ت
به دۆسێی سه‌رده‌ست عوسمان بڵاوی کردۆته‌وه‌و تیایدا ده‌ڵێ؛ "ڕاگه‌یاندنی
ئه‌و ده‌ره‌نجامانه له ده‌زگایه‌کی ڕه‌سمی سه‌ر به حکومه‌تی هه‌رێمی
کوردستانه‌وه ده‌رچووه، که وه‌زاره‌تی ناوخۆیه، بۆیه له هه‌مان
کاتدا ئه‌و ڕاگه‌یه‌نراوه هه‌ڵوێستی ڕه‌سمی حکومه‌تیش ده‌گه‌یه‌نێت.
ووتیشی؛ ئه‌و لایه‌نه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی له دۆسێکه کردووه، ده‌زگایه‌کی
سه‌ر به دامه‌زراوه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمه‌و هاوکات ته‌عبیر له بیر‌و
بۆچوونی حکومه‌تیش ده‌کات"! جوانتر شێوازی چنینی ئه‌م سیناریۆیه‌ی ده‌سه‌ڵاتی
پارتی دیموکراتی کوردستان نیشان ئه‌دات بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و سکانداڵه‌ی
به‌هۆی تێوه‌گلانی ده‌سه‌ڵاتی پارتی له هه‌ولێرو به تایبه‌تیش ده‌سه‌ڵاتی
بنه‌ماڵه‌ی بارزانی له تیرۆری ڕۆژنامه‌نووسی لاو سه‌رده‌شت عوسمان، یهخهیانی
گرتووه! کێ پرسیای له حکومه‌ت کردووه که ئه‌م لیژنه‌یه کێیه‌و سه‌ر
به کوێیه!؟ ئه‌م وه‌ڵامه‌ی کاوه محمودیش ئه‌ڵقه‌یه‌کی دیکه‌ی
سیناریۆی پارتیه سه‌باره‌ت به دۆسێی سه‌رده‌شت.
ئه‌و لیژنه تایبه‌ته هیچ شه‌رعیه‌تێکی نیه‌و پابه‌ندیش نیه به هیچ
جۆره پره‌نسیپێکی دادپه‌روه‌رانه‌و دیموکراسیانه‌وه. ئه‌و لیژنه‌یه
ئامرازێکی ته‌واوی ده‌ستی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیه بۆ چهواشهکاریو تێپه‌ڕاندنی
سیناریۆی سازکراوی ده‌زگای پاراستنی پارتی بۆ دیزه به ده‌رخۆنه
کردنی دۆسێی تیرۆری سه‌رده‌شت عوسمان.
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی پارتی‌و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمیش پێناچێت ببێته خاوه‌نی
ناچیزترین متمانه‌ی جهماوهریو بێگومان به‌ره‌وڕووی شه‌پۆلێکی دیکه‌ی
نهفرهتو ئیدانه‌و ناڕه‌زایه‌تی نواندن ئه‌بێته‌وه، چ له ناوخۆی
کوردستان وه چ له ده‌ره‌وه‌ی کوردستان. ڕه‌نگه هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی
ئه‌و لیژنه تایبه‌ته‌و ته‌سلیمکردنی ئه‌ندامانی به یاسا بۆ لێکۆڵینه‌وه
لێیان سه‌باره‌ت به‌م چه‌واشه‌کاریانه‌ی تا ئێستا سه‌باره‌ت به دۆسێی
سه‌رده‌شت بڵاویان کردۆته‌وه ههنگاوێکی باش بێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی
ناو پارتی مل بده‌ن به سه‌روه‌ری یاسا‌و ڕێزدانان بۆ سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی
دادوه‌ری له کوردستان، هه‌تا به شێوه‌ی فه‌رمی ڕێوشوێنی پێویست
بگیرێته به‌ر بۆ به‌دواداچوونی دۆسێی تیرۆری سه‌رده‌شت عوسمان! هه‌نگاوی
دواتریش پابه‌ندبوون پارتی‌و ملکه‌چ بوونیان بۆ ئازادی بیروڕاو ئازادی
ڕه‌خنه‌و ده‌ربڕین له کوردستان بسه‌پێنرێت به‌سه‌ریاندا!
16\9\2010
ماڵپه‌ڕی حه‌مه‌غه‌فور
|