٦\١\٢٠٢٠
لە کارگەی شەکری
سلێمانی بۆ کارگەی چنینی کوورانی ھەولێر.

ئهحمهد رهجهب
وانەکانی ژیان.
لە کۆتایی ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردوو دەستکرا بە دامەزراندنی
کارگەی شەکری سلێمانی لەلایەن کۆمپانیای کافێی ئیسپانی و من لە دەزگای
گشتی دیزاین و دامەزراوەی پیشەسازی سەر بە وەزارەتی پیشەسازی (سەرپەرشتیاری
کاروباری) کارگەکە کارم ئەکردو کافێ کاری دابوو بە کۆمپانیایی سادێی
ئیسپانی و ژمارەیەک بەڵێندر لەوانە: کەریمی حاجی فەرەج ئەفەندی و نیازی
تورکمان و ێلاح کەرکوکی و لە کۆتایی ساڵی ١٩٧٣ وە ماوەی چەند مانگێک
رۆژانەی کرێکارەکانیان نەداو کۆمپانیای کافێ رووی لە شکستی بوو بێ
پارەیی رووی تێکردبوون و پارەی بەڵێندەرەکانی نەئەدا.
ئێمە وەک حیزبی شیوعی عێراق شانەیەیەکی سەرەکی بەھێزمان ھەبوو ھاورێیان
عەلی فەتاح {لە کیمیا بارانی ھەڵەبجە} شەھید بوو، کۆچکردو حەمە رەشید
عازەبانی و ئەحمەدە رەش تیادا چالاک بوون و ، رۆڵی باشیان لە ناو
کریکاران و سەندیکا ئەگێراو، سەرۆکی سەندیکای کارگەی شەکری سلێمانی
برادەرێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو بەناوی کاک رەحیم گەرمیانی {خەڵکی
کفری} بوو، مرۆڤێکی ھێمن و رێزدارو چالاک بوو ئێمەی خۆش ئەویست و حەزی
ئەکرد لیمان نزیکبیتەوەو، رۆژێکیان پێکەوە باسی کارگەو و کرێکاران و بێ
پارەییمان کردو وتی: چارە چییەو، منیش یەکسەر وتم بۆ لە گەڵ یەکێتی
سەندیکای کرێکارانی سلێمانی باسی ناکەێت و، لە وەڵامدا وتی چەند جارێک
باسمکردووەو ھەر ئەڵێن بوەستن و پەلە مەکەن و، لە پاش گفتوکردن بریاری
مانگرتنماندا.
من بۆم نەبوو بەشداری بکەم و ھاورێیان لە گەڵ برادەرانی پارتی و
کرێکارانی تر ئامادەبوون و، لە رۆژی دیارکراودا کرێکاران مانیانگرت ولە
پاش رۆژێک شاندی یەکێتی سەندیکای سلێمانی ھاتن (ئەگەر ھەڵە نەبم بریتی
بوون لە بەرێزان ــ مەحمودی مەلا عیزەت ئەندامی لقی / ٤ ی پارتی و کاک
رەشید عارف سەرۆکی یەکێتی سەندیکای کرێکارانی سلێمانی) و، کاک رەشید
وتارێکی ھەرەشەئامێزی خوێندەوە و داوی کردو وتی بگەرێنەوە بۆ سەر
کارەکانتان و ئێمە چارەسەری بۆ کێشەکانتان ئەدۆزێنەوەو، ئەوە بوو
کرێکاران بە یەکدەنگ و بە چەپڵەرێزان داوایان لەو دوو بەرێزە کرد کە لە
کارگە بچنەدەرەوەو بگەرێنەوە بۆ سلێمانی و لە پاش ھەفتەیەک کۆمپانیاو
بەڵێندەرەکان ناچارکران پارەی کرێکاران بدەن و رۆژێک لە پاش سەرکەوتن {
وتارێکم لە ژێر ناونیشانی : سەرکەوتن لە یەکگرتندایە نووسی و لە
دوالاپەرەی بیری نوی بڵاوکرایەوە}.
بەناوی سوکایەتی پێکردن بەو شاندەی ھاتبووە کارگە لەلایەن یەکێتی
سەندیکای کرێکارانی سلێمانییەوە کاک رەحیم و ھەڤاڵەکانی سزادران و لە
سەندیکای کرێکارانی کارگە لابران و، بەڵێنیاندابوو کەسانی تریش بە سزای
خۆیان ئەگەن و، رۆژیکیان کرێکارێکی کومپانیای کافێ بە ناوی ( ع.
باوەمردەیی) ٣ بلوکی تەختەی نایاب و برێ فورمیکای لە پیکاپێکی دۆج
بارکردبوو منی بینی وتی : نازانم بۆم ھەیە ئەم بلۆکە تەختانە ببەم لە
ماڵەوە پێویستیم بە کتێبخانەیەکە ، یەکسەر وەڵاممدایەوە وتم برای بەرێز
ئەو کارەی جەنابتان بەھیچ شێوەیەک پەیوەست بەمنەوە نییە و، خۆتان
ئەزانن من پاسەوان نیم و لە کۆمپانیای کافێ کار ناکەم.
لە پاش ھاتنەوەم لە کارەکەم لە کارگە یەکسەر ئەرۆیشتم بۆ بارەگای حیزب
بۆ راپەراندنی کاروباری کرێکاران { لێژنەی تایبەتی ــ موختەسە ــ لە
گەڵ ھاورێیان سەلاح رەشید و عومەر کەماڵانی و ، نووسینگەی رۆژنامەگەری
لە گەڵ ھاورێیان : شەھید رەئوف زوھدی، کوچکردووان شاعیر حەسیب قەرەداغی
و مامۆستا ئەحمەد ساڵح و ھێرۆ گۆران و، لیژنەی ئیدارەی بارەگا لە گەڵ
ھاورێیانی کۆچکردوو دوکتۆر عەلی و سەید باقی } و، رۆژیکیان ھاورێ
ئەحمەد حامید ھاتە ژورەکەم و پرسیاری کرد ئایا جنێوم بە کەس داوە؟ لە
وەڵامدا وتم نەخیرو، وتی باشە بەیانی ئەرۆین بۆ بارەگای لقی / ٤ ی
پارتی چونکە ئەڵێن ئەحمەد رەجەب جنێوی بە مەلا مستەفا بارزانی داوە.
رۆژی دواتر من و ھاورێیان ئەحمەد حامید و فکرەت جاوید ھەردووکیان
ئەندامی ( لوجنەی پەیوەندییەکان) بوون سێ قۆڵی چووین بۆ بارەگای پارتی
و ، ئەوان چوونە ژوورەوە ولە پاش کاتژمێرێک ھاتنە دەرەوە و وتیان ئەوەی
ھەواڵەکەی گەیاندوو شکاتی کردووە نەھاتووەو واتە (عومەر باوەمردەیی) و،
بۆ رۆژی دووەم دیسانەوە سێ قۆڵی ملی رێگامانگرت و چووینە بارەگای لق
وبرادەرەکەی پارتی نەھاتبوو، لە رۆژی سییەم چووین کابرای شکایەتکەر (موخبیر)
ئامادە نەبوو، لەوێدا ھاورێیان ئەحمەد و فکرت وتووبیان : براینە
ھاورێکەی ئێمە تاوانبارەو لە سی رۆژدا ئامادە بووە بەڵام ئەوەی ئێوە لە
سێ رۆژدا ئامادە نەبووە و دیارە راست ناکات و ئەمەش دروستکراوە بۆ
ئەوەی نێوانمان تێکبچێت ئەگێنا بۆ نایەت لە کاتێکدا ھەر لە پۆلیسەکەوە
تا ئەگاتە پارێزگار خۆتانن و بە کوردییەکەی (حاکمن) بۆچی برادەرەکەتان
ناھێنن و، لە سەر توورەبوون و قسەکانی ھاورێیان ھەردو بەرپرسی پارتی (حەمەی
رەحیم و قادر جەباری) داوای لێبوردنیان کردبوو وتووبیان راست ئەکەن و
برادەرەکەتان بێ تاوانەو ئەوەی ئێمە سەگوسەگبابە. گرژی و ئاڵۆزی باڵی
بە سەر پەیوەندی حیزبی شیوعی و پارتیدا گرتبوو رۆژ لە دوای رۆژ رووی لە
خراپەو تووندوتیژی بوو، لەو رۆژانەدا تەقە لە ھاورێ ئەحمەد حامید کراو
چەند گوللەیەکی بەرکەوت خۆشبەختانە رزگاری بوو، ولە سەرەتای مانگی
تەموزی ١٩٧٤ تەقەیان لە ھاورێ { فکرەت جاوید} کرد و شەھیدیان کرد.
لە سەر درۆ شاخدارەکەی (عومەر باوەمردەیی) بلۆک دزو درۆزن بە بریاری
کاک عەلی عەبدوڵلا سەرکردەو یەکێک لە دامەزرینەرانی پارتی دیموکراتی
کوردستان و پارێزگاری سلێمانی گوازرامەوە (نقل) لە کارگەی شەکری
سلێمانی بۆ کارگەی چنینی کووران لە ھەولێر، دیارە دەسەڵاتی کاک عەلی
سنووردار بوو، ھەر ئەوەندە بوو من لە سلێمانی دوور بخاتەوە بۆ ھەولێر.
ماڵپهڕی ئهحمهد رهجهب
|