په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\٣\٢٠١٣

لەکەدارکردنی بەھای نووسین.

پێشڕەو حەمید    

''قەڵەم زمانی ھەبووایە رێگەی نەئەدا ھەموو کەس پێێ بنووسێ''.


یەکێک لە گەورەترین دیاردەکانی کوردستان دروستبوون و پەیدابوونی ئەو ھەموو قەڵەم بەدەستەیە کە ناویان لە خۆیان ناوە نووسەر و رۆژنامەنووس، کوردستان پڕبووە لە قەڵەمی شڕ، قەڵەمی ستۆک و مرۆڤی کاڵفام و کارەکتەری کڵۆڵ و داماو، داماو لە تێگەیشتن و کڵوڵ لە بیرکردنەوە و شڕ لە زمان و ستۆک لە نووسین.
 

ھۆکارەکانی گەیەنەر ئەمڕۆ زیاتر بوونەتە فاکتێکی باڵا بۆ بینین و بیستنی ژیانی کەسانی تر بە تایبەتی ئەوانەی لە پێگەیەکی بەرپرسیارێتی دان یان بە ھۆکاری پیشەکەیانەوە ناسراو بوون، زۆر جار ژیانی ئەوان بوونەتە کێشەی دوان و خۆ سەغڵەتکردنی خەڵکی تر؟!


رێگەبەخۆدان و قسەکردنمان لەسەر ئەخلاقیاتی خەڵکی تر و چوونە نێو کێشەکانی خەڵکی ترەوە ئەو خەوشە گەوەریە کە بۆ ھەمیشە کۆمەڵگایەی بەجێھێشتوە لە ڕەوتی گۆِرانکاریە هزریی و فەرھەنگی و کۆمەڵایەتیەکانەوە و ھۆکارەکانی گەیەنەر و ڕاگەیاندنی چەواشە و راگەیاندنی نابەرپرس، ھۆکارگەلێکی گەورە بوون بۆ دروستبوونی ئەو ھەموو شوناسەی کە پێشتر بەو جۆرە مرۆڤانەمان بەخشی لە سەرەوەی ئەم باسەدا؟!


قەڵەم زمانی ھەبووایە رێگەی نەئەدا ھەموو کەس پێێ بنووسێ؟ چونکە نووسین پرۆسەیەکی و بەردەوامە بۆ دۆزێنە و پشکنینی ھەموو ئەو شتانەی کە خۆلقێنەری بوونێکی بەرچاو کردارێکی بەرجەستەکراون، نووسین زمانێکی ترە لە ئاراستەکردن و ھۆکارێکی تری گفتۆگۆکردنە، زۆر جار لە ئاستی نوخبە"دەستە بژێر" لە لایەن قەڵەمێکی جدیی " شلگێڕ" و زۆر جاریش قسەکردنە لەگەڵ کۆمەڵ و کۆمەڵگا لە لایەن تاکێکی ھۆشیار و کامڵەوە، کەواتە نووسین و گواستنەوەی شرۆڤەکردن و لە زارەوە بۆ نووسین ئەو گەریدەیە کە نووسین دروستی ئەکات، نەک ئەو فەوزایە بێـت کە ئێستا بە ناوی نووسینەوە دەبینرێـت.


ڕایەڵە جیاوازەکان یان ھۆکارەکانی تری پێک گەیشن لە نێوان یەکتردا لە نێو دەستە و گرووپی کۆمەڵگاوە یان لە نێو دامەزراەوە و تاکەکاندا ئەنجامگیریی پشکین و دواندنێکی تەندروستی لۆکاڵە، کوشتنی ئەو جیاوازییانە و پچڕانی ھێڵەکانی بەیەکگەیشتن، ئاکامی بیرتەسکیی ئەو گرووپ و کەسانەیە کە بە ناوی نووسین و بە زمانێکی تر لە دەرەوەی ھەموو بەھایەکی دواندنەوە دەخرێنەڕوو.


بە ھۆی ناجێگیریی گوتاری سیاسیی و رۆشنبیریی لە دونیای ئێمەدا، ئەمرۆ دەیان رۆشنبیر و سیاسیی تەنھا بۆ خۆنمایشکردن و پەیداکردنی رەواج لە ناو ئەو فەزایەدا کە خۆلقێنەری فەوزایە و بەھۆی حەزی خۆسەپاندن و ئومێدی مانەویان لەسەر زوبانی خەڵکی گرنگیی کاری خۆیان لەبیر ئەکەن و بە فڕێدانی چەند "وشە" یەک لە پێناو "چەپڵەیەک" زیاتر ئەبنە ھۆکار بۆ لەقکردنی ئەو پایانەی کە دەمێکە خەباتی مەدەنیانەی کەسانی تر خوازیار بووە دونیایەک بخولقێنێت کە خاڵی بێت لە فەرامۆشکردن و گرنگیی ھێزی "گوتن" لە بەرامبەر ھێزی "کردار"ی دڵڕەقانەی کولتووری باو و خۆسەپاندنی دەسەڵاتی خۆڵەمێشیی.


گەورەترین کارەسات ئەوەیە کە ئەمڕۆ بەشێک لە رۆشنبیرەکان جنێو ئەدەن، زۆبەی سیاسییەکان ماندوو نابن لە درۆکرن، بەرپرسەکان ھەست بە بەرپرسیارێتی ناکەن، کۆمەڵگاش بە ھەموو چین و تۆێژەکانیەوە دابەشبوون بەسەر ئەو جەمسەرانەدا و پاڵپشتیان ئەکەن، ئەوەش ھۆکارێکی کاریگەرە کە ئەو ھەموو بێباکییەی ئەو دەستەبژێرانەی ناو کۆمەڵ ھیچ بەھایەکیان بۆ رەخنەی جدیی نەهێشتوەتەوە.

 

ماڵپه‌ڕی پێشڕه‌و حه‌مید

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک