په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٤\٢٠١٣

لە کولتووری دیندا ژن لە پەراسووی چەپی پیاو دروستکراوە!

                                                                                               

    ئەحمەد قەپانچی                                                                                                لە عەرەبیەوە: جیهاد محەمەد

 

 

ئەگەر بە شوێن خڵتە مێژووییەکەی فیکری دینیدا بگەڕێن کە هەڵوێستێکی نەرێنیی وەرگرتوە بەرامبەر بە ژن، ئەوە دەبێت بچینە نێو ڕەگ و ڕیشە و دۆزینەوەی غەوشی ئەو شێوازە بیرکردنەوەیە، لەم گەڕان و پشکنینەشدا یەکەم شت کە بەرەوڕووی دەبینەوە جیاوازی جێگە و پایەی ژن و پیاوە لەو چیرۆک و حەدیسانەی کە لە هەردوو تیپەکەدا(چیرۆکەکان و حەدیسەکان) وا قسە دەکەن کەیەکەمجار "خودا" خۆی "ئادەم"ی دروستکردوە دواجاریش "حەوا"ی دروستکردوە. (ئەمەش یەکەم غەوش و لاوازییە)، جگە لە جیاوازی چۆنیەتی دروستکردنییان کە بەم شێوازانە دەیگێڕنەوە:


١- بەشێک لە چیرۆکەکان وا باسیدەکەن کە خودای گەورە ژنی لە پەراسووی چەپی "ئادەم" دروستکردوە( ئەمە لە تەوەراتیشدا هەروا هاتووە) هەروەک چۆن لە تەفسیری بوخاریدا هاتووە: وایداناوە کە ژن لە پەراسووی چەوتی پیاو دروستکراوە کە کاتێک بتەوێت ڕاستیکەیتەوە دەشکێت، ئەگەر وازیشی لێبهێنیت ئەوە بە خواری دەمێنێتەوە، بۆیە دەبێت لەسەر ئەو (ڕاستیە دینییە!) مامەڵە لەگەڵ ژندا بکرێت. هەروەها (صاحب المنار) دیسان بە گوێرەی تەفسیری ئایەتی ١٨٩ لە سورەتی ئەعراف دەڵێت: ڕبن حبان وایگێراوەتەوە کە ڕبی هریرە وتویەتی: "ژن لە پەراسوویەکی چەوت دروسکراوە".

٢- سەرچاوەکانی شیعەش دەڵێن "حەوا" لە زیادەی ئەو قوڕە دروستکراوە کە لە دروستکردنی "ئادەم" ماوەتەوە، ئەم چیرۆکەش لە دەمی (عمرو بن ابی المقدام) دەگێڕنەوە کە وتویەتی: " پرسیارم لە (ابا جعفر) کرد": خوا لە چ شتێک "حەوا"ی دروستکردوە؟


لە وەڵامدا وتی:"ئەم خەڵقە چی دەڵێن لەو باریەوە؟". دەڵێت: منیش وتم: " دەڵێن خوا لە پەراسوویەک لە پەراسووەکانی ئادەم حەوای دروستکردوە". ئەویش وتی: "درۆدەکەن، خوا ئەوەندە بێ دەسەڵات بوو هیچی دەستنەکەوت پەراسووی ئادەم نەبێت حەوای لێ دروست بکات!


منیش پێموت قوربانتبم ئەی لە چ شتێک دروستیکردوە؟ وتی: باوکم بۆی باسکردووم کە باوانی وایان باسکردوە کە: پەیامبەر(موحەمەد) دروودی خوای لەسەربێت وتویەتی: خوای گەورە چنگی کردوە بە قوڕێکدا و (ئادەم)ی لێدروستکردوە، زیادەی ئەو قوڕەی لە دەستیدا ماوەتەوە (حەوا)شی لێدروستکردوە.


ئەمە کورتە و پوختەی ئەو چیرۆکە دینیی و تەفسیرانەیە لە دروستکردنی حەوا دا، کە بە ئاشکرا ڕەگەزی نێری زیاتر بە هەند وەرگرتوە و، ڕەگەزی مێی بە نمرە دوو داناوە، وەک دیارە "ئادەم"ی بە یەکەمیین دروستکراوی خودا داناوە و، حەوا بە لقێک، یان بەشێک لەو داناوە، ئەم تەفسیر و لێکدانەوانەش بە دوایی خۆیدا بارێکی دەروونی خراپ بۆ مرۆڤەکان دروست دەکات، کە جیاوازی هەیە لە نێوان نێر و مێدا، بە تایبەتی لای رەگەزی مێ ئەوە دەگەیەنێت کە تەنیا بۆ ڕاژەی نێر و تێرکردنی غەریزە سێکسییەکانی نێر دروستکراوە، ئەم جۆرە لە تێگەیشتن و بیرکردنەوەیە هەوڵێکە بۆ دوورخستنەوەی ژنان لە خەبات و تێکۆشانیان تا بە یەک چاو تەماشاکرێن و هەموو مافەکانی خۆیان وەک پیاو بەدەستبهێنن و ڕزگاریان بێت لە پلە دوویی.


ئێستا بزانین ڕاستیی و مەعقولیەتی ئەم جۆرە لە تێروانین بە گوێرەی عەقڵ و دەقەکانی قورئان چۆنە..


ئەگەر ژن(حەوا) لە پەراسووی چەپی(ئادەم) دروستکراوە چۆن چیرۆکی دووەم ئەمە بەدرۆدەخاتەوە، ئایا خوا توانای نەبووە لە شتێکی تر جگە لە پەراسووی چەپی ئادەم حەوا دروست بکات؟ بۆچی لە پەراسووی چەپ و لە شتێکی تر نا، ئەی چۆن ئادەم لە قورێک دروستکرا کە لە پێکهاتەکەیدا چەندین ماددەی وەک ئاو و ئاسن و قسڵ و سودیۆم و کاربۆن و شتگەلێکی تری سروشتی هەبوون، بەڵام لە دروستکردنی حەوا دا کە لە هەمان قوڕ دروستیکرد کەچی بەو ئاستە بایۆلۆژیی و فەسلەجییە دروست نەبووە، تەنیا پێکهاتەکەی قسڵیە؟


لەوەش سەیرتر ئەوەیە کە ئەم قسەکەر و تەفسیرکەرانە ئەوندە خۆیان ماندوو نەکردوە کە زانیاری ئەوەیان هەبێت پەراسووەکانی چەپ و پەراسووەکانی راست لە پێکهاتەیاندا جیاوازییان نییە!!


بەهەرحاڵ درێژە بە قسەکردن نادەین لەسەر ئەو چیرۆکانە و جۆرە بیرکردنەوانە، لەگەڵ ئەوەی کە هەندێک لە زانایانی ئەهلی سونە قبوڵیان کردوە، بەڵام (صاحب المنار) کە زانایەکی ڕوناکبیر بووە لە نێوان قبوڵکردنی و بەرپەرچدانەوەیدا وەستاوە، لەبەر ئەوە نا کە ئەم لیکدانەوانە جیاوازە لەگەڵ عەقڵانیەتدا، بەڵکو لەبەر ئەوەی کە چیرۆکی دروستکردنی حەوا لە پەراسووی چەپی ئادەم لە تەوراتدا هاتووە، پەمامبەر(موحەمەد) دروودی خوای لەسەربێت، فەرمانی داوە نە بڕوا بە ئەهلی کتاب بکرێت نە بە درۆ بخرێنەوە ئەگەر دەقێک لە لای ئێمەوە لەسەری نەنووسرابوو یان نەوترابوو، بۆیە (صاحب المنار) دەڵێت ئێمە لەم مەسەلەیەدا ڕادەوەستین و قسەیەک ناکەین لەسەر ئەو فەرموودەیە. هەندێک وای لێکدەدەنەوە کە بە هۆی خواروخێچی ژنانەوە ئەو لێکدانەوەیە کراوە کە ژن ئەوەندە خوارە وەک پەراسوو وایە ئەگەر بتەوێت ڕاستیکەیتەوە دەشکێت، هەمان شت لە سەرچاوە شیعیەکاندا هاتووە.


بەڵام لەسەر چیرۆکی دووەم، ئێمەش هەمان ئەو پرسیارە دەکەین کە لە چیرۆکەکەدا هاتووە لەگەڵ چەند پرسیارێکیتردا:


ئایا خودا هێندە کەمدەست بوو لە دروستکردنی حەوا دا کە پەنابەرێت بۆ زیادەی قوڕکەی ئادەم بۆ دروستکردنی؟


تۆ بڵێی خودا قوڕێکی تری دەستنەکەوتبێت و وشکە ساڵی بووبێت تا ناچار بووبێت لە زیادەی قوڕەکەی ئادەم حەوا دروست بکات؟


بۆچی ئەم سووکایەتییە بە ژن! کە لە زیادەی قوڕی پیاو دروستکراوە؟


ئایا ئەم حوکمە بەسەر هەموو مێینەی ئاژەڵەکان و مێرووەکاندا جێبەجێکراوە، یان لەگەڵ نێرکانییاندا وەک یەک وان؟


بڕی ئەو زیادەیە چۆن بەشی دروستکردنی مرۆڤێکیتری کرد بە هەمان پێکهاتە یان شتێک کەمتر، چونکە هەموومان دەزانین کە زیادە کەمترە لە پێکهاتەی یەکەمی وەک زیادەی پارچە قوماشێک، یان زیادەی دروستکردنی خانوبەرەیەک یان هەرشتێکی تر؟


دەبێت خودا، زانیبێتی کە کۆئەندامی زاوزێی ئادەم بە تەنیا ناتوانێت کاری زاوزێکردن تەواو بکات، کەواتە چ پێویست بوو ئادەم لە حەزلێکردنی سێکس دا لە خوا بپاڕێتەوە کە مرۆڤێکی لەسەر شێوەی مێینە بۆ دروست بکات؟


دیسان خودا، دەبێت زانیبێتی پێوانەی ئەو قوڕەی کە "ئادەم"ی لێ دروست دەکات چەند بێت، لەم حاڵەتەشدا نابێت قوڕەکە زیادەی هەبێت، ئەم لێکدانەوە و قسەکردنانە لەسەر پاشماوەی قوڕەکەی کە "ئادەم"ی لێ دروستکرا نەزانینیی خودا پیشان دەدات، ئایا خودا وەک ئەوانەی کە خانوویەک دروست دەکەن و زیادە لە کەرستەکانیاندا دەبێت وەک هەندێک چەو و لم و گەچ و چیمەنتۆ، نەزانە، یان نەزان بووە؟


پاشان ئەگەر "حەوا" لە هەمان قوڕی "ئادەم" دروستکرا بۆ دەبێت بە زیادە ناوببرێت ئەگەر مەبەست لە سووکایەتیی نییە بە ژن و دانانی ژن نییە لە پلەی دووەمدا؟


ئێستا ئەم مەسەلەیە بە گوێرەی قورئانی پیرۆز بەراورد دەکەین و بزانین خودا چۆن "حەوا"ی دروستکردوە؟


ئەوەی کە ڕاماندەگرێت ئەوەیە کە لە ئایەتە پیرۆزەکاندا ئەوە نەهاتوە کە "ئادەم" دروستکراوی یەکەمە لای خوداوە و "حەوا" دروستکراوی دووەمە، بەڵکو ئەوەی لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە ئەوەیە کە "ئادەم" یەکەم خەلیفەی خودای مەزنە لەسەر ڕووی زەویدا، لە سورەتی بەقەرەدا وا هاتووە:
(وَإِذْ قَالَ رَبُّكَ لِلْمَلاَئِكَةِ إِنِّي جَاعِلٌ فِي الاَرْضِ خَلِيفَةً...).


بەڵام کێ یەکەم دروستکراوی دەستی خودایە؟ ئایا ئادەم یان حەوا؟ قورئان لەم مەسەلەیەدا قسەیەکی نەکردوە.


لە ئایەتێکی تردا :

(يَأَيُّهَا النَّاسُ اتَّقُواْ رَبَّكُمُ الَّذِي خَلَقَكُم مِّن نَّفْس وَاحِدَة وَخَلَقَ مِنْهَا زَوْجَهَا...).


بەڵام کێ "الزوج"ە ؟ ئایا ئادەم یان حەوا؟ لە زمانی عەرەبیدا "الزوج" بە پیاو و بە ژنیش دەوترێت، کێ ناڵێت مەبەست لە حەوا بووە و لە دواجاردا ئادەمی بۆ دروستکراوە، ئەگەر تەمومژی ئایەتەکان روونبکەینەوە بە جۆرێک لەگەڵ عەقڵدا بگونجێت ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئادەم و حەوا پێکەوە دروستکراون، کە هەردووکیان یەک شت بوون و لە دواجاردا کراون بە دوو لەتەوە، یان وەک (صاحب المنار) دەڵێت: ئەگەر جەماوەری ڕاڤەکەران وای دابنێن کە ئادەم باوکی بەشەریەتە، ئەوە لە هیچ ئایەتێکدا نەهاتووە بەڵکو ئەوە لێکدانەوەی خۆیانە.


لە لایەکیتریشەوە دەڵێت:" بە گوێرەی (لفظ النفس) یان (جنس الواحد)و بە بێ گوێدانە چیرۆک و ڕێسا و لێکدانەوەکان بەها و ڕاستیی مرۆڤ ئەو بوونەورە نایابەیە کە جیاوازە لە هەموو بوونەوەرەکانی تر، مرۆڤی لە یەک توخم دروستکردوە و جیاوازی بەوە دروست نابێت کە ئادەم لە پێشدا دروستکرابێت وەک ئەهلی کتاب و جەماوەری موسڵمانان ئاماژەی پێدەدەن، یان بەوە ئەو بەها و نایابیە کەمناکاتەوە و نافەوتێت وەک هەندێک لە شیعەکان و سۆفیەکان دەیڵێن، یان هەندیک لە ئسولیەکان پلەو پایە دەدەن بە مرۆڤەکان لەسەر ئەو بنەمایە".


لە ئایەتی ١٨٩ دا هەمان ناوەڕۆک هاتووە:

(هُوَ الَّذِي خَلَقَكُمْ مِنْ نَفْس وَاحِدَة وَجَعَلَ مِنْهَا زَوْجَهَا لِيَسْكُنَ إِلَيْهَا فَلَمَّا تَغَشَّاهَا حَمَلَتْ حَمْلاً خَفِيفاً فَمَرَّتْ بِهِ فَلَمَّا أَثْقَلَتْ دَعَوَا اللهَ رَبَّهُمَا لَئِنْ آتَيْتَنَا صَالِحاً لَنَكُونَنَّ مِنْ الشَّاكِرِينَ * فَلَمَّا آتَاهُمَا صَالِحاً جَعَلاَ لَهُ شُرَكَاءَ فِيمَا آتَاهُمَا فَتَعَالَى اللهُ عَمَّا يُشْرِكُونَ).


بە گوێرەی ئەم ئایەتەش باوک و دایک وەک یەک هاوبەشن، هەڵبەت کە وترا باوک و دایک واتە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ هەروەک (صاحب المنار) گێراوێتیەوە لە دەمی(صاحب الانتصاف) کە وتویەتی: "ئەم ئایەتە ئاماژە نادات بە هیچ کام لە نێر و لە مێ بە تەنیا، ئیتر ئەملا و ئەولای ناوێت و پێویست ناکات لێکدانەوەی زیاتری بۆ بکرێت جگە لەوەی کە هیچ کامیانی بە یەکەم یان دووەم دانەناوە.


زۆرێک لە ڕاڤەکەرانی سونی و شیعی دەڵێن: مەبەست لە یەک توخم ئادەم بووە، بەڵام ئەم لێکدانەوانە بە گوێرەی عەقل و بە گوێرەی ئایەتەکانی قورئانیش لێکدانەوە و ڕاڤەکردنێکی هەڵەیە و تەنیا مەبەست لێێ زاڵکردنی دەسەڵاتی پیاوە بەسەر ژندا

_______________________________________________

سەرچاوە: (حوار متمدن): http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=352873

 

ماڵپه‌ڕی جیهاد محه‌مه‌د که‌ریم

 

 

___________________________________

تێبینیی: بڵاوکردنەوەی ئەو بابەتەی سەرێ لە لایەن (ماڵپەڕی ئەمڕۆ)وە جگە لەوەی لە روانگەی پابەستبوونمانە بە ئازادیی دەربڕین لەبەر ئەوەشە کە بەڕێز (جیهاد محەمەد) وەریگێڕاوە و بۆ بڵاوکردنەوەی ناردووە، دەنا بە ئاشکرا دیارە کە نووسەری بابەتەکە (ئەحمەد قەپانچی) دەیەوێ دین لە مەسەلەی ژناندا جوان پێشان و بدا بە شێوەیەکی پێچاوپێچ بۆ خوێنەر بێ و پێی بڵێ دین (واتە قورئان) جیاوزایی لە نێوان ژن و پیاو ناکا و تاوانی سووکایەتییکردنیش بە ژنان لە لایەن دینەوە بخاتە ئەستۆی راڤەکارە سونیی و شیعییەکان، بەڵام خۆ کێشەکە هەر ئەوە نییە کە ئاسان نییە ئەو چیڕۆکە تەمومژاویی و ئەفسانەییانەی قورئان لە بارەی ژنانەوە - کە هەر لە مەتەڵ و پەرجوو دەچن - بە تەواویی راڤە بکرێن و یەک رای ناوکۆیی و پوختی لێ هەڵبهێنجێندرێ کە ئایە قورئانیش لەو چیڕۆکە بێ سەروبەرەی دروستکردنی (ئادەم و حەوا) حەوا بە پلە دوو دادەنێ و سووکایەتیی بە ژنان دەکا یان بە یەکسانیان دەبینێ لەگەڵ پیاو، بەڵکە کێشەکە لەوەدایە کە دینی ئیسلام بە هۆی کۆمەڵێک ئایەت زۆر بە ئاشکرایی باس لە زاڵبوونی پیاوان دەکا بەسەر ژنان و لە هەردوو لایەنی گفتار و رەفتاردا لە هیچ یەکێک لە بوارەکانی ئابووریی و خاوەنداریی و کارکردن و میرات و تەڵاق و ژمارەی هاوسەر و مارەیی و شایەدیی و بڕیار و رادەربڕین و تەنانەت لە سەفەر و خۆداپۆشین و جلک لەبەرکردن و روودەرخستن و... هتد دان بە ماف و ئازادیی وەک یەکی ژنان و پیاواندا نانێ و تەنانەت کۆمەڵێک سزای وەک جوداکردنەوەی جێگەی نووستن و ئازاردان و لێدان و جەلد لێدان و بەردبارانکردن و کوشتنیشی بۆ ئەو ژنانە داناوە کە دەیانەوێ هەمان ئەو ماف و ئازادییانەیان هەبێ کە پیاوان هەیانە. بە کورتییەکەی دین لە بنەڕەتدا لە لایەن پیاوانەوە بۆ چەوساندنەوەی چینە هەژارەکان و بەرژەوەندیی و سەپاندنی دەسەڵاتی پیاوسالاریی دروست کراوە نەک لە لایەن شتێک کە بوونی نییە و ناویان لێ ناوە (خودا).


ماڵپەڕی ئەمڕۆ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک