١٥\١١\٢٠١١
لە کوێن ئەوانەی
ستایشی ئەردۆغانیان دەکرد؟

جەلال محەمەد
ھێشتا خوێنی خێزانێکی حەوت کەسی بناری قەندیل وشک نەببوویەوە کە ھەواڵێ
بەکارھێنانی بۆمبی ناپاڵم و چەکی کیمیاوی بڵاوکرایەوە ، ئەو چەکەی کە
لەلایەن پەیماننامەی جنێڤ و پەیماننامەی ڕۆما "کە دادگای تاوانی
نێونەتەوەیی لەسەر بنیاد نراوە" قەدەغە کراوە و لەلایەن دەوڵەتی تورک و
حکومەتەکەی ئەردۆغانیشەوە ڕۆژانە دژ بە کوردان بەکار دەھێنرێت .
بەکارھێنانی چەکی کیمیاوی لەلایەن حکومەتەکەی ئەردۆغانەوە بوویە ھۆی
گیان لەدەستدانی ٣٦ گەریلا ، ئەم ڕووداوە لە کاتێکدا بوو کە کارەساتی
بوومەلەرزە شاری وان و دەوروبەری ھەژاندبوو و بە سەدان کوژراو و
ھەزاران برینداری لە دوای خۆی بەجێ ھێشتبوو .
بەکارھێنانی چەکی کیمیاوی ڕێک لە ڕۆژێکی وەھادا بۆ ئەو مەبەستە بوو کە
کوردان سەرقاڵی ئەو کۆمەڵکوژیە بکات و ھیچ ھاوکاریەکی کوردان نەگاتە
لێقەوماوانی شاری وان و دەوروبەری ، ھەر لە ھەمان کاتدا حکومەتەکەی
ئەردۆغان ھەموو ھاوکارییەکی وڵاتانیشی ڕەد کردەوە ، ئەمەش مشتێکە لە
دەریای ڕق و ھۆڤیەتی ئەردۆغان و حیزبە ئیسلامگەراکەی دژ بە کوردان .
لە کاتی ڕوودانی ئەم ڕووداوە سامناکەدا گوتەی ئەو کوردانەم بیر
دەھاتەوە کە لە ئاستی بەرپرسیاریدان و لە ھەموو فاشستێکی تورکیش زیاتر
بە شان و باڵی ئەردۆغانیاندا ھەڵ دەدا .
کاتێک ئەم ڕووداوە دڵ تەزێنە ڕوویدا ، گوتەکانی خالید عەزیزیم بیر
دەھاتەوە کە حکومەتەکەی ئەردۆغانی بە دیموکراتخواز پێناسە دەکرد و لە
دوای تەشویقکردنی ئەردۆغان وێڵ بوو . ھۆکاری تەشویقکردنەکەش ئەوە بوو
کە لەلایەن مانگی سوری تورکەوە دوو جار خواردن و پۆشاک بەسەر
ئۆردوگاکەی حیزبی دیموکراتدا دابەش کرابوو .
کاتێک ڕووداوی دڵ تەزێنی کیمیابارانم بینی ، گوتەکانی سەڵاحەدین محەمەد
بەھادینی ئەمینداری گشتی یەکگرتووم بیر دەھاتەوە کە حکومەتەکەی
ئەردۆغانی بە نموونەی دیموکراتی و ئەردۆغانیشی بە فریادڕەسی کوردان
پێناسە دەکرد ، ھۆکارەکەشی ئەوەبوو کە سەرچاوەی ھەڵسوڕانی ئاکەپە و
یەکگرتوو یەک جێگەیە .
کاتێک ھۆڤیەتی و دڕندایەتی حکومەتەکەی ئەردۆغانم بینی ، چەپڵەڕێزانەکەی
عەلی قەرەداخی "سەرۆکی یەکگرتووی ئیسلامی"م ھاتەوە پێش چاو کە پێشکەشی
یوسف قەرزاوی کرد لەپای ئەوەی کە ستایشی ئەردۆغانی کرد و لە
بەرامبەریشدا کوردانی وەکو تیرۆریست پێناسە کرد .
ھەڵبەت عەلی قەرەداخی جێگەی گلەیی نییە ، چونکە کەسێک کە ئینکاری لە
کورد بوونی خۆی بکات و بە عەگالەکەی سەریەوە لە کەناڵە عەرەبیەکاندا
بڵێت " احنا العرب " ئیتر دەبێت چ گلەییەکی لێ بکرێت کە دژ بە ھەموو
کوردان چەپڵە لێبدات و خۆیشی وەکو ئاکەپەی کوردستان پێناسە بکات .
چونکە باشترین پێناسە بۆ کەسانی وەکو عەلی قەرەداخی یەکێک لە
حەدیسەکانی پێغەمبەری ئیسلامە کە دەڵێ:
(من انکر اصله
فلیس لە اصل) .
ھەڵبەت پیاھەڵگوتن بە ئەردۆغاندا تەنھا لە بەرپرسەکاندا قەتیس نەما ،
بەڵکو ھەندێک نووسەریش کەوتنە نێو زەلکاوی ئەو گەمەیەوە و لێبوردنیان
لە ئەردۆغان خواست ، لەپای ئەوەدا کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕەخنەیان ئاڕاستە
کردبوو ، نموونەی ئەو نوسەرانەش بەڕێز موحسن جوامێرە . ھۆکارەکەشی ئەوە
بوو کە کەشتی ھاوکاری بۆ کەرتی غەزە ناردبوو و بەو ھۆیەشەوە نۆ تورک
کوژرابوون لەلایەن ئیسرائیلەوە .
ھەڵبەت نابێت ئەوەش لە بیر بکرێت کە پیاھەڵگوتنەکانی ھەریەک لە
تاڵەبانی و بارزانیش بە حکومەتی تورک و ئەردۆغاندا بۆتە پەڵەی
شەرمەزاری بە تەوێڵی ھەر کوردێکەوە .
بەڵام بە پێویستی نازانم کە ھیچ پرسیارێک ئاڕاستەی کەسانی وەکو خالید
عەزیزی و سەڵاحەدین محەمەد بەھادین و عەلی قەرەداخی بکەم ، چونکە ئەو
کەسانە دیارن کە چ ڕۆڵێکی چەواشەکاری و تێکدەرانە دەگێڕن لە نێو
کورداندا. لێ بەڵێ ؛ زۆر بە پێویستی دەزانم کە ڕووی پرسیارم ئاڕاستەی
بەڕێز موحسن جوامێر بکەم و بڵێم:
ئایا بەڕێزتان چ ھەڵوێستێکتان ھەیە لەبەرامبەر بەکارھێنانی چەکی
کیمیاوی و بۆمبی ناپاڵمدا دژ بە کوردان ؟ خۆ ئەگەر ئیسرائیل چەند
تورکێکی بە چەکی ئاسایی کوشت ، ئەوا حکومەتەکەی ئەردۆغان چەندین ھێندە
کوردی کۆمەڵکوژ کرد بە چەکی قەدەغەکراوی نێونەتەوەیی !!!
ئایا دەبێت چەکەکانی ئیسرائیل بە ژانتر بن لە کیمیاوی و ناپاڵمی
تورکەکان کە خاوەنی ھیچ پەرچەکردارێک نەبوون ؟
تەنھا بۆ زانیاری کاک موحسن جوامێر ، دەبێت بڵێم کە کوشتنی چەند تورکێک
بە دەستی ئیسرائیل جگە لە شانۆگەرییەکی دروستکراوی نێوان موساد و میت
زیاتر ھیچ شتێکی دیکە نەبوو ، ئەو شانۆگەریەش بۆ چەواشەکردنی کوردی
دواکەوتوو و عەرەبی ئیسلام بوو . ھەر لە کاتی کوشتنی ئەو نۆ تورکەدا
شیمعۆن پێرێزی سەرۆکی ئیسرائیل دەعوەتی ئەردۆغان و بەرپرسانی دیکەی
حکومەتەکەی ئاکەپە بوو .
لەو باوەڕەدا نیم کە کاک موحسین جوامێر ھیچی نەبیستبێت لەبارەی
دەستەواژەکانی " پیلانساز ، ڕاپەڕێنەر ، قوربانی ". کە موسادی ئیسرائیل
پیلانسازی بە ناو شکاندنی گەمارۆی سەر کەرتی غەزە بوو ، میت و
حکومەتەکەی ئەردۆغانیش ڕاپەڕێنەر و جێبەجێکەری پیلانەکە بوون ، قوربانی
و لە داونانی پیلانەکەش کوردی بەدبەختی ھاوشێوەی کاک موحسین جوامێر و
عەرەبی پاڵەوانسازی وەکو یوسف قەرزاوی بوو.
بۆ بینینی بەشێک لە ستایشکردنەکانی ئەردۆغان کرتە لەسەر ئەم لینکانەی
خوارەوە بکە:
http://www.chatrpress.com/Detail.aspx?id=3895&LinkID=3
www.sotaliraq.com/articlesiraq.php?id=67227
http://www.peshmergekan.com/index_a.php?id=5730
http://www.awene.com/Direje.aspx?Babet=Hewal&Jimare=4285
http://www.youtube.com/watch?v=u0Mgb7fgqjM&feature=player_embedded#
ماڵپهڕی جهلال
محهمهد
|