په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

 

لێکترازان و گەندەپەروەرى.


سالار بابەشێخ   


پێشینەى حزبەکانى کوردستان پڕە لە هەورازونشیو، شکست و هەستان، تەنانەت فیداکارى و خیانەتیش، بۆیە باسکردنى کارێکى ئاسان نییە و دەرفەتى لەبارى پێویستە، لێرەدا تەنها دوو خاڵ دەکەمە سەرباسى نووسینەکە: 1- لێکترازان و جیابوونەوە 2- گەندەپەروەرى
جیابوونەوە پەتایەکەو هەموو حزبە سیاسییەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان گرتووەتەوە. ئەز بڕوام بەوە نییە بە موتڵەقى باسى شتێک بکەم، بەڵام بەداخەوە ئەگەر پەردە لەسەر روخسارى راستییەکان لادەین، دەبینین کە ئەم واقعە حاشاى لێناکرێ و تەنانەت کێشەیەکى خێزانى توانیویەتى بە رواڵەتیش بێت میراتى حزبێک دابەش بکات!


ئایا لێکترازان و جیابوونەوە چ ئاکام و ئەنجامێکى گونجاوى لێدەکەوێتەوە کە خەریکە دەبێتە نەریت لە رەوتى خەباتى رزگاریخوازى گەلى کورد لە رۆژهەڵاتى وڵاتەکەیدا؟! ئایا جگە لەوەیە کە بە هەموو پێوەروپێوانەیەک کاتێک دیالۆگ شکست دێنێ، گرژى گەراى خۆى لە رەوتى پێچەوانەى رووبارە ئاڵۆز ولێڵە سیاسییەکاندا بڵاو دەکاتەوە؟ ئەمە ئازارێکى بێسنوورە، چونکە زۆرن ئەوانەى نەیانزانیوە ترس چییە و تەنانەت سەریان بەناو شەویلکەى تیمساحدا کردووە بۆ ئەوەى لە بەرانبەر نەوەى دواڕۆژدا وەک میرات وەرگرانى ئەمڕۆ سەربەرز دەربچن و بوخچەى ژیانیان بەتاڵ و بێ بەرهەم نەبێت.
کۆمەڵەى ژ . ک هەوێنى سەربەخۆیى خوازى گەلى کوردو هێماى یەکخستنى نێوماڵى کورد بوو، پێشەاوى نەمر لە بەردەم پەتى سێدارەدا قاچى نەلەرزى و لە نێو تەلارى دادگایى کردنەکەیدا، تفى بۆ نێو چاوى داگیرکەرانى کوردستان هەڵدا، پێش ئەو فیداکارییەش ئاڵاى کوردستانى وەک ئەمانەتێکى مێژوویى بە بارزانى نەمر سپاردو ئێستاش پەرلەمانى کوردستان ئەو ئاڵایەى بە بندڵى خۆیەوە نووساندووە و بێباکە لەو کەسانەى کە چاویان پێدا هەڵنایێ.
زۆرکەس بە دێڕە شێعرێکى شاهۆى هۆزانەوان کەوتنە گاگۆڵکێى خەبات و تێکۆشانی سیاسى، بۆیە بۆ یەکخستنەوەى نێو ماڵى کورد و ئەستاندنەوەى هەموو مافە زەوتکراوەکانى نەتەوەکەیان، بەردەوام دووپاتیان دەکردەوە:"بەس مایلى فەوتانى یەک و دوژمنى یەک بن،،،مەشغووڵى برایى یەک و یەکخستنى کورد بن". ئەمە ئەو سەرمەشقەیە کەوا لە خەڵکى خەباتگێڕ دەکات قێز لە پلە وپایە بکاتەوەو هەرگیز تێکەڵاوى دونیاى بازاڕ سیفەتى خۆ هەڵواسین بە کورسى دەسەڵاتەوە نەبن.


گەلۆ کەسێک هەبێت لە مرۆڤێکى کێوى تێبگات؟! نەفرەت لەو شارستانییەتەى کە پەرتەوازى وناکۆکى نێوخۆیى لێدەکەوێتەوە و سەد مەرحەبا لەو کێوى بوونەى کە یەکگرتن و یەکبوونى لێدەکەوێَتەوە. هاوارى گەنج و پیر، زریکەى منداڵ و قریشکەى کۆرپەى کورد لە ژێر رەهێڵەى بۆمب و تەرزەى گوللەو هاوەندا هەتا هەنووکەش بەردەوامە، کەچى هێشتا کاتى ئەوە نەهاتووە هێزە سیاسییەکانى کورد خەباتى خۆیان بۆ پچڕانى کۆتى بندەستى یەکبخەن و بەرپەرچى پیلانەکانى دوژمن بدەنەوە! لە رۆژهەڵاتى زامار و کەم خەمخۆرى وڵاتەکەماندا، لایەنە سیاسییەکانى کوردستان هەرکام بە شێوەیەک و لە قەوارەیەکدا تووشى قەیرانى ناکۆکى نێوخۆیین، ئیتر خەنجەرى بەر پشتێنەکەش لەوانەیە لە کالانەکەى راکێشرێ و هاکا جارێکى دیکەش دەستى برا بە خوێنى براى کورد سوور بکرێتەوە!! حزبێک نەماوە لە رۆژهەڵاتى کوردستان تووشى ئەم پەتایە نەبووبێت، پێشمەرگە دێرینەکانیش ناهۆمێدى سەرتاپایانى تەنیوە، خۆخوازییەکى پەتى و پێکەوە نەگونجان و رەتکردنەوەى هاوسەنگەرانى کۆن لە هێڵى سەرکردایەتى حزبەکاندا، هەموو کەرامەتى شۆڕشگێڕانەى تاکى خەباتکارى خستۆتە ژێر جڕومەنگەنەوە!


لەوە زیاتر درێژدادڕى لە سەر خاڵى یەکەمى نووسینەکەم ناکەم، چونکە ئەگەر حزبێک ماوە کە لە رۆژهەڵاتى کوردستاندا تووشى ئەم پەتایە نەبووبێت با دەست هەڵێنێ و جارێکى دیکە بتوانێت متمانە بگێڕێتەوە بۆ نێو دڵى تاکى کورد لە هەر چوار کەرتى وڵاتەکەیدا، تەنها بەوەندە پەسەندە دەکەم کە پێکهێنانى بەرەى کوردستانى خەونێک بوو لە پشت 7 کێوان ئاوا بووە، پێش جیابوونەوەکانى ئەم دواییانەى حزبەکان پێکهێنانى ئەوە بەرەیە دەیان کۆسپى لە بەردەمدا ساز دەکرا، نەخاسمە ئێستا کە حزبەکان لەت بوونە و هەر کەرتێکیشیان بۆ گەردەنى ئەو باڵەکەى دیکەیان چەقۆ لە هەسان دەسوون.


جیلى نوێ و هەموو چین و توێژێکى هوشیار و هەر تاکە کوردێکى رەسەن ئەم داماوییەى رەوتى سیاسى کوردى لە رۆژهەڵاتى وڵاتەکەیدا پێ قبووڵ ناکرێت، بێگومان لە بەرامبەر گەندەپەروەریشدا بێ هەڵوێست نابێت.


گەندەپەروەرى هەویرێکە ئاوى زۆر هەڵدەگرێ. دەیان جۆر و شێوازى هەیە، بەڵام ئەوەى ئەز مەبەستمە، گەندەپەروەرى حزبییەو کردنى هیچە بە شت!!
رێکخراوى سیاسى هەیە تەنها بۆ ئەوەى چەند دەرۆزەکەرێکى فێڵباز بحەوێنەوە، بە ناوى خەڵک و جەماوەرەوە سەر بە دەرگەى گەدا و پاشادا دەکەن و پارە کۆ دەکەنەوە، ئەمەش تەنها بە مەبەستى ئەوەى خەونە ماددییەکانى خۆیان بێننەدى کەچى لە ژمارەى پەنجەکانى دەستیش تێناپەڕن.
کام حزب و رێکخراو لەم کائینە بەرینەدا هەیە کە پێنج کەس بن!؟ ئەمە کارەساتە و هەندێک لە سەرۆک حزبەکانیش، خاوەنى ئەم دوکانى بەقالییە لەلاى سەرووى خۆیانەوە دادەنێن و وەک حزبێکى سیاسى مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن!! با داوا بکەن تەنها 5 کادێرى خاوەن پێشینە کۆ بکەنەوە و لە دیدارە پڕتاکتیک و نادیپلۆماسیەکانیاندا ئامادە بکەن، ئەو کات حسابیان بۆ بکەن. ئایا ئەمە گەندەپەروەرى نییە؟ ئایا ئەم دوکان و بەقاڵییە مەترسییەکى گەورە نییە بۆ سەر رەوتى خەباتى رزگارێخوازى کورد؟؟