لە کوردستان کێ
دەژى؟ بەرپرس یان هاووڵاتى؟
یان ژیان خۆى بێتامە..؟
کۆمەڵناس: حەمەى ئەحمەد رەسوڵ
ئەو سیاسەتەى دیکتاتۆر لەم وڵاتەدا رەنگى بۆ رشت وجێبەجێیکرد، بریتى
بوو لە: بێنرخکردن و بێهێزکردنى مرۆڤــ و ونکردنى لە هەڵدێرو سەرابى
ژیانیدا، ئەویش لەڕێگەى بڵاوکردنەوەى ئایدیۆلۆژیاى حیزبی و فەوتاندنى
عەقڵ وهێزى مەعریفى بیرکردنەوەى ئینسانەوەبوو.
دیکتاتۆر هەمیشە لەهەوڵى ئەوەدابوو مرۆڤێکى خاڵى لە رۆحى پاک و ویژدانى
مرۆڤایەتى و ئەخلاقى بەرز دەستەبەرببێت،دەیوست مرۆڤێک ئافەریدە بکات
سیخناخ بێت لە چاوچنۆکى و پارەپەرستى وبێویژدانى..بێبەهاو بێئامانج
وبێهوودەو سەرخۆش و جاسوس وبەرەڵا بێت..مرۆڤێک خەون وخوێندەوارى
وخولیاى نەبێت بۆ ژیانى ئاییندەو بیر لە گۆڕان و پێشکەوتن نەکاتەوە.
بەداخەوە،ئەم سیاسەتە بەردەوامەو عەقڵى بێسەروبەرەو بێبەرنامە
لەگەڕدایەو هەرکەس بۆخۆىو بازاڕو گوزەرانى بەرەڵا بەرکەماڵەو
درێژەپێدانى بەرهەمهێنانى مرۆڤێکى گەندەڵ ودزو درۆزن ونەخوێندەوارو
بازاڕیی لەئارادایە.. بۆ پاسادانى ئەم وتەیەمان: ئەوەتا خوێندن و
بڕوانامەو کایەى رۆشنبیرى بەگشتى، هیچ بەهاونرخێکیان نەماوە،بە
پێچەوانەوەجێی ریسوایی زۆرینەن، زانکۆ کە پایەدارترین مینبەرى رۆشنبیرى
وزانستیە،ئەمێستاکە شوێنى دەرهاویشتنى جەهل ونەزانى وکاڵفامیە،کە ئەمەش
کارەساتە و بێهودەیی ستایلى ژیانمان نومایشدەکات..
هەروەها زۆرینەى توێژو چینەکان روودەکەنە بازاڕو کاسبیکردنى ئازادو
بوونەتە فرۆشیارو بازرگان،ئەمەش رێخۆشکەرە بۆ پێگەیاندنى تاکێکى غەریزى
و ناڕۆشنبیرو بێئامانج و چاوچنۆک کە تەنها لەخشتەبردنى کڕیارو
ڕێزنەگرتن لە مرۆڤـ پیشەیەتى..تاکێکە خێڵەکى وسوننەتى ودواکەوتووترە،
غەریزەوئارەزووى ئاژەڵیانە وبەرژەوەندیی ماددى دەیبات بەڕێوە. ئەم
رەوشە بۆ وازهێنان لە خوێندنى زۆرینەمان دەگەڕێتەوەو هیچ لایەن و
وەزارەتێکیش سزاو غەرامەیان بۆ ئەم دیاردەیە دانەناوە..هەرچەندە
بڕوانامە هەیبەتى خۆى لەدەستداوە،بەرپرسێک یان خزمێکى دە هێندەى
بڕوانامەدارێک مووچەو دەرامەتى دەستدەکەوێت(کە داشنامەزرێت)..
لایەنێکى دیکەى بێهودەیی ژیانى زۆربەمان بێبەرنامەییمانە لە زۆربەى
جومگەکانى ژیاندا، بۆ وێنە: پرۆسەى هاوسەرگیرى بەشێوەیەکى عەشایرى
ونەریتییانە ئەنجامدەدەین..پەلەدەکەین لە زەواج و لە تەڵاقدانیشدا..
سنووردانانێن بۆ منداڵخستنەوەو لە پەروەردەکردنیاندا زۆر دواکەوتووین..
سەعاتەکانى ئیشکردن وپشوودانمان تێکەڵوپێکەڵن.. سەیران وگەشتوگوزارمان
مەدەنییانە نییە.. لەپاکوخاوێنیدا، خۆپەرستین و کۆمەڵگاو ژینگەمان پیس
و بۆگەنە!
هەموو ئارەزوویەکمان لە موڵکدارێتیدا کۆبووەتەوە، وەکیتریش رژدو
پیسکەین ودەستى هاوکاریکردنمان بۆ هەژار کورتەو بەو کەسە ڕادەبوێرین کە
دێتەلامان و داواى یارمەتیدەکات.. لەولاشەوە خوویەکى زۆر ترسناکمان بە
مەیخواردنەوەو جگەرەو نێرگەلەو تریاک کێشانەوە گرتووەو خەڵکانێکى زۆر
ئالوودەن بە قومارکردنەوەو تەلەفزێۆنەکانیشمان جێی قومارخانەیان
گرتۆتەوەو تاکەکان هاندەدەن ئالوودەتربن و زیاتر شەیداو کۆیلەى پارەبن
نەک خولیاى زانست و مەعریفەو ئیشکردن و کارامەیی بن..
بێهودەیی ژیانمان لەوەدایە کە لە نێو ئاریشە زۆرەکاندا دووچارى نەخۆشی
دەروونى بووینەتەوە..ئەوەتا ئامارێک ئاماژە بەوەدەدات کە نزیکەى شەش
ملیۆن عێراقى دووچارن بەم حاڵەتانەوەو لەوپەڕى نائومێدەى و بێهودەییدا
دەگوزەرێن..چونکە ژیانى ئەم نیشتمانە هەناسەساردە بەم دەمودەستە
خۆشنابێت، ژیان لەم زێدە وێرانەدا بۆ نزیکەى هەزار کەسێک خەمڵیوەو
ملیۆنەهاکەی ترى دانیشتوان لە بێهودەیی و نەهامەتیدا نەمرى ونەژى دەژین،
چونکە ئەوەى حوکمى ژیانمان دەکات سیستمێکى فەراهەمکردوە کە تیایدا:
یاسا سەروەر نییە، یەکسانى بەرکەماڵ نییە، دادوەریى کۆمەڵایەتى خەونە و
نایەتەدى، خزمەتگوزارى وەکو مەکرەمەو خێرپێبەخشین بە نیوەچڵى پێشکەش بە
هاووڵاتى پلە سفر دەکرێت!
بەنرخترین و بە بەهاترین سامان لەسەر رووى زەویدا مرۆڤە..چ جاى
ژیانەکەى!!
وەلى لەم وڵاتەداو بە درێژایی مێژوو: بەرپرس و چەکەکەى لەسەرووى یاساو
دەوڵەت و تەوقەسەرى مرۆڤەوە بوون.. مرۆڤو خەون و ژیانى لەژێر پێی
بەرپەسی حیزبیەوە بوون.. نیشتمانى وەها نەگریس و بەدبەخت، نە ژیان و نە
ئومێدو نە خۆشی تیا نەبووە بۆ مرۆڤە دڵ مردووەکەى خۆى، کەچی
دەوڵەمەندترین وڵاتى سەر گۆى زەویەو دیارە هەرئەوەش هۆکارى بێبەختى
مرۆڤەکەیەتى!
|