| 
			   
			  
			
			        * 
			
			  
			
			بەرزان هەستیار 
			
			" هەر " با 
			"یەک تەنوورەکەی هەڵدایتەوە ".... 
			داوای پێناسەکەی لێ بکە 
			نەوەک پیاوێکی دەبەنگ بێ و 
			کە خۆی بەتاڵ کردەوە ،  
			بڵێت ، ئەرێ خەوت نایەت ؟  
			******* 
			" بەر لەوەی خۆت بخزێنیتە بن هیچ بەتانییەک " 
			دەستێکی لێ وەردە ، بزانە .... 
			وەکو ئیحساسی خۆت نەرمە ! 
			******* 
			"پیاوێک توند گوێچکەت ئەگەزێت " 
			بەڵام ڕەنگە ، سەد جار دابێتی بە ڕۆحی خۆیەوە  
			پێش ئەوەی بیر لە لەزەتی گوێچکەکانت بکاتەوە 
			******* 
			قەت بیرت بۆ ئەوە چووە ... 
			" ئەو پارووە نانەی ئەیجوویت " ، 
			دڵی پیاوێکە ، هەتا ئێستاش نەیوێراوە 
			لەجارێک زیاتر خۆشەویستیی بکات ؟! 
			******* 
			" " ئەو " ت خۆش ویست  
			وەک ئەوەی شیعرێک بنووسیت  
			ڕەنگە " ئەو " وەک ئارد بڵاو بکەیتەوە ،  
			بەڵام شیعرەکە ، نا " 
			******* 
			" ڕوومەت بە کڵاوە خوورییەکەت دامەپۆشە "، 
			پیاو و ڕەشەبا وەک یەک هەڵئەکەن 
			******* 
			" چاکەت و بوتڵە ئاوەکەت جێ ئەمێنێت " 
			تا دێیتەوە ، چاکەتەکەت لە باوەشی پیاوێکدایە و 
			بوتڵە ئاوەکەشت خاڵیی ، بە لێویەوە 
			******* 
			" کە ئەزانێ لێی تووڕەیت 
			ڕەنگی مردووی لێ ئەنیشێت "  
			چونکە تێ ئەگات ، ئەو شووشەی عیشقەی..... 
			بە کاڵ فامیی خۆی شکاندی 
			مەحاڵە لەگەڵیا کۆی بکەیتەوە 
			******* 
			" تۆ ، کیسە گەنمەشامییەکەت لێ ئەڕژێت  
			کە زەنگێکی ئەوت بۆ دێت " ، 
			بەڵام نازانیت ئەو ساتە ، چی ئەڕژێتە ڕۆحی ئەو 
			******* 
			" یەخەی کراسەکەت بۆن ئەکا " و 
			ئەوەت بیر ئەکەوێتەوە 
			کە تۆ ژنێکی لە بخوورد ، 
			ئەویش پیاوێک لە داگیرسان 
			******* 
			" کە باوەش ئاوەڵا ئەکەیت  
			چ شتێکی بیر ناچێتەوە "  
			یەک پارچە ئەبێتە دارستانێک لە وتن ، 
			نزارێکی بەرین لە بێ دەنگیی ! 
			******* 
			" کە دڵت کردە خێر" ، 
			کەسێکت بیر نەچێت ؛ دراوسێی دەستە چەپ و 
			دەستە ڕاستی شیعرەکانت ! 
			******* 
			" ئەویش درەختەکانی  
			بە ناوی تۆ ناو ناوە " و 
			گەڵا وەریوەکانیش ، خۆی ! 
			******* 
			" ژێر کراسە مۆرەکەت دائەماڵی و 
			ژیان لەبەر ئەکەیتەوە " ؛ 
			بەڵام ئەفسووس ، کەس پێ ڕاناگا بۆت بدوێ  
			تا خۆت بۆ دەنگیی وەرخەیت 
			******* 
			" ئافرەتێک وەک ڕستە کلیل بە کەمەری پیاوێکەوە "، 
			چ قیامەتێکی جوانە !!! 
			******* 
			" گەر عاشق بای ، ئەتزانی بۆ 
			هەر کاتێ کە ئەیبینیت ، ..... 
			ناوی خۆت بیر ئەچێتەوە ؛ 
			شەپۆلی چاوەکانی زەینت ڕانادەن " 
			عیشق خۆی ، ئەفیوونێکی شیرینە 
			******* 
			" بۆنی دێتە بەر کەپووت و  
			لە هیچ شوێنێکیش نایبینیتەوە " ، 
			من دڵنیام جێیەک هەیە نەگەڕاویت ، ..ژێر ستیانەکەت ! 
			******* 
			" هەموو شتەکانت بژمێرە " 
			پارە و نامە و چی و چی ، 
			ئەو لەگەڵ هیچ شت و ژمارەیەک تێکەڵ نابێت  
			******* 
			" لە پاش ئەوەی تێر سەرنج لە چاوەکانی ئەدەیت 
			بە دەست خۆت نییە ..... 
			ماچەکانت بەلاش بکەیت یان نا ! " 
			******* 
			" چەند حەزی لێیەتی بتخاتە بن چاکەتەکەی " و 
			تاڵ بە تاڵی تووکی سنگی بژمێریت و 
			دڵۆپ .. دڵۆپ ، هەموو شەونمی ئاهەکانت بخواتەوە 
			******* 
			"پەنجەکانی ئەو نین تێکستێکت بۆ ئەنووسن " 
			ئەوە خۆتیت حەرفەکان دەستەمۆ ئەکەیت و  
			ئەویش لە ژێر ئەفیوونی عیشقا ؛ بێ بڕست 
			******* 
			" وەک ئەوەی بچێتە بەر ئاوێنە دێتە بەر تۆ و 
			یەخەی کراسەکەی ڕاست ئەکاتەوە و 
			بۆینباخەکەی چاک ئەکا و 
			ئینجا دڵی نایەت ، بچێتە دەرەوە ، ئەوڕۆش "  
			******* 
			" بەو کراسە سنگ داچەقاوەتەوە "  
			منیش ئەتخەمە زەینی شیعرەوە 
			******* 
			" لە هەر شوێنێک بتبینن ، پیتەکانی ناوی ،.... 
			بیست ئاوڕت لێ ئەدەنەوە " و 
			بیست جاران تۆش ، لە خۆشییان سەرسم ئەدەیت 
			******* 
			گوارە یاقووتییەکانی تۆش..... 
			" لە ملپێچە ژەنگییەکەی ئەو زاڵمترن " 
			بێ ئەوەی گوێ بدەنە ئەو ، 
			نەرمە گاز لە پەڕەی گوێت ئەگرن 
			******* 
			منەت مەکە ، 
			" ئەو ، هەموو ژیانی گڵۆپی سەوزی بۆ تۆ و 
			سووری بۆ هەموو کەون پێ کردووە " 
			******* 
			" کراسە گوڵ زەردەکەت ، کورت بێتەوە و 
			تا سەر چۆکت بێت یان نا " 
			پیاوە چاو زەردەکە ،..... 
			شەرم لەوە ناکات تا خوار چۆکت بێت ؛ خوار چۆکت  
			******* 
			"پێیەکت لە نێو دنیایەو  
			پێیەکەی ترت لە نێو ئەو " ، 
			زۆر دەبەنگیت ، بۆ دنیا دەست لەو هەڵگریت  
			******* 
			 
			" باران تاو نا تاوە دەستەکی دەگەیەنێتە بەلەکت "و 
			کەچی تۆ نەفامانە بۆ ئەو ئەگەڕێیت 
			من ئەڵێم تۆ ، نە ، بۆنی باران ئەناسی و 
			نە، بەرامەی شەیدایی ئەو 
			******* 
			" لەسەر پشتی ڕا دنیا دیارە " ؛ 
			کافرباب ، تۆ سەر پشتی خۆت نابینیت  
			پڕە لە هەسارەی تازە ؟! 
			******* 
			" هەورێک لەسەر سەرتە زۆرت کەیف پێ دێت و 
			حەز ناکەیت ئاوا بێت " ؛ 
			لێت ناگرم ، ئەتو لە ڕەش داگەڕانی ئەو تێ ناگەیت  
			******* 
			" ئەوڕۆ کراسێکی فستقیی لەبەر ئەکەیت و 
			سەر لە ژیان ئەشێوێنیت " ، 
			زۆرزان ، ئەزانیت "ژیان" خۆی نێرە و 
			زوو دێت بە چۆکا  
			******* 
			" ئەوە ، کەی زرنگییە ، بزانیت 
			هەموو ڕۆژێ دڵی ئەو چەند جار لێ دەدا و 
			چەند جار دەپژمێ و ...... 
			چەند جغارە دەکێشێ " ؛ 
			ئەگەر ئازایت ، بزانە دڵی پیاو  
			جێگەی چەند ژنی تیا ئەبێتەوە !! 
			
			 
			تێبینی : 
			* 
			لە دوا لاپەڕەی ژمارە "148 "ی هەفتەنامەی 
			" ڕەخنەی چاودێر " و لە 5/1/2009 دا 
			خاتوو " نیگار نادر " چەند بەشێکی لە قەسیدەی " بۆ ئەوەی هەرچی هەتە و 
			نیتە بە من بچێ " بڵاو کردەوە و ئەم شیعرەی منیش ئیش کردنە لەسەر چەند 
			کۆپلەیەک لەو چەند بەشەی قەسیدەکەی ئەو و وێنەی تازەیان لێ دروست کراوە 
			و هەوڵیشم داوە کەم تا زۆر بۆنی قەسیدەکەی خاتوو "نیگار "ی پێوە 
			بمێنێت.  
			* 
			ئەو دێڕ و کۆپلانەی لە ناو کەوانەدان یان وەک خۆی لە شیعرەکەی خاتوو" 
			نیگار نادر " وەرگیراون ، یان دەستکاریی کراون و ئیشیان تیا کراوەتەوە 
			. 
			
			 
			کانونی دووەم و مارتی 
			2009 
			کۆلن / ئەڵمانیا 
			bhastiar@yahoo.de 
			 
			 
			 
			 
			 
			 
			 
			 
			 
			 
			 
			 
			 
			 
  
			  
			  
			 |