په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٢\٢٠١٣

لە ماوەی ١٦ رۆژی شوباتدا ١٦ رووداوی کوشتن و سوتان و دەستدرێژیی دژ بە ژنان ئەنجام دراوە،

ئاخۆ دەبێ (نێچیروانی کوردستانە ئازادەکە!) و (وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی!) و

(بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان!) و (ئەنجومەنی باڵای خانمان!)

لە کێندەر نوستبن!!!!؟

 

 

١- ھاوڵاتیەک ھاوسەر و کوڕێکی خۆی دەکوژێ.

٢- ھاوڵاتیەک دایکی نۆ منداڵەکەی خۆی دەکوژێ.

٣- کۆیە: دایکی دوو منداڵ خۆی دەسوتێنێ.

٤- کچێک بە تاپڕی باوکی ژیانی لەدەستدا.

٥- دھۆک: لە ماوەی دوو رۆژدا دوو ژن کوژران و ژنێکیش خۆی سووتاند.

٦- ژنێک لە لایەن کەسوکاریەوە دەسوتێنرێ و کچێکیش خۆی دەسوتێنێ.

٧- تەرمی کچێک بە ھەڵواسراویی لە ماڵی خۆیاندا دۆزرایەوە.

٨- دھۆک: ژنێک کوژراو و بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان ئاگای لێ نییە.

٩- گەرمیان: بەھۆی سووتانەوە ژنێک لە چاوەڕوانی مەرگدایە.

١٠- پۆلیس وردەکاری تاوانی کوشتنی ژنەکەی لەیلان لە رێگەی وارڤینەوە بڵاو دەکاتەوە.

١١- سیروان: کچێک دەڕفێندرێ.

١٢- سلێمانی: کچێکی پازدە ساڵ ژیانی لەدەستدا.

١٣- کەرکووک: تەرمی ژنێکی دیکە دۆزرایەوە.

١٤- تەرمی کچێکی ھەژدە ساڵ دۆزرایەوە و باوکیشی دەستگیرکرا.

١٥- لە نەخۆشخانەی رزگاری گێچەڵ بە کچێکی پێنج ساڵ دەکرێ.

١٦- کەرکووک: باوکێک کچەکەی خۆی دەکوژێ.

 

 

١- ھاوڵاتیەک ھاوسەر و کوڕ١ێکی خۆی دەکوژێ.


وارڤین\نینا

سلێمانی: ھاووڵاتیەک، بە دەمانچە، ھاوسەرەکەی خۆی، کە تەمەنی (٤٠ ساڵ)ە و کوڕێکی ھەژدە ساڵی خۆی کوشت و دوای ئەنجامدانی تاوانەکە خۆی رادەستی پۆلیس کرد.

لە لێدوانێکی تایبەت بۆ (وارڤین) گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی نەقیب (سەرکەوت ئەحمەد) رایگەیاند، شەوی چوارشەممە - پێنجشەممە (١٣ - ١٤ / شوبات - فێبرایەر / ٢٠١٣) لە گەڕەکی (سەرچنار)ی شاری سلێمانی تاوانێکی ژن کوشتن ئەنجامدراوە.

گوتیشی: "ژنەکە ناوی (حەمدیە)یە و تەمەنی (٤٠ ساڵ)ە و کوڕەکەشی تەمەنی ھەژدە ساڵە، بەھۆی بەرکەوتنی فیشەکی دەمانچەوە دەستبەجێ ژیانیان لەدەستداوە".

نەقیب (سەرکەوت ئەحمەد)، لە بارەی ھۆکاری ئەو تاوانەوە گوتی: "ھۆکارەکەی بوونی کێشەی کۆمەڵایەتی بووە و سەرەتا تۆمەتباری سەرەکی، کە باوکی کوڕەکە بوو، رایکردبوو، بەڵام دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە (١٤ / شوبات - فێبرایەر / ٢٠١٣) خۆی رادەستی پۆلیس کرد و پەڕاو بۆ ئەو تاوانە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە".

ئا: ئ.ح


------------------------------------------------------------------------------------------------------------------


٢- ھاوڵاتیەک دایکی نۆ منداڵەکەی خۆی دەکوژێ.


وارڤین/نینا

گەرمیان: رۆژی سیشەممە ١٢.٠٢.٢٠١٣ ھاووڵاتیەک، دایکی (٩) منداڵەکەی خۆی کوشت و لە لایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کرا و بە گوێرەی گوتەی خۆی، لەکاتی پاککردنەوەی چەکدا فیشەک لەدەستی دەرچووە.

لە لێدوانێکی تایبەت بۆ (وارڤین) گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان موقەدەم (حەسەن محەممەد) رایگەیاند، کاتژمێر (٤:٠٠)ی ئێوارەی ئ رۆژی سێشەممە (١٢ / شوبات - فێبرایەر / ٢٠١٣) لە گوندی (دوو رازی)، سەر بە شارەدێی (نەوجوڵ)ی شارۆچکەی (کفری)، ژنێکی تەمەن (٤١ ساڵ)، بە فیشەکی چەکی ھاوسەرەکی ژیانی لەدەستدا.

گوتیشی: "ئەو ژنە ناوی (شوکریە مەحمود)ە و لەدایکبووی (١٩٧٢)ە و دایکی (٩) منداڵە".

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکرد، بە گوێرەی ماددەی (٤٠٥) لە یاسای سزادانی عێراقی، ھاوسەری ئەو ژنە دەستبەسەرکراوە و پۆلیس پەڕاوی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدا، تۆمەتباری سەرەکی کەیسەکە، کە مێردی ژنەکەیە، گوتویەتی: لەکاتی پاککردنەوەی چەکدا فیشەک لەدەستی دەرچووە و بەر دایکی منداڵەکانی کەوتووە.

ئا: س. ح


------------------------------------------------------------------------------------------------------------------


٣- کۆیە: دایکی دوو منداڵ خۆی دەسوتێنێ.


رێوان/نینا

سەرلەبەیانی رۆژی شەممە١٦.٠٢.٢٠١٣، ژنێک لەقەزای کۆیە "خۆی سوتاند"و بەھۆیەوە گیانی لەدەستداوە، بەرێوەبەری پۆلیسی قەزاکەش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ھێشتا ھۆکاری روداوەکە ئاشکرانەبووە.

شاھۆ ئەحمەد، کۆیە: بەرێوەبەری پۆلیسی قەزای کۆیە،‌ عەقید شوکروڵا فەتحوڵا، ئەوەی بۆ ئاوێنەنیوز رونکردەوە کە پاش ئاگادارکردنەوەی ھێزەکانیان لەروداوێکی گیانلەدەستدانی ئافرەتێک لەگەرەکی جەلال ئاوای قەزای کۆیە، ھێزەکانیان گەیشتونەتە شوێنی روداوەکەو بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان "ھۆکاری گیان لەدەستدانی ئەو ئافرەتە بەھۆی خۆسوتاندنەوە بووە".

بەپێی زانیارییەکانی ئاوێنەنیوز، ئەو ژنە تەمەنی ٢٥ ساڵەو خاوەنی دوو منداڵە، لەبارەی ھۆکاری روداوەکەوە، عەقید شوکروڵا وتی، ھێشتا ھۆکارەکەی روننەبۆتەوەو لێکۆڵینەوەکان دەستیپێکردووەو پاش ئاشکرابونی ھۆکاری روداوکە بڵاویدەکەنەوە.

ئەگەرچی روداوە کۆمەڵایەتییەکانی کوشتن‌و خۆ کوشتن بەبەردەوامی‌و بەرێژەی جیاجیا لەھەرێمی کوردستان وەک ھەر جێگایەکی دیکەی جیھان بەردەوام بونی ھەبووە، بەڵام چەند مانگێکە ئەو روداوانە بونەتە دیاردەو تۆمارکردنی ئەو روداوانە تادێت رو لەزیادبون دەکات.

ئەوەی پەیوەند‌ی بەژنانیشەوە ھەیە، بەوتەی توێژەرانی دەرونی‌و کۆمەڵایەتی چەند ھۆکارێکی کۆمەڵایەتی‌و ئابوری ژنان ناچار دەکات پەنابەرنە بەر شێوازەکانی خۆکوشتن -خوسوتاندن، خۆ خنکاندن- یا ھەر ڕێگایەک بۆ کۆتاییھێنان بەژیانیان.


------------------------------------------------------------------------------------------------------------------


٤- کچێک بە تاپڕی باوکی ژیانی لەدەستدا.


وارڤین/نینا

ھەولێر: کچێکی تەمەن (١٩ ساڵ)، بەھۆی بەرکەوتنی فیشەکی تاپڕی باوکییەوە بە سەختی پێکرا و بەو ھۆیەوە ژیانی لەدەستدا.

پۆلیسی ھەولێر، لە ماڵپەڕی رەسمی خۆی بڵاویکردەوە، کە (عەلیە مەشعەل موتڵەک)، لەدایکبووی (١٩٩٤)، بە رەچەڵەک عەرەب، بەھۆی بەرکەوتنی فیشەکی تاپڕەوە، تا گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن ژیانی لەدەستداوە.

پۆلیس روونیکردووەتەوە، رووداوەکە رۆژی (١ / شوبات - فێبرایەر / ٢٠١٣) روویداوە و باوکی کچەکە بۆ پۆلیس باسی لەوە کردووە، کە (عەلیە)ی کچی دەستکاری چەکی تاپڕی کردووە و فیشەکێکی تاپڕەکەی بەرکەوتووە و بەو ھۆیەوە ژیانی لەدەستداوە.

بە گوێرەی زانیاری ماڵپەڕەکەی پۆلیس، دادوەر بە حوکمەکانی ماددەی (٢٠٥) لە یاسای سزادانی عێراقی باوکی کچەکەی دەستبەسەر کردووە و پەڕاویان بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووەتەوە.


------------------------------------------------------------------------------------------------------------------


٥- دھۆک: لە ماوەی دوو رۆژدا دوو ژن کوژران و ژنێکیش خۆی سووتاند.


وارڤین/نینا

دھۆک: کوشتنی ژنێکی تەمەن (٣٩ ساڵ)، لەلایەن برایەکیەوە، بە دووەم حاڵەتی ژن کوشتن ھەژمار دەکرێت لە ماوەی تەنیا دوو رۆژدا و ھەر لەو چوارچێوەیەدا ژنێکی دیکە ناچارکرا بۆ دەرباز بوون لە فشارەکانی سەری؛ پەنا بەرێتە بەر ئاگر.

لە لێدوانێکی تایبەت بۆ (وارڤین)، سەرچاوەیەکی نزیک لە رووداوەکە، رایگەیاند، رۆژی ھەینی (٨ / شوبات - فێبرایەر / ٢٠١٣) ژنێک کە بە سەردان ھاتبووە، ماڵی خوشکی لە دھۆک، لە لایەن برایەکییەوە بە چەکی کڵاشینکۆف کوژرا.

لەو بارەیەوە بەرپرسی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دھۆک ملازمی یەکەم (بریندار حەمید شەریف) رایگەیاند، ژنەکە تەمەنی (٣٩ ساڵ)ەو ماڵی لە شارۆچکەی (زاخۆ)یە، بە سەردان چووەتە ماڵی خوشکی لە ناوچەی (ئێتیتی) دھۆک و لەوێ میوان بووە.

گوتیشی: "برای ئەو ژنە، کە نیشتەجێی شارۆچکەی (شێخان)ە، ھاتووەتە ئەو ماڵە و خوشکەکەی خۆی داوەتە بەر دەستڕێژی فیشەک و (٧) گولـەی پێوە ناوە".

روونیشیکردەوە، دوای ئەنجامدانی ئەو تاوانە، بکوژەکە بەرەو شوێنێکی نادیار رایکردووە و تا ئێستا دەستگیر نەکراوە و بۆ ئەنجامدانی پشکنینیش تەرمەکە گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی دادوەری.

بە وەرگرتنی زانیاری زیاتر لە بارەی ئەو تاوانەوە، (وارڤین) پەیوەندیکرد، بە بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان لە دھۆک، بەڵام ئەوان رەتیان کردەوە ھیچ زانیارییەکیان لە بارەی ئەو کەیسەوە ھەبێت.

ھەر لە چوارچێوەی ئەو شەپۆلە ژن کوشتنەی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، نیوەڕۆی ھەمان رۆژ، واتە ھەینی (٨ / شوبات - فێبرایەر / ٢٠١٣) ژنێکی تەمەن (٢٤ ساڵ)، دانیشتووی شوقەکانی (زەری لاند)ی شاری دھۆک خۆی سووتاند.

لەو بارەیەوە، سەرچاوەیەکی پزیشکی بۆ (وارڤین)، ھەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، بە گوێرەی راپۆرتی پزیشکی جەستەی ئەو ژنە بە رێژەی (%٤٠) سووتاوە.

پۆلیس، لە بارەی ھۆکاری خۆسووتاندنی ئەو ژنە، دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە. گوتەی کچەکە وەرگیراوە. تا ئێستا کەس بەو ھۆیەوە دەستبەسەر نەکراوە.

کوژران و سووتانی ئەو ژنانە دوای ئەوە دێت کە، دەمژمێر (٥:٣٠)ی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە (٦ / شوبات - فێبرایەر / ٢٠١٣) لە گوندی (کێڤەلا)ی ھەڵکەوتوو لە خۆرئاوای شاری دھۆک، ھاووڵاتیەک، ھاوسەرەکەی خۆی بە چەک کوشت.

بە گوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانییەکان، دوای کوشتنی ھاوسەرەکەی، ئەو ھاووڵاتیە، خۆی رادەستی پۆلیس کردووە و دانی ناوە بە ئەنجامدانی تاوانی کوشتنی ھاوسەرەکەی.

لە بارەی ھۆکاری کوژرانی ئەو ژنەوە کە تا ئێستا نازانرێت تەمەنی چەندە و ناوی چیە، دەگوترێت: "ھۆکارەکە بوونی کێشەی کۆمەڵایەتی بووە لەنێوان ھەردوولادا".

دوای گەیشتنی پۆلیس، تەرمەکە رەوانەی پزیشکی دادوەری دھۆک کراوە و لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە.

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر، (وارڤین) پەیوەندیکرد، بە بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان لە پارێزگای دھۆک، بەڵام ئەوان رەتیانکردەوە ھیچ زانیارییەکان لەلا بێت و تەنیا بە رستەی "ئاگادر نین" وەڵامیان دایەوە.

بێ ئاگایی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە کەیسەکانی کوشتنی ژنان، لە کاتێکدایە حکومەت بە رەسمی بڕیاریداوە ئەو بەڕێوبەرایەتیانە دەسەڵاتی لێکۆڵینەوەیان پێ بدرێت و ناوی بەڕێوبەرایەتییەکەش لە (چاودێرییەوە) گۆڕاوە بۆ (بەرەنگاربوونەوە).

ئا: ئەرسەلان رەحمان


------------------------------------------------------------------------------------------------------------------


٦- ژنێک لە لایەن کەسوکاریەوە دەسوتێنرێ و کچێکیش خۆی دەسوتێنێ.


وارڤین/نینا

کەرکووک: ژنێکی تەمەن (٢٤ ساڵ)، لە لایەن کەسوکارییەوە بە بەنزین سووتێنراوە و بەو ھۆیەوە ژیانی لەدەستدا، کچێکی دیکەش بە ھۆی خۆسووتاندنەوە ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

لە لێدوانێکی تایبەت بۆ (وارڤین) چالاکوانێکی ژن، کە نەیوست ناوی ئاشکرابکات، رایگەیاند، لە کاتی سازکردنی کۆنگرەی رۆژنامەوانی بۆ راگەیاندنی (گروپی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان)، کە رۆژی پێنجشەممە (٧ / شوبات - فێبرایەر / ٢٠١٣) سازکرا، ئاگادار کراینەوە کە ژنێکی تەمەن (٢٤ ساڵ) بەھۆی سووتانەوە ژیانی لەدەستداوە.

گوتیشی: "بەگوێرەی زانیارییەکانی ئێمە ئەو ژنە لە لایەن کەسوکارییەوە بە بەنزین سوتێنراوە".

بۆ بەدواداچوونی ئەو ھەواڵە، (وارڤین) پەیوەندیکرد، بە پۆلیسەوە، بەڵام پۆلیس بێ ئاگایی خۆی لەو جۆرە تاوانە دەربڕی و سەرچاوەیەک لە پۆلیس روونیکردەوە، ئەگەر کەیسێک ئاگادار نەکرێنەوە و کەسێک سکاڵا تۆمار نەکات، ئەوا زانیاریان لەبارەیەوە نیە.

ھەر لە درێژەی ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەر بە ژنان ئەنجامدەدرێـت، شەوی (شەممە - یەکشەممە) (٩ - ١٠ / شوبات - فێبرایەر / ٢٠١٣) کچێکی گەنج، دانیشتووی شاری تکریت، لە میانەی سەردانیدا بۆ ماڵی داپیری، لە کەرکووک، خۆی سووتاند.

سەرچاوەیەک لە بنکەی پۆلیسی (ئازادی) تایبەت بۆ (وارڤین) گوتی:"ئەو کچە، لە گەڕەکی کەرامەی کەرکووک، خۆی سووتاندبوو، کاتێک ئێمە ئاگادار کراینەوە، کە ژیانی لەدەستدابوو".

ئاماژەشی بۆ ئەوە کرد، لەبەر ئەوەی کچەکە دانیشتووی شاری (تکریت) بووە، پۆلیس وێڕای ناردنەوەی تەرمەکەی، دۆسیەکەشی رەوانەی پۆلیسی تکریت کردووەتەوە.

ئا: نێرگز قادر
 

------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

 

٧- تەرمی کچێک بە ھەڵواسراویی لە ماڵی خۆیاندا دۆزرایەوە.


وارڤین/نینا

ھەولێر: (ساریە سەید ئەمین سەید شاکر قەڵاتەسۆرانی)، لە تەمەنی (١٣ ساڵ)یدا، کۆتایی بە ژیانی ھات و سێ رۆژ لەمەو بەر بە پشتوێنی باوکی، تەرمەکەی بە ھەڵواسراوی لە بنمیچی ژوورێکی ماڵەوەیان دۆزرایەوە.

(ساریە)، ھەتا پۆلی شەشەمی بنەڕەتی خوێندووە و دواتر لە قوتابخانە دەرھێنراوە و ئەو، کاتژمێر (١:٠٠) نیوەڕۆی رۆژی (٦ / شوبات - فێبرایەر / ٢٠١٣) تەرمەکەی بە پشتوێنە کوردەواریانەکەی باوکی، بە ھەڵواسراوی بە بنمچی ژوورێکی ماڵەکەیانەوە، لە گەڕەکی (نەورۆز)ی شاری ھەولێر دۆزرایەوە.

کەسوکاری رایانگەیاندووە، کچەکەیان خۆی خنکاندووە و ژیانی لەدەستداوە و ھیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی نەبووە.

لەو بارەیەوە، چالاکی بواری مافەکانی ژن، (کەژاڵ نووری)، کە لە دەرەوەی ھەرێم نیشتەجێیە، لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، بڵاویکردەوە، کە کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی (ساریە) پەیوەندی پێوە کردووە و لە بارەی ژیانلەدەستدانی (ساریە) زانیاری خستووەتەڕوو.

وەک سەرچاوەکەی ئەو ژنە چالاکە، باسیکردووە، "ساریە رۆژی (٥ / شوبات - فێبرایەر / ٢٠١٣) دەستکاری لاپتۆی براکەی کردووە و بەو ھۆیەوە برای ساریە کەوتووەتە وێزەی گیانی ساریە و ئازار و ئەشکەنجەی داوە و ئەمەش وایکردووە ساریە پەنا بەرێتە بەر خۆ خنکاندن".

بە گوێرەی گوتەی سەرچاوەکە،"ئەو بنەماڵەیە بە زۆرداری رێگەی خوێندنیان لە کچەکەیان گرتووە و ماوەی زیاتر لە ساڵێکە رووبەڕووی شەڕێکی سەختی دەروونیان کردووەتەوە و ھەموو شتێکیان لێ قەدەغە کردووە".

لە لێدوانێکی تایبەت بۆ (وارڤین)، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی ھەولێر رائید (ژیلەمۆ عەبدولقادر) رایگەیاند، ئێمە ئاگاداری کەیسەکەین و چاوەڕوانی بڕیاری دادگا دەکەین.

ئەو گوتیشی: "لە لایەن پۆلیسەوە داوا کراوە توێکاری بۆ تەرمەکە بکرێت و پۆلیس و دادگا پشت بە راپۆرتی پزیشکی دەبەستن لە بارەی چۆنیەتی خنکان و ھۆکارەکانی".

ئەوشی خستەڕوو، ھەموو ئەو جۆرە کەیسانە رەوانەی پزیشکی دادوەری دەکرێن و بە بێ توێکاری و پشکنین رێگە نادرێت تەرمەکە ئەسپەردەی خاک بکرێت.

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست چالاکی بواری ژنان (کەژاڵ نووری) کەوتوون، بە ھۆی ئەوەی باوکی (ساریە)، بەرپرسێکی حزبییە، دەسەڵات و نفوزی خۆی بەکارھێناوە و نەیھێشتووە پشکنین بۆ تەرمی کچەکەی بکرێت و کاتژمێر (٣:٠٠)ی رۆژی (٦ / شوبات - فێبرایەر / ٢٠١٣) تەرمەکەیان وەرگرتووەتەوە و ئەسپەردەی خاکیان کردووە.

بۆ وەرگرتنی زانیاری لەبارەی پرسی توێکاری و پکشنینی تەرمەوەکە، (وارڤین) پەیوەندیکرد، بە بەڕێوبەری پزیشکی دادوەری ھەولێرەوە، بەڵام ئەو بەرپرسە، بە پاساوی نەبوونی دەوامی رەسمی، ھیچ زانیارییەکی رانەگەیاند.

تا ئێستا روون نەبووەتەوە، ئایا (ساریە)، خنکێندراوە، یان خۆی خنکاندووە و پۆلیس و دادگا، چاوەڕوانی وەڵامی پزیشکی دادوەری و راپۆرتی پزیشکی دەکەن.

سەبارەت بە کێشە و ئەو فشارانەی لەسەر کچەکە دروستکراوون، کە بوونەتە پاڵنەر بۆ کۆتایھاتن بە ژیانی، رائید (ژیلەمۆ عەبدولقادر) گوتی: "دەکرێ ئەو گرفتانە ھەبووبن، بەڵام یاسا مامەڵە لەگەڵ بەڵگەدا دەکات، ئەگەر کەس سکاڵای لەسەر نەبێت و ھیچ کەس ئامادە نەبێت بێتە دادگا بە ئاشکرا، یان نھێنی گەواھی بدات لەسەر راستی رووداوەکان، ئەوا دادوەر ناتوانێت پەی بەوە بەرێت چی روویداوە و کێ تاوانبارە، بۆیە ئەستەمە بتوانرێت ئەو راستیانە بسەلمێنرێت، کە بەڵگەیان لەبەر دەست نیە".

ئا: ئەرسەلان رەحمان


------------------------------------------------------------------------------------------------------------------


٨- دھۆک: ژنێک کوژراو و بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان ئاگای لێ نییە.


وارڤین/نینا

دھۆک: لە درێژەی ئەو شەپۆلە ژن کوشتنەی لە ناوچە جیاجیکانی ھەرێمدا، رۆژانە ژیان لە چەندین ژن دەستێنێتەوە و ھەڕەشەش لە چارەنووسی سەدان ژن دەکات، ئێوارەی رابردوو، لە شاری دھۆک ژنێک کوژرا و بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییش دەڵێت: "ئاگادار نین".

دەمژمێر (٥:٣٠)ی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە (٦ / شوبات - فێبرایەر / ٢٠١٣) لە گوندی (کێڤەلا)ی ھەڵکەوتوو لە خۆرئاوای شاری دھۆک، ھاووڵاتیەک، ھاوژین و ھاوسەرەکەی خۆی بە چەک کوشت.

بە گوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانییەکان، دوای کوشتنی ھاوسەرەکەی، ئەو ھاووڵاتیە، خۆی رادەستی پۆلیس کردووە و دانی ناوە بە ئەنجامدانی تاوانی کوشتنی ھاوسەرەکەی.

لە بارەی ھۆکاری کوژرانی ئەو ژنەوە کە تا ئێستا نازانرێت تەمەنی چەندە و ناوی چیە، دەگوترێت: "ھۆکارەکە بوونی کێشەی کۆمەڵایەتی بووە لەنێوان ھەردوولادا".

دوای گەیشتنی پۆلیس، تەرمەکە رەوانەی پزیشکی دادوەری دھۆک کراوە و لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە.

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر، (وارڤین) پەیوەندیکرد، بە بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان لە پارێزگای دھۆک، بەڵام ئەوان رەتیانکردەوە ھیچ زانیارییەکان لەلا بێت و تەنیا بە رستەی "ئاگادر نین" وەڵامیان دایەوە.

بێ ئاگایی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە کەیسەکانی کوشتنی ژنان، لە کاتێکدایە حکومەت بە رەسمی بڕیاریداوە ئەو بەڕێوبەرایەتیانە دەسەڵاتی لێکۆڵینەوەیان پێ بدرێت و ناوی بەڕێوبەرایەتییەکەش لە (چاودێرییەوە) گۆڕاوە بۆ (بەرەنگاربوونەوە).


------------------------------------------------------------------------------------------------------------------


٩- گەرمیان: بەھۆی سووتانەوە ژنێک لە چاوەڕوانی مەرگدایە.


وارڤین\نینا

گەرمیان: بەھۆی فشارە کۆمەڵایەتییەکانی سەری، ژنێکی تەمەن حەڤدە ساڵ ناچارکرا، لە نیوەشەوی رابردوودا، ئاگر لە جەستەی خۆی بەربدات و بەو ھۆیەوە بە پەلە رەوانەی سلێمانی کرا و ژیانی لەژێر ھەڕەشەی مەرگدایە.

لە لێدوانێکی تایبەت بۆ (وارڤین)، سەرچاوەیەکی نزیک لە رووداوەکە، رایگەیاند، (س.ج) لەدایکبووی (١٩٩٦)، کاتژمێر (١:٠٠)ی شەوی (چوارشەممە - پێنجشەممە) (٦ - ٧ / شوبات - فێبرایەر / ٢٠١٣) لە گوندی (قەرەبڵاغ)ی سەر بە شارەدێی (کۆکس)ی سەر بە شارۆچکەی (کفری)، بۆ دەربازبوون لەو فشارانەی خراونەتە سەری، پەنای بردووە بۆ خۆسووتاندن.

سەرچاوەکە گوتی: "ئەو ژنە، ماوەی چەند مانگێک پێش ئێستا، بەھۆی ئاشکرابوونی پەیوەندی خۆشەویستی نێوان خۆی و کوڕێکەوە، لە لایەن کەسوکارییەوە ژیانی کەوتووەتە بەر ھەڕەشە".

بە گوێرەی زانیارییەکانی (وارڤین)، ئاشکرابوونی ئەو پەیوەندییە خۆشەویستییە، بووەتە ھۆی ئەوەی کێشەکەی بگاتە بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی گەرمیان و لەوێش بە بڕیاری دادوەر، کچەکە رەوانەی سەنتەری پەنادانی ژنان لە سلێمانی کراوە.

دواتر، بنەماڵەی کوڕەکە چوونەتە خوازبێنی کچەکە و ھەردوولا رەزامەندیان لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەی ھاوسەرگیری ئەو کچ و کوڕە دەربڕیوە و (٣) مانگ پێش ئێستا کێشەکەیان چارەسەر کراوە و ھاوسەرگیریان کردووە.

کەسوکاری کچەکە، بە لایەنە پەیوەندیدارەکانیان گوتووە، (س.ج) لەتاو ئەو فشارانەی لەلایەن ھاوسەرەکەیەوە خراونەتە سەری، خۆی سووتاندووە.

دوای ئەوەی بە پەلە، (س.ج) گەیەندرایە نەخۆشخانەی کەلار، لە یەکەم گوتەیدا بۆ پۆلیس، نکۆڵی لەوە کردووە، خۆی سووتاندبێت و بۆ ئەوەی ھاوسەرەکەی، تووشی کێشە نەبێت، گوتویەتی "تەباخم پێدا تەقیوە".

بە گوێرەی راپۆرتی پزیشکی، (س.ج) بە رێژەی (٩٦%)ی جەستەی سووتاوە و ئەگەری ژیان لەدەستدانی لە ئان و ساتدایە.

ئا: س.ح


------------------------------------------------------------------------------------------------------------------


١٠- پۆلیس وردەکاری تاوانی کوشتنی ژنەکەی لەیلان لە رێگەی وارڤینەوە بڵاو دەکاتەوە.


وارڤین/نینا

کەرکووک: ئەو ژنەی ئێوارەی رابردوو، لە چەمی خاڵەبازیانی سنووری شارەدێی لەیلان دۆزرایەوە، دوو ساڵە لە ھاوسەرەکەی جیابووەتەوە و پۆلیس سەرەداوی تاوانەکەی دەستکەوتووە.

لە لێدوانێکی تایبەت بۆ (وارڤین)، سەرچاوەیەک لە پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکووک (JCC) رایگەیاند، ھێزەکانی پۆلیس، لە چەمی (خاڵۆبازیان)ی نزیک شارەدێی (لەیلان) تەرمی ژنێکی تەمەن (٢٣ ساڵ)یان دۆزیوەتەوە، کە فیشەک نراوە بەسەریەوە و دوای کوشتنی تەرمەکەی فڕێدراوە.

ئەو سەرچاوەیە گوتی: "ئەو ژنە چەند رۆژێک پێش ئێستا کوژراوە و تەرمەکەی فڕێدراوە و ئاژەڵی دڕندە بەشێک لە گۆشتی جەستەیان پچڕیوە و تەرمەکەی تا رادەیەک شێواوە".

ھەروەھا گوتی: "پۆلیس دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ دووشەممە (٤ / شوبات - فێبرایەر / ٢٠١٣)، تەرمەکەیان دۆزیەوە لە سەرەتای لێکۆڵینەوەدا، توانرا کەسوکاری بدۆزرێتەوە و بەو ھۆیەوە ئەندامانی خێزانەکەی بانگی پۆلیس کراوون بۆ ئەوەی وتەیان لێوەربگیرێت".

روونیشیکردەوە، تەرمی ئەو ژنە رەوانەی پزیشکی دادوەری کراوە و پۆلیس چاوەڕێی ئەنجامی راپۆرتی پزیشکی دەکات، بۆ ئەوەی ھۆکاری ژیانلەدەستدان و چۆنیەتی و کاتی کوژرانەکەی بزانرێت.

لە بەدواداچوونێکی (وارڤین)دا، پۆلیس ئاشکرایکرد، ئەوان سەرەداوی تاوانەکەیان دەستکەوتووە و لەو بارەیەوە لە لێدوانێکی تایبەت بۆ (وارڤین)، بەڕێوبەری بنکەی پۆلیسی (لەیلان) عەقید (غەریب ئەنوەر) رایگەیاند، ژنەکە ناوی (چنار سەعید)ە و تەمەنی (٢٣ ساڵ)ەو دانیشتووی گەڕەکی (رووناکی) شارەدێی (لەیلان)ە و ماوەی دوو ساڵە لە ھاوسەرەکەی جیابووەتەوە.

گوتیشی: "بە گوێرەی راپۆرتی پزیشکی، (١٥) فیشەک نراوە بە جەستەی (چنار)ەو ماکسیە رەشەکەی لە خوێنی جەستەیدا سوور ھەڵگەڕاوە و لە ناوچەیەکی چۆڵەوانی تەرمەکەی فڕێدراوە و بەھۆی ئاژەڵی کێوییەوە تەرمەکەی شێوێندراوە".

ئەوەشی خستەڕوو، کەسوکاری (چنار) سکاڵایان لە دژی ھاوسەری پێشووی کچەکەیان تۆمار کردووە.

عەقید (غەریب ئەنوەر) ئاشکراشیکرد، لە لێکۆڵینەوەدا، پۆلیس سەرەداوی تاوانەکەی دەستکەوتووە و ئەگەری زۆر لە ئارادایە، کەسێکی دیکە (چنار)ی کوشتبێت و لە ئێستادا پۆلیس سۆراغی وردەکاری زیاتر دەکات.

دۆزینەوەی تەرمی (چنار)ی (٢٣ ساڵ)‌، دوای کەمتر لە (١٢) کاتژمێر ھات لە کوژرانی کچێکی (١٨ ساڵ)، کە بەرەبەیانی دوێنێ لە گەڕەکی (عەمەل شەعبی - عەرەفە)ی ناو شاری کەرکووک تەرمەکەی دۆزرایەوە و لە لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدا پۆلیس باوکەکەی بە تۆمەتی کوشتنی ئەو کچە دەستگیرکرد.

ئا: نێرگز قادر


------------------------------------------------------------------------------------------------------------------


١١- سیروان: کچێک دەڕفێندرێ.


وارڤین/نینا

سیروان: سەرچاوەیەک لە بنکەی پۆلیسی شارەدێی سیروانی سەر بە شارۆچکەی ھەڵەبجە، رایگەیاند، شەوی رابردوو، چەند کەسێک کچێکی پانزە ساڵی بەرەچەڵەک عەرەبیان رفاندووە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی (وارڤین)، کە لە سەرچاوەیەکی بنکەی پۆلیسی شارەدێی (سیروان) دەستیکەوتوون، کاتژمێر (٩:٠٠)ی شەوی دووشەممە - سێشەممە (٤ - ٥ / شوبات - فێبرایەر / ٢٠١٣) چەند گەنجێک کچێکی پانزە ساڵی بە رەچەڵەک عەرەبیان بەرەو دەرەوەی شارەدێکە رفاندووە.

ئەو سەرچاوەیە، گوتیشی: "بە ھەوڵ و ماندوبوونی ھاووڵاتیان و پۆلیس، توانراوە ئۆتۆمبێلی رفێنەرەکان نیشان بکرێت و پۆلیس بە شوێنیان کەوتووە و توانراوە کچەکە لە دەست رفێنەرەکان رزگار بکرێت".

ئەو سەرچاوەیە روونیشیکردەوە، کچەکە بە رەچەڵەک عەرەبە و لەگەڵ بنەماڵەکەیدا لەو ناوچەیە گیرساونەتەوە و ژیان بەسەر دەبەن.

ئا: ئـ.ح


------------------------------------------------------------------------------------------------------------------


١٢- سلێمانی: کچێکی پازدە ساڵ ژیانی لەدەستدا.


سلێمانی: دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتن کچە قوتابیەکی پازدە ساڵ ژیانی لەدەستدا و کەسوکاریشی دەڵێن، کچەکەیان ھەوڵی خۆ خنکاندنی داوە.

ئێوارەی دوێنێ دوو شەممە (٤ / شوبات - فێبرایەر / ٢٠١٣) کچە قوتابیەکی پۆلی (١٠)ی بنەڕەتی، دانیشتووی گەڕەکی (ئیبراھیم پاشا)ی شاری سلێمانی، لە لایەن کەسوکارییەوە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی.

لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن، گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی نەقیب (سەرکەوت ئەحمەد) رایگەیاند، بە گوێرەی گوتەی کەسوکاری، ئەو کچە ویستوویەتی خۆی بخنکێنێت و بە سەرپۆشێک خۆی بە بنمیچی ماڵەکەیانەوە ھەڵواسیوە.

گوتیشی: "وەک کەسوکاری گوتویانە، ئەوان فریای کەوتوون و گەیاندوویانەتە نەخۆشخانە، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک لەوێ ژیانی لەدەستداوە".

بە گوێرەی نەریتی باو، ھەتا پرسەی تەواو نەبێت، پۆلیس دایک و باوک و ئەندامانی خێزانەکەی بانگ ناکات بۆ وەرگرتنی گوتەیان لەبارەی رووداوەکەوە.

تا ئێستا نەزانراوە ھۆکاری ژیان لەدەستدانی ئەو کچە چی بووە و تەرمەکەی بە مەبەستی ئامادەکردنی راپۆرتی پزیشکی، گواستراوەتەوە بۆ پەیمانگەی پزیشکی دادوەری سلێمانی.

ئەو بەرپرسەی پۆلیس، ئەوەی روونکردووەتەوە، ئەوان دۆسیەیان بۆ رووداوەکە کردووەتەوە و بە فەرمانی دادوەر لێکۆڵینەوە لە ھۆکار و چۆنیەتی کۆتایھاتنی ژیانی ئەو کچە پانزە ساڵییە دەکرێت.


------------------------------------------------------------------------------------------------------------------


١٣- کەرکووک: تەرمی ژنێکی دیکە دۆزرایەوە.


وارڤین/نینا

کەرکوک: لە ماوەی کەمتر لە (١٢) کاتژمێر، تەرمی ژنێکی دیکە لە سنووری کەرکووک دۆزرایەوە، کە بە چەک کوژراوە و تەرمەکەی لە چەمێکدا فڕێدراوە.

لە لێدوانێکی تایبەت بۆ (وارڤین)، سەرچاوەیەک لە پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکووک (JCC) رایگەیاند، ھێزەکانی پۆلیس، لە چەمی (خاڵۆبازیان)ی نزیک شارەدێی (لەیلان) تەرمی ژنێکی تەمەن (٢٧ ساڵ)یان دۆزیوەتەوە کە فیشەک نراوە بەسەریەوە و دوای کوشتنی تەرمەکەی فڕێدراوە.

ئەو سەرچاوەیە گوتی: "ئەو ژنە چەند رۆژێک پێش ئێستا کوژراوە و تەرمەکەی فڕێدراوە و ئاژەڵی دڕندە بەشێک لە گۆشتی جەستەیان پچڕیوە و تەرمەکەی تا رادەیەک شێواوە".

ھەروەھا گوتی: "پۆلیس دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ دووشەممە (٤ / شوبات - فێبرایەر / ٢٠١٣)، تەرمەکەیان دۆزیەوە لە سەرەتای لێکۆڵینەوەدا، توانرا کەسوکاری بدۆزرێتەوە و بەو ھۆیەوە ئەندامانی خێزانەکەی بانگی پۆلیس کراوون بۆ ئەوەی وتەیان لێوەربگیرێت".

روونیشیکردەوە، تەرمی ئەو ژنە رەوانەی پزیشکی دادوەری کراوە و پۆلیس چاوەڕێی ئەنجامی راپۆرتی پزیشکی دەکات، بۆ ئەوەی ھۆکاری ژیانلەدەستدان و چۆنیەتی و کاتی کوژرانەکەی بزانرێت.

دۆزینەوەی تەرمی ئەو ژنە (٢٧ ساڵ)یە، دوای کەمتر لە (١٢) کاتژمێر دێت لە دۆزینەوەی تەرمی کچێکی (١٨ ساڵ)، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گەڕەکی (عەمەل شەعبی - عەرەفە)ی ناو شاری کەرکووک دۆزرایەوە و لە لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدا پۆلیس باوکەکەی بە تۆمەتی کوشتنی ئەو کچە دەستگیرکردووە.


------------------------------------------------------------------------------------------------------------------


١٤- تەرمی کچێکی ھەژدە ساڵ دۆزرایەوە و باوکیشی دەستگیرکرا.


وارڤین/نینا

کەرکووک: پۆلیسی کەرکووک، ھەواڵی دۆزینەوەی تەرمی کچێکی ھەژدە ساڵی لە گەڕەکی عەمەل شەعبی شارەکە و دەستگیرکردنی تۆمەتباری سەرەکی تاوانەکە راگەیاند.

لە لێدوانێکی تایبەت بۆ (وارڤین) سەرچاوەیەک لە پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکووک (JCC) رایگەیاند، ھێزەکانی پۆلیس، کاتژمێر (٨:٠٠)ی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە (٣ / شوبات - یەنایر / ٢٠١٣) لە گەڕەکی (عەمەل شەعبی - عەرەفە)ی، لە نزیک دەروازەی ژماە ھەشتی فڕۆکەخانەی کەرکووک، دۆزرایەوە.

ئەو سەرچاوەیە، گوتی: "کچەکە ناوی (م. ێ.)ەو لەلایەن باوکییەوە دراوەتە بەر دەستڕێژی گولە و دەستبەجێ ژیانی لەدەستداوە".

روونیشیکردەوە، باوکی کچەکە، لە لایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کراوە و رێککاری یاسایی گیراوەتە بەر بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکە و دۆسیەکەی رەوانەی دادگا کراوە.

ئا: نێرگز قادر


------------------------------------------------------------------------------------------------------------------


١٥- لە نەخۆشخانەی رزگاری گێچەڵ بە کچێکی پێنج ساڵ دەکرێ.


وارڤین/نینا

ھەولێر: لەناو ئاسانسۆری نەخۆشخانەی رزگاری شاری ھەولێردا، کوڕێکی ھەرزەکار گێچەڵ بە کچێکی تەمەن پێنج ساڵ دەکات و دوای ئاشکرابوونی لە لایەن باوکی کچەکە وھێزی زێڕەڤانی نەخۆشخانەکەوە شەقکاری کوڕەکە دەکرێت.

لە لێدوانێکی تایبەت بۆ (وارڤین)، سەرچاوەیەکی نزیک لە رووداوەکە، رایگەیاند، کاتژمێر (١٠:٠٠)ی پێش نیوەڕۆی دوێنێ ھەینی (١ / شوبات - فێبرایەر / ٢٠١٣) لەناو ئاسانسۆری نەخۆشخانەی رزگاریدا، کارمەندێکی پاککەرەوە، بەناوی (ە.) لەدایکبووی (١٩٨٨)، گێچەڵی بە کچێکی تەمەن (٥ ساڵ) کردبوو، دوای دەرچوونی لە ئاسانسۆرەکە، کچەکە بە دایک و باوکی وتووە، کە ئەو کوڕە دەستی لێداوە.

گوتیشی: "باوکەکە رێگەی بە کوڕەکە گرتووە و بانگی ھێزەکانی زێڕەڤانی کردووە، (بەو پێیەی ئێستا لە نەخۆشخانەکانی ھەولێر لە بری پۆلیس، زێڕەڤانی پاسەوانی دەکەن)، ئەوانیش لە کوڕەکەیان پرسیوە و وتوویەتی بەڵێ ماچم کردووە، دوای ئەو دانپێدانانە، باوکی کچەکە و زێڕەڤانییەکان بە شەق و زلە و بۆکس لە کوڕەکەیان داوە و دەستبەجێ لە نەخۆشخانە دەریان کردووە".

ئەو سەرچاوەیە، کە رووداوەکەی بە چاوی خۆی بینیوە، ئاماژەشی بۆ ئەوەکرد، رێککاری یاسای نەگیرایە بەر و پشکنین بۆ کچەکە کرا، دەرکەوت کێشەی نییە و باوکی کچەکە رازی کرا بەوەی کۆتایی بە کێشەکە بھێنێت و سکاڵا تۆمار نەکات و دوای ئەوەی کوڕەکە لێیدرا و دەرکرا، کۆتایی بە باسەکە بھێنێت.

ئا: ئەرسەلان رەحمان


------------------------------------------------------------------------------------------------------------------


١٦- کەرکووک: باوکێک کچەکەی خۆی دەکوژێ.


وارڤین/نینا

- کەرکووک: کچێکی تەمەن ھەژدە ساڵ بە چەکی باوکی دەکوژرێت و باوکەکە خۆی رادەستی پۆلیس کردووە و لە یەکەم وتەلێوەرگرتنیدا گوتویەتی: گولە لەدەستی دەرچووە و کوژرانی کچەکەی بە ئەنقەست نەبووە.

لە لێدوانێکی تایبەت بۆ (وارڤین)، سەرچاوەیەک لە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی کەرکووک، رایگەیاند، ئێوارەی دوێنی ھەینی (١ / شوبات - فێبرایەر / ٢٠١٣) لە گەڕەکی ئەفسەرانی شاری کەرکووک، کچێکی تەمەت ھەژدە سال لە لایەن باوکییەوە کوژراوە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "کچەکە ناوی (سارا عەباس)ە و دوای ئەوەی لە لایەن باوکییەوە کوژراوە، باوکەکە خۆی رادەستی پۆلیس کردووە و بە فەرمانی دادوەر دەستبەسەر کراوە و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە دەستی پێکردووە.

روونیشیکردەوە، تەرمی کچەکە گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی دادوەری و لە یەکەم وتەلێوەرگرتنیدا، (باوکی سارا) دانی بەوەدا ناوە کە کچەکەی بەدەستی ئەو کوژراوە، بەڵام نکۆڵی کردووە لەوەی تاوانەکەی بە ئەنقەست ئەنجامدابێت و گوتویەتی: گولە لە دەستم دەرچووە.

بەھۆی بڵاوبوونەوەی چەکوچۆڵی سەربازی و دابەشکردنی چەک و ھەڵگرتنی چەەک لە ماڵەوە، رۆژانە تاوانەکانی کوشتنی ژنان بە چەک روویان لە ھەڵکشان کردووە و تا ئێستا لە شارەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستانیش یاسایەک نییە بۆ رێکخستنی چەک و قەدەغەکردنی.

ئا: نێرگز قادر

 

سەنتەری نینا

nina.ikkr@hotmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک