په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

ئەفلاتون:                           

لێم مەپرسن وڵاتەکەم چی بۆم کردووە
لێم بپرسن چیم بۆ وڵاتەکەم کردووە.  



ستار محەمەد قادرٍ


ئەفلاتون بەم وتە بە نرخەی لە سەردەمی خۆیدا خزمەتێکی بەر چاوی مرۆڤایەتی کردووە و ویستوویەتی وێنای بەرژەوەندی گشتی لە بیری تاکەکاندا جێگیر بکاو ئەوەیان بۆ روون بکاتەوە کە :" وڵات، نیشتیمان" کاتێک ئاوەدانی بە خۆیەوە دەبینێت کە بەرژەوەندی گشتی لە بەرچاو بگیردرێت، کاتێکیش تووشی داڕووخان و کارەسات و ماڵکاولی دەبێت؛ کە بەرژەوەندی گشتی فەرامۆش بکرێ و بەرژەوەندی تاکە کەسی تیشک بخرێتە سەری و رۆڵی پێ بدرێت!


بە داخێکی زۆرەوە تا ئەم ساتە وەختە بەخت یاوەری ئێمەی کورد نەبووە بۆ ئەوەی تەرجەمەی حەرفی ئەو وتەیەمان بکردبایەو جگە لە خۆراک بۆ گەدەو پوول بۆ گیرفان و پرۆژە نا شەرعییەکان، پیچەک بیریشمان بە لای خۆراک بۆ مێشک و مۆرال برۆیشتبایە و ئاوڕمان لەوە بدایەتەوە کە ئەگەر ئاراستەکان بەو ئاقارەدا بڕۆن چ قوڕێک دەشێلین و جگە لە خۆمان و نەوەکانمان ئاخۆ دەبێت کێ ئەو قوڕە شێلاوە لە سەر بگرێت؟!


لێم مەپرسن وڵاتەکەت چی بۆت کردووە، وتەیەکە لە نێو ئێمەدا هیچ ئەرزشێکی بۆ دانەنراوەو باوەڕیش ناکەم لە ئایندەیەکی نێزیکدا بۆی دابنرێت، بەڵکو نەزعەی خۆپەرستی بە شێوەیەک تەشەنەی کردووە بووە بە پەتاو لەویش خەرابتر کراوە بە نۆرم و مۆددەو ئەگەر کەسێک لە نێو حیزبەکاندا بەو ئاراستەیە مەللە نەکات، ئەوا زۆر زوو شەپۆڵەکان یان ژێر ئاوی دەخەن یانیش فڕێی دەدەنە کەنارو گۆشەیەکی فەرامۆش کراوەوە!


بۆ سەلماندنی ئەو راستییەیش کە بیرۆکەی بەرژەوەندی گشتی لە نێو ئێمەدا غائیبە، ئەو واقیعە تاڵەی بەکارهێنانی کورسی لە پێناو بەرژەوەنی تایبەتیداو دەست لە کار نەکێشانەوەی هیچ بەرپرسێک لە کوردستاندا، بەسە بۆ ئەوەی دان بەو حەقیقەتە تاڵەدا بنێین.


ئێوە بڵێن کوردستان ئەوەندە وڵاتێکی بێ خەوش بێت و دەسەڵاتی کوردی هەر لە بەرایی شاد بوونی بە شارو دەسەڵات لە سەر بنەماو میکانیزمی کەسی شیاو لە شوێنی شیاودا کاری کردبێت؟! بۆیە کەسێک نابینین لە ماوەی ئەم هەڤدە ساڵەدا بە راشکاوی دانی بەوەدا نابێت کە ئەو شایانی بەرپرسیارێتی یان ئەو ئەرکە نییە کە حیزبەکەی خستوویەتییە ئەستۆی، یاخود لە رووی پلان دانان و بەڕێوەبردنەوە لاوازەو ناتوانێت ئەرکەکانی بە شێوەیەکی تەندرووست جێ بە جێ بکات یان پێیان هەڵبستێت؟!


بۆیە ئەوەی لە نێو واقیعی ئێمەدا دەبینرێ و هەستی پێ دەکرێت، بەرپرسەکانی ئێمە لە ئاستی هەموو بەرپرسیارێتییەکدان، بە دووری نەزانن شالیارێکمان هەبێت ئەمڕۆ وەزیری دارایی بێ و سبەی پەروەردەو دوو سبەی پۆستێکی پێ بدرێت کە جیاوازی ئاسمان و رێسمانی هەبێت لە گەڵ پۆستەکانی پێشوویدا، ئەم هاوکێشەیش ئەوەمان بۆ پشت راست دەکاتەوە کە لە ئاستی هیچ بەرپرسیارێتییەکدا نابن؟! چونکە ململانێی حیزبی ئەو وانەیەی فێری تاکەکانی کردووە کە گشت بکرێت بە قووربانی یەک و، یەکیش لە سەر نەزمی ئۆخەی ئۆخەی هەر کەس بۆ خۆی، وانەی تێکۆشان و لێ نۆشان بۆ میللەت بڵێتەوەو ئەوە بە گوێیاندا بدات کە ئەگەر ئەوان نەبن یان نەبوونایە ئەوا ئەو وتەیەی ئەفلاتوون لە دونیای رۆشندا بە وەجاخ کوێری سەری دەنایەوە!!!!


7/10/2008
کەرکوک
star_qadr@yahoo.com