٢١\٥\٢٠١٤
لە نێوان هونەر و
قسەی (زیرەک میرە)دا هونەرێک هەیە ئەویش بوێرییە.

شوان عوسمان
(زیرەک میرە).. هونەرمەندێک کە هەمیشە بە هونەرێکی تازەو داهێنانێکی
نوێ خەریکەو خەریک بوونیش بریتیە لە خۆ لەبیر نەکردن، تا هونەرەکەشت
لەبیر نەکرێت ونابێت تۆ لەبیر بکەی، بۆیە هەمیشە بە هونەرێک خۆی نوێ
دەکاتەوە، هونەرمەندێکیش کە وابەستە بوو بەو هێلە هونەریەوە لە نێوان
خۆی و بەهرەکەیەوە هەیە، بە دڵنیاییەوە
پەیوەندییەکی توندوتۆڵ دێتە کایەوە دەرهەق بۆ هونەرەکەی، ئەوکات
هونەرەکەش هاوشانی ئەو دەبێتە شتێکی سەربەخۆو تایبەت وزیندوو دەبێت بە
خۆی...
ئەو وەکو کەسێکی هونەری هزر جوان و هونەرمەندێک کە هەمیشە قسەیەکی
جوانی هەیە لەبارەی ژیان و هونەرێکی تازەوە،
بەردەوام بەدوای شتێکی جوان دەگەڕێت، هونەرییش لە راستیدا ئەوەی دەوێت
کە خاوەنەکەی ئازاد بێت لە هەڵبژاردنی شتی تازەو جوان، نەک هەمیشە
پاشکۆیەکی بەهرەیەک ورووداوێک بێت، بەمە پەیامەکەی جوانتر دەبێت، ئەو
دەتوانێت ئەو شتە ئاساییانەی لەبەرچاوی ئێمەدا ئاسایین بە نائاسایی
نیشانمان بدات، هەروەها بیکاتە شتێکی جوان و بە جوانی بناسین ئەمە بە
پێچەوانەش هەر راستە...
هونەرمەندیش کاتێک هونەرەکەی جوان دەبێت کە خۆی بەوە خەریک بکات کە ئەو
شتانەی ناجوانن لەبەرچاومان بە شتی جوانیان بگۆڕێتەوە، سایکۆلۆژیا
دەلێت هیچ شتێک ناشیرین نیە، هەموو شتێکیش بەشی خۆی جوانە..بەڵام من
دەلێم چاوەکانی ئێمە زۆرجار بە هەڵەمان دەبەن وجوان نابن کاتێک ناتوانن
جوانی وەکوخۆی ببینن وباشتر بخوێننەوە، ئەو هونەرمەندەش بەهۆی
داهێنانەکانی پێمان دەلێت هیچ شتێک ناشیرین نیە، ئەگەر هەندێک بە چاو و
بیرێکی پاک و جوانەوە لێیان بڕوانین وباشتر
ورد بینەوە...
هونەرمەند ئەگەر بەو شێوەیە بێت خاوەنی هونەرێکی تایبەت خۆی دەبێت، ئەو
هەمیشە هونەرێکی هەیە لەبارەی قسەیەکی تازەوە ئەو بەردو داری بێدەنگ بە
دەنگ دێنێ تا قسە بکەن وبێنە قسە، ئەو تەنی بێ گیان وبێ رۆحی دێنێتە
جمەو جووڵە ورۆحێکی هونەریان دەکاتە بەر، تا لەکاتی خۆی قسە بکەن
وسەرنج ورەخنەی خۆیان هەبێت بۆ دەوروبەرەکەیان، تا باس لە خۆیان وهزری
جوانی خۆیان بکەن کە گەلێک بە جوانی دێن تا شتەکان جوانتر بکەن ،بەڵام
بەداخەوە هەر هەموومان ناتوانین هەست بە جوانی ئیستاتیکاو سروشت
وخۆرسکی شتە جوانەکان بکەین، ئەگەر هونەرمەندێک نەبێت بەوە ئاگادارمان
بکاتەوە ، گەلێک جار وەکو نابینایەکی دڵرەق رەفتار دەکەین...
کاتێک ژیان و رۆح و
هونەر، قسە و زمانی هونەری و
ئەدەبی وتەڕی لێمان دەوێت داوای پەیامێکی بوێرمان لێ دەکەن،
کەوابوو بۆ ئەوەی پەیامێکی زیندووت هەبێت، دەبێت بوێر بیت تا کار لە
دەورووبەرت بە شتێکی نوێ وجوان بکەیەوە، ئەو دێت دەوروبەرە بێ هەستەکەی
خۆی رادەژەنێت تا بێنە قسە لە عەسرێکدا کە شەڕ ناهێلێت قسەیەک بکرێت،
مرۆڤە شەڕخوازو تیکدەرەکان هەموو شتێک تێک دەدەن وناشیرینیان دەکەن، لە
پێناو بردنەوەی بەرەئەنجامی شەڕەکانیش ئەو دێت وبە زمانی ئەوین و ونە
شەڕو ئاشتیەوە قسەی خێرو جوان دەکات، تا ژیان جوان ببێتەوە، هونەرەکەی
ئەوهونەرمەندە ئەوەندە مەزنە کە بۆتە هونەرێکی موفاجائات و داهێنانێکی
پڕ لە موفاجائاتی هونەریی زیندوو..
لە پانتایی بواری کارو هزریدا ئەودا مەرزێک نیە بۆ راوەستان و وچانێک
تا شەکەت بوون وبێهوودەیی بناسێت، ئەو هەمیشە لە کەشکۆلەکەیدا شتێک
هەیە کە هێشتا نەگوتراوەو هونەرێکیش کەس بۆنی نەکردووە، هونەرمەند چەند
لە خوا دەچێت کاتێک دێت ومردوو زیندوو دەکاتەوە، زیندوو دەمرێنێ وزمان
وهزر وجووڵە دەبەخشێت، بە هەوەسی خۆی رۆلەکان وجوانیەکان دابەش دەکات،
تا ئێمە ئەو جیهانە تایبەتەی ئەو بناسین وئەوەی کە تا ئێستا لەلایەن
ئێمەوە نەزانراو بوو، هەروەها تا بکەوینە قسەو گفتوگۆ لەگەل یەکتر،
هەموو ئەو شت وکەلوپەلانەی لە لایەن ئێمەوە بێ کەلک ونرخێکی ئەوتۆیان
نیە، لە لایەن هونەرمەندەوە پلەو پایەیەکی هونەری بەرزو پایەداریان
دەبێت، بۆ ئەوەی هزرو خەیاڵی کۆمەڵگا لە شوێن خۆیدا رابچەنێت وبیر
بکاتەوە، چونکە کۆمەڵگایەک بیر نەکاتەوە وبێدەنگ بێت بێگومان مردووە،
ئەو کۆمەڵگا دێنێتە قسە تا زیندوو ببێتەوە تا بێتە قسە وبێتە دەنگ تا
نەپوکێتەوە..
هاوشانی ئەو هونەرەشەوە ئەو لە ژیانی ئاسایشدا قسەی خۆی هەیە لەکاتی
خۆیدا، بە جورئەتێکی بێ سنوور قسە دەکات و
قسەکانی دەخاتە روو، من لە نێوان هونەرو ئاخاوتنی زمانیدا
هونەرێکی دیکە دەبینم کە ئەویش هونەری جورئەتە ئەو جورئەتەی کە لەناو
هزر و ئیرادەی هەر کەسێک ببێت، زیندووی
دەکات و دەیکات بە هونەرمەندو ئەدیب
وکەسایەتیەکی رۆشنبیری مەزن وئازاد، ئازادی رۆشنبیر لە سەربەخۆ بوونی
بیروڕایەوە دەبێت، ئەو خەسلەتەش زیاتر لەناو گەنجانەوە دەبینرێت
بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەوان وەکو توێژێکی بوێر لە تەمەنی
خۆیان لە بیر لە ترس وشەرم وموجامەلە ناکەنەوە، هەمیشە ئەوان راوەستان
ودەستەوەستان وملکەچ بوون نازانن، هەمیشە مانەوەیان لەو بوێریی و
وێرانەیە کە هەول دەدەن قسە بکەن بە بێ بیر کردنەوە لە دوارۆژ، ئەوە
دەبێتە هۆکارێک بۆ سەرکێشیەک کە وەکو دیاردەو پێداویستیەکی وەختیی،
خۆیان بەسەر واقیعدا فەرز دەکەن، بەو رووبەرووبوونەیە رۆشنبیر پەیامێکی
سەرکەوتووی خۆی دەبێت، هەوەها ئەوە هونەرە کاتێک بەبێ سڵەمینەوە
داهێنانێک بۆ بەگژ چوونەوەی ئەو هزرو کەلتوورو دەسەڵاتە ماددی
ومەعنەویانەی کە دەبنە هەڕەشە لەبەردەم گۆڕان وگەشەی کۆمەڵ، هەروەها
ناهێڵن لە وەختی خۆی ژیان بە ئاسایی بگۆڕێت، بۆیە رۆشنبیر دەبێتە
واقیعێک تا بێت و قسەیەکی خۆی بکات وقسەیەکی جوانیش بکات بۆ جوانکردنی
ژیان...
ئەو جورئەتەش گەلێک جار دەبێتە داهاتنی
خەسلەتێکی زیندوو و جوانی هونەری کە هەموو
شتەکانی بە هونەر دەکات و سیفەتێکی سەربەخۆی
هونەروەرانە و هونەرمەندانەش دەخاتە پاڵ
کەسێتیە ئاساییەکە، لەوەوە دەبێتە کەس و
کەسێتیەکی نائاسایی و دونیا سەرلەنوێ
هەڵدەوەشێنێتەوە و جارێکی تریش جوانتر
دروستی دەکاتەوە، هەروەکو خوایەک لەسەر زەوی بێت...
٢٠١٤
- هۆلەندە
ماڵپهڕی
شوان عوسمان
|