|
٦\٥\٢٠٢٦
لە نێوان "پاوەندێک
گۆشت" و "دوگمەی ڕەزامەندی":
ئایا ددانی یاسا
گۆڕاوە؟

حەمید کوورەچی
لە ساڵی ١٦٠٥دا، "شایلۆک" لە دادگای ڤینیسیا بە چەقۆکەیەوە وەستابوو،
داوای "پاوەندێک لە گۆشتی مرۆڤ"ی دەکرد وەک وەفایەک بۆ ئەو گرێبەستەی
کە بازرگان "ئەنتۆنیۆ" بە ویستی خۆی واژۆی کردبوو. ئەمڕۆ، لە ساڵی ٢٠٢٦دا،
هەموومان لەبەردەم شاشەکانماندا وەستاوین و بە ساردییەوە کلیک لەسەر
دوگمەی "لەسەر مەرج و ڕێساکان ڕازیم" دەکەین، بۆ ئەوەی مافگەلێک بدەین
بە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا و دارایی کە ڕەنگە لە چەقۆکەی شایلۆک کەمتر
دڕندە نەبن، بەڵام بە زمانێکی یاسایی شیکتر پێچراونەتەوە.
کاتی ئەوە هاتووە دووبارە سەیری شێوازی وانەگوتنەوەی شانۆگەری "بازرگانی
ڤینیسیا" بکەینەوە و لەو گێڕانەوە سوننەتییە تێپەڕین کە وەک چیرۆکێکی
سەرکەوتنی چاکە بەسەر خراپەدا نیشانی دەدات. پێویستە ئەمڕۆ وەک وۆرک
شۆپێکی پراکتیکی سەیری بکەین کە ڕوونی دەکاتەوە چۆن یاسا دەتوانێت
ببێتە ئامرازێک بۆ تیرۆرکردنی قوربانی بە شێوازێکی دەمامکدراو و لەژێر
پەردەی شەرعییەتە ڕواڵەتییەکەیەوە.
دەست هەڵبگرن لە لۆمەکردنی "شایلۆک". ئەو سوودخۆرە دەرکراوەی ناو
کۆڵانەکانی ڤینیسیا، تەنها ئاماتۆرێکی سەرەتایی بوو بە بەراورد لەگەڵ "دڕندەکانی
گرێبەست" کە ئەمڕۆ لەناو هەوربڕەکانەوە ژیانمان بەڕێوە دەبەن. لە
شانۆگەرییەکەی شکسپیردا، ململانێکە خوێناوی و ڕوون بوو، بەڵام ئەمڕۆ
چەوسانەوە بەرگی "بەزەیی" پۆشیوە و جانتایەکی پارێزەری لوکسی
بەدەستەوەیە. یاساش – وەک هەمیشە – بەزەیی بە گەوجەکاندا نایەتەوە،
بەڵکو مۆڵەت دەداتە فێڵبازەکان بۆ ئەوەی پێستیان بە شێوەیەکی یاسایی
دابماڵن.
ئەوەی "پۆورشیا" لە دادگای ڤینیسیادا ئەنجامی دا، بەرجەستەکردنی
دادپەروەری نەبوو وەک ئەوەی وێنا دەکرێت، بەڵکو جۆرێک بوو لە تیرۆری
یاسایی نەرم و شاراوە، کە دەنگدانەوەکەیمان لە واقیعی هاوچەرخماندا
دەبینینەوە؛ ئەو شوێنەی یاساکان بە خوێنێکی ساردەوە بەکاردێن بۆ
ناچارکردنی تاکە سادەکان تا واژۆی گرێبەستە ئەلیکترۆنییە درێژ و
ئاڵۆزەکان بکەن، پاشان یەکەم هەڵە یان دواکەوتن دەقۆزرێتەوە بۆ
هەڵمژینی بەشێکی گەورە لە ژیان و شکۆیان.
ئەو ئازارە ڕاستەقینەیەی ئەم شانۆگەرییە دەری دەخات، تەنها لە وێنەی "شایلۆک"
وەک جێبەجێکارێکی توندی سەختترین جۆری تۆڵەسەندنەوەدا نییە، بەڵکو لەو
دووڕووییەدا کورت دەبێتەوە کە دەوری ئەو کۆمەڵگەیەی داوە کە چەپڵە بۆ
سەرکەوتنەکەی پۆورشیا لێ دەدەن و چاو لە ئاکامە نەرێنییەکانی گوتارەکەی
دەپۆشن. "پۆورشیا" تەنها بەرجەستەکردنێکی پێشوەختەی نموونەی "پارێزەری
کۆمپانیاکانە"؛ ئەو پیشەگەرەی کە هونەری قایلکردن بە لای ڕاستدا
دەزانێت بە بەکارهێنانی زمانێک کە پڕە لە بەزەیی و میهرەبانی، لە
کاتێکدا بە لای چەپدا کار لەسەر یاری کردن بە کەلێنە یاساییەکان دەکات
بۆ وەشاندنی گورزی کەمەرشکێن.
ئێمە ئێستا لە جیهانێکداین کە هێشتا نموونەی پۆورشیا تێیدا پیرۆز
دەکرێت؛ جیهانێک کە ڕێگە بە دەسەڵات و پارە دەدات ئیمتیازی دووبارە
ئاراستەکردنەوەی وشەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان و ڕزگارکردنی
هاوبەشەکانیان هەبێت، لە کاتێکدا یاسا دەگۆڕێت بۆ ئامرازێکی سەرکوتکردن
بۆ ئەوانەی سەر بەم بازنەی ئیمتیازاتە نین.
ئەمە تەنها چیرۆکێکی کۆن نییە کە لاپەڕەکانی ئەدەب دەیگێڕنەوە، بەڵکو
ڕەنگدانەوەیەکی زیندووی ئەو واقیعەیە کە پێوەی دەناڵێنین کاتێک یاسا
دەبێتە چەکێک دژی چینە لاوازەکان، و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە کەسی و
بژاردەکان (نوخبە) لەژێر پەردەی شەرعییەت و دادپەروەریدا بەکاردێت.
دەبێت واز لە پیرۆزکردنی پۆورشیا وەک پاڵەوان بهێنین و قووڵتر سەیری
چینەکانی ئەم دووڕووییە کۆمەڵایەتی و یاساییە بکەین کە هێشتا
شانۆگەرییەکەی شکسپیر بە ڕەوانبێژییەک دەری دەخات کە لەگەڵ سەردەمی
ئێمەشدا دەگونجێت.
هاوڕێیان، دەستەواژە بەناوبانگەکەی "یاسا ناتوانێت پارێزگاری لە
گەوجەکان بکات" تەنها بەرجەستەکردنێکی ئاشکرای بێشەرمی مرۆڤە؛ ئەو
دەستەواژەیەی کە لە ناخیدا دانپێدانانێکی ناڕاستەوخۆی تێدایە کە "یاسا
لە کرداردا، نەک لە گفتاردا، بۆ ئەوە دانراوە کە پارێزگاری لە
فێڵبازەکان بکات بەرامبەر ئەوانەی ژیرییان کەمترە". ئەمەش وامان لێ
دەکات بپرسین: ئایا جیاوازییەکی جەوهەری هەیە لە نێوان چەمکی موجەڕەدی
"پاوەندێک گۆشت" – کە چەقی یەکێک لە خەمناکترین هەڵوێستەکانی ئەدەبی
شکسپیر بوو – و ئەو سوودە بانکییە مەحاڵانەی کە مووچەی ڕەنجدەران بێ
بەزەیی دەخۆن؟ یان لە نێوان ئەو چەقۆ تیژەی جاران گۆشتی دەبڕی و ئەو
ئەلگۆریتمە چاودێرییە نوێیانەی کە تایبەتمەندییەکانمان لە ڕۆژی
ڕووناکدا دەدزن، لە بەرامبەر وەهمی ئەپڵیکەیشنە بێبەرامبەرەکاندا؟
تاکە ڕاستییەک کە خۆی دەسەپێنێت ئەوەیە کە ئێمە شایەتی سەردەمێکی نوێی
سەرکوتکردنین؛ کە تێیدا ئامرازەکان گۆڕاون، "ئەلگۆریتمە ساردەکان"
جێگەی "چەقۆی هەڵکێشراویان" گرتووەتەوە، بەڵام ئەنجامەکە هەر یەکە:
قوربانییەک کە لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە خوێنی لێ دەچۆڕێت.
لەو چوارچێوەیەدا، وادیارە ئێمە لە سەردەمێکی سەیردا دەژین کە نەوەیەک
پەروەردە دەکەین پێیان وابێت زیرەکی بریتییە لە توانای ڕاوکردنی "کەلێنەکان"
لەبری بونیادنانی پایەکانی "دادپەروەری". هەموومان بە پلەی جیاواز
بووینەتە وەک ئەنتۆنیۆ؛ ئەو سەرکێشە سادانەی کە واژۆیان لەسەر کاغەزێکی
سپی کردووە کە کۆنترۆڵی تەواو دەداتە کۆمپانیا چاوچنۆکەکان، کە نەک هەر
مەیخانە و مەیەکەیان هەیە، بەڵکو دادوەر و جەلادەکەش هیی ئەوانن.
ئەمە واقیعێکی تاڵە، چونکە شایلۆک جاران کەیسەکەی دۆڕاند چونکە جوولەکە
بوو لە کۆمەڵگەیەکدا کە دەمارگیری مەسیحی هەبوو. بەڵام ئەمڕۆ، تاک
مافەکانی لەدەست دەدات چونکە مرۆڤێکە لەناو کۆمەڵگەیەکی دیجیتاڵیدا
دەژی کە تینووی داتا و کۆدەکانە؛ کۆمەڵگەیەکی وشک کە دان بە هیچدا
نانێت جگە لە هێما موجەڕەدەکان و ژمارە ڕەقەکان.
با چیتر بە بریقەی جەلادەکان و وێنە دەستکردەکانیان هەڵنەخەڵەتێین.
پۆورشیا هەرگیز ئەو پیرۆزە نەبووە کە هەندێک کەس وێنایان کردووە، بەڵکو
چەرخێکی هەمیشەیی بووە لە ماشێنی چەوسانەوە کە تەنها خزمەتی بەرژەوەندی
بژاردە دەوڵەمەندەکان دەکات کە دەستیان بەسەر ساماندا گرتووە.
تۆش، هەرجارێک کە بێ وردبوونەوە کلیک لەسەر بژاردەی "هاوڕام" دەکەیت،
دەرگایەک بەرەو جیهانێکی ئارام و پڕ لە خزمەتگوزاری ناکەیتەوە وەک
ئەوەی بۆت وێنا کراوە، بەڵکو بە ویستی خۆت دەچیتە ناو مەیدانی
چەوسانەوەیەکی سیستماتیک لەژێر ناوی یاسا چەواشەکارەکاندا.
ئەم ڕەزامەندییە تەنها دەروازەیەکە بۆ چوونە ناو "سەربڕخانەیەکی یاسایی"،
کە تێیدا دادپەروەری چەمکێکی ڕێژەییە و بەزەیی بووەتە تەنها دروشمێکی
بازاڕکردنی بێ ناوەرۆک. تەنها ئەو دەقە چڕ و وردەی کە هەرگیز خۆت
ماندوو نەکردووە بە خوێندنەوەی، چەقۆ شاراوەکەی تێدایە؛ ئەو چەقۆیەی بە
ئەنقەست وا دروست کراوە کە لەبەرچاوت نەبێت و نەیخوێنیتەوە، لە کاتێکدا
دروستکەرانی، یاری بێدەسەڵاتکردنی تۆ بە شارەزایی و توندیی ئەو دەقە
بەڕێوە دەبەن.
مالمۆ
hamidkashkol@yahoo.se
|