١\٥\٢٠١٢
لە نێوان سەرۆکی
هەرێم و نوری مالیکیدا؟!

ستار محەمەد قادر
سەرۆک وەزیرانی عێراق دەیەوێت دەستوور بەنج بکاو تا کاتی هەموار
کردنەوەی بە خواست و میزاجی خۆی لە ژووری ئینعاشدا بیخەوێنێت، بەڕێزیان
لە سۆنگەی لێدانی سەدرێکان و بە ئیرهابیکردنی سوننەی عەرەب و بە
ئیرهابکردنی هاشمیەوە لە سەرجەم حیزب و هێزە سیاسیەکانی نێو گۆڕەپانی
ئەم وڵاتە دەنواڕێت، رەنگە تا ئەندازەیەک توانیبێتی لە ژێر ناوی
تیرۆرەوە تەسفیەی حیسابات لە گەڵ ئەوانی دیکەدا بکات، بەڵام لە گەڵ
کورددا نەیتوانیوە دەست بۆ پراکتیزە کردنی گەمەیەکی وەها ببات، راستە
بە دڵ هەوڵی داوە سوود لە ناکۆکی نێوان حیزب و هێزە سیاسیەکانی
کوردستان ببینێت، چونکە جەنابیان بۆ کوردیش هەڵگری هەمان ئەجێندایە،
بۆیە حەزی دەکرد لە ئاست هەرێمیشدا دەستی کراوەتر ببوایە، هەر چەندە بە
فەرمی هیچ لایەنێک نەکەوتۆتە ژێر کاریگەری خیتاب و سیاسەتی سەرۆک
وەزیرانەوە، لێ کەم و زۆر ئەو کاریگەریە لە راگەیاندنەکاندا رەنگی
داوەتەوەو کراوە بە هەوێنی زۆر بابەت، کە بە پلەی یەکەم ئێمە وەکو کورد
لێی زەرەر مەند دەبین!
کورد دەبێت زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لە گەڵ ئەم دۆسیەیەدا بکات، چونکە
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە هەوڵی بە شەخسەنەکردنی کێشەی نێوان هەرێم و
ناوەنددایە، بەڕێزیان دەیەوێت سوئی ئیستیفادە لەو گەمەیە بکات، لە
بەرنامەیدایە تۆپەکە لێزانانە فڕێ بداتە نێو گۆڕەپانی هەرێمی
کوردستانەوەو نێو ماڵی کورد ئیحتیوا بکات، ئەم سیاسەتەی مالیکی ئەوەمان
بۆ پشت راستدەکاتەوە، مالیکی نەک مژاری خەیاری سەربازی بەرانبەر بە
هەرێمی کوردستان لە مێشکیدایە، بەڵکو لە بەرنامەیدایە گاڵتە بە
شعوریشمان بکات، ئاخر بچوککردنەوەی مافی نەتەوەیەک بۆ ئاستی دژایەتی
کردنی شەخسێک، ئەگەر گاڵتە کردن نەبێت بە هەست و نەستمان، خۆ ناکرێت لە
خەمخۆری بەڕێزیانەوە سەرچاوە بگرێت؟!
گرنگە ئەمڕۆ هەموو حیزب و لایەنە سیاسیەکان خاوەنی یەک خیتابی سیاسی و
ئیرادەیەکی هاوبەش بن و نێو ماڵی کورد لە لێکترازان بپارێزن، ئەو ماڵەی
کە دەبێت ئەندامەکانی بەرپرسیارانە مامەڵە لە گەڵ ئەم کێشەیەدا بکەن و
دوور لە گرێی دەروونی قسەی لەسەر بکەن و بڕیار بدەن، هەر چەندە ئەگەر
سەردەمانێک گومان لەم حیزب و لەوی دیکە دەکرا، ئەگەر ماوەیەک دەنگۆی
ئەوە هەبوو ئەم حیزب یان ئەوی دیکە لە لایەن ئەم وڵات یان ئەوی دیکەوە
ئاڕاستە دەکرێن و دەجووڵێنرێن، ئەوا ئەمڕۆ باشترین دەرفەتە بۆ ئەوەی
ئەو گومانە لە خۆیان بڕەوێننەوەو بە واقیعی بۆ هەموو لایەک پاکیزەیی
خۆیان بسەلمێنن، کاتی ئەوە هاتووە بە هەموو رەنگ و دەنگە جیاوازەکانەوە
لە ئاست بەرژەوەندیە باڵاکانی نیشتیمان و نەتەوەدا بە چۆکدا بێن و
هەموو ناکۆکیەکان بەلاوە بخەن و خاوەنی یەک خیتابی سیاسی و یەک
هەڵوێستی کوردستانی ببن؟!
لە بەر ئەوە هەر هەموومان باش ئەو راستیە دەزانین، یەکڕیزی چیمان
پێدەخشێت و لێکترازانیش تووشی چی کارەساتێکمان دەکات، هیچ حیکمەتێک
لەوەدا نیە هەر یەکێک لە ئێمە لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتیدا بکەوێتە
داوی نا حەزان و دوژمنانەوەو یاری بە ئاگر بکات؟!
بە راستی هیچ خەوشێک لەوەدا نیە هەموو حیزب و هێزە سیاسیەکانی نێو
گۆرەِپانی کوردستان پشتگیریی خۆیان بۆ هەڵوێستەکانی رێزدار مەسعود
بارزانی وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەرببڕن و یەکڕیزی ماڵی کورد
بپارێزن، ئاخر هەر هەموومان گلەیی ئەوەمان لە باو باپیرانمان هەیە لە
رابردوودا لە توانایاندا نەبووە تەجاوزی ئەقڵیەتی خێڵ بکەن و
بەرژەوەندیە باڵاکانی کورد وەکو نەتەوە لە بەر چاو بگرن!
ئەمڕۆ ئێمەی کورد لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەداین، سەردەمانێک
گلەیی ئەوەمان لە وڵاتە زلهێزەکان دەکرد، پشت لە دۆزی کورد دەکەن و
پەراوێزمان دەخەن، ئەوا ئەمڕۆ بە پێش چاوی هەمووانەوە، ئەوان تەماشای
تێکۆشانی ئێمە دەکەن و ئەگەر بمانەوێت ئاسۆمان گەش و ئایندەمان مسۆگەر
بکەین، دەبێت دوور لە دەمارگیری حیزبی بڕیار لەسەر مەسەلە
چارەنووسسازەکان بدەین، چونکە ئەمجارە بچووکترین هەڵە کارەساتی گەورە
بە شوێن خۆیدا بۆ کورد دەهێنێت!
راستە ئێمە لە هەرێمی کوردستاندا بێ کەم و کوڕی نیمان، لەوەیش راستتر،
بە نێرینی زۆر تەسک و گومانەوە لە یەکتری دەنواڕین، بەڵام دەبێت لە
چرکە ساتی وا هەستیاردا بیرۆکەی " الاقربون اولى بالمعروف " پراکتیزە
بکەین، چونکە کێشەکان نێو خۆیین و ئەمڕۆ نا سبەی چارەسەر دەکرێن، بەڵام
هەر هەڵەیەک لە بەرانبەر کێشەی کورد ئەنجام بدرێت، بە خوێن لە سەر ئەم
میللەتە خێر لە خۆ نەدیتووە دەکەوێت، بۆیە دەبێت ئێمە لە سۆنگەی ئەم
واقیعەوە بەراورد لە نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی
عێراقدا بکەین، نەک پاکانەی بێ بنەماو قسەی سواو؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|