|
٩\٤\٢٠٢٦
لە نێوان
خۆشەویستی و خوێن
هەناسەیەک لە
سێبەری مردندا!

رەوا حەمەجان
لە هەر کۆمەڵگایەکدا یاسا سەروەر نەبوو دابوونەریتی خێڵ و عەشیرەت
کۆمەڵگا بەڕێوەدەبەن، توندوتیژی خێزانی و کۆمەڵایەتی تێیدا بڵاو
دەبێتەوە، تاک و کۆمەڵ لەبەری پەنابردن بۆ یاسا خۆیان دەبن بە دادوەر و
یاسا دەردەکەن بۆ کێشە و گرفتەکانیان.
لە کۆمەڵگای باشوری کوردستان بە هووی نەبوونی یاسا سەروەری و دەس
باڵایی خێڵ و عەشیرەت، بە بەردەوامی گوێبیستی هەواڵی شەڕو کێشەی
کۆمەڵایەتی و هەرەشەی کوشتن و تەنانەت کوشتنیش دەبینەوە، لە هەمووی
خراپتر ئەوەیە کە پەنابردن بۆ چارەسەری کێشە و ناکۆکیەکان لە دەرەوەی
یاسا هەر ئەوە نیە کەسی توومەتبار تووشی کێشە بوبێت بەڵکو زۆر جار
کەسانی بێتاوان توومەتبار دەکرێن و دەکەونە ناو چەقی کێشە و
گرفتەکانەوە، بەبێ ئەوەی هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەقینەیان بە بنەڕەتی
کێشەکەوە هەبێت.
لە خوارەوە چیرۆکێکی راستەقینەتان بۆ دەگێڕمەوە سەبارەت بە
تاوانبارکردنی بەناحەق و بڕیاردان لە سەر چارەنووسی خەڵک بەبێ دادگا و
بەبێ بوونی بەڵگە.
چیرۆکێک بە هێواشی دەست پێدەکات، بەڵام بە دەنگی هاوار کۆتایی دێت،
چیرۆکی ئاکۆ یەکێکە لەو چیرۆکانەی کە مرۆڤ دەحەپەسێت لەوەی بەبێ هیچ
تاوانێک ژیانی بە تەواوەتی دەکەوێتە مەترسیەوە و دەبێت لە نێوان مردن و
کۆچدا یەکێکیان هەڵبژێرێت.
لە ساڵی (١٩٩٨)، لە گوندی رەبەندە لە رۆژهەڵاتی کوردستان (ئێران)،
منداڵێک لە دایک دەبێت ناوی لێ دەنرێت ئاکۆ، منداڵێک بە دڵێکی پاکەوە
بە چاوەی پڕ لە هیواوە لە دایک دەبێت، بەڵام نازانێت داهاتوو چی بۆ
هەڵگرتووە.
لە تەمەنی ٦ ساڵیدا، لەگەڵ خێزانەکەی بەرەو باشوری کوەدستان (عێراق)
کۆچ دەکەن.
ئەو کاتەی تەمەنی ئاکۆ دەبێت بە (١٠) ساڵ، بە یەک چرکە، هەموو شتێکی
ژیانی سەرەوژێردەبێتەوە، کاتێک دایك و باوكی لە رووداوی هاتووچۆدا گیان
لەدەست دەدەن، ئیتر بەم شێوەیە بێبەش دەبێت لە خۆشەویستی دایک و باوک
وژیانی منداڵی.
ماڵی پووری بوو بە شوێنی ژیانی نوێی، لە گەڵ منداڵەکانی پووری ژیانی
دەکرد، یەکێک لە منداڵەکانی پووری بەناوی ( هە) هەرزوو بوو بە نزیکترین
هاوڕێی و هەمیشە پێکەوە بوون.
بەم شێوەیە ژیانیانکرد تا گەورەبوون، (هە) کەوتە داوی خۆشەویستی لە گەل
ژنێک بەناوی( ن) کە ژنێکی هاوسەرداربوو چەند منداڵێکی هەبوو،
خۆشەویستییەکی قەدەغەکراو درووست بوو لە نێوان (هە،ن) کە لە سێبەری
ترسدا دەگوزەرا.
ئاکۆ، هاوڕێی کوڕەکانی (ن) بوو زۆرجار سەردانی ماڵی (ن) دەکرد، بە بێ
هەڵبژاردن، دەبێتە نێوانگێر لە نێوان(هە، ن) نامە و قسەی لە نێوانیاندا
دەگواستەوە، بێ ئەوەی بزانێت ئەم کارە رەنگە ژیانی بگۆڕێت.
ساڵی ٢٠١٤، پەیوەندی نێوان(هە،ن) ئاشکرا دەبێت،(هە،ن) رووبەرووی لێدان
و سوکایەتی وتەنانەت هەوڵی کوشتنیش دەبنەوە هەر ئەمەش نە بەڵکو لە
ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٥، ئاکۆ دەگیرێت لەلایەن (ف)ی هاوسەری (ن) و برایەکی
(ن) بە توندی لێی دەدەن، ئازاری دەدەن، هەوڵ دەدەن بە زۆر دان بەوەدا
بنێت کە هاوکار و نێوەندگیری نێوان(هە،ن) کردووە.
پاش ماوەیەک (ن) منداڵێکی کوڕی دەبێت ، بەڵام ئەم منداڵە هەڵگری
نهێنییەکی قورس دەبێت.
(ف)ی هاوسەری (ن) گومان دەکات کە ئەم منداڵە هی ئەو بێت داوادەکات کە
پشکنینی (دی ئێن ئەی) بۆ بکەن، لە پشکنین دەردەکەوێت کە منداڵەکە لە
(ف) نیە بەڵکو منداڵی (هە)ە، بەم شێوەیە هیچ چارەیەک نەمایەوە بۆ(هە،ن)
و تەنانەت ئاکۆیش جگە هەڵاتن، بە دڵێکی شکاو و جەستەیەکی ئازاردراو
دوای گەشتێکی سەخت، دەگەنە وڵاتی بەریتانیا.
بەڵام هەندێک شت هەرگیز لە بیر ناچن. هاوارەکان، ئازارەکان و ئەو
شەوانەی کە نزیک بوو ببێتە کۆتاییان.
ئاکۆ، دوای ساڵانێک لە ترس و ئازار و بێدەنگی، گەیشتە ئەو شوێنەی کە
هیچ ڕێگایەکی تر نەما، نە یاسا هەبوو بۆ پاراستنی، نە کۆمەڵگەیەک کە
بتوانێت پەنای بۆبەرێت. لە کاتێکدا کە بێتاوانییەکەی دەبوو بە تاوانێک
بەرامبەر ئەوانەی دەیانویست بیکوژن، ناچار بوو هەڵبژاردن بکات، مانەوە
لەگەڵ مەترسیی مردن، یان کۆچکردن بۆ نەزانراو. ئەو کۆچی هەڵبژارد،
بەڵام کۆچ هەمیشە مانای رزگاربوون نییە، زۆرجار تەنها گواستنەوەی
ئازارە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر.
ئەم چیرۆکە کۆتایی نییە، چونکە ئاکۆ تەنها یەک ناو نییە، بەڵکو نموونەی
هەزاران کەسە کە بەبێ تاوان دەکەونە ناو کێشەکان و ناچار دەبن لە نێوان
مردن و کۆچدا هەڵبژاردن بکەن.
لە کۆتاییدا ئەو پرسیارە هێشتا بە بێ وەڵام ماوەتەو؛ کاتێک بێتاوانی
نابێتە پاراستن، یاسا بێدەنگە و کۆمەڵگەش تەنها تەماشاکارە. کێ
دەتوانێت ژیانی مرۆڤ بپارێزێت؟
rawahamajan8@gmail.com
|