په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٦\٢٠١٣

لە پاگەندەی (کۆمونیست)بوونەوە بەرەو (پان- ناسیوناسیونال- فێمینیزم).


ھەژێن

- بەشی دووەم -


خوێنەری ھێژا، ئەم نووسینەی بەردەستتان، ڕەخنەیەکە لە ئایدیۆلۆجیای فێمینیزمی بۆرجوازی، کە چەند ساڵێکە ژنانێک بەناوی ڕزگاری ژنانەوە، بە شێوازی جۆراوجۆر دەخوازن لەنێو بزووتنەوەی یەکسانی و ڕزگاری ھەمەلایەنەی ژنان و پیاواندا، بەرجەستە و جێکەوتەی بکەن. ھەرچەندە لە ساڵانی ڕابوردوودا بە وەڵامدانەوەی چەند کەسێک لەو ژنانە و تەنانەت پیاوانێکیش، کە وەک ھەوڵی فریوکاریی یا چاولێگەریی لەو بارەدا قۆڵیانلێھەڵماڵیوە، بۆچوونی خۆمم دەربڕیووە، بەڵام لەبەرئەوەی کە بابەتەکەی خاتوو (ھۆزان مەحموود، فۆبیای فێمینیزم لە کوردستان) فرەتر دێوجامەکەی تەنکتر و لیتەی ئایدیۆلۆجیاکەی خەستترکردووەتەوە، بەپێویستمزانی، وەک نۆژەنکردنەوەی بۆچوون و ڕەخنەکانی خۆم و خستنەڕووی ئەو گۆڕانە شێنیییانەی کە لە بیرکردنەوەی خۆشمدا سەریانھەڵداوە، لەتەک نووسەر و خوێنەراندا بکەومە ئاڵووێری بۆچوون و پێگەییشتنە نوێیەکان.

" ئه‌م جۆره‌ بیرکردنه‌وه‌ و پرسیارکردنه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ بیر له‌ تێکشکاندنی چین وڕێگری و سنورداریە ‌جێنده‌ریه‌کان بکرێته‌وه‌. "

جێگەی خۆیەتی بپرسین مەبەست لە " تێکشکاندنی چین " چین، چییە؟ ئایا دەرھاویشتنی ژنانە لە نێو چین و توێژە کۆمەڵایەتی و پرۆلیتێرییەکان و چێکردنی قەوارەیەی ڕەگەزییە لێییان، ھەر ئەو کارەی کە زایۆنیزم لە ئایینی جوولەکە، نەتەوەی دروستکرد؟ من ناتوانم لەوە زیاتر لە تێکشکاندنی چین، تێبگەم، ئەوەش بنەمای سەرەکی ھەموو ئایدیۆلۆجیاکانە و بەو جۆرە دەسەڵات بۆ چین و توێژ و دەستەبژێرێک مسۆگەردەکەن!

ئەی مەبەست لە " سنورداریە ‌جێنده‌ریه‌کان " چییە، ئایا ژنان وەک ڕەگەزێک زیندەبەچاڵدەکرێن و لەبەردەم مەترسی سڕێنەوەی ڕەگەزییدان؟ یا ئەم دەستەواژانە وردەبەردی نێو کەڵەکن و ڕۆڵیان تەنیا پڕکردنەوەی بۆشایی ڕستەکانە؟

با کەمێک بگەڕێمەوە سەر ئەزموونی کارکردنی ئایدیۆلۆجیای زایۆنیزم، کە چۆن نەتەوەی دروستکرد و ئەو ئامانجەی کە بەدوایەوە بوو، چی بوو؟ ئەوی خوێندنەوەی بۆ مێژووی بزووتنەوەی کرێکاری و سۆشیالیستی جیھان لە پێش جەنگی جیھانی یەکەمەوە تا دەمی جەنگی جیھانی دووەم، ھەبێت، ئەوە دەزانێت، کە چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاریی و سۆشیالیستیی جیھان بەگشتی و ئەوروپا بەتایبەتی و ڕێکخراوترین بەشی کرێکاران، کرێکارانێک بوون، کە لە بنەماڵە جولەکەکانەوە ھاتبوون، بەڵام بە کورترین ماوە، بەھۆی تەشەنەپێدانی ئایدیۆلۆجیای زایۆنیستی و ڕەخساندنی ھەلی دەربازبوون لە کەلاوەکانی جەنگ لە ئەوروپا بەرەو (فەلەستین/ ئیسرائیل) و بەرێکەوتنی وەھا کۆچێک، نەک خۆیانی لە خەبات و داوا ڕەواکانیان، دوورخستەوە و لە کۆمیونیتییە تازە ناتەباکاندا جێگیری کردن، بەڵکو بزووتنەوەی کرێکاری و سۆشیالیستی کە تەنیا مەترسییەک بوو بۆ سەروەریی چینایەتی براوە و دۆراوەکانی جەنگ، تووشی تێکشکانێک کرد، کە ھێشتاکە لەژێر باریدا پشتی ڕاستنەکردووەتەوە!

بەڵێ ھەموو ئایدیۆلۆجیایەکی دەسەڵاتخواز، پشت بەو ئەزموونانە دەبەستێت، کە سەروەریی چینایەتی لەپشت سەرییەوە کەڵەکەیکردوون و بۆی بوونەتە خەزێنە و سامانی چینایەتی. پان-فێمینیزم یا فێمینیزمی بۆرجوازیش، بە ھەمان ئاقاردا دەڕوات و ھەمان ئامانجی لەپێش خۆی داناوە، ساڵانی نەوەدەکان لە کوردستاندا خاوەنی بزووتنەوەیەکی یەکسانیخوازانە [بە ھەموو لاوازیی و ناڕۆشنییەکانیییەوە] بووین و پیاوان زۆرتر لە ژنان خەریکی چالاکیکردن بوون لەپێناویدا، بەڵام چەند ساڵێکە [ھەرچەندە لاواز] ئەو بزووتنەوە بەھۆی دژایەتی پیاو و گێڕانەوەی ڕیشەی ستەم لە ژنان، لەلایەن فێمینیستانی دەسەڵاتخوازەوە، بۆ ئەستۆی پیاو، سڵەمینەوەیەک لەنێو پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخوازدا بەرامبەر بزووتنەوەی ژنان دروستبووە و لەوەش خراپتر فێمینیزمی بۆرجوازی زەمینەی بۆ سەرھەڵدان و ھێزگرتنی بزووتنەوەی کۆنەپەرستانەی ڕەگەزپەرستیی لەنێوان پیاواندا ڕەخساندووە. بەڵێ ئەوە ئەو ئامانجەیە، کە فێمینیزمی بۆرجوازی لە دوویەتی و کاری بۆدەکات، ئەویش لێکدابرانی ڕیزی خەباتکارانەی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و ناڕازییە و دابەشاندنیانە بەسەر بزووتنەوەی ڕەگەزپەرستانەی پیاوان و ژناندا، کە دواجار دەسەڵات و دەستەبژێرە دەسەڵاتخوازەکان براوەی دەبن.

لێرەدا بەپێویستی دەزانم، ئاماژە بە دوو نموونە بدەم، یەکەم ڕۆڵی ژنانی کرێکارە لە ڕاپەڕینەکانی جیھاندا بە دیاریکراوی کۆمونەی پاریس و ئۆکتۆبەری ١٩١٧، بەتایبەت ئەمەی دواییان، ئەوە مانگرتنی کارخانەکانی ڕستن و چنین بوون، بوون بە چەخماخەی سەرکەوتنی ئەو ڕاپەڕینە. دووەم، خۆپیشاندانەکانی ھەشتاکانی سەدەی ڕابوردوو لە ھەرێمی کوردستان دژی ڕژێمی بەعس، کە ئەگەرچی ھەژماری ژنان تیایاندا کەم بوو، بەڵام دەرکەوتنی کچان لە ڕیزی پێشەوەدا ورە و جەربەزیی بە پیاوان دەبەخشی. لەبیرمان نەچێت، ھۆکاری ئەو ئامادەیی و کاریگەرییبوونە لە ئۆکتۆبەری ١٩١٧دا، ئەوەبوو کە فێمینیزمی دەسەڵاتخواز بوونی نەبوو. ھەروەھا لە کوردستانی ھەشتاکانی سەدەی ڕابوردووشدا کەس ناوی نەبیستبوو، بۆیە ژنانێکی خەباتکار، شانبەشانی پیاوان سنگیان بە گولەوە دەنا، بە پێچەوانەی ژنانێکەوە، کە ئەمڕۆ لە سایەی "دەسەڵاتی خۆماڵی"دا خەریکی موتوربەکردنی ئایدیۆلۆجیای دەسەڵاتخوازیی دەستەبژێریین لەنێو بزووتنەوەی یەکسانیخواز و ڕزگاریخوازیی ژناندا. بەم جۆرە دەبینین، ژنان لەو ساتە مێژووییانەدا توانیویانە وزە و ئامادەیی شۆڕشگێرانەیان بسەلمێنن، کە ئامێتەی خەباتی کۆمەڵایەتی بوون و لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاک بوون، بەڵام ئەمڕۆ، بە پێچەوانەوەی ئەو ساتانەوە، ژنان بکەر نین و کراونەتە بەرکار، چ بە پاشکۆیی بۆ پارتەکان و بزووتنەوە ڕامیارییەکان و دەسەڵات، چ بە پاشکۆییان بۆ ژنانی دەسەڵاتخواز!

فێمینیزمی ڕەگەزپەرست (دژەپیاو) وەک کاردانەوەی ناھوشیارانەی ژنانی ناڕازی، دیاردەیەکی تازە نییە و ھەردەم لە تێڕوانینە گشتگیر و ستریۆتیپەکاندا ئامادەبووە و لە یاداوەریی ھەموومان و لە ئێستاشدا ڕۆژانە ئەم دەستەواژانە زۆر دەبیستینەوە "پیاوان، ھەموو ھەر ئاوان"، "پیاوان، چاکیان تێدا نییە"، " پیاوان، وان " و وا و وا ... تد. ئەمە سەرەتاکانی فێمیزمی دژەپیاون، کە بەرھەمی ناھوشیاریی و تێڕوانینی کورتبینانەی جێکەوتەن و زەمینەسازی فێمنیزمی دەسەڵاتخوازن، ئەوەی کە ئەمڕۆ دەخوازێت، ھەموو ئەو نایەکسانییانەی کە دەسەڵاتی کولتووریی و ڕامیاریی چێکەر و ڕاگریانن، بۆ پیاو بگێڕێتەوە و ئاراستەی خەباتی ژنانی ئازادیخواز لە دژە-سەروەرەوە بۆ دژە-پیاو، وەربگێرێت!

بە بۆچوونی من لە باری یەکەمدا، ئاساییترین و سروشتیترین کاردانەوەی ناھوشیارانەیە، بەڵام لەوێدا کە دەبێتە زەمینەسازی میکانیزمەکانی جیاخوازیی و سەرھەڵدانی توندوتیژی و دواتر ھەڵخڕاندنی لەلایەن ژنانی دەسەڵاتخوازەوە، ئیدی لە کاردانەوەی ناھوشیارانەی نارازییانەوە دەگۆڕدرێت بۆ ئایدیۆلۆجیای جیاوازیساز، کە بێجگە لە خزمەتکردن بە درێژبوونەوەی دەسەڵاتی کولتووریی و دەسەڵاتی ڕامیاریی و سەروەری ھەندێک بەسەر ھەندێکی دیکەدا، ھیچی دیکە بەرھەمناھێنێت و ژنان لە سایەیدا ھیج یەکسانی و ڕزگاریی و سەربەخۆییەک مسۆگەر ناکەن، بەپێچەوانەوە، ئاو بەو ئاشەدا دەگەن، کە ڕەگەزپەرستیی پیاوان، چەند سەدەیە خستوویەتییە گەڕ، بەتایبەت لەو کاتەوەی کە ئەو ڕەگەزپەرستییە ڕامیارییکراوەتەوە و پێکھاتە ڕامیارییەکان وەک ئامرازی پاراستن و درێژەپێدانی، کاری بۆ دەکەن و برەوی پێدەدەن!

" ژنی کورد له‌ باشوری کوردستان له‌ 22 ساڵی ڕابردوه‌وه‌ توانیوه‌یه‌تی ڕێکخراو بیت. زۆرێک له‌م ڕێکخراوانه‌ به‌ ده‌ست پێشکه‌ری پیاوان وته‌نانه‌ت پڕۆگرامه‌کانیشیان له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه‌ بۆ ده‌نوسرا.. "

پێشتر وەڵامی پرۆگرامنووسینی ڕێکخراوەکان لەلایەن خودی ژنانەوە، دایەوە، کە ناتوانێت مەرجی سەرەکی سەربەخۆیی و ڕادیکاڵبوونیان بێت. بەڵام حەزدەکەم لە خودی نووسەر بپرسم، ئەی چۆن بوو خودی (ئەو) ٢٠ ساڵ لەو ٢٢ ساڵەدا، ملی بە پرۆگرامە ئامادەکراوەکانی پیاوان دا و بە ھەموو شێوەیەکیش داکۆکی لەسەر دەکرد و تەنانەت ئەگەر پیاوێکی ھوشیار و ڕادیکاڵ ڕەخنەی لە پرۆگرامی پارتەکەی و ڕێکخراوە بەناو ژنییەکانی بگرتایە، ئەوا ئەو بە دوژمنی چینایەتی و دوژمنی کۆمونیزم خەتاباری دەکرد، کەچی ئەمڕۆ ھەر شتێک کە پیاو نووسەری بێت، یەکسەر دژی ژنە؟

بەپێچەوانەی تێڕوانینی فێمینیزمی دژە-پیاوەوە، لە مێژووی کوردستاندا یەکەمین ھۆنەرانێک، یەکەمین چیرۆکنووسانێک، یەکەمین نووسەرانانێک، یەکەمین ئەکتەرانێک، یەکەمین خەباتکارانێک، کە بانگەوازی یەکسانیان کردبێت، ئەوا پیاو بوون و بەپێی دەرک و ھوشیاریی و ڕۆشنبیریی سەردەمەکەیان و بواردانی کولتووری کۆمەڵەکەیان، وێنای خۆیان بۆ یەکسانی ژن و پیاو خستووەتە ڕوو!

" به‌ڵام ده‌بینین پرسی ژنی کورد هێشتا له‌ نه‌بوونی فیکر و تیۆری فێمینیستی و هۆشیاری یه‌کی ژنانه‌ ده‌ناڵێنێ. وه‌ جۆرێک له‌ چه‌ق به‌ستویی فیکری و سیاسی هه‌ست پێ ده‌کرێ "

ھەرچەندە پێشتر وەک سەرەتایەک وەڵامم بەو ناڕۆشنییە لەمەڕ خەبات و چۆنیەتی سەرھەڵدانی خۆھوشیاریی تاک و جڤاک، دایەوە، بەڵام دیسانەوە ناچارم، کۆدی شاراوەی پشت ئەو پەیامەی سەرەوە، بخوێنمەوە، کە دەڵێت " بزووتنەوەی ڕزگاری ژنان پێویستی بە تیئۆریی فێمینیستی ھەیە، کە ئەویش زادەی ئەوروپایە". بەپێی تیۆرییەکانی کۆمیونیکەیشن، کۆدی شاراوەی نێو ئەم پەیامە، لە بارەی خۆدەرخستنی کەسی قسەکەرەوە، ئەوەیە کە نووسەر دەیەوێت بە ژنانی خوێنەر بڵێت "من، ھەم بەپێی شارەزایی زمان و ھەم بەپێی ژیانم لە ئەوروپا، دەتوانم ئەو پەیامبەرە بم، کە فریاتان بکەوم، من تیئۆرییەکانی فێمینیزم ئاشنام، دوای من بکەون، ڕزگاربوونتان مسۆگەرە!".

ئەمە بەدبەختییەکە بۆ خۆی. لەو لاوە ژنانی ژێردەست بە گیان و جەستە و بیر، ڕۆژانە دەرگیری خەبات و بەرەنگاربوونەوەی سەرکوتگەرییە خێزانی و کولتووری و ئابووری و ڕامیارییەکانن، کەچی ژنانێکی لەخۆباییبوو، لە ئەوروپاوە، پێیانوایە، ڕزگاری ژنان بە ڕامیاریی و وەرگێڕانی چەند تیئۆرییەکی دەرخکراو، مەیسەر دەبێت و ژنان بەخۆیان بەبێ ڕابەرانی ڕامیارباز، توانانی بیرکردنەوە و خەبات و دۆزینەوەی ئامرازەکانی خەباتی خۆیان نییە! ھەر وەھا پووچگەراییەک بوو، کە پارساڵ وای لە ژنێکی خۆبەرابەرزان کرد، کە پێش ئەوەی لە وڵاتی (سوێد)ەوە بگەڕێتەوە کوردستان، پەیامێکی لەم چەشنە بڵاوبکاتەوە "ئەوا من دەگەرێمەوە کوردستان، ئەمە ژمارە تەلەفۆنەکەمە، ئەوی قسەدەکات و دەیەوێت خەبات بکات، با پەیوەندیم پێوەبکات ! ". ئەمە پووچگەرایی ڕامیاریی و بیرکردنەوەی دەستەبژێری سەروەرییخواز و خەڵک بەگێلزانە، ئەمە دەردێکی کوشندەیە، کە ژنانی ئازادیخوازی دەھەی نەوەدی سەدەی ڕابوردوو، بەھۆی ڤایرۆسی ئایدیۆلۆجیای فێمینیزمی دەسەڵاتخوازەوە، تووشی بوون. بە بۆچوونی من یەکەم کەسانێک، کە پێویستیان بە ھاریکاری و فریاکەوتن ھەبێت، ئەوا خودی کەسانی دەستەبژێر و دەسەڵاتخواز و خۆبەڕابەرزانن، کەسانێک کە تووشی نەخۆشی خۆشەیدایی (نارسیزم - Narcissism) و سۆپەرمرۆڤی بوون!

بەڵێ منیش ھەست بە چەقبەستوویی ھزریی دەکەم، بەڵام ھۆکارەکەی ئاشنانەبوونی ژنان بە تیئۆرییە ئەوروپییەکانی پان-فێمینیزم نییە، بەڵکو ناسەربەخۆیی ژنانی ناڕازی و ڕزگاریخواز و یەکسانیخوازە وەک تاک، ملکەچییانە بۆ پێکھاتەی قوچکەیی ڕابەر و ڕابەریکراو، کە ھیچ جیاوازییەکی لەتەک خێڵ و خێزانی کورددا نییە، کوشتنی متمانەی ژن وەک تاک بەخۆی؛ ھەم لە پرۆسێسێکی مێژوویدا و ھەم لەلایەن دەستەبژێری دەسەڵاتخوازی نێو ڕێکخراوە بەناو ژنییەکانەوە، سەرباری ئەوانەش چاوەڕوانڕاگرتنی ژنان، بەوەی پەیامبەرە تازە پان-فێمینیستەکان، لە ئەوروپاوە تیئۆری و ھوشیارییان بۆ دەھێنن ! ئا ئەمەیە، بەدبەختی و ڕێگر و ھۆکاری چەقبەستنی ھزریی بزووتنەوەکە!

وەک وتم، خۆھوشیاریی بەرەنجامی ئەزموونگیری بەردەوامی کۆڕی خەباتە و لە دەرەوەی خەباتی جەماوەریی خودی ژنان یا کرێکاران بوونی نییە و ئەگەر ھەشبێت، ئەوا دژە و ئامانجی دەستەمۆکردنی لە پشتەوە وەستاوە ! ھیچ کەس ھێندە نانەوایەک لە نانکردن نازانێت، ھیچ کەس ھێندەی جوتیارێک لە کشت نازانێت، ھیچ کەس، ھێندەی خودی کرێکاراێک، یا ژنێک لە ستەم تێناگات و دەرکی شێوازی خەبات و چەکە کاراکانی ناکات!

من دەتوانم، لەوە تێبگەم و دەرکی ئەوە بکەم، کە بۆ ئەندامانی گۆشکراوی پاگەندەی ناکەتوارییانەی پارتەکان، کاتێک کە دەگەڕێنەوە کوردستان، یەکسەر تووشی شۆک دەبن و شەپۆلی دەسەڵاتخوازیی ڕاپێچیاندەکات. داوای لێبورد لە خوێنەر دەکەم و ھیوادارم نووسەریش ئەمە بە ھێرش و فشارێکی کەسیی لێوەرنەگرێت.

کاتێک کە پارتەکەی نووسەر، لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابوردوودا، لەسەر بنەمای ڕاپۆرتێکی ھەڵە کە بە ڕابەرەکەیان درابوو، خۆیان لێبووبووە ھێزی سێیەمی سەردەمی جەنگی نێوخۆیی ینک و پدک، بەڵام کاتێک کە بەشداری ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی پارێزگەی سلێمانیان کرد، تەنانەت ئەندامانی خێزانەکانی خۆشیان دەنگیان پێنەدابوون. وەھا سەرەنجامێک تووشی شۆکێکی کردن، کە بۆ ھێزگرتنەوە، ناچار دەستییان بە پشتێونەکەی (دکتۆر مەحموود عوسمان)ەوە گرتبوو و ھەفتانە وەک ھەنگوینیان لە کونەداردا دۆزیبێتەوە، کۆڕیان بۆ دەگێڕا.


ھەروا کاتێک کە دەسەڵاتی بەعس کۆتاییھات، ڕ‎ایانگەیاند، کە ستەمی نەتەوەیی کۆتاییھاتووە و یەکسەر ڕوویان لە خوارووی عیراق نا و کەوتنە پاگەندە بۆ سکیۆلاریستبوونی کۆمەڵگەی عیراق و ملنەدانی خەڵکی عیراق بە ئیسلامییەکان و مەزھەب، بەڵام کاتێک شەقی ڕۆژگار بۆی سەلماندن، کە دونیا بە پاگەندەسازی ناگۆڕێت، ئەندامانی بەدبەخت دیسانەوە تووشی شۆک بوونەوە و ناچار گەڕانەووە سەر قەوانە کۆنەکەی جارانیان (ڕیفراندۆم) و پارتێکی دیکەیان بەناوی کوردستانەوە، قوتکردەوە! دیسانەوە ئەم جارەش بۆ ڕاکێشانی خەڵک و فریودانیان بە پارتایەتی، کەوتنەوە لێدانەوەی قەوانی سکیولاریستبوونی کۆمەڵگەی کوردستان و ئەوەی جێگەی مەلا و مەزھەبی تێدانابێتەوە. بەڵێ لەم بارەدایە، کە نووسەر بەنیازی بەرپاکردنی شۆڕشێک لەنێو ژنان لەتەک کۆمەڵێکی دیکە، دەگەڕێتەوە کوردستان، بەڵام ڕووبەووبوونەوەی لەتەک کەتوار و باری ھوشیاریی تاک و کۆمەڵگەی کوردستان، تووشی شۆکێکی ئاوای دەکات، کە دەسەڵاتی بۆرجوازی کورد بە "دەسەڵاتی خۆماڵی" بناسێت و پشت لە کۆمونیزمەکەی بکات. چونکە بەھەمان تێڕوانینەوە، کە پێیوابوو، کۆمونیزم داھێنراوی مارکس و ئەنگلس و لێنین و (مەنسووری حیکمەت)ە، خەریکە سەرچەشمەی ڕزگاریی ژنان بۆ ئەوروپا دەگێڕێتەوە و ئازادیخوازیی ژنانیش بە ئایدیۆلۆجیای پان-فێمینیزمی ئەوروپییەکان، وابەستەدەکات.


" یەکەم : ژنانێک که‌ پرسی ژن ده‌که‌نه‌ به‌شێک له‌ پرۆژه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و ڕزگاری نه‌ته‌وه‌ تێڕوانینێکی ئێجگار پیاوانه‌یان هه‌یه‌ بۆ پرسی ژن. ئه‌مانه‌ پێیان وەهایه‌ ماف و ئازادی ژنان ده‌سته‌به‌ر ناکرێ و مه‌حاڵه‌، تاوەکو نه‌ته‌وه‌ی کورد نه‌بێته‌ خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت. "


منیش پێموانییە، کە پرسی ڕزگاری ژنان و یەکسانی ھەمەلایەنەی ژنان و پیاوان، وابەستەی پرسی ڕزگاری نەتەوەیی بێت، ھەرچەندە ھەبوونی ڕزگاری ھەر یەکەیان کارایی لەسەر ئەوی دیکەیان دادەنێت، بەتایبەت ڕزگاری ژنان لە ڕووی کولتووری و خۆھوشیاریی تاکەوە، کاراییەکی زۆر لەسەر ئامادەنەبوونی تاکی کۆمەڵگەی ژێردەستە بۆ ملدان بە داگیرکار، دادەنێت. بەم جۆرە، لەبەرئەوەی کە پرسەکە دەگەرێتەوە سەر ویست و ئامادەیی تاک بۆ ڕزگاربوون و ھەموو ڕزگاربوونێک لە تاک و لە دەروونی تاک و لە خوارەوەی کۆمەڵگەوە، کە تاک کۆڵەکە و بچووکترین یەکەیەتی، دەستپێدەکات، کەواتە مەرجی ڕزگاربوونی تاک، ئازادی خودیی تاک و ئامادەیی و شۆڕشگێڕانەی تاکە بۆ ڕزگاربوون، نەک پێچەوانەکەی؛ ئیدی ئەو ڕزگابوونە ڕزگاری ژنێک بێت یا ڕزگاری کرێکار و جوتیار و خوێندکار و منداڵ و کەمئەندام و خانەنشینێک بێت لە نایەکسانی ئابووریی و پلەدوویی پێگەی کۆمەڵایەتی و کۆیلەتی سیستەمی ڕێکخستن و سیستەمی پەروەردە و خوێندن و بەرێوەبەرایەتی.


بەپێچەوانەی بۆچوونی نووسەرەوە، ئەو تێڕوانینە پیاوانی نییە. چونکە یەکەم، گشتگیرکردنی تێڕوانێک بەسەر گشت پیاواندا، لە بیرتەنگی ڕەگەزپەرستانەی فێمینیزمی دەسەڵاتخوازەوە سەرچاودەگرێت، دووەم، ئەوە تەنیا پرسی ڕزگاری ژنان و تەنیا کۆتایی ستەم لە ژنان نییە، کە پارتەکان و ڕامیاران و دەسەڵاتداران و ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتخواز بەکۆتاییھاتنی ستەمی نەتەوەیییەوە دەیبەستنەوە، بەڵکو ھەموو پرس و داخوازییەکی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی دیکەی تاکی چەوساوەی ناڕازی، بە داھاتوو دەسپێرن، لەوانە پرسی ژنان، کرێکاران، جوتیاران، خوێندکاران، منداڵان، فەرمانبەران، بێکاران، خانەنیشنان و ..تد پارتەکان و ڕامیاران چ لە سەردەمی شاخ و چ لە ئێستاشدا، چارەسەری پرسەکان بە داھاتوویەکی نادیار دەسپێرن. ئەمەش باشترین بەڵگەی "خۆماڵی" نەبوونی دەسەڵات و نەتەوەیینەبوونی دەوڵەتە ! ئیدی نووسەر دەخوازێت لە پشت دێوجامەی "دەسەڵاتی خۆماڵی" و "دەوڵەتی نەتەوەیی"دا چ پەیامێک بە گوێی ژناندا بدات؟ ئامانجی لە پیاوانیکردنی تێڕوانینی دەسەڵاتداران، چییە؟


" سێهەم: ژنانی کۆمۆنیستیش که‌ پێیان وایه‌ فێمینیزم دژ‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی چینا‌یه‌تی و خه‌باتی کرێکارانه‌. ژن و پیاو نابێت له‌م خه‌باته‌دا جیابن، خۆ ئه‌گه‌ر چینی کرێکار شۆڕشێ کرد ئه‌وا مافه‌کانی ژنان به‌ شێوه‌یه‌کی ئوتۆماتیک حه‌ل ده‌بن له‌ کۆمه‌ڵگادا. وه‌ مافی ژن ته‌نها له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی سۆشیالیستیدا ده‌سته‌به‌ر ده‌کرێ. "
کەس ناتوانێت نکۆڵی لە چەوتی ئەو بۆچوونە بکات، بەڵام دوو شت ھەن، نابێت لەبیرمان بچن، یەکەم فێمینیزم وەک خێوەتی گشتیی ڕەگەزی ژنان نا و دووەم، ھەموو کۆمونیستەکان ئاوا بیرناکەنەوە، من بەخۆم ھەرچەندە کۆمونیست نیم، بەڵام ھاوڕێیانێکی کۆمونیستم ھەن، کە دژی ئەو بۆچوونەن، ھەروەھا لەبیرماننەچێت فێمینیزمی دەسەڵاتخواز (بەدیاریکراوی باڵە بۆرجوازییەکەی) دوژمنی خەباتی سۆشیالیستییە و بەدوژمنکردنی پیاوانیش، ھەر لەپێناو ئەو ئامانجەیە و وەک زایۆنیزم تەنیا ڕۆڵی جیاکردنەوە و دوژمنسازی دەگێڕێت!

ھەروەھا نە کۆمەڵگەی سۆشیالیستی لە شەو و ڕۆژێکی کودەتای پارتی پێشڕەودا سەرھەڵدەات و نە سۆشیالیزمی پارتیی و دەوڵەتیی لەتەک ئازادی و سەربەخۆیی تاکدا دێنەوە! بەڵام دیسانەوە، سەیرە نووسەر ئاوا قساندەکات، ھەروەک وەک بێژی بەخۆی لە دەرەوەی ئەو تێڕانینەوە ھاتبێت! بەڵام ڕاستییەکەی خودی نووسەر دوو دەھەیە، ھەڵگری ئەو بۆچوونەیە و ئەگەر بەتەواوەتیش لەتەکیدا کۆک نەبووبێت، ئەوا بەجۆرێک بێدەنگەی ھەڵبژاردووە و چاوپۆشی لێکردووە. ئایا دەکرێت بزانین، ئەو ھۆکارانە چین، ئاوا لە نووسەر دەکەن، کە وەک شۆڕشەکەی پارتی پێشڕەو، لە شەو و ڕۆژێکدا دونیاکەی خۆی بگۆڕێت و خۆی نەناسێتەوە و ببێتە ڕەخنەگر و ڕەتگەرەی بێبەزیی کتوپڕی کۆمونیزمەکەی؟

ھەڵبەتە ئەوەی لای من جێگەی ڕەخنەیە لە نووسەر، ئەوە نییە، کە وازی لە پارت یا پاشکۆیی پارت ھێنابێت، یا ڕەتکردنەوەی فیمینیزمی مارکسیستی بێت، بەپێچەوانەوە من بۆ وازھێنان لە پارت و کۆتاییھێنان بە پاشکۆیی ئایدیۆلۆجیای پارت، دەستخۆشی لێدەکەم، بەڵام، ھێندەی سەردەمی فێمینیزمە پارتییەکەی، پان-فێمینیزمەکەشی جێگەی ڕەخنەیە، چونکە ھەردوو فێمینیزمەکە دوو فارگۆنی شەمەندەفەرێکن، کە یەک ھێڵی ھاتووچۆیان ھەیە، ئەویش پێکھاتەی قوچکەیی و سەروەریی دەستەبژێری ئابووریی و ڕامیارییە!


" ئه‌م سێ ڕه‌وته‌ سیاسیه‌ی که‌ له‌ کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا کارده‌که‌ن به‌هێز یان لاواز، و ژنانێک که‌سه‌ر به‌و ڕه‌وتانه‌ن له‌ کارو چالاکی و گوتاریاندا ئه‌و خه‌ونه‌ پیاوانه‌یه‌ ڕه‌نگداده‌ته‌وه‌. که‌ تۆی ژن ده‌بیت چاوه‌ڕێ بیت تا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌م ئامانجه، جا ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ی کورد بیت، یان خه‌لافه‌تی ئیسلامی یان سۆشیالیزم ئه‌وا ژنان ئێوه‌ش ئازاد ده‌کرێن. واته‌ ئێمه‌ی پیاوان ئازادتان ده‌که‌ین و پاداشتتان ده‌ده‌ینه‌وه‌! به‌ڵام ژنان ئێوه‌ سوپاسگوزاری ئێمه‌ی پیاو بن که‌ له‌دونیای سیاسه‌تی پیاوانه‌ی خۆماندا جێمان کردونه‌ته‌وه‌. "


بەڵام ئایا پان-فێمینیزمەکەی نووسەر، پەیامێکی دیکەی پێیە، کە لەوانەی سەرەوە جیاوازبێت؟ ئەوە نییە، کە خودی نووسەر، لە دەرەوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان و لە دەرەوەی خۆھوشیاریی تاک و لە دەوەرەی مێژوو بۆ تیئۆری دەگەڕێت و وەرگێڕانی سەرچاوەکانی ئایدیۆلۆجیای پان-فێمینیزم، دەخاتە سەروویی لیستی کاری خۆی یا ھاوبیرانییەوە و وەک تاکە چارەسەر و ڕێگەچارە پێشنیاری دەکات؟!


بۆ من، خاڵی نێوکۆیی ئەو سێ ڕەوتەی سەرەوە، تەنیا چۆنیەتی تێڕوانینیان بۆ چارەسەری ستەمی ژنان نییە، بەڵکو خاڵی نێوکۆییان، پێکھاتەی قوچکەیی ڕێکخستن، پاشکۆکردنی تاک بۆ ڕابەر و سەرکردایەتی، سڕینەوەی ڕۆڵی تاک لە کۆگەرایی قوچکەییدایە، ھەروەھا بەڵێنی سەرخەرمانە، کە ڕزگاریی و ئازادی و یەکسانی ھەمووان بە بەدەسەڵاتگەییشتنی خۆیان دەبەستنەوە ! ئایا نووسەر و ھاوبیرانی لە کوردستاندا شتێکی جیاواز لەوەی پارتەکان و دەسەڵاتیان خستووەتەڕوو؟ تکایە جیاوازییەکان کامانەن؟


بە بۆچوونی من، یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی تاکی چەپگەرا، ئەوەیە، کاتێک کە لە کۆیلەتی خۆی لەنێو ڕێکخستنی قوچکەیی (ھیرارشی) و وابەستەیی و ملکەچی خۆی بۆ کەسانێک بەناوی ڕابەر و ئاوەزی پارت، دادەچلەکێت، یەکەم شت لەجیاتی ئەوەی بێت و ڕەخنە لە ڕابوردووی خۆی بگرێت و لە ڕێگەی ڕەخنەیەکی ڕادیکاڵ و ئاوەزپەسەندەوە بە خۆھوشیارییەکی متمانەدار و جێگیر بگات، دەکەوێتە ھەوڵی شاردنەوە و سڕینەوە و نکۆڵیکردن لەو ڕابوردووی خۆی. ئەمەش ھەردەم ڕووبەڕووی مەترسی خۆھاویشتنەوە نێو قەوارەیەکی دیکەی قوچکەیی یا ئەوەی بەخۆی دەکەوێتە ھەوڵی دۆمینەتکردنی کەسانی دیکە و بەو جۆرە ئەو ڕێچکە نالۆجیکییەی، کە لە ھەرەسھێنانی ئیمپراتۆری بۆلشەڤیکەکانەوە دەستیپێکردوە، نەوە لە دوای نەوە، چەپەکان بە یەکتری دەبەخشن و دەسەڵات و ھێزە دژە-شۆڕشەکان ھێزی کۆمەڵایەتیی لێوەردەگرن!

 

" ئەوەی گرنگەر لێرەدا ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە، کەژنی کوردیش بێ ستراتیژ نین له‌م حیزبانه‌دا، ئه‌وانیش حه‌زبه‌ چێژی پله‌ و پایه‌و به‌شدار بوون له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی پیاواندا ده‌که‌ن. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ڕۆلیان سیمبۆلیش بێت چێژ وه‌رده‌گرن. وه‌ هه‌ندێک جار هه‌ر ئه‌م ژنانه‌ هۆشیارانه‌ یان نا هۆشیارانه‌ زۆر گورزی کوشندە ده‌ده‌ن له‌ خه‌باتی ژنان. له‌ ڕووی فیکری و تیۆری یه‌وه‌ لاوازن، کۆمه‌ڵێک کڵێشه‌ی سیاسی ده‌ڵێن وهه‌ندێک کارو چالاکی ڕۆتین دووباره‌ ده‌که‌نه‌وه‌. ئه‌مانه‌ نه‌یان توانیوه‌ هۆشیاریه‌کی قووڵ له‌لای تاکی کورد به‌ ژن و پیاوه‌وه‌ دروستبکه‌ن. "


نووسەر لەم پەرەگرافەدا چەند پەیام بە ئێمەی خوێنەر دەدات؛ پەیامی یەکەم، " ژنی کورد بێ ستراتیژ نین " و ستراتیژێک کە بۆ نووسەر سەرنجراکێش و پێشنیارە، حەزکردنی ژنانی کوردە لە پلەو پایە و دەسەڵاتداری و بەجۆرێک ئەرێنی دەنرخێنێت، ئەمەش بۆ ستراتیژی فێمینیزمێک دەگەڕێتەوە، کە نووسەر بووەتە ئاڵاھەڵگری.


پەیامی دووەم، " ڕۆڵی ئەو ژنانە سیمبولییە " و ئەمەیان نەرێنی دەنرخێنێت و من وەک خوێنەرێک ئاوا لە پەیامەکە تێدەگەم، کە ئەگەر ڕۆڵی ژنانی نێو پارتەکان، سیمبولی نەبووایە و ڕۆلێکی کارایان ھەبووایە، ئەوا نووسەر ڕۆڵەکەیانی بەرز دەنرخاند، ئەمەش دەکاتە ڕەتنەکردنەوەی پارتایەتی، ھەرچەندە نووسەر چەند دێڕ پێشتر بەڕواڵەت وابەستەیی ڕێکخراوەکان بۆ پارتەکان ڕەتدەکاتەوە. بۆ منی خوێنەری بە سەرنج، ئەمە بانێکە و دوو ھەوا. چونکە کاتێک کە چالاکانی ژنان لە پارتەکاندا، ئەندام بن، زۆر ئاسایی بەپێی پەیڕەوی پارتایەتی لە چەپەوە بۆ ڕاست، دەبێت ملکەچی پەیڕەووپرۆگرامی پارتەکەیان بن، ئەمەش بەواتای ملکەچی ھەموو چالاکی و کردارەکان کە ئەمندامی پارت لە ژیانی ڕۆژانە و کۆمەڵایەتییدا ئەنجامیاندەدات، دەبێت لە خزمەتی ڕامیارییەکانی پارتدا بن، کە دواجار دەکاتەوە پاشکۆیی ژنان و ڕێکخراوەکانی ژنان بۆ پارتی پێشڕەو و قوماندە!


پەیامی سێییەم، " ھەندێک جار ئەو ژنانە ھوشیارانە یا ناھوشیارانە گورزی کوشندە لە خەباتی ژنان دەدەن .... " دیسانەوە، لەبەرئەوەی کە نووسەر پارتایەتی ڕەتناکاتەوە و نایھەوێت لە ڕەگەوە ھۆکارەکانی سازش و پاشکۆیی ڕێکخراوەکان و ژنان ببرێتەوە، تەنیا ھەندێک جار ڕەخنەیان ئاراستەدەکات و نایھەوێت پەردە لەڕووی ئەو ڕاستییە لابدات، کە ھەموو پارتەکان و ژنانێک کە ئەندام و وابەستەی پارتەکان و ڕێکخراو پاشکۆکانی پارتەکانن، ھەموو کاتێک و لە ھەموو گۆشەیەکی ئەم جیھانەدا، ئەوە ئەوانن، کە گورزی کوشندەی یەکەم لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەدەن، وەک خوێنەرێک پێمخۆشە نووسەر نموونەیەکمان بداتێ، کە پارت و ژنانی ئەندامی پارت و ڕێکخراوە پاشکۆکانی پارت، گوزریان لە بزووتنەوەی ژنان نەدابێت و بۆ تاقە جارێک لە بەرژەوەندی و سەرکەوتنی خەباتی ئازادیخوازانەی ژنان، کار و چالاکییان کردبێت ؟!


بە بۆچوونی من ھەر کات چالاکانی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و جەماوەریی بوونە ئەندامی ھەر پارتێک چ چەپ و چ ڕاست، بخوازن یا نا، بە نەچاری دەبێت لە بەرژەوەندی پارتەکەیان ئەو گورزە لە بزووتنەوەکان بدەن، چونکە چالاکی ناسەربەخۆ [ئەندام و لایەنگری پارت و دەوڵەت]، سەربەخۆیی ئەوەی نییە، وەک ھەر تاکێکی ئازاد لە دەرەوەی بازنەی پەیڕەوپڕۆگرامی پارتەکەی، بیربکاتەوە و بڕیاربدات و خەباتبکات!


پەیامی چوارەم، " لە ڕووی تیئۆرییەوە لاوازن و کۆمەلێک کلیشەی ڕامیاریی دەڵێنەوە و ھەندێک چالاکی رۆتین دووبارە دەکەنەوە ... ئەوانە نەیانتوانیوە ھوشیارییەکی قوڵ لەلای تاکی کورد بە ژن و پیاوەوە دروستبکەن .... " سەرنجگەلی لەم چەشنە ھەم لە ڕوانگەی باڵابوونی دەستەبژێرییەوە و ھەم لە ڕوانگەی ڕامیارییەوە ھەڵسەنگاندن بۆ توانای کەسەکان دەکەن و ھەم وردەگلیی و ڕەخنەی ڕواڵەتیین لە دیاردەکان! وەک دەزانین، ڕەخنە لە ڕواڵەت، ھیچ لە کڕۆک ناگۆڕێت، بەڵکو ڕیفۆرمی دەکات، واتە ئەگەر بشتوانێت ببێتە فشارێکی ناچارکەر، ئەوا لە باشترین باردا، دەسەندکاران ناچار بە گۆڕینی ڕواڵەت (فۆرم) دەکات. ئەگەر لەمانەش بگوزەرێن، ئەوا کۆمەڵێک گرفتی دیکە لەو وردەگلییانەدا دەبینین، کە تیئۆری واتە ھۆش بە بنەما دادەنێت و نەبوونی تیئۆری بە ھۆکاری دژەخەباتیان دەزانێت. ئەمەش بۆ گیرۆدەیی و وابەستەیی خودی نووسەر لە دوولاوە بە تیئۆرییەوە دەگەیێنێت، کە لەلایەک خەبات و ناڕەزایەتی بە بەرھەمی ھەبوونی تیئۆرییەوە دەبەستێتەوە، کە ھاوکات ڕێخۆشکەرە بۆ ھاندەرە کەسییەکە، واتە ھۆکاری دووەم، کە خۆی وەک تیئۆریکار یا تیئۆریدار دەبینێت و خۆی وەک سەرچاوەیەک پێشنیاردەکات!


ھەروەھا ڕواڵەتییانە لە ھۆکاری کێشەجوینەوەی ئەندامانی پارت و چالاکی ڕۆتینانەیان دەڕوانێت! ئەو خۆی لەوە لادەدات، کە ھۆکارەکەی بۆ ھەبوونی خودی پارت وەک پێشرەو دەگەڕێتەوە، کە ئەندامانی دەبەنگدەکات و کلێشەییانە پەروەردەیاندەکات و ڕۆڵە مێژووییەکانیان وەک تاک، تا ئاستی کۆمەلێک چالاکی ڕۆتینی ئاھەنگێڕان بەبۆنەی لەدایکبوون و مردنی ڕابەر، دامەزراندنی پارت و دروستکردنی ڕێکخراوە بەناو جەماوەریی و ژنییەکان، شەڕەدەندووک لەتەک لایەنگران و ئەندامانی پارتەکانی دیکە و پاگەندەکردن لە سەردەمی ھەڵبژاردنەکاندا بۆ پارتەکانیان و چوونە نێو بزووتنەوە جەماوەرییەکان بە ئامانجی دەستەمۆکردن و سیخوڕیکردن بەسەریانەوە و ..تد. ھۆکاری گشت ئەمانە، سەربەخۆنەبوونی تاکە، ئەندامبوونی تاکە لە پارتەکان و پاشڕەویی دەستەبژێراندا، ئاوەژوو دیدتنی ھاوکێشەکانە، لنگاوقوچ سەیرکردن و دانانی ھاوکێشەی خەبات و تێئۆرییە، گەڕانەوەیە بۆ خوا وەک سەرچاوەی ئاوەز چ لە شێوەی ڕابەر و چ لە شێوەی پارت و دەوڵەتدا!


کاتێک کە ئەمە ئەرک و ڕۆڵی ئەندامانی پارت [لەم بابەتەدا ژنان] بێت، ئیدی چاوەرێکردنی ئەوەی بتوانن ھوشیاری قوڵ لەلای تاکی کورد بە ژن و پیاوەوە دروستبکەن‎، چاوەڕوانییەکی ناکەتوارییە!


" بیست و دووساڵ له‌م جۆره‌ کارکردن و گوتاره‌ کاتی به‌سه‌رچووه‌، ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێده‌کرێت، بۆشاییه‌‌که‌ بۆ دروستکردنی هۆشیاریه‌کی ژنانه‌. ده‌کرێ ئه‌مه‌ وه‌کو شه‌پۆلێک له‌ کارو چالاکی ژنانه‌ پۆلێنبکرێت و ئیتر سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی شه‌پۆلێکی تر ده‌بینم. ئه‌م جاره‌ به‌ کارو تیۆر و تێڕوانینی ژنان بۆ شیکاری و تیۆریزه‌ کردنی چه‌وسانه‌وه‌و پله‌دووی خۆیان له‌ کۆمه‌ڵگەدا. دوور له‌ مه‌وعیزه‌ و ئامۆژگاری پیاوانی ناو پارتە سیاسیەکان. هه‌ربۆیه‌ش ئه‌و فۆبیایه‌ی که‌ هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌ پرسی ئازادی ژن و فێمینیزم و ته‌نانه‌ت جێنده‌ریش له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتوه‌ که‌، سه‌ره‌تایه‌کی تازه‌ هه‌یه‌‌ و‌ کولتوره‌ جیاکان کاری تێداده‌که‌ن. "


پێش ھەموو شت، حەزدەکەم لە نووسەر بپرسم، کاتێکلە کوردستان ئەو تیئۆرییەی، کە ئەو دەیکاتە گۆچانەکەی موسی، بوونی نەبێت و بزووتنەوەیەک کە ئەو خوازیارییەتی بوونی نەبێت، ئیدی ترس (فۆبیا) لەلای پیاوان چۆن سەرھەڵدەدات و چۆن دەتوانێت بوونی ھەبێت؟ ترس لەو ساتەوە دروستدەبێت، کە نامۆیەک لە کۆمەڵگە [بازنەی کولتوورییدا]دا پەیدابووبێت، بۆ نموونە ترسی تاکی ڕەیسیست لە کەسانی کۆچەر، لەو ساتەوە دەستپێناکات، کە کۆچەرەکان لە وڵاتی خۆیاندا، بۆ ڕەسیستەکان نامۆن، بەڵکو لەو ساتەوە دەستپێدەکات، کە ڕوو لە وڵاتی ڕەیسیستەکان دەنێن، بەتایبەت کاتێک کە خەریکە ھەژماریان ڕوو لە زیادبوون دەبێت! لەسەر ئەم بنەمایە، سەرەتا و کۆتایی دەربڕینەکانی نووسەر بۆ یەکدی پارادۆکسن!


من ئەوەی نووسەر بە فۆبیا ناوی دەنێت، بە کاردانەوەی دەزانم، کاردانەوە بەرامبەر ئایدیۆلۆجیایەکی دژە-پیاو، ئەمەش شتێکی ناھوشیارانەی سروشتی و ئاساییە، چونکە ھەموو بوونەوەرێک کە ھەست بەوە بکات، کە ڕووبەڕووی دژایەتی دەبێتەوە، سەرەتا کۆئەندامەکانی دەکەونە خۆئامادەکردن بۆ بەرگری و پاشان بیری لێدەکاتەوە و دژە-ئایدیۆلۆجیای بۆ سازدەکات، لەم بارەوە دەبینین، کە لە بەرامبەر ژنانی دژە-پیاودا، دەنگی پیاوانی دژە-ژن لە سەرھەڵداندایە و ئەمەش سەنێرگەیەک بۆ سەردەرھێنانی کارگی ژەھراوی چێدەکات!


کاتێک دەتوانین، ئەوە بە فۆبیا ناوبنێین، ئەو ئایدیۆلۆجیەی کە نووسەر بە ڕزگارکەری ژنان ناویدەبات، قسە لە ئافراندنی زەمینەی خۆھوشیاریی یەکسانی ھەمەلایەنەی مرۆڤەکان بکات، ئەو کات دەتوانرێت کاردانەوەی مرۆڤە کۆنەپەرست و دژە یەکسانیخوازەکان، بە فۆبیا ناوببرێت. بەڵام کاتێک کە لەلای پیاوێکی ناھوشیار، لە بەرامبەر پاگەندەی [ھوشیارانە و ناھوشیارانەی] دژەپیاودا، ترس لە ھەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ترس لە دروستبوونی جیایی و ھەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە ناھاوڕەگەزییەکان،دروستدەبێت، ناتوانین بە فۆبیا بەرامبەر ڕزگاریی ژن ناوببرێت!


پان-فێمینیزم، لە جیاتی پاگەندەکردنی ڕزگاری ھەموو تاکەکان لە لیتەی کۆنەپەرستیی و دەمارگریی ڕەگەزیی، خوازیارە کوتەک لە دەستی پیاوان بسێنێتەوە و بیداتە دەستی ژنان، ئەمە ئەو دەنگە تەنکئەندێشەیە، کە پێیوایە، ئەگەر لە کۆمەڵگەدا ژنان لە جێی پیاوان سەروەربن واتە لەجیاتی کۆمەڵگەی پاتریاکی، کۆمەڵگە ماتریاکی ھەبێت، ئەوا سەرکوت و نایەکسانی و ناداوەری نامێنێت و توندوتیژی بەسەردەچێت، ئەمە ھەمان دەنگە کە پێیوایە، ئەگەر لە کۆمەڵگەدا لەجێی پارتێکی ناسیونالیست یا ئایینی، پارتێکی کۆمونیست سەروەربێت یا لەجیاتی چینی بۆرجوا، چینی کرێکار سەروەربێت، ئیدی کۆتایی بە مێژووی چەوسانەوە دێت. ئەمە بەدبەختییە، ئەمە ڕواڵەتگەرییە، ئەمە دۆشدامانە لەبەردەم کەتواردا، ئەمە قوفڵدانە لە بیرکردنەوە ! چونکە تێنەگەییشتنە لە ھۆکاری سەرھەڵدانی سەروەری و پایەکانی مانەوە و ھێزە پارێزەرەکانی ! لە بارێکی ئاوادا، زۆر ئاساییە، کە پیاوانی ناھوشیار و تێنەگەییشتوو لە بنەما ئایدیۆلۆجییەکانی پان-فێمینیزم، وەک سروشتیترین کاردانەوەی دوور لە تێڕامان و ئەزموونگیری، بکەونە خۆ و پێکھاتەی دژ لەسەر ھەمان کێش و سەروا بۆ بەرگری لە خۆیان دروستبکەن و بەو کارەش بازاری کۆمەڵێک دەسەڵاتخوازی دیکە گەرمبکەن، ھەروەک چۆن ناسیونالیزمی کورد لە بەرامبەر ھێرشی ناسیونالیزمی داگیرکەردا، دەست بۆ ھەمان ئایدیۆلۆجیا دەبات و بازاری کۆمەڵێک دەسەڵاتخواز گەرمدەکات، وەک ئەوەی ئەمڕۆکە دەسەڵاتخوازانێک، کە بە قۆستنەوەی خۆشباوەڕیی بە ناسیونالیزم و بە ڕشتنی خوێنی ھەزاران لاوی کرێکار و زەحمەتکێشی ناھوشیار، لەسەر تەختی دەسەڵات دانیشتوون ! قسەکەرانی (پان-فێمینیزم)یش بەو ئاراستەیە و لەسەر بنەمای ئەزموونگیریی لە ڕابوردووی دەسەڵاتخوازانی پێشخۆیان، دەیانەوێت بە دەسەڵاتبگەن !


" ژنان خۆیان له‌م کێشمه‌ کێشه‌دا ده‌بێت بزانن قازانجی گشتی یان له‌ کوێدایه‌ و کام فیکر و کام کامپ هه‌ڵبژێرن. ئه‌م شه‌پۆله‌ تازه‌یه‌ ئه‌رکێتی تیۆریزه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌کانی ژیانی ژن بکات. وه‌ ده‌ستپێشخه‌ر بێت بۆ دروست کردنی هۆشیاری یه‌کی فێمینیستی و ستراتیجی خه‌باتێک له‌به‌رامبه‌ر بێ مافی ژناندا. "


نووسەر لە کۆتایی پەیامەکەیدا قسە لە "قازانجی گشتی ژنان" دەکات، کە بە واتا و دەربرێنێکی دروستتر دەکاتە "بەرژەوەندی گشتی" . ئایا ژنان چینێکی کۆمەڵایەتی یا توێژی چینێکی کۆمەڵایەتین یا ڕەگەزێک، کە تاکەکانی ئەندامی چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانن؟ لە سەرەتای ساڵی دوو ھەزاردا بەم ئاراستەیە وتارێکم لە ژمارە یەکەمینەکانی (گۆڤاری دالیان)دا بڵاوکردەوەتەوە، لەبەرئەوە لێرەدا زۆر لەسەر ئەم پرسیارە ناوەستم، بەڵام بەبۆچوونی من، بەبێ وەڵامدانەوە بەم پرسیارە، ناتوانین قسە لەسەر ڕێگەچارەی کۆتاییھێنان بە ھەڵاواردنی ژنان بکەین، چونکە کاتێک ئێمە نەزانین ئەوە دیاریبکەین، کە ئایا ژنان چین و توێژی کۆمەڵایەتین یا نا، ھەرگیز ناتوانین بیر لە چۆنیەتی شێوەی ڕێکخستن و شێوازی خەبات و میکانیزمەکانی چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی خەباتەکەیان بکەینەوە و ناشتوانین ڕادیکاڵانە سەنگەر لە ستەمکاران بگرین!

ئەگەر ژنان چینێکی سەربەخۆی ناکۆمەڵایەتی بن، ئەوکات دەتوانین بە ئاراستەی تێروانینی دژە-پیاوانەی پان-فێمینیستەکان بچین، کە دەخوازن لە ھەموو مەیدانەکانی خەباتی کۆمەڵایەتییدا ژنان بە ھەستەوەریییەکی ترسەکییانە (فۆبیانە) لە پیاوان داببڕن، تاوەکو لەسەر زەمینەکانی خۆشباوەڕیی ژنانی ناڕازی بەو ئایدیۆلۆجیایە، سەروەریی و دەسەڵات و پێگەی ئابووریی بۆ خۆیان مسۆگەربکەن. بەڵام وەک دەبینین، ژن لە کۆمەڵگەدا دایکە، خوشکە، ھاوسەرە، نەنکە، کچە، کرێکارە، جوتیارە، مامۆستایە، فەرمانبەرە، بێکارە، کەمئەندام و خانەنشینە، بەرێوەبەرە، سەرمایەدارە، دەسەڵاتدارە، کەواتە ژن وەک تاکی ھەر یەک لەو چین و توێژە کۆمەڵایەتییانە، خەباتی بۆ ئازادی و یەکسانی و دادپەوەریی لە چوارچێوەی خەباتی کۆمەڵایەتی و جەماوەریی ئەو چین و توێژە کۆمەڵایەتییانەدا و بە گرێدانەوەی بە خەباتە سەرتاسەرییە دژە سەروەرییەکە بۆ کۆمەڵگەی ئازاد، مەیسەر دەبێت، واتە ژن لە ڕێکخراوی سەربەخۆی خوێندکاراندا باشتر دەتوانێت داخوازییەکانی لەپێناو یەکسانی و ڕزگاریدا کۆمەڵایەتی بکاتەوە، تاوەکو لە دەرەوەی ئەو مەیدانە، چونکە بە ئامادەبوونی لەو مەیدانەدا دەتوانێت ڕزگاری ژنان و یەکسانی ژنان و پیاوان وەک ئەندامی ڕێکخراوەکە بەسەر ئەندامە پیاوەکاندا بسەپێنێت و داخوازییەکان لە داخوازی بالێکی کۆمەڵگەوە بکاتە داخوازی کۆمەلایەتی کۆمەڵگە، بەڵام بە پێچەوانەوە ھەر ڕێکخراوبوونێکی ڕەگەزپەرستانە و ھەر یەکگرتێک لەسەر بنەمای ڕەگەزیی، یەکگرتن و ڕەگەزپەستیییەکی دیکە بەرھەمدەھێڼیت و دەبێتە ھۆی چۆڵبوون و قەڵشبردنی مەیدانەکانی خەباتی کۆمەڵایەتی و دواجار تێکشکانی خەباتی چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان دژی سەروەریی و سەرکوت و نایەکسانی و ناداپوەروەریی کۆمەڵایەتی و ئەمەش تەنیا بە قازانجی دەسەڵاتداران و سەروەریی چینایەتی تەواودەبێت و ژنانی ئازادیخواز و ناڕازی نەک ھیچ قازانجێک لەو دابڕانە ناکەن، بەڵکو گەورەترین باجی بۆ دەدەن و تەنیا دەستەیەک لە ژنان کە فێمینیستە دەسەڵاتخوازەکانن وەک ھاوبەرژەوەندی پیاوانی دەسەڵاتدار، لێی بەھرەمەنددەبن و وەک دەستەبژێرێک لە دانیشتن و کۆڕ و سیمینارەکاندا توانایی خۆیان لە دەستەمۆکردنی بزووتنەوەی ژنان بۆ دەسەڵات نیشاندەدەن و لە بەرامبەردا دەسەڵاتیش دەکەوێتە سیمبولکردن و کارێزماپێبەخشین و بەرزکردنەوە و بەرتەریپێدانیان تا ئاستی سوپەر-ژن. لەم بارەوە لە پاش ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە، ھەموومان بینەری سەودا و مامەڵە و نامەناردن و پلە و دەسەڵاتخوازیی و مووچەی مشەخۆرانەی کۆمەلێک لەو ژنانە بووین، کە ھەموو توانای خۆیان خستبووە پێناو گۆڕینیی کڕۆکی خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان دژی سەروەریی، بە دانانی پیاو وەک دوژمن و ھۆکاری چەوسانەوەی ژن.

لە کۆتاییدا ھیوادارم خوێنەری ھێژا، بەتایبەت ژنانی ناڕازی و ئازادیخواز، خۆیان بە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەوە خەریکبکەن، بۆ ئەوەی لە پاوانگەریی سەروەرێکەوە نەکەونە داوی پاوانگەریی سەروەرێکی دیکە؛


ئایا بەڕاستی پیاو وەک تاک لەو خێزان و ڕێکخراو و پارت و دامودەزگەیانەدا، کە فێمینیستانی دەسەڵاتخواز دەخوازن وەک بڕیاردەر و سەرکوتگەر نیشانبدەن، بوونەوەرێکی سەربەخۆ و ئازادە و لەو ستەم و نایەکسانی و نادادروەییە کولتووریی و ڕامیاریی و ئابوورییانەی کە ژنانیان کۆیلە ڕاگرتووە، ڕزگاربووە؟

___________________________________________

بەشی یەکەم: www.emrro.com/lepagendeykomonistbun1.htm

 

ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک