په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٨\٢٠١٥

لە پێناو دامەزراندنی سیستەمێکی سێکولاردا پشتیوانیی

لە خۆپیشاندەرانی عێراق دەکەین لە بەرامبەر دەسەڵاتی مەزهەبیدا.

 


خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئازادیخوازی شارەکانی بەغداد،بەسرە،نەجەف ،کەربەلا،ناسریە،کوت،عەمارە ودیالە لەدژی دەسەڵاتی تائیفی و مەزهەبی حکومەتی عێراق ، لەدژی بێ موچەیی وخزمەتگوزاریەکانی ئاو و کارەبا و لەدژی گەندەڵی و شەڕی مەزهەبی شیعەوسونە و داوای لابردنی کاربەدەستە گەندەڵەکانی حکومەت و هاتنەسەرکاری دەسەڵاتێکی مەدەنی و سێکولار، نیشانەی زیندویەتی دەنگی ئازادیخواز و سێکولارە لە کۆمەڵگەی مەدەنی عیراقدا.


ئێمە وەک ناوەندی سێکولار لەکوردستان پشتیوانی ئەم داواکاریە ڕەوایانەی خەڵکی شارەکانی عێراق دەکەین و خۆمان بەهاوخەباتی خەڵکی عێراق دەزانین بەرامبەر بە دەسەڵاتی دینی کە کۆمەڵگەی عێراق و کوردستانی ڕوبەڕوی کوشتاری مەزهەبی و تیرۆریزمی داعش و شەڕی قوتبەکانی سعودیە وقەتەر و ئێران کردۆتەوە و بوەتە مایەی سڕینەوەی ڕوخساری مەدەنیەت و شارستانی و پێشیلکردنی ماف و ئازادیە بنەڕەتیەکانی خەڵکی ئازادیخوازی عیراق.


گۆڕینی ئەم سیستەمە دینیە بە سیستەمێکی سێکولار لە عێراقدا ،کە چەکی بازرگانیکردن بەئاین لەدەست حزبە ئیسلامیەکان دەربهێنێ ،تاکە ڕێگایە خەڵکی عێراق لەدەست گەندەڵی وسەرکوتی سیاسی و لافاوی خوێنی شەڕی مەزهەبی و کۆنەپەرستی ڕزگاربکا و کۆتایی بە دابەشکاری دەسەڵات و کۆمەڵگە بهێنێ.


ئەم سیستەمە سیاسیەی ئەمڕۆی عێراق کە دەستور و یاساکانی لەسەر بنەمای دین دامەزراوە ،هەرگیزناتوانێ کۆتایی بە شەڕی خوێناوی حزبەکانی سوننە و شیعە بێنێ و ناتوانێ ڕێگە لە گەندەڵی سیاسی و ئابوری و ئیداری ئەم حکومەتە بگرێ . ئارامی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی و یەکسانی هاوڵاتیان و پاراستنی ماف و ئازادیەکانیان لەسایەی دەسەڵاتی ئاینیدا مەحاڵە بێتەدی . گۆڕینی سیستەمی ئاینی بە سیستەمێکی سێکولار و جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت لە عێراقدا ، تاکەڕێگایە بۆ کۆتایهاتنی ئەم کارەساتە مرۆیی و سیاسییەی چەندین ساڵە خەڵکی عێراق بەدەستییەوە ئەنالێنن.


ناوەندی سێکولار لەکوردستان لەپێناو گۆڕینی سیستەمی سیاسی و یاسایی و پەروەردەیی بە سیستەمێکی سێکولار دامەزراوە و خوازیاری جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت و خەبات دەکا بۆ یەکسانیی مرۆڤەکان لەبەرامبەر یاسادا بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازی ئاینیی، مەزهەبیی، بیروڕا، بیرباوەڕ، جێندەر، نەتەوەو ڕەگەز.


یەکسانی نێرو مێ لە هەموو بوارەکانی یاسایی، ئابوریی‌و کۆمەڵایەتیدا.


ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی ویژدان، ئازادی ڕەخنەگرتن‌و توێژینەوەو داهێنان‌.


دانانی یاساکانی باری کەسێتی‌و یاساکانی سزادان لەسەر بنەماو پرینسیپە سێکولارەکان‌‌ بەشیوەیەک دووربن لە پەیڕەوکردنی بنەماکانی هەر ئاینێک.


دوورخستنەوەی سیستەمی پەروەردە و خوێندن‌ لە بەرنامەو دەزگا ئاینییەکان.


قەدەغەکردنی هەموو جۆرەکانی توندوتیژیی ‌و تەکفیر لەڕێگەی دامودەزگا ئاینیەکانەوە.


ئەم خۆپیشاندانانەی خەڵکی ئازادیخوازی عێراق بەبەرزکردنەوەی ئەم دروشمە سیکولارانەوە ئەتوانێ ڕێگا لەم سیستەمە دینیەی ئێستای عێراق بگرێ کە ئەمڕۆ خەڵکی عێراق لەهەموو کات زیاتر پێویستی بەم چەشنە خەباتە هەیە و ئێمە لەکوردستان پشتیوان و هاوخەباتانین.


سەرکەوتوبێ خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی عێراق لە پێناو بەدیهاتنی سیستەمێکی سێکولار و مەدەنیدا
 


ناوەندی سێکولار لە کوردستان

info@kurdistansecular.com

www.kurdistansecular.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک