|
٢٠\١\٢٠٢٦
لە پێناو
راستەڕێبوونی خەباتی کوردانی رۆژاوا.
دارا خونچە
هەرچەندە لە کاتی شەڕدا زۆر پەسند نییە خۆمان
خەریکی لێپێچینەوە و رەخنەگرتن بکەین، بەڵکە ئێستا کاتی ئەوەیە
هەموومان پێکەوە پاڵپشتی رۆژاوا بین جا وە هەر جۆر و شێوەیەک کە لە
تواناماندا هەیە.. وەک (چەکهەڵگرتن لە تەک خەڵک، رێپێوان و خۆپێشاندان،
نووسین و کاری رۆژنامەگەریی، چالاکیی هونەریی، کۆمەکی مادیی،
بایکۆتکردنی دوژمنان و هەر جۆرە هاوکاریی و یارمەتییەکی دیکە)، بەڵام
بێدەگییش لە بەرانبەر هەڵەکان کێشەکان پتر ئاڵۆزدەکا. ئەمن وەک خۆم
(هەرچەندە لە کاتە سەختەکان ١٩٨٥-١٩٩٢ هەمیشە پێشمەرگەی هێڵێ پێشەوە
بوومە) بەڵام ئێستا ئەو دەرفەتەم نییە و لەمێژیشە خەریکی نووسین و کاری
رۆژنامەگەرییم.. واتە ئێستا دەتوانم هزر و تێڕوانینی دروست و
بابەتییانە لەو بارەوە بخەمەڕوو و وە نووسین هاوکار و پاڵپشت بم.
ئەوەی خوارێ دوو کۆپڵەیە
لەو وتارەم کە رێک چار ساڵ و نیو لەوەوبەر بڵاومکردەوە، وە کورتییەکەی
لەوە دەدوێم کە خۆخەریککردن وە (بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر) و لە چارچیوەی
(باکوور و رۆژەڵاتی سوریا) تەنێ کات بەفیڕۆدانە، پێویستە خەڵکی رۆژاوا
دەستبەرداری ئەو دیموکراسی و پێکەوەژیانەی گەلان بن، کاتی خۆیان وە
ئەندێشەبازیی ''دەوڵەتی نانەتەوەیی'' نەکوژن، خەباتی خۆیان تەنیا لە
بەرانبەر داگیرکەرانی کوردستان چڕ بکەنەوە، ئیدی لە نێوان خۆیان و وە
پشتیوانیی پارچەکانی دیکەی کوردستان بەڵام دوور لە نەتەوەپەرستە مەژیی
پووچەکان و چەپە ساویلکەکان لە رێی گشتپرسییەوە لە پێناو مافە نەتەوەیی
و نیشتیمانییەکان تێبکۆشن.

دوو کۆپڵە لە وتاری:
گشتپرسیی و
سەربەخۆیی چێترە یان خۆسەریی سەرەخۆرە!؟
« ئەوەی ئێستا جێی بایەخ و گرنگییپێدانە ئەوەیە
کە پێویستە خەڵکی کوردستانی رۆژاواش وە هەمان شێوەی باشوور و (وە
سوودوەرگرتن لە کەموکوڕییەکانی ئەزموونەکەی) چارەنووسی خۆیان وە
بڕیاردان لەسەر گشتپرسییەک لە لایەن خۆیانەوە یەکلابکەنەوە.. نەک داوای
(بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریی) لە دەوڵەتان و دامودەزگە رووکەشەکانیان و
رامیاریی نێودەوڵەتیی بکەن و لێیان بپاڕێنەوە تا پشتگیرییان بکەن.. خۆ
گشتپرسییەکەی باشوور پەردەی لە رووی ئەواندا هەڵماڵی کە هەرگیز
پشتگیریی لە گەلانی بندەست و چەوساوە ناکەن، پاشانیش ئەوە چەوسانەوەی
نەتەوەیی و نیشتیمانییە ئەو تایبەتمەندییەی دروستکردیە کە تەنێ گەلانی
نێو کوردستانی رۆژاوا (کورد و سریان و تورکمان و...تد) مافی ئەوەیان
هەبی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن نەک هەندەک عەرەبی سوریا (جا چ
ئەوانەی وە مەبەستی بەعەرەبکردن لە کوردستان نیشتەجێ کرانە چ ئەوانەی
دراوسێی کوردستانن) چونکێ ئەوان ئەو قۆناغەیان بڕیە و پێویستیان وە
گەلانی کوردستان نییە لە سوریایان داببڕن، ئاخر هەندەک خێڵی عەرەب چ
جوایەزیی و تایبەتمەندییەکیان لەگەڵ عەرەبەکانی ژیر دەستی دەوڵەتی
سوریا هەیە تا لێیان داببڕێن! ئەگەر (پەیەدە)ش پێیوەیە ئەو رەگەڵ
خۆدانەی هەندەک خێڵی عەرەب وەک تاکتیک لە پێناو لەخشتەبردنی جیهانی
عەرەبی وەکاردەبا و بەو شێوەیە دەتوانی کوردستان رزگار بکا ئەوە هێشتا
ئەو قەسپەکەی نەخواردیە ناوکەکەی لە نێو بەرکی ئەوانە و هەر ئەوان و
دەسەڵاتەکەی سوریاش دەتوانن زۆر باشتر ئەو خێڵە عەرەبانە (کە وەک
گەلانی کوردستانی رۆژاوا و خودی ''پەکەکە''ش فڕیان وە یەکسانیی
کۆمەڵایەتیی و خەباتی چینایەتییەوە نییە) وەکارببەن.. هەڵبەتە
دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا و رۆژاواش لە پرسی پێکەوەژیانی گەلان تەقەی
سەریان دێ بەڵکە وە پێچەوانەوە هەر کاتەک گەلان تەبا و هاوکاری یەک بن
ئەوان کێچ دەکەویتە کەوڵیان وە زووترین کات وە چەمکی ''پەرتکە و
زاڵبە''ی خۆیان پیلانی خۆیان دەکێشن تا بازاڕ و بازرگانییەکانیان هەر
وە هەڕمێن بن!
جا لەبەرهەندێ خۆخەریککردن وە (بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر) و لە چارچیوەی
(باکوور و رۆژەڵاتی سوریا) تەنێ کات بەفیڕۆدان و تاکتیکەکی نەزۆکی
رامیاریی و سەرەخۆرەیە و ئەنجامەکەی لە (ئۆتۆنۆمیەکەی ١٩٧٠ - ١٩٩١ی
باشوور باشتر نابی وە تایبەتیش لە سەردەمی ئێستا.. ئاخر سبەینێ تەنێ وە
یەک هەناسەدانی دیموکراسییانە لە سوریا بەڕێوەبەرایەتییە خۆسەرییەکەش -
ئەگەر گریمان سەریگرتبی - لە نێو دەنگی زۆرینەی ئیسلامییەکان و
رەگەزپەرستیی عەرەبیی دەبتە ئاردی نێو دڕک! وە کورتییەکەی ئێستا
دەرفەتەکی زێڕینە گشتپرسییەک تەنێ لەو ناوچانە ئەنجامبدرێ کە خاکی
کوردستانن بەو جێیانەشەوە کە وە مەبەستی داگیرکردنیان عەرەبی هاوردە
تێیاندا زۆرینەن.. کە بێ گومان ئەنجامەکەی هەر دامەزراندنی دەوڵەتی
سەربەخۆی کوردستان دەبێ لەو پارچەیە.. جا ئەو کات ئەگەر دەسەڵاتی
ئێستای کوردستانی رۆژاوا (کە دەسەڵاتی تاکە پارتیە و هێزەکی سەربازیی
تاکە پارتی سیستەمەکی رامیاریی و کۆمەڵایەتیی تاکە پارتی بەڕێوەدەبا)
راستدەکا و لە پێناو دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی دانەمەزرایە و وەک
خۆی دەبێژی بڕوای وە دیموکراسییەتەکی جودا و یەکسانیی کۆمەڵایەتی هەیە
با یەکەمین دەوڵەتی نیشتیمانی و پێکەوەژیانی گەلان و یەکسانیی
کۆمەڵایەتی لە جیهان چێبکا کە تا ئێستا لە هیچ جێیەک چێنەبووە! لێ ئەمن
دڵنیام ئەوە هەرگیز وە داماوترین و بندەستترین گەلی وەک و کورد و
گەلانی نێو کوردستان دانامەزرێ کە تا ئێستا لە سەرەتاییترین و سادە و
ساکارترین مافیان کە ئاخافتنە وە زمانی خۆیان بێبەشن و وە دڕاندانەترین
شێوە و شێواز سەرکوت دەکرێن! ».
٢٠\٧\٢٠٢١
ماڵپهڕی دارا
خونچە
|