١٣\٢\٢٠١٠
لە پەراوێزی گوتارێکی نەنووسراودا.

ڕابەر فاریق
تێپەڕاندن لە ئەدەبدا!
لە نێو نووسەرانی کورددا، بۆ ئەوەی نووسەرێک فریو بدەیت، هێندە بەسە
پێی بڵێیت: "لە ئەدەبی کوردیدا تێپەڕاندنت کردووە!"، کەم نووسەریش هەیە
ئەمەی بۆ نەنووسرابێ، یان پێی نەگوترابێ، ئەگەر بێتو پێشیان نەگوتبێ،
ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، خۆی هەوڵدەدات بە ڕستەیەک خۆی بخورێنێ، کە
ئەگەر وەکوو ئەمەی سەرەوەش نەبێت، "من جیاوازم"ە!
با سەرەتا لە بارەی پەیڤی "تێپەڕاندن"ەوە بدوێین، ئینجا بچینە سەر
باسەکانی تر. من پێم وایە پەیڤی تێپەڕاندن بۆ ئەدەبیات هیچ واتایەک لە
خۆ ناگرێ، چونکە ئەوە دانەر، یان دانراو نییە دەیەوێ باز بەسەر نووسینی
پێش خۆیدا بدات، بەڵکوو نووسەری داهێنەر، هەر ساتەوەختێک بێ، هەردەم لە
هەوڵی ئەوەدایە بە تاقی تەنیا، خەریکی نووسین لە بارەی خۆیەوە بێت، نەک
تێپەڕاندنی ئەم و ئەوی تر. هیچ نووسەرێک ناتوانێ هەموو ئەو دیمەن و
ڕووداو و شتانەی لە نێو یادوەرییدا هەن، بیاننووسێتەوە، کە نووسەریش
توانای ئەوەی نەبوو خۆی تێپەڕێنێ و بچێتە نێو کەسانی ترەوە و ڕوانین و
شتە نەبینراوەکانیان بە گۆ بهێنێ، بمانەوێ یان نا، ناشتوانێ ڕێکلام بۆ
ئەوە بکات، کە لە سەردەمی خۆی، تێی پەڕاندووە، ئەوانەی لە دەرەوەی
نووسەرەکەیشەوە بانگاشەی وەهای بۆ دەکەن، کەوتوونەتە نێو ئەو بەدگومانی
و هەڵەیەوە، کە پێیان وایە داهێنان لە "تێپەڕاندن"ەوە بەرجەستە دەبێ،
بێ ئاگا لەوەی داهێنان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، تەنیا پێوەندیی بە
کارئەکتەری نووسەر خۆیەوە هەیە و فڕی بە "تێپەڕاندن"ەوە نییە.
چونکە نووسینیش وەک پەنجەمۆر وایە، کەواتە کەسێک ناتوانێ بە
جیاوازبوونی پەنجەی، لە پەنجەی یەکێکی تر، بانگاشەی تێپەڕاندن بکات،
بەڵام مافی خۆیەتی لافی جیاوازبوون لێ بدات، کە وابوو: دەستەواژەی "تێپەڕاندن"
تەنیا بە کەڵکی ئەوە دێت، کە لێی تێپەڕین!
من تێ ناگەم لەوەی نووسەرێک نەتوانێ جیاواز بنووسێ، یان تایبەتمەندی لە
نووسینەکانیدا پەیدا بکات، چۆن دەنووسێت- بۆ دەنووسێت؟ هەر نووسەرێک،
کە نووسەرە، بەشێکی هەرە گەورەی ئەو پاڵنەرەی وای کردووە خوێنەرانی
دەقخوێنەرەوە پاشگری "نووسەر"ی بخەنە پاڵ ناویەوە، هی ئەوەیە کە
جیاوازە و دەتوانێت بە شێوەیەک بنووسێ، کە کەسی تر ناتوانێت کتومت
وەکوو ئەو بنووسێ.
نووسەری داهێنەر هەوڵ دەدا نووسینی وەکوو پەنجەمۆری خۆی، تایبەتمەند بێ.
ئێمە کاتێ نووسینمان بڵاوکردەوە و هەمان نووسین، پێشتر بە تۆزێک
جیاوازییەوە بڵاو بووبووەوە، مانای وایە نەک هەر ڕێز لە ئاوەزی خوێنەری
دەقخوێنەرەوە ناگرین، بەڵکوو ئەمە سووکایەتیشە یەکەمجار بە ئاوەزی ]خۆمان[
نووسەران، دواتر بە خوێنەر، کە سووکایەتیکردن بە خوێنەر تەنیا جارێک،
ئەگەر نووسەر بەختیشی هەبێ!، هەلی بۆ دەڕەخسێ.
زۆربەی زۆری نووسەرانمان، بە بێ ئەوەی لە بیریان بێت: "لە ژێر ئەم
ئاسمانە کۆنەدا هیچ شتێک تازە نییە"، وەکوو یەکتر دەنووسن، هەم لە
تەکنیک، هەم لە دەربڕین، هەمیش لە چۆنێتی. ئەو ڕستەیەی سەرەوە، بۆ
نووسەرێک کە خالیقە، لە پاڵً ئەوەی بەهای تایبەت بە خۆی هەیە،
ترسناکیشە، بەوەی: ئەگەر شتی تازە نییە، ئێمە بۆ دەنووسین؟ کە نووسەری
داهێنەر خالیقە، بۆچی دەبێ ترسی لە ڕستەیەکی وەها هەبێ؟ سەرەتا دەبێت
بڵێین: هیچ شتێک فۆرمی نییە، ئەوە چاو و دەست و چۆنێتیی
هەڵسەنگاندنەکانمانن، فۆرم بە دیمەن و شت و ڕووداوەکان دەبەخشن، یانی
هونەرمەندیی نووسەر بەشێکی هەرە چڕی لەوەدا خۆی دەبینێتەوە، کە بتوانێت
فۆرمی تایبەت و تازە بە شتە کۆنەکان ببەخشێت، چونکە دەق لە دەرەوەی
فۆرم دا، لە زۆربەی ساتەوەختەکاندا، لە هونەر دادەماڵدرێ. ئەگەر
پرۆسێسی نووسینیش پێوەندیی بە فۆرمەوە نەبێ، دەتوانین چەند کەسێ لەسەر
هەر یەکێک لە شەقامەکانی شار، یان گوندەکان بێنین و بە خوێندن و
خوێندنەوەی چەند کتێبێکی دیاریکراو و پێگوتنەوەی چەند ڕستە و پەیڤانێکی
هەمیشەحازر، بیانکەین بە نووسەر، ئەگەر ئەمەش بکەین و سەرکەوتوویش بین،
هێشتا ناتوانین سەرکەوتن بە دەست بێنین، چونکە لە دواجاردا ئەو کەسە
دەبێ بە نووسەرەوە، نەک خالیق، جیاوازیی هەرە سەرەکیش لە نێوان
نووسەرێک، کە بۆ پارە دەنووسێ، نووسەرێکی تریش کە بۆ ئەوە دەنووسێ لە
ساتەوەختێکدا قەناعەت بە خۆی بکات، ئەوەیە کە یەکەمیان فۆرم بە نووسین
نابەخشێ و لە گۆترە دەنووسێ، دووەمیشیان پێش هەر شتێک بیر لە زمان،
ئینجا فۆرم دەکاتەوە و دەنووسێت. کە وابوو: دەتوانین بڵێین: فۆرم
بنیاتی دەقە، هەر نووسەرێکیش نەیتوانی بنیات بۆ نووسینەکانی دابنێ،
دەکرێ پێی بگوترێ "نووسەرەوە"، بەڵام ناکرێ پێی بڵێین: "خالیق"، چونکە
خالیق نییە، بەڵام دەشێ لە داهاتوودا، لە بەرئەنجامی شتگەلێک، کە ڕەنگە
نەزانین چین، لەبەر ئەوەی شتگەلەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر گۆڕانیان
بەسەردا دێت، ببێ بە خالیق. هەبوونی ترس لە چاو و لە بیرکردنەوەکانی
خوێنەر، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا پێوەندییەکی تۆکمەی بە کرۆکی داهێنانەوە
هەیە. هەر نووسەرێک ترسا لەوەی نەتوانێ بە سانایی دەق بخاتە بەردەم
خوێنەرانیەوە، ڕێز لە ئاوەزی خۆی و لە هی ئەوانی تریش دەگرێ، کە ئەم
خاڵەشی پێڕەو کرد، ئەگەر خەمی داهێنانی نەبێ، هەر داهێنەرە، با
نەشتوانێ نووسینەکانی بڵاوبکاتەوە، یان پتر بنووسێ، مەگەر تەنیا بە
نووسین و بە بڵاوکردنەوەی نووسین دەتوانین ڕێز لە ئاوەزی خوێنەر بگرین؟
من گومانم لەوە نییە، کە زۆربەی نووسەرانی کورد حەزدەکەن بە کەرەستەی
خاو، یان ئامادەکراو، نووسین دابهێنن، بەڵام چونکە لە بیریان چووە پێش
ئەوەی داهێنان پێوەندیی بە خولیاوە هەبێ، پێوەندیی بە خود و تەنیاییی
ئەو خودە و هەڵکۆڵدراوەکانی نێو خودەکەوە هەیە، بۆیە نەیانتوانیوە درک
بەو حەقیقەتە سادەیە بکەن و لە بری حەزکردن لە "حەز"، حەزکردن لە
هەردەم دۆزینەوەی "فۆرمـ"ـی تازە، بکەن بە سەرمەشقی خولیاکانیان.
وەکچۆن دوکاندار دەزانێ خوردکردنەوەی (100$) دەبێ بە سەدوقسوور هەزار
دیناری بلیمەر، ئەرکی نووسەریشە بزانێ بۆ ڕستەیەک بە (5) پەیڤ بنووسێ
جوانترە لەوەی بە (15) پەیڤ بینووسێ. حەز شتێکی ]بۆیە لە بری "شت"
نەمنووسی "دیاردە"، یان "حاڵەت"، چونکە ئەو دوو پەیڤانە پێوەندییان بە
زەوق و سەردەم و شتەوە هەیە، نەک بە پێچەوانەوە، کە پەیڤی "شت" پتر لە
دەلالەتێک لە خۆ دەگرێ[ کاتییە، شتیش (شتـ)ێکی نادیار، یان کاتێکی بێ
مەودا.
نووسەری خۆخوێنەرەوە هەردەم لە گەڕانە و وێڵە بە دوای ئەو شتانەوە، کە
نەزانراون، بیریشمان نەچووە پێشتر گوتوومانە: "لە ژێر ئەم ئاسمانە
کۆنەدا هیچ شتێک تازە نییە"، مادام نووسەر گەڕیدەیە، کە وابوو: دەتوانێ
لە ڕێگەی گەڕان و بیرکردنەوەکانیەوە، فۆرم بدۆزێتەوە، دۆزینەوەی فۆرمیش،
دۆزینەوەی گەوهەری خودە لە نێو کارئەکتەرەکانی تری ناوەوەی ئەو خودەدا،
کە خودی باڵایە، خودی باڵاش ئەو کەسەیە، کە دەپەیڤێ و دەنووسێ؛
دەدۆزێتەوە.
کام دیوانی ]نووسیومە دیوان، نەک کتێب[ کام نووسەری کورد ]باسی
نووسەرانی زمانەکانی تر ناکەم، لەبەر ئەوەی ئەگەر بڕیار بێ زمان بزانم،
تەنیا بە کوردی دەتوانم بنووسم و بخوێنمەوە و بیربکەمەوە[ هەیە، بە
لابردنی (5) دێر لە (5) دەقیدا، هەست بەوە بکەی لەنگی کەوتووەتە نێو
دیوانەکەیەوە؟ بە بێ ستاییشکردنی ئەدەبیاتی لە مەڕ زمانی خۆ، پێویستە
بڵێین: دیوانی وەها نەک هەر هەبووە و هەیە، بەڵکوو دەشێ ئەوەش بڵێین:
ڕەنگە نەبێ، بەڵام دەکرێ لە داهاتوودا ببێ، چونکە ئێستە ئەوەندەی
پێوەندیی بە ڕابردووەوە هەیە، تا ئەو ئاستە ناچێتە سەر داهاتووەوە،
کەواتە: با شەرم لە خۆمان نەکەین و لە قاوغی وەهمڕێبەرییەوە بێینە
دەرەوە و فۆرم بدۆزینەوە، بۆ ئەوەی لە خۆماندا بیتوێنینەوە و لە
ئەنجامیش، کە هەردووکیان (خود و فۆرم) تێکەڵ دەبن، داهێنان بکەوێتە
بەردەم دەقخوێنەرەوەوە.
داهێنان وەک لاساییکردنەوە!
یەکێ لە دیاردە تازەکان ئەوەیە، نەوەکانی پێش پێشوو (واتە نەوەی حەفتا
و هەشتاکان) و پێشووش (نەوەدەکان) لە کاتێکدا بەرەو ڕووی گەنجێ دەبنەوە
و گەنجەکە خۆی بە تاکێکی ئەو نەوەیە دەناسێنێ، سەرەلەقەیەکی بۆ دەکا،
یانی "تەقریبەن خۆشحاڵم"، ئەم وەهمە گەیشتووەتە ئاستێ، تا دێ پتر و
گەورەتر دەبێ، ئەمەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، کە بنووسانی کورد ]نەک
نووسەران[، بەر لەوەی نووسەر بن، ئینسان نین، یا کە بوون بە نووسەر،
ئینسانێتییان لە کن نامێنێ و تەنیا شتێ لە نێویاندا ئامادەگیی هەبێ،
ئەوەیە کە خۆیان بە گەورەتر بنوێنن (شوکر تا ئێستە نووسەری گەورەمان
نییە، ئەوجا بە دەستەش، تا بیر لە گەورەتر بکەنەوە/ بکەینەوە).
شەڕی نەوەکان تازە نییە، لەوەتەی ئەدەب هەیە، ئەم دیاردەیە هەبووە و تا
نووسینی جوانیش هەبێ، بەردەوام دەبێ، بەڵام ئەوەی دیاردەکەی ژەهراوی
کردووە، ئەوەیە کە نەوەی کۆن بیرکردنەوەی کۆنیان هەیە و لە ئێستەدا
دەیانەوێ شەڕی تازەی پێ بکەن. نابێ هەرگیز خۆمان لەوە گێل بکەین کە
داهێنان بۆ هەموو ئاستەکانی تەمەن وەکیەکە و هەر کەسێ کە بیەوێ و
بیربکاتەوە و قووڵبێتەوە و لە دنیا و لە دەوروبەر ڕابمێنێ، دەتوانێ
داهێنان بکا، داهێنانیش هەرگیز لە وەختی خۆی ئاماژەی بۆ نەکراوە، ئەگەر
ئاوڕێکیش لە مێژووی ئەدەبی کوردان و دنیا بدەینەوە، بە سانایی هەست
بەوە دەکەین و هەستکردنەکەش مایەی نیگەرانی نییە، بەڵکوو پێویستمان
بەوەیە نیگەرانی لە ئاستی سیمبۆلییەوە بۆ ئاستی ڕاڤەکردن و خوێندنەوە
ببەین و دیوە ترسناک و هەستیارەکانی دیاردەیەکی تۆقێنەری وەها، بەرەو
ئاراستەگەلی وەها ببەین، کە تەنیا لە بەرژەوەندیی خودی پرۆسەی ئەدەب و
پرۆسەی داهێناندا بێ.
چونکە شەڕ لە نێو ئەدەبدا بە چەقۆ ناکرێ، کەواتە ناکرێ پەیڤەکان وەک
شمشێر بە کار ببرێن؛ ئەگەر ئەدەب هاتە سەر ئەم ڕەوتە و بیرمان چووەوە
ئەدەب تەنیا ئەدەبە و بەشێ لە هەستی نووسین بەرپرسیارییە و دنیاش لەسەر
لاقی ئێمە نەوەستاوە، ئەوکات درک بەوە دەکەین، کە داننان بە تواناکانی
یەکتری، نەک لە ئاست و پێگەمان کەم ناکا، بەڵکوو دەشێ داهێنانەکانمان –
ئەگەر بە زۆری زۆردارەکی بڵێین داهێنەرین، یاخۆ کورد داهێنەری هەن -
بەرەو ڕەهەندی تر دەبات و دەرگەی نەدۆزراوەی تر بە ڕووی ئەزموونمانەوە
دەکرێتەوە و جووڵە دەکەوێتە نێو نووسین و هزر و ڕوانینمانەوە.
یەکێک لەو ڕەهەندانەی وا دەکا نووسین لە ئاستی ڕقەوە بۆ ئاستی خۆی
بگوێزرێتەوە (کە ئەو ئاستە نادیارە) ئەوەیە کە ململانێ بێتە
نێوانمانەوە و لە وەها کاتێکدا خەمخواردن لە ئەدەب و بەرزکردنی بینای
ئەدەبیات، پەلمان بگرێت و تۆزێکیش لەم گەمژەیییە دوورکەوینەوە، ئەمەش
وەک پێشتر ئاماژەم پێ دا، تەنیا بە داننان بە جوانیەکانی تر، وەدی دێ،
دانپێدانانێ، نە دۆستانە، نە دژمنکارانە، بەڵکوو هاوڕێگەی ئەدەب.
تا ئێستێش "شوکر هۆشیارە مەحوی، تێدەگا دنیا خەراباتە"، خەراباتە و
دەبێ و دەبێ بەوە بزانین "خەرابات" لافاو یا بومەلەرزە نییە، بەڵکوو
ئەوەیە کە نەوەکانی پێشتر بەرهەمیان هێناوە و لە زارقەرەباڵغی و
ڕستەقەرەباڵغی و سینگدەرپەڕاندنەکانیانەوە سەرچاوەی گرتووە و دەگرێ.
نەکردەیە خۆمان لە ڕابردوو داببڕێنین، چونکە ڕابردوو تۆز نییە، تا
بتوانین لە شمەکمانی بکەینەوە، بەڵکوو بەشی هەرە زۆری ناشیرینیەکان –
ئەوجا ئی فەرهەنگی کوردی! – لەوێوە هاتوون، بەشێ لە ئاکامەکەش ئەوەیە
کە دەیبینین و دەیبیستین و بە کردار و بە ڕەوتارمانەوە دیارە، ئەوەش بە
شێوەی ئاگایی و نائاگایی ڕەوتی خۆی دۆزیوەتەوە.
کاتەکان ئێمەیان خستووەتە ژێر چەپۆکی خۆیانەوە، پێشمان وایە ئەدەب
بەشێکی دانەبڕاوە لە ئەدیبی کوردان؛ ئەم ڕوانینە هێند ناقۆڵا و دژە بە
بیرکردنەوەیە، سانا نییە وەها زوو بتوانین پێوەند لەگەڵی دا بپچڕێنین،
بەڵام دەشێ یەکێ لەو پنتانە ئەو شوێنە بێ، کە هەردەم لێی سڵەمیوینەتەوە
و دەشزانین و بڕستمان نییە پەنجە لەسەر برینەکانمان دانێین و بڵێین:
درێژەکێشانی دیاردەیەکی وەها ناشیرین، بێجگە لە کوشتنی وزەی دۆزینەوەی
جوانیی خۆمان و بەرابەرەکانمان، شتێکی پتر نییە.
پێشتر گەلێ نووسەر لە بارەی دەستەواژەکانی <داهێنان> و <لاساییکردنەوە>وە
نووسیویانە، بۆیە ڕەنگە نەتوانین ئیزافە بکەینە سەر نووسینەکانیان،
بەڵام دەکرێ پەنجە بخەینە سەر دیاردە ]نەک حاڵەت[ێکی ترسناک، کە فیکری
نووسەرگەل، بە تایبەت، شاعیرانی گەمارۆ داوە، ئەویش ئەوەیە کە پێیان
وایە بێجگە لە ئەوان، نووسەرانی تر ناتوانن درێژە بە پرۆسێسی لە
بننەهاتووی داهێنان بدەن، یانی پێیان وایە ئەو بنێشتەی نووسەرانی تری
دوای ئەوان دەیجوون، لە دەمی ئەوانەوە دەرهێنراوە، ئەمە لە کاتێکدایە:
بەشی هەرە زۆری تەرزە بیرتەسکگەلی وەها، پێشتر جارێک و پتریش تیشکیان
خستووەتە سەر ئەو بێماناییەی بەرهەمهاتووە و خۆیشیان دەزگەی
بەرهەمێنانەکەن، بە بێ ئەوەی باسی ڕەهەندی دووەم، کە خۆیانن، بکەن.
بەشێ لەو بێهوودەییەی ناخی بنووسانی کوردی کردووەتە تەنەکەزبڵ و
تەنەکەکەیش تا دێ گەورەتر دەبێت و وەختە ببێ بە زبڵدانی گەورە، ئەوەیە
کە ناتوانن لە سەروەختی خوێندنەوەی دەقێکی جوانی هاوزمانەکەیاندا،
ئاماژە بە ڕەهەندەکانی جوانیی دەقەکە بکەن و هەوڵی باسکردن و
کۆڕبۆگرتنی بۆ بدەن، لە کاتێکدا نووسەرانی کوردستانی ئێران ]بۆکان، سنە،
کرماشان...[ دەمێکە ئەمەیان کردووەتە نەریت و بەردەوام خەریکی
ئەزموونکردنین، بە بێ پێداهەڵگوتن و بە بێ داشۆرین هەوڵی خوێندنەوەی
ڕەهەندگەلی دەق دەدەن، لەم هەوڵەشیاندا توانیویانە گەرموگوڕی بە پرسگەل
و دەقگەلی ئەوڕۆیی و کلاسیکی بدەن، لە کاتێکدا ئەو کەش و هەوا سازەیان
بۆ نەڕەخساوە، کە نووسەرانی کوردی وەک: تاراوگە، هەولێر، دهۆک، سلێمانی
و نێوچەکانی تر، لەمێژە پێیدا تێپەڕیون.
زەقبوونەوەی دیاردەی وەها، ڕاستەوخۆ تەعبیر لە نەخۆشیی بنیاتی و
لەمێژینەییمان دەکا، تا ئەو نەخۆشییەش درێژە بکێشێ، بە هیچ شێوەیە
داهێنانەکان تیشکیان بۆ ناگوازرێتەوە، کە داهێنانیش ]بۆ ماوەیەک[
بێدەنگیی بەرابەر نوێنرا، بمانەوێ یان نا، داهێنانەکانی دوای ئەو، بە
سستی، بە دەگمەن، دەکەونە بەردەم لێپەیڤینەوەوە، بەمەش ڕەوتی فەرهەنگیی
لەنگی تێ دەکەوێ.
بە کورتی: بەشێکی زۆری "نووسەرە بە ئەزموونەکان"ی کورد، پێیان وایە (هەڵبەت
لە ئاست گەنجەکاندا) داهێنان لاساییی دەکرێتەوە، بێ ئاگا لەوەی (وەک
پێشتر باسمان کرد) نووسین پەنجەمۆری نووسەرە.
rabarfariq@yahoo.com
|