٢٦\١١\٢٠١٠
لە پەراوێزی لێبووردنە گشتییەکەی بارزانیدا!

موحسین کەریم
لێبوردنەکەی بارزانی و ئازادکردنی ژمارەیەک زیندانی کە لەنێویاندا
تاوانبارانێکی ژنکوژی وەک سالە مزەڵی تێدا بەرچاو دەکەون، بووە مایەی
مشتومڕ لەئاستی توێژی رۆشنبیران و هەندێ لە هەڵسوراوان و نەیارانی
نەریتی توندوتیژی دژی ژنان لە کوردستاندا! لەوبارەوە راگەیەندنێک
بڵاوکراوەتەوە کە داوا لە مەسعود بارزانی دەکات بڕیاری لێبوردنەکەی بۆ
تاوانبارانی ژنکوژ هەڵوەشێنێتەوەو ئەوانەی کە تاوانی کوشتنی ژنان
ئەنجامدەدەن وەکو تاوانباری مادەی بێهۆشکەرو تیرۆریست مامەڵەیەن
لەگەڵدا بکرێ.
سەرەتا ئەوە بڵێم کە من بەتەواوی دژی ئازادکردنی سالە موزەلیم.
بەداخەوە نازانم لەناو ئەو کەسانەدا کە بەر لێبوردنەکەی مەسعود بارزانی
کەوتون چەند تاوانباری دیکەی تێدایە کە لەراستیدا دەبوایە بەمەبەستی
پاراستنی کۆمەڵگا لە مەترسیەکانیان لە زیندانا بهێڵرایانەوە! بەڵام
چەند خاڵێک بە پێویست دەزانم کە لەپەیوەند بە مەسەلەی لێبوردنەکەی
بارزانی و خواستی هەڵوەشاندنەوەی لێبوردنەکەشەوە بیخەمەروو.
لێبوردنەکەی بارزانی بەراشکاوی دەستێوەردانە لە سیستەمی دادوەری.
سەرەتایی ترین پرەنسیپەکانی دادوەری لەکۆمەڵگایەکی مۆدێرن و ئەوەی پێی
دەوترێ دیموکراتی ئەوەیە کە سیستەمی دادوەری سەربەخۆ بێت لە دەسەڵاتی
جێبەجێکردن و یاسا دانان! مەسعود بارزانی ئەگەر بەپێی پێوانە
ساختەکاریەکەی دیموکراسیەکەی کوردستانیش بێت سەرۆکی دەسەڵاتی
جێبەجێکردنە(لێرەدا وادائەنێین کە دەسەڵاتی یاسادانان؛ واتە پەرلەمان
سەربەخۆیە و مەسعود بارزانی هیچ دەسەلاتیکی بەسەریدا نیە!) کەواتە ئەم
کارەی بارزانی مانای بەدرۆخستنەوەی بانگەشەکانی خۆیانە دەربارەی
سەربەخۆبوونی سیستەمی دادوەری لەکوردستان. واتە سەرۆکی هەرێم دەتوانێ
بەئارەزوی خۆی لەسەرو یاساوە رەفتار بکات و دادوەری یەکەم و کۆتایی بێت
بەتایبەتی لەو حوکمە قورس و خەتەرناکانەشدا! ئەمەش تەنها ئەو مانایەی
هەیە کە هێشتا دەسەڵاتی میلیشیاو سەنگوسوکیی هێز کە مەسعودبارزانی
کردۆتە سەرۆکی هەرێم، دەسەڵاتی یەکلاکەرەوەی هەیە لەباری دادوەریشەوە!
ئەگەر سیستەمی دادوەری لەهەر جێگایەکی دنیادا بنەمایەکی یاسایی هەبێت
بۆ سزادانی ئەوانەی کە تاوانێک ئەنجام دەدەن، ئەوا کەسانێکی
پرۆفیشناڵیش بەرپرس دەبن لە جێبەجێکردنی ئەو یاسایانە بەسەر
تاوانباراندا. هیچ پۆستێکی سیاسی نابێت لەکاروباری یاساییدا
دەستێوەردان بکات، مەگەر لە دەسەڵاتە سەرکوتگەرە بێپەردەکانی
بۆرژوازیدا. تەنانەت لە وڵاتانی بۆرژواییدا کە سیستەمی دادوەری لە دوو
دەسەڵاتەکەی تر جیاکراوەتەوە، خاوەنی باڵاترین پۆستی سیاسییش ئەگەر
خەتایەک بکات توشی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێت. بەمجۆرە ئەم بڕیاری
لێبوردنە ئەو مانایە دەدات کە خاوەنەکەی لەسەرو هەموو یاسایەکەوەیە!
هەروەکو سەدام حسین کە ووتی:"یاسا چیە، ئێمە ئەینوسین" یاساکانی
کوردستانیش لەبەردەم میزاجی "سەرۆکی هەرێم"دا دەبێ کڕنوش بەرن! "سەرۆکی
هەرێم" خۆی و حیزبەکەی لە کەیسی سەردەشت عوسماندا پەنجەی تۆمەتیان
بۆدرێژکرا بەڵام کام سیستەمی دادوەری لە کوردستاندا بەرگری لە مافی
سەردەشت و بنەماڵەکەی کرد!؟
بەپێی بنەماکانی تاوان و سزا، هەموو تاوانێک بەپێی گەورەو بچوکی و
رادەی مەترسیەکانی بۆسەر مافەکانی مرۆڤ و سەلامەتیی کۆمەڵگا، وە
لەروانگەی پاراستنی کۆمەڵگاو ماف و ئازادیەکانی مرۆڤەوە، نەک لەروانگەی
تۆڵەکردنەوەو پرەنسیپی نامرۆڤانەی"چاو بەچاو و دان بەدان"ەوە،
بەرامبەرە بەسزایەک. تاوانبار دەبێ سزایەک بدرێ کە بەرامبەرە بە رادەی
قورسی و سوکیی تاوانەکەی. بێگومان یاساکانی تاوان و سزاش بەپێی گەشەی
کۆمەڵایەتی و بەرەوپێشچوونی بەهاو بیروباوەڕەکانی مرۆڤ و دەور نەخشی
بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان لە رەواجدان بە بەها ئینسانیەکاندا، بە باری
پۆزەتیڤدا ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتوە. بەورادەیەی بەها ئینسانیەکان لە
کۆمەڵگادا دامێنی کۆمەڵایەتی فراوانتربوبێتەوە، پێوانەکانی
تۆڵەکردنەوەو بەکارهێنانی توندوتیژی لەبەرامبەر تاوانباراندا
کاڵتربۆتەوە یاخود نەماون. بێهودەنیە لە وڵاتانێکی بۆرژوایی وەکو
ئەوروپادا سزای لەسێدارەدان بەرەسمی هەڵوەشاوەتەوە. بەپێچەوانەوە لە
وڵاتانێکی بۆرژوایی وەکو سعودیەو ئێران و پاکستان و.... لەسەر دزیکردن
و سێکسکردن دەستوپێ و ملی ئینسان دەپەڕێنرێ و زیندەبەچاڵ و رەجمدەکرێن!
ئەوەی جێگای سەرنجە لەراگەیاندنەکەدا دژ بەلێبوردنەکەی بارزانی، داوا
دەکرێ بکوژانی ژنانیش وەکو تاوانبارانی مادەهۆشبەرەکان و تیرۆر مامەڵە
بکرێن و بەر لێبوردن نەکەون! ئەوە دیارنیە کە بەکام پێوانە و بنەمای
یاسایی دەبێت کەسانێک کە تاوانی مادەی هۆشبەریان لەسەرە وەکو "قاتل"
مامەڵەبکرێن!؟ لەکاتیکدا هەموو دەزانین کە زۆربەی هەرەزۆری ئەو کەسانەی
لە زیندانەکانی کوردستاندا بەو تاوانە دەستگیرکراون لەراستیدا
قوربانیەکانی مادە هۆشبەرەکانن نەک بازرگانەکانی و پێویستە
چارەسەربکرێن نەک لە زینداندا توندبکرێن! لەوەش قەباعەتتر ئەوەیە کە
ئەم بەرێزانە ئەوەیان بیرچۆتەوە کەلیژنەکەی"سەرۆک" سەردەشت عوسمانی بە
هاوکاری تیرۆریستانی ئیسلامی تاوانبارکرد! بەمجۆرە بیانەوێ و نەیانەوێ
قبوڵکردنی پێوانەکانی تیرۆر و تیرۆریستبوون لە دەسەڵات و "سەرۆکی
هەرێم" و داواکردنی ئەوەی کە تاوانباری وەکو سالە مزەلی و ژنکوژان وەکو
تیرۆرسیتان مامەڵەبکرێن، بە کردەوە سالە موزەلی و سەردەشت عوسمان لەپاڵ
یەکتردا دادەنێن!
من گومانم لەوە نیە کە بڕیاری لێبوردنەکەی بارزانی لە دڵفراوانی و
بەزەیی جەنابی سەرۆکەوە نەهاتوە، بەڵکو بازرگانیەکی سیاسیە کە
لەلایەکەوە بۆ بردنەسەری ئیعتباری سیاسی خۆی پێی هەستاوەو لەلایەکی
دیکەشەوە درێژکراوەی سیاسەتی دابەشکردنی دەسەڵاتە لەگەڵ یەکێتیدا، و
بەپێی بنەماکانی هاوسەنگی نێوانیان تاوانبارانی سەر بەپارتی و یەکێتی
بەر لێبوردنەکە کەوتون!
سەرەنجام؛ من وەکو کۆمۆنیستێکی کرێکاری دژی سزای لەسێدارەدان و
زیندانیکردنی هەتامردنی تاوانبارانم لەزینداندا، بەڵام پێشموایە کە
سالە موزەلی کە تاوانبارە بە کوشتنی دوو کەس مافی ئەوەی نیە ئێستا لە
دەرەوەی زیندان بێت و بەپێی هەر پێوانەیەکی ئینسانی و سەردەمیش بێت
دەبێ لانی کەم چەندین ساڵی دیکەش لەزینداندا بمێنێتەوە. لەلایەکی
دیکەشەوە بڕوام بەوەیە کە دەبێ سزای تاوان بەرامبەر بە ژنان؛ چ لێدان و
سوکایەتیپێکردن، چ دەستدرێژی سێکسی و کوشتن، چ کوشتن و ئەتککردن
بەبیانوی پاراستنی ناموسەوە، لەسەرهەمان پرەنسیپی"پاراستنی کۆمەڵگا لە
کەسانی ترسناک و زیانبەخش"، دەبێ قورستربێت لە سزایەک کە بەرامبەر
هەمان ئاستی تاوان بەشێوەیەکی گشتی دانراوە. لەبەرئەوەی کوشتنی ژنان
لەکوردستان لە روداوەوە بوەتە دیاردەیەکی ترسناک و دەبێ مامەڵەی
تایبەتی بکرێ. هاوکاتیش بڕوام وایە کە مەسعود بارزانی و هیچ پۆستێکی
سیاسی باڵا ئەو مافەی نیە کە بڕیاری لێبوردنی تاوانباران دەربکات و
دەستوەربداتە کاروباری سیستەمی دادوەریەوە!
٢١\١١\٢٠١٠
ماڵپهڕی
موحسین
کهریم
|