٤\١١\٢٠١٠
لە پەراوێزی
زنجیرە تەقینەوەکانی دوێنێ بەغدادا!

موحسین کەریم
دوێنێ شاری بەغدای پایتەختی عێراق رۆژێکی خوێناوی دیکەی لە زنجیرەی
رۆژە خوێناویەکانی پرۆسەی "ئازادی" و هەڵکردنی شنەبای"دیموکراسی"
تێپەڕاند. میراتگرانی سیاسی رژێمی بۆرژوا سەرکوتگەری بەعس، بەهەمان
شێوازی بەعس نا، لەرێگای دیکتاتۆریەتی فەردی و سەرکوتی ئاشکرای
نەیارانی سیاسیەوە نا، لەرێگای پەلامار و هێرشی سەربازیەوە نا، لەرێگای
دەسەڵاتی تاک حیزبی و تاک سەرکردەیی بۆرژوازیەوە نا، تەنها لەرێگای
دەزگای رێکخراوی "دادوەری" و زیندانەکان و دەزگاکانی سیخوری و
داپڵۆسینەوە نا، بەڵکو لەپاڵ ئەمانەدا و هاوشانی ئەمانە، لەرێگای
کوشتنی کوێرانەی سەرجادەیی و تیرۆر، بۆمبدانان و تەقاندنەوە لەشوێنە
گشتیەکاندا، لەپرۆسەی دابەشکردنی دیموکراسیانەی دەسەڵات و سەڵاحیاتی
سەرکردەو سەردارەکانی جەنگدا، رەشەکوژیی هاوڵاتیانی بێدیفاع و مەدەنی
عێراق ئەنجام دەدەن! لەوکاتەوە کە مووشەکبارانی فڕۆکە و گولەی تۆپ و
تانک و لێزمەی فیشەکی تفەنگچیەکانی دیموکراسی ئەمریکا وەکو دیاری
روخاندنی رژێمێکی هارو دڕندەی بۆرژوایی لاشەی ناسکی هەزاران مناڵی
عێراقی ئەنجن ئەنجن دەکرد، گیانی هەزاران هاوڵاتی بێدیفاع لە ژن و
پیاوی هەڵلوشێ، بنەماکانی ژیانی کۆمەڵگای عێراقی هەڵتەکاند، لەوکاتەوە
کۆمەڵێک سەرۆک -چەتەی بۆرژوا ئیسلامی و قەومیی دڵڕەقی ئینسانکوژیش
بونەتە جێنشینی فەردی دیکتاتۆر. ئەمانە لە شەڕی تاڵانکردن و
بەرفراوانکردن و سەپاندنی ناوچەی نفوزو قەڵەمڕەوی چەتەگەریەکەیان ژیانی
دانیشتوانی عێراقیان کردۆتە بارمتە و هەرکاتێک لایەنێکیان هەست بە
مەغدوریی خۆی دەکات، ژمارەیەک هاوڵاتی دەکاتە قوربانی بۆ بەچۆکاهێنانی
لایەنی رەقیبی خۆی و پارسەنگکردنەوەی تهرازوی
دابەشکردنی تاڵانەکە!!
شاری بەغدا، بە حوکمی ئەوەی کە ناوەندی بڕانەوە و یەکلاکردنەوەی
باڵادەستی ئەم چەتە سیاسیانەدایە، زۆرترین قوربانیەکانی ململانێی
نێوانیشیان لە دانیشتوانی ئەم شارەیە. بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی کە لە
ماڵپەڕی(ویکی لیکس)دا بڵاوکراوەتەوە، زیاتر لە ٦٠،٠٠٠(شەست هەزار)
هاوڵاتی مەدەنی عێراقی کوژراون- کە من دڵنیام ژمارەی قوربانیانی مەدەنی
لەوە زۆر زیاترە. ئەم ژمارەیە بێگومان بەشی زۆری لە ناوچەکانی
ناوەڕاستی عێراق و بەتایبەتی شاری بەغدایە. بەمجۆرە دەردەکەوێ کە شەڕی
چەتەکانی" دیموکراسی"ی بۆرژوازی لەسەر دەسەڵات و تاڵانکردنی داهات و
سامانی کۆمەڵگای عێراق چۆن کارامەتر لە دەسەڵاتی رەهاو دیکتاتۆریی
فەردی بۆرژوازی دروێنەی ژیان و گیانی هاوڵاتیانی عێراق دەکات!
کرێکارانی عێراق، جەماوەری بێبەش و ستەمدیدەی عێراق کە بۆ ماوەی ٣٥ ساڵ
لەژیر دەسەڵاتی ئاگرو ئاسنی دەسەڵاتی رەهای حیزبی و تاکڕەوی بۆرژوازیدا
ناڵاندیان و دوای ئەویش لەناو گێژاوی شەڕی تاڵانچی و میلیشیا و
سەرکردەکانی جەنگدا گیریان خواردوە، رابەرانی کرێکاریی کۆمۆنیست و
سۆشیالیست، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و هەموو ئازادیخوازانی
عێراق ئەوانەی کە دەیانەوێ کۆتایی بە مەئساتی دەیان ساڵەی خەڵکی بێبەش
و ستەمدیدەی عێراق بێنن، روبەروی ئەرک و وەزیفەیەکی مێژوویی بوونەتەوە.
ئەویش ئەوەیە کە مەسەلەی رزگارکردنی دانیشتوانی عێراق لەم ئەڵقەی کوشتن
و خوێنرێژیەی باڵ و دەستەو تاقمە رەنگاورەنگەکانی بۆرژوازی عێراقی کاری
خۆیانەو نەک کەسی تر. تەنانەت سازان و پێکهاتنی ئەم گروپە مافیاو
رێگرانەی ئێستای بۆرژوازی ناتوانێ تارمایی دەستپێکردنەوەی کارەساتەکان
لەناوبەرێت و لافاوی خوێنەکانی ناو شاری بەغداو بگرە شارەکانی دیکەی
عێراقیش ووشک بکات، ئەمە ئەگەر سازان و پێکهاتنەکەشیان تا تاماوەیەکی
نادیاری دیکەش دوور نەکەوێنتەوە! نمونەکەی رێکەوتنی سەرکردەکانی جەنگ و
سەرۆک مافیاکانی لوبنانە کە سەرباری دابەشکردنی تاڵانیەکە لە
نێوانیاندا، بەڵام هەمیشە خەتەری هەڵایساندنەوەی شەڕ و خوێنرێژیان بە
سەر سەری خەڵکەوە دەسوڕێتەوە. هەرئێستا و ئەمرۆژانە ووڵاتی لوبنان
لەسەر دەمی گڕکانێکی شەڕی مافیا و میلیشیاکانی بۆرژوازی لەو وووڵاتە
قەراری گرتوە! بەبێ هاتنەمەیدانی چینی کرێکاری عێراق و کۆمۆنیزمی
کرێکاری بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم گەمە خوێناویەی سەرکردە مافیاکانی
بۆرژوازی، چارەنوسی عێراق و خەڵکی عێراق لە لوبنان و خەڵکی لوبنان
باشتر نابێ.
٣\١١\٢٠١٠
ماڵپهڕی
موحسین
کهریم
|