په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\١٠\٢٠١٠

    لە قەسابخانەیەکدا

    پیاوەکان مانگایەک سەرئەبڕن و

    ئاژەڵەکانیش پیاوێک ھەڵئەواسن.

زمکان عەزیز

1.

مانگایەک لە ناو جۆگەلەی خوێنەکەدا گەوزاوە و
پەتێکی لە ملدایە
لمۆزیان شکاندووە
نیگای لەسەر پیاوە خوێناویەکانە
زۆرانبازی لەگەڵ گایەکدا ئەکەن
گاکە لەسەر ھەردوو دەستی بەرز ئەبێتەوە و
فرتەیەک ئەکات و ئەکەوێتەوە
پیاوەکان قاچی ئەشکێنن.

2.

پیاوێک لەو دیو شیشی زیندانەکەوە
وەستاوە
شەوانە چرپەی پێکان لەبەردەمیەوە
ھەر جارەی بە ئاوازێک ئەڕۆن و
نایەنەوە.

3.

مانگایەک چاوەکانی زەق کردونەتەوە و
لە شوشە تەڵخەکانەوە چەقۆکان ئەبینێت
بە سکی گایەکدا ئەچن و
لە ملیەو خوێن لرفە لرف ئەڕژێت
بەستە زمانە وەستاوە و
مانگایەکی تر ئەبینێت
کەوڵی ئەکەن.

4.

پیاوێک گوێ ھەڵئەخات
بۆ خشەی ناو ڕاڕەوەکە
پاسەوانەکە مۆڕەی لێئەکات
کاتێک ..
لەودیو سنگیەوە تەپەی پێڵاوەکەی
دڵی ڕائەچڵەکێنێت
ئێستا ..
پیاوێکیش ئەژنۆی شکاوە
ھاوار ئەکات و ئەقیژێنێت
ئاژەڵەکان خشخش ڕایئەکێشن
پیاوەکە ..
ھەموو بەیانیەک زوو
لە دەنگی خزانی ئاسنەکە
گوێکانی تونگ ئەگرێت.

5.

مانگایەک لەناو سەرە بڕاوەکان
چوار پەلیان تونگ بەستۆتەوە
گوێی سیخناخە لە بۆڕەی ئەو گایەی
کە بەسەر پشتیەوە
دەستەکانی لە ژێر سکی گیر کرد و
بە تەوسەوە ئاوسی کرد.

6.

پیاوێک
بە شیشەکانەوە خۆی ھەڵواسیوە و
نیگای بەسەر دوو مێشی جووتەوە
نیشتۆتەوە
زەوق ناوگەڵی ھەڵساندووە
ئێستا ..
مێشەکان بەسەر یەکەوەن و ئەفڕن
زیندانەکەیان پڕ لە بۆنی شەھوەت کردووە
پیاوەکە خەڵتانی ڕەحەت بوونە
چۆلەکەیەک دەنوکێک ئەھاوێت و
مێشەکان قووت ئەدات
ئێستا ..
پیاوەکە بووەتە مێشێک و
لە کونێکی زیندانەکەوە
ئەڕژێتە ناو شینایی ئازادیەوە
ئەفڕێ و ئەفڕێ و ئەفڕێت ..
لە دواوە تونگ بە ژنەکەیەوە ئەنوسێت
لە بەھەشتی شەھوەت و
ھەنسکی ڕەحت بووندا
زللەیەکی پاسەوانەکە بە ئاگای دێنێتەوە.

7.

مانگایەک ئێستا
ئەبینێ ..
دڵی گاکە لە ناو تەشتەکەدا سارد بووەتەوە
چاویشی لە مۆڕەی قەسابەکەیە
ئەو پیاوەی لە بەردەمیدا قەمەکەی تیژ ئەکاتەوە.

8.

پیاوێک لە زیندانە
ئێستا ..
سەرەی مردنیەتی
خولەکێک پێش مردن
بە خۆی ووت ..
من ئێستا ئەڕۆم بۆ مردن
وەک جاران ..
ئەڕۆشتم بۆ خەوتن.

9.

مانگایەک دەستەکانی لە زەوی چەقاندووە و
پیاوەکان لە پێشەوە پەتەکەی ڕائەکێشن
پیاوێک لە دواوە شانی لە بن کلکی چەقاندووە و
پاڵی پێوەئەنێت ..
مانگایەک بەسەر دەست و قاچ و چاو و گوێ و
سەر و پێست و خوێنەکەیدا
ڕائەکێشن ..
مانگایەک لە ناو لرفە لرفی خوێنەکەیدا ئەخنکێت.

10.

پیاوێک بۆ پێشەوە ئەبەن و
قاچەکانی بۆ دواوە ئەکشێنەوە
بەیانیەک زوو
پیاوێک لەناو ڕاڕەوەکەدا ڕائەکێشن
پیاوەکان لەو دیو شیشەکانەوە
تۆقیون
یەکێ بە دەست و یەکێ بە لێو و یەکێ بە چاو
دزە نیگای تێئەگرن
پیاوەکە لەسەر پارچەیەک ئاسن وەستاوە و
ئەوەندەی نەماوە بۆ مردن
لەو دیو ماسکە ڕەشەکەوە
دڵی لای لێبوردنی خودا و
دەستی ..
لەسەر سکی دەزگیرانەکەیەتی
چاوەڕێی دەنگە ژنگاویەکەیە
لە ژێر پێیدا بخزێت.

ماڵپه‌ڕی زمکان عه‌زیز