په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٣\٢٠١٥

لە قەیرانی حەقیقەتەوە بۆ گومانەکانی پرسیار.


تاڤگە سابیر     

- بەشی یەکەم -


گومانی تێدانییە هیچ ووشەیەك هێندەی" حەقیقەت" مرۆڤی گومڕانەکردووە ئەم ووشەیە ،کە بەناویەوە سەدان فاشیسست و دیکتاتۆر حوکمڕانیدەکەن .. هەزاران ئایدۆڵوژیست لەپاڵ وەهمەکانیدا دەنوون و هەزاران مرۆڤیش بەناویەوە دەکوژرێن ، " حەقیقەت " ئەو زاراوە ، کە هەگیز تروسکەیەك لە ڕوناکی ڕەخنە بە هوشیاریاندا گوزەرنەکات ، چەندە زۆر و بێشومارن ئەو مرۆڤانەی لە ژێر کاریگەری " حەقیقەت" دا بە ئاسوودەیی دەژین و بە ئاسانی دەکوژرێن و بە دنیایەك بێهودەیشەوە دەنوون.

چ ووشەیەك هەیە هێندەی " حەقیقەت" ئەفسونی هەبێت و مرۆڤی بەخۆیەوە خەریککردبێت؟ میشل فۆکۆ لە یەکێك لە نووسینەکانیدا ڕستەیەکی " نیشتە" دەهێنێتەوە ، کە دەڵێت : ( حەقیقەت ئەو هەڵەیەیە ، کە هێشتا نەمانزانیوە ، کە هەڵەیە) ئەم رستەیە کاتێیك دەتوانێت سەرسامماننەکات ، کە ڕاستەوخۆ وازمان لەو تێگەیشتنە هێنابێت ، کە بە بڕوای " نیشتە و هویدگەر لە ئەفلاتون" ەوە دەستپێکرد : ئەوکاتەی ئەفلاتون حەقیقەتیکرد بە بیرۆکەیەك ، کە لە دەروەی شوێن و کاتەوە بونێکی ئەزەلی و هەمیشەیی هەیە.

بەڕاستی " حەقیقەت" چییە؟ ئایا مەبەستمان چییە کە دەڵێن ( ئەم شت یان ئەو شت حەقیقەتە) ئایا " حەقیقەت" بریتییە لە دۆزینەوەی مانایەکی نەگۆڕ لە دنیادا یان مانایەکی دیاریکراوە بۆ وەزیفەیەکی دیاریکراو ، کە لە ناو ژینگەیەکی ڕۆشنبیریدا باڵادەستدەبێت؟ لە هەموو ئەم پرسیارانەش گرنگتر: مەرجەعی حەقیقەت چییە و کێیە و چ کەس و چ شتێك بڕیار لەسەر ڕاست و دروستی ئەو مەرجەعانە دەدات ؟ چونکە ئاشکرایە مەرجەعەکانی حەقیقەت لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی دی دەگۆڕێت و هەرگیز وەك خۆیان نامێننەوە... ئەو مەرجەعەی لە قۆناغێکی دیاریکراودا دواقسە دەکات، لە قۆناغی دوایدا هیچ بایەخێکی نامێنێ : لە سیحربازێکی کۆماڵگای سەرەتاییەوە بۆ ئەو پیاوە ئاینییەی نوێنەری کتێبە پیرۆزەکانە و تا ئەو زانا سروشتییەی لە تاقیگەکانەوە بە ڕستێك یاساوە دێتەدەرێ ، چیرۆك ، چیرۆکی گۆڕانی بەردەوامی مەرجەعەکانی " حەقیقەت " ئایا دەشێ لێرەوە بڵێن گەیشتوینەتە " ڕێژەگەری نسبیە" بەو مانایەی هەرگیز حەقیقەتی نەگۆڕ لە گۆڕێ نییە و هەموو شتیك ڕێژەییەو نەك هەر بەپێی قۆناغ و سەردەە جیاوازەکانی ، بەڵکو لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی دیش دەگۆڕدرێت ؟ پێدەچێت ئەمە ئەو تیڕوانینەبێت ، کە " سۆفستاییەکان" لە سەردەمی یۆناندا بەرگریان لێدەکرد..


تێڕوانینێیك ، کە بەسەختی کەوتە بەر ڕەخنەگرتنی " سوکرات، ئەفلاتون، ئەرستۆ" توێژە ، بەڵام بێئەوەی پێویستمان بەوەبێت بچینە ناو ئەم ووتوێژە فەلسەفییەوە دەتوانین : مێژوو تەنها چیرۆکی دەرکەوتنی " حەقیقەتێك" نییە ، کە لە سەردەمێکدا دۆزرابێتەوە و بۆ هەمیشە وازیلێهێنرابێت، بەڵکو لەهەمان کاتدا مێژووی لە گۆڕنانی حەقیقەتەکانیشە.

نەخشەکانی حەقیقەت لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی دی دەگۆڕین، بەڵام مەبەستمان لەم ڕستەیە ئەوە نییە بمانەوێت باس لە " پێشکەوتن" و " پەرەسەندنی" ووتەزای حەقیقەت بکەین... بەو مانایەی بڵێین هەر سەردەمەو کەمکوڕیەکانی " حەقیقەتی" سەردەەمی خۆی تەواو دەکات چەمکی " پێشکەوتن و " پەرەسەندن" دوو چەمکی بێگوناهنین و ئەوەندە لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە بارکراون ، کە پێویستە بیانخەینە ناو کەوانەوە، چونکە لەم هەر دوو چەمکەدا سۆزو ئارەزوویەك بۆ گەڕانەوە بەرەو بنەڕەت و سەرەتا هەیە : واتا لە پشت ئەم دوو چەمکەوە ئەو باوەڕە ڕابردووخوازە " بە شێوەیەکی ناهوشیارانە" خۆی حەشارداوە، کە بڕاوی وەیە هەموو شتەکان لەبنەڕەت و سەرەتاوە بە دروستی دەستیانپێکردووە، بەڵام بە کەموکوڕییەوە ، کوموکوڕییەك ، کە نەوەکانی داهاتو ئەرکی سەرشانییانە بەهۆی دەست گەیشتنیان بەو ئامێرو تەکنیکانەی لەبەر دەستی باواندا نەبوون پڕڕیانبکەنەوە... تێڕوانینێك ، کە پێویستە بەتەواوی وازیلێبهێنین ، چوننکە ئەوەی لە نەوەیەکەوە بۆ بۆ نەوەیەکی دی دەگۆڕێت بە تەنها گۆڕان نییە لە تەکنیك و ئامێرەکاندا ، بەڵکو گۆڕانێکی بنەڕەتیش هەیە لە دامەزراندنی پرسیار و گرفتەکاندا نەوەکانی ئەمڕۆ و داهاتوو بەدوای وەڵامی پرسیارێکدا ناگەڕێن ، کە سەردەمانێك باوان لە دنیایان کردبوو، بەڵکو دەستکاری خودی پرسیارەکان دەکەن و بە شەقڵێکی تەواو جیاواز ئاڕاستەی دەکەن ، لە ڕاستیدا وەك چۆن " ناتوانین دوو جار پێبخەینە ناو هامان ڕوبارەوە" هەرواش ناتوانین " دوو سەردەمی جیاواز بخەینە ژێر هامان پرسیارەوە" لێرەوە هەرکاتێك لەبەردەم بزاوتێکی ڕۆشنبیریدا ڕاوەستاین ڕاستەوخۆ دەبێ سەرنجی ئەو پرسیارانە بدەین ، کە ئەو ڕۆشنبیرییە لە خۆی و لە دنیای دەکات ئایا ئەو ڕۆشنبیرییە هەمان پرسیارەکانی ڕابردوو دووبارە دەکاتەوە یان پرسیاری تازەتری لەگەڵ خۆیدا هێناوە؟
 

بێگومان لێرەدا دەپرسین: ئایا بەچیدا بزانین پرسیارێك تازەیە یان کۆن هاوچەرخە یان ڕابردووخواز، ڕۆشنگەرە یا ئایدۆلۆژیی؟ سەرەتایترین وەڵام ئەوەیە بزانین ئئەو پرسیارە چ ڕەهەندێك ئاشکرا دەکات ... باس لە ئاشکرا کردن دەکەم ، چونکە هەر چۆنێك پرسیار پێناسەبکەین لەوە تێپەڕنەکات: ئەو سروشتەی عەقڵە ، کە دەوێت ڕۆشنایی ببەخشێ بە جیهانێکی تاریك جێگەیەك ڕوناك بکاتەوە ، کە لەژێر تەمومژدایە ، زەمەنێك ئاشکرا بکات ، کە نادیارە هەرکات باس لە پڕۆژەی ڕۆشنگەری کرا ڕاستەوخۆ دەبێت بەدوای ئەو پرسیارانەدا بگەەڕێن ، کە پڕۆژەکە لەەگەڵ خۆیدا دەیهێنێت و سەرنجبدەین ئەو پرسیارانە چ شوێنێکی تاریك و چ بوارێکی نادیار ئاشکرا دەکەن ، چونکە مەرجە هەموو پرسیارێك ڕۆشنگەر بێت ئەو پرسیارەی پێنەخاتە زەمینیەکی نەدۆزراوە و پەردە لەسەر بوارێك لانەدات ، کە بەر لە ئێستا پەردەی لەسەر لانەبراوە پرسیار نییە ، بەڵکو دەمامکێکی ئایدۆلۆژییە ، کە دەیەوێت هەمان ئەو ڕاستە ئاشکراو و زانینە دەرکپێکراوانە دووبارەبکاتەوە ، کە بەر ئێستا و بەشێوەیەکی هوشیری یان ناهوشیاری لە واقعێیکی ڕۆشنبیریدا ئامادەییان هەیە ، بەڵام رۆشنگەری پڕۆژەی دووبارەکرنەوە نییە ئەو تەنانەت ئەگەر پرسیارێکیش لە دەمی باوانەوە وەربگرێت بۆ ئەوەنییە ، کە پێمان بڵێت ئێستاش لەناو هەمان جیهان و هەمان گرفتی باواندا دەستەویەخەیە، بەڵکو بۆ ئەوەیە ئاشکرای بکات ، کە ڕابردوو نە لە پرسیارەکە و نە لە ڕاهەندەکانیشی تێگەیشتووە ونە ووەڵامەکانیش نەخشی سەربەردن.

دووبارەکردنەوەی پرسیارێیکی ڕۆشنگەر ڕەخنە و نەفیکەری پرسیارەکانی ڕابردووە بەم مانەیەش پرسیار داینەمۆی هەموو پڕۆژەیەکی ڕۆشنگەرییە ، پڕۆژەیەکی ڕۆشنگەری نییە بتوانیت لە دەروەی پرسیارکردن خۆی دابمەزرێنێ و گەشە بکات ( هایدگەر ) دەیگووت ( فەلسەفە لەناو پرسیاردا گەشە دەکات) ئەی بۆ نەڵێین مرۆڤ خۆی لە ڕیی پرسیاردا گەشە دەکات ، ئەگەر مرۆڤ زیندەوەرێکی عاقڵ بێت ئەوە عەقڵی خۆی چیە جگە لە کانگایەکی مەزنی پرسیار : بیرکردنەوە و تێفکرینێك نییە سەرەتا و یەکەمجار بە پرسیار دەستپێنەکردبێت لە ڕاستیدا هەمیشە دەتوانین لە پشت هەر ڕەفتارێکی مرۆڤەوە پرسیارێکی شاراوە ببینین پرسیارێکی ، کە مەرج نییە زمان گووتبێتی ، بەڵکو بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ڕەفتار ئاشکرای دەکات لە کوێدا ڕەفتار یان کردارێیك هەبوو بێگومان پرسیارێیکی شاراوە هەیە، کە کردار و ڕەفتارەکانیش بەدوای ووەڵامێکەوەبن ، کە ئیدی ئەوە دواسنوری پرسیاەکان بێیت ڕەنگە ئەوە گەورەترین قەیرانی مرۆڤ بێت ڕەنگە سەفەری فیکری مرۆڤایەتی هیچ نەبێت جگە لە گەڕان بەدوای ووەڵامدا ، لەم ئاستەدا باختین دەەیگووت ( هیچ شتێك هێندەی نەبوونی ووەڵام بۆ مرۆڤ ترسناك نییە) ، بەڵام دەشێ بپرسین نەبوونی ووەڵام لە کوێوەدێت لە بەردەوامبوونی پرسیارەکانەوە نەبێیت ئەوە نەبوونی ووەڵام نییە ، کە مرۆڤ ئازا دەدات ، بەڵکو بەردەوامی پرسیارەکانیەتی ... ئەو پرسیارانەی ئامادەنین لەسەر تخووبی ووەڵامە ئامادەکراو وە دێرینەکان ئارمبگرن و بڵێن ئێرە " مەلەکوتە" ووەڵام ئەو وەسوەسە مەنەیە ، کە مرۆڤ لە پێناویدا پرسیارەکان درێژ ەکاتەوە ، دەتوانین بڵێن ووەڵام لەبەردەم سەرکێشەکانی پرسیاردا بۆ هەمیشە دوا دەخرێت... وە تازە تێدەگەین ئەوەی بەدوایدا دەگەڕاین و ئەمڕۆ بەدەستمانهێنا لەبەردەم نەوەی تازەدا دەبێ بەە گرفتێك ... بە کێشەیەك ... بە پرسیارێك تا دواجار دەبێت بە هەوێنی سەفەری گەڕان و سەرکێشییەکی تر لە بنەڕەتدا مرۆڤ چەند لەو پاڵەوانە یۆنانییە دەچێت ، کە هەرکات بەردەکەی دەخستە سەرگردەکە وایدەزانی ڕزگاری بووە ، بەڵام تەنها لەسەر لوتکە تێیدەگەیشت هێشتا چیرۆکی تلۆربوونەوە و سەرکەوتنێیکی تر ماوە و ئەم زنجیرەیە بۆ هەتاهەتایە تەواونابێت ئایا " جولیان بندا" ڕاستینەدەکرد کاتێ دەگووت: ( مەلەکوتی مرۆڤ لەسەر زەوی نییە) بەمەرجێك ئەم ڕستەیە لە هەموو ئەو مانا میتافیزیکیانە ڕزگاربکەین کە " بندا" خوازیاری بووە.

مرۆڤ هەمیشە ئێستای ژیانی لە بەردەم پرسیارەکاندا دەکات بە گرفتێك بە کێشەیەك و دواجار ئەم پرۆسەیەش بە نامانی مەلەکوت دواییدێت ، چونکە ئەو سەردەەمەی لە بەردەم هوشیاریدا دەبێ بە پرسیار ، ڕاستەوخۆ دەمامکەکانی دەکەوێت و لەپشت ئەم کەوتنەشەوە دەرەکەوێت ئەو جیهانەی تیایدا دەژین و ئەو سەردەمەی تیایادا گەورەدەبین نە بەهشتە و نە مەلەکوت ، بەڵکو شێوەیەکی دیکەی زیندانە ، چونکە وەك لەسەرەتاوە گووتم سروشتی پرسیار ئاشکرا کردنی نادیارو ڕوناك کردنەوەی جێگەیەکی تاریکە وە نادیار تەنها لەبەر ئەوە نادیار نییە ، کە سروشتی خۆی بەشێوەیەکە خۆیمان لێبشارێتەوە، بەڵکو لە هەمانکاتدا لەبەرئەوەی ئایدپلۆژیاو تێڕوانینێکی باڵادەستیش هەییە ، کە دەستی هەیە لە وونکردنی نادیاردا... یان ڕاستتر بەرژەوەندی هەیە لە وونبوندا، چونکە زۆرجار " ئەگەر نەڵێین هەمووجار " سیستمە ڕۆشنبیرییەکان ئایدۆلۆژیا باڵادەستەکان وو هێز کاریگەرەکانی واقیعێکی ڕۆشنبیری هەموو مانای بوونی خۆیان لە ونبوونی نادیارەوە وەردەگرن ؛ لێرەوە دەبینین زۆر جار دەرخستنی نادیار چ دەرەنجامێکی شۆڕشگێرانەی لەە ژینگەیەکی ڕۆشنبیریدا دەبێت، لەگەڵ هەموو دەرکەوتنێکی نادیاردا ئەو هێزە ڕۆشنبیریی و کۆمەڵایەتی و سیاسیانە دەکەونە بەر پرسیار وو گومان ، کە باڵادەستییان لە واقیعێکی ڕۆشنبیریدا هەیە دواجار، چونکە هەمیشە لە دوای ئاشکررابوونی نادیارەوە دەەبێت جیهان بەناچار ماناکانی خۆی بگۆڕیت بە وەزیفەکانیدا بچێتەوە و سەرجەم پەیوەندییەکانی بە شێوازێکی جیاواز ڕێکبخات.

تا ئێرە پێویستە بەو تێڕوانینەدا بچینەوە ، کە بڕوای وایە نەبوونی داهێنانی فیکری و جددی لەە واقیعی ئێمەدا دەگەڕێتەوە بۆ تەمەڵی فیکری ڕۆشنبیرانی کورد و پتر دەیبەستێتەوە بە هەلومەرجی سایکۆلۆجی داهێنەرانەوە.... ئێستاا کاتی ئەوەهاتووە لەوە تێگبگەین ، کە ئەم ڕوو وەرگێران و پشتکردنە لە کاری فیکری و قوڵ وەزیفەیەکی یەکجار گرنگی هەیە ، کە ئەوش یارمەتیدانی هێزە کاریگەرەکانی ناو واقیعی ڕۆشنبیری کوردییە بۆ پتر شاردنەوەو تەمومژاویکردنی نادیار ، ڕاستە زۆربەی ڕۆشنبیرانی کورد خاوەن هیچ کەرەسەیەکی مەنهەجی نین و هەرگیز بەدوای کەرەسکانی بیرکردنەوەدا ناگەڕێن ، بەڵام خودی ئەم " خاوەننەبوون" و " نەگەڕانە" ناگەڕێتەوە بۆ تەمەڵی فکری ... لە ڕاستیدا هیچ ڕۆشنبیرێك هێندەی ڕۆشنبیری تەقلیدی کوردی چالاك نییە ئەو چالاکییە سەرسوڕهێنەرەی لە دەرکردنی چەندان گۆڤار و بڵاوکراوە و ڕۆژنامەی پەخشاننووسدا دەیبینین ، وامان لێدەکات گومانبکەین لە تەمەڵی فکریی وەك هۆکارێکی دانەهێنان ، بەڵکو خودی ئەم شێوازە ئیشکردنە لەناو وەزیفەیەکی گەورەتردا ماناکانی خۆی وەردەگرێت ، کە ئەویش پتر شاردنەوەی نادیارە بۆ زیاتر سەقامگیر کردنی هەموو ئەو هێزانەی لە ژینگەی ڕۆشنبیریی کوردیدا ئامادەگیان هەیە ، لێرەوە ئەگەر ڕۆشنبیری کورد پرسیاری نییە تەنها لەبەرئەوە نییە ، کە دەرك بە پرسیارەکانی خۆی ناات ، بەڵکو بۆ ئەوەی ڕیگا لە کەشفبوونی نادیار بگرێت ئەو ڕۆشنبیرییەش ، کە پرسیارناکات و بەدوای نادیار ناگەڕێت نەك هەر ڕۆشنبیرییەکە دەرکی گرفتەکانی خۆی ناکات ، بەڵکو دەرکی دیلێتی و کۆۆیلەیەتی خۆشیناکات ، چونکە ئەوە تەنها پرسیار کردنە دەمامکە جوانەکانی سەردەمێك دادەکەنێتت و ڕووە ناشیرینەکەی ئاشکرا دەکات.
 

ماڵپەڕی تاڤگە سابیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک