٢\٥\٢٠١٥
لە قەیرانی
حەقیقەتەوە بۆ گومانەکانی پرسیار.

تاڤگە سابیر
- بەشی
چارەم -
ئێستا کە دەگەینە میراتی سێهەم ئیدی لەبەردەم کاری فەیلەسوفێکدا نین بە
تەنها ، بەڵکو لە بەردەم چەند قوتابخانەکداین ، کە هەریەکەو بە شێوەیەك
دەستی هەبوو لە تێگەیشتنەدا، کە حەقیقەتی لە دەرەوەی ڕەخنە و پرسیار
کردن نەدەبینی دەکرێت بڵێین لە سەردەمی تازەدا بونیادگەری "
سەرەتاکانیدا" دوا هەوڵی جدی و مەزن بوو ، کە دەیگووت نهێنی نهێنیەکانی
دۆزیوەتەوە ، کە ئەویش " بونیادە" بونیادگەری لە ساتەکانی یەکەمیدا بەو
خولیاو خواستە مەزنەوە دەستپێکرد ، کە بڕوای وابوو دەتوانێ هەموو یاسا
شاراوەکانی دەق ئاشکرابکات ، لیڤی شتراوس " کە بە باوکی بونیادگەری
دادەنرێت" لە کاتێکدا چاوی لەسەر دەستکەوتەکانی زمانناسی بەناوبانگی "
دی سوسیر" بوو، بڕوای بەوە هەبوو نەك هەر بەکارهێنانی بونیادگەری
دەتوانین لەسەرجەم نهێنی و پەیوندی ئەفسانەکانی مرۆڤ تێبگەین ، بەڵکو
دەتوانین نهێنی شێوەی کارکردنی خودی عەقڵی مرۆڤیش بدۆزینەوە.
بونیادێك هەموو مانا و گۆڕانی ڕەگەزەکانی ئاشکرا دەکات و یاساکانی
ڕێکدەخات ، لە ڕاستیشدا بونیادگەر لە سەرەتادا بە دنیایەك بانگهێشتی
ئەفسانەییەوە هات : دۆزینەوەی دوا نهێنی و یاسای هەموو بوارەکان ،
لێرەوە بوو بونیادگەرەکان وەك فۆرمالیستە ڕوسەکان باسیان لە " زانستی
ئەدەب" دەکرد واتە وەك چۆن زانست توانای دۆزینەوەی یاسا گشتی و
سەرتاپاگیرەکانی هەیە هەرواش دەکرێت ئەدەب وەك بوارێکی زانستی مامەڵەی
لەگەڵدا بکەین و یاسا گشتییەکانی بدۆزینەوە.
بونیادگەران بەم خولیاو ئارەزوەوە لە بوارەکاندا کەوتنە لێکۆڵینەوە :
لیڤی شتراوس بەدوای دوا بونیادی هەموو ئەفسانەکاندا دەگەڕا لاکان
بەدوای زمانی ڕەمزی ناهۆشیاریشدا دەگەڕاو بڕوای وابوو " نەست" وەك زمان
بونیادێکە ، کە دەتوانین یاساکانی و کارکردنەکانی ئاشکرابکەین ، میشل
فۆکۆ بیری لای ئەو نیزامە مەعریفییانە بوو ، کە سەدەکانی ڕێکدەخست و
لەیەکدی جیادەکردەوە ، هەموو ئەم کارانەش بە ناوی زانستەوە
ئەنجامدەداران .... کە " زانست" ئیحایەکی تەواوی هەیە بۆ حەقیقەت ،
لێرەوە بونیادگەران لە سەرەتای کارەکانیاندا دژی شێوازی " ڕاڤەکردن"
بوون و بەسروشتێکی میتاڤیزیکیان دادەنا وە " میشل فۆکۆ" خۆی چەند جارێک
لە نووسینەکانیدا هێرشیکردە سەر شێوازی ڕاڤەکردن ، بەڵام ئێستا ، کە
تەوژمی بونیادگەری بەو تینوتاوەی جاران نەماوە زۆر لە بیریارانی تا
ڕادەیەك وازیان لەو بانگێشتنەی سەرەتا هێناوە ، دەتوانین لەوە تێبگەین
" ئەم خولیایە بۆ دۆزینەوەی دوا بونیاد ڕەگوڕیشەی لە تێگەیشتنی
پوزتڤیسمان و زانستگەراکاندا هەیە ، کە بڕوایان وایە بۆ هەر پرسیارێك
یەك وەڵامی ڕاست و یەقینێکی ڕاست هەیە لە بنەڕەتدا پۆزتڤسم ئەو کاتە
دەستیپێکرد ، کە بڕواهەبوو بەوەی دەکرێت شێوازی زانستە سروشتییەکان لە
ڵکۆڵینەوەی دیاردە کۆمەڵایەتییەکاندا بەکاربهێنرێت وە بە دەرەنجامی
ڕاست و دروستیش بگات ، ئەم خولیایە بۆ بەکارهێنانی شێوازی زانستیانە
لەو خولیایەوە دێت ، کە دەیەوێت بۆ هەر پرسیارێك وەڵامێکی یەکجاری
بدۆزێتەوە ، بەڵام بڕوابوونە بە وەڵامی کۆتایی و بە تاك حەقیقەت خاڵێکە
نە هیرمونتیکی مۆدێرن و نە " شیکارگەری تفیکیکیەت" ئامادەنین قبوڵینکەن.
هیرمۆنتیکی مودێرن هەر لە سەرەتاوە بەو بڕوایەوە دەستپێدەکات ، کە
حەقیقەتی کۆتایی لە گۆڕێ نییە : " گادامیر" کە یەکێکە لە پێشەنگەکانی
ئەم قوتابخانەیە دەڵێت " قسەی هیرمونتیك بێئەندازە سادەیە ئەویش ئەوەیە
من قسەی کۆتاییم پێویست نییە و کاریشم پێی نییە " هەر لەبەر ئەمەش
هەمیشە "دیالۆگ بەردەوام دەبێت و هەرگیزیش کۆتایینایەت" گادامیر لە
توێژێکدا دەڵێت " تا ئەمرۆ گوتاری مودێرنیزمی ڕۆژئاوایی تا ئەو شوێنەی
پەیوەندی بە پێشکەوتنی زانستەوە هەیە ، گرنگیداوە بە تاك ووتن ...
وەسوەسەی زالبوون بەسەر سروشتدا هیچ جێگایەکی بۆ وتووێژ نەهێشتوەتەوە ،
بەڵام هیرمونتیکی مۆدێرن بە پێچەوانەی ئەم بڕوا باڵادەستە و دەجوڵێتەوە
و ( بڕوای وایە) ئێمە ناتوانین زاراوەیەك بدۆزینەوە ڕێکوڕەوان توانای
بەرجەستە کردنی پێناسێکی وردبینی هەبێت" " گادامیر" وەك نیشتە بڕوای
وایە ئێمە هەمیشە " لە بەردەم شتێکی ڕاڤەکراوداین نەك خودی شتەکا
ئاماژەکانی زمان هەمیشە بۆ ڕاڤەکردنی بەردەوام دەمانگێڕێتەوە.
بەڵام لێرەدا دەبێت ئەوە بڵێن ، کە پڕۆژەی هیرمونتیکی مودێرن جیاوازی
بنەڕەتی لەگەڵ شێوازی ڕاڤەکردنی کلاسیکدا هەیە ڕاڤەکردنی کلاسیکی بڕوای
بە پیرۆزی دەق هەبوو پێیوابوو دەق هەمیشە نهێنیەکی ڕەسەنی تیایە ، کە
دەکرێت بدۆزرێتەوە، " شلایرمایخەر" ( کە یەکێکە لە ڕاڤەکەرە
کلاسیکیەکان) بڕوای وابوو ناسینی دەق بریتیە لە ناسینی مانای بنەڕەتی و
ڕاستەقینەی دەق بە بڕوای ئەو دەکرێت شێوازەکانی ڕاڤەکردنی بگۆڕێت ،
بەڵام سەرەنجام دەبێت هەموو شێوازەکان بە دوا مانای دەق و مانایەکی
نەگۆڕدا بگەن ، کە فەیلەسوفێکی مودێرنە و لە سەر هەمان ڕێبازی
ڕاڤەکردنی کلاسیکییە بڕوای وایە " بڕاونەبوون بە مانایەکی نەگۆڕ
لەناوبردنی هەموو پڕۆژەیەکی ڕاڤەکردنە" ، کە ئەو مانا نەگۆڕەش ( لە
بڕوای هیرشدا) بریتییە لە مەبەستی نووسەر بە بڕوای ئەو تاکە ڕێگە
جیاکردنەوە ڕاڤەکردنێکی جراپ لە ڕاڤەکردنێکی سەرکەوتوو ئەوەیە کامیاب
نزیکبوونەتەوە لەو مانایەی مەبەستی نووسەر بوون " هیرش" بڕوای وایە "
هەمیشە و بە درێژایی مێژووی دەق یەك شت بە نەگۆڕی دەمێنێتەوە ، کە
ئەویش مەبەستی نووسەرە جاچ ئەو مەبەستە بدۆزینەوە یان نەیدۆزینەوە
خاڵێك ، کە لە مێژە هیرمونیکی مودێرن وازیلێهێناوە هیرمونتیکی مودێرن
هەر لە سەرەتاوە بڕوای وایە دەق زیاد لە مانایەك لەناو خۆیدا هەڵدەگرێت
، بەڵام ئەم فرەماناییە لە بڕوای گادامیردا ناگەڕێتەوە بۆ ئەفسونی دەق
، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ ئەو " ئاسۆ جیاوازانەی " کە دەقی تیا
دەخوێنرێتەوە لە تێگەیشتی " گادامیر" دا هەر دەقەو لە ناو " ئاسۆیەکی
مانایی جیاوازدا" مانای جیاواز وەردەگرێت " ڕەستە هەر پرسیارەوە بە
دوای وەڵامێکی دیاریکراودا دەگەڕێت "، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە ،کە "
هەمان پرسیار لە دوو ئاسۆی مانایی جیاوازدا ئامانجی جیاوازیان دەبێت"
بە کورتی لە تێڕوانینی گادامیردا نە گەمەی پرسیار کۆتایدێت و نەگەمەی
وەڵام ، چونکە هەر سەردەمەو ئاسۆی ماناکانی خۆی دەگۆڕێت و ئەمەش خۆی
دەبێتە هۆی دۆزینەوەی مانای تازە و کەشفنەکراو لە دەقدا بە مانایەکی دی
( ئەگەر ڕێگەمان هەبێت) دەتوانین بڵێن وەك چۆن مرۆڤ ناتوانێ دووجار
پێبخاتە ناو هەمان ڕوبارەوە هەرواش ناتوانی لە دووجار خوێندنەوەدا
بگاتە هەمان مانا.
گادامێر دەڵێت ( هەر نووسینێکی کلاسیکی چەند پرسیارێک دەوروژێنی و چەند
وەڵامێکیش بەو پرسیارانە دەداتەوە وەك ئەوەی بۆ سەرەدەمی ئێمە
نووسرابێت ، بەڵام ئەو نووسینە لە سەردەمی خۆشیدا چەند پرسیارێکی
وروژاندووە ، کە دیسان وەڵامیداوەتەوە ، بە بڕوای گادامێر دیالۆگ لە
نێوان ئەم دوو ئاسۆیەدا ڕوونادات : ئاسۆی دۆێنێ و ئاسۆی ئەمرۆ دیالۆگ
لە نێوان ئەم دوو ئاسۆیەشدا بریتیە لە تێکەڵبوونی دوو سەردەم : سەردەمی
نووسین و سەردەمی ڕاڤەکەر ، بەڵام گادامێر ئەم تێکەڵبوونە بە مانای
زیندووکردنەوە و پەیبردن بە ڕابردوو دانانێت لە بنەڕتدا ڕاڤەکردنی دەق
بۆ ناسینی مەبەست یان شێوەی ئەندێشەی سەردەمانی نووسەر نییە ، بەڵکو
هەلومەرجی ڕاڤەکەر گرنگی زیاتری هەیە لەم ئاستەشدا گادامیر هەرگیز
بڕوای بەوە نییە ڕاڤەکردنێك بەتەنها گەیشتبێتەڕاستی و حەقیقەت ، یەکێك
لە سەرەتاکانی هیرمونتیکی مودێرن ئەوەیە حەقیقەت تەنها لە ئەنجامی
وتووێژدا بەدەستدێت و بە تەواوی و دیاریکراوی لای کەس نییە لێرەوە
دەڵێن " بڕوابوون بەوەی ح؟ەقیقەت لای منە ئینکارکردنی حەقیقەتە" بە
کورتی هیرمونتیکی مۆدێرن حەقیقەت و مانای لە تاك ڕەهەندی دەرکرد و وەك
ئاسۆیەکی کراوە تەماشایکرد ... خاڵێك ، کە قوتابخانەیەکی دی لە
ڕێگایەکی تەواو جیاوازەوە دووپاتی کردەوە و سولماندی کە ئەویش "
شیکارگاری تفیکیکیە" بوو.
جاك دریدا کە پێشەنگی ئەم قوتابخانەیەیە هەر لە سەرەتا پڕۆژەکەی بۆ
ئەوە تەرخانکرد ، کە بیسەلمێنێ " مانا" ئامادەگی نە لە " دەق" و نەلە
ئاخاوتندا نییە و بوونی بوونێکی دواخراوە بە بڕوای دریدا "
میتافیزیکیای ڕۆژئاوا" لەسەر ئەو حەقیقەتە سیمۆلۆجییە بونیادنراوە ، کە
هەر " دالێك" مەدلولی خۆی لەگەڵدایە واتە بڕوابوون بەوەی ، کە " مانا"
بە شێوەیەك لە شێوەکان ئامادەگی هەیە ، کە ئەو مانایانەش نادۆزینەوە
یان پێیانناگەین لە بەرئەوەیە ، کە ئەو ئامێرانەی بەکاریدەهێنین
کەموکوڕن و هەڵەیان تێدایە " دریدا " ئەم بڕوابوونە بە ئامادەبوونی
مانا ناودەنێت " میتافیزیکیای ئامادەبوون" کە سەرجەم فکری ڕۆژئاوای
داگیرکردووە، بەڵام دریدا ئەم خاڵەی قبوڵ نییە و بڕوای وایە مادام زمان
( وەك دی سوسێر ئاشکرایکردووە) لە جیاوازی ئاماژەکان دروست بووە ،
کەوابوو ئەم ئاماژانە هەمیشە دەستبەسەراگرتنی " مانا" دوادەخەن ، چونکە
مانای هەر ئاماژەیەك پانەندە بە مانای ئاماژەیەکی ترەوە ( ئەگەر لە
فەرهەنگی زماندا بۆ مانای ووشەیەك بگەڕێین ئەو مانایە خۆشی ووشەیەکە ،
کە دیسان مانایەکی هەیە ، کە ئەو مانایەش دیسان ووشەیەکی دییە بەم
شێوەیە تا بێکۆتایی بەردەوامدەبین بێئەوەی هەرگیز بتوانین مانای کۆتایی
بدۆزینەوە)، بێگومان پێویستە لێرەدا ئەوە بڵێین ، کە ئەم ڕستانە ( وەك
هەندێك کەس تێگەیشتوون ) بانگێشتکردن نییە بۆ " بێمانایی دەق" ، بەڵکو
باس لە فراوانکردنی ڕوبەری مانای دەقە دریدا وەك بونیادگەران بڕوای
بەوە هەیە " دەق " سەرچاوەی هەموو خوێندنەوەیەك ، بەڵام " ئەو دەقەی
دەخوێنرێتەوە بونیادەکەی تێکدەشکێت بەو مانایەی ڕوبەری میتافیزیك
ئامادەبوونی ڕاستەوخۆی مانای نامێنێت ، بەڵکو مانای تازە لە ئەنجامی
خوێندنەوەدا دروستدەبێت " شیکارگەری شێوەزێك نییە بۆ دەرخستنی بێمانایی
دەق، بەڵکو شێوازێکە دەیەوێت وەهمی باڵادەستی مانایەك بەسەر دەقدا
بڕەوێنێتەوە و ماناکانی دی ئاشکرابکات وەك بڵێین دەق لە بەردەم مانا
جیاوازەکانیدا بێلایەن بکات دریدا دەڵێت لە دەقدا هەمیشە " دوو دەست
دوو نووسەر دوو جێگا هەیە" بەم مانایەش شێوازی شیکارگەری بریتی دەبێت
لە زیندووکردنەوەی ئەو مانایانەی لە دەق خۆیدا حەشاردراون ، کە دژی
مانایەن ، کە لە دەقەوە ڕاستەوخۆ وەردەگیرێن.
_____________________________
بەشی
سێیەم:
www.emrro.com/leqeyranih3.htm
بەشی
دووەم:
www.emrro.com/leqeyranih2.htm
بەشی
یەکەم:
www.emrro.com/leqeyranih1.htm
ماڵپەڕی تاڤگە سابیر
|