١٧\٥\٢٠١٥
لە قەیرانی
حەقیقەتەوە بۆ گومانەکانی پرسیار.

تاڤگە سابیر
- بەشی
پێنجەم -
لە بنەڕەتدا سەرجەم تێڕوانین و فەلسەفەی پاش بونیادگەری بەو میتۆدە
دەستپێدەکات ، کە " مانا" " حەقیقەت " هەمیشە ئاسۆیەکی کراوەیە و بوونی
هەمیشە دواخراوە ، دەتوانین بەم شێوازە سەیرکردنە بڵێن" ئامادەنەبوونی
مانا" بە مەرجێك ئەم دەستەواژەیە لەگەڵ بێمانایدا تێکەڵنەکەین ، چونکە
وەك پێشتر گووتمان لێرەدا باس لە بێمانایی دەق نییە ، بەڵکو دژایەتی
ئەو تێڕوانینە پۆزتفیسمەیە، کە بۆ هەر پرسیارێك یەك وەڵام و لە هەر
دەقێکدا یەك حەقیقەت دەبینێ ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شێوازی ڕاڤەکاری و
شیکارگەری لە خاڵێکی سەرەکیدا لەیەکجیادەبنەوە لای ڕاڤەکار ئەوە ئاسۆی
مانای خوێنەرە، دەق لە بەردەم مانای نوێدا دادەنێت لە کاتێکدا
شیکارگەری خوێنەر فەرامۆشدەکات و لەناو خودی دەقدا یاری ماناکان
دەدۆزێتەوە ، بەڵام شیکارگەری و هیرمۆنتیکی مۆدێرن ئەگەرچی دوو
سەیرکردنی جیاوازیان هەیە ، بەڵام لەو ڕاستەیەدا یەکدەگرنەوە ، کە مانا
وەڵام .... حەقیقەت هەمیشە ئاسۆیەکی کراوەیە ، بەڵام ئەوەی لێرەدا بۆ
ئێمە گرنگە و دەمانەوێت سەرنجی بۆ ڕابکێشین ئەوەیە ، کە فراوانبوونی
مانا و کردنەوەی دەق بە زیاد لە ئاستێکدا ناتوانێ بێ پڕۆسەی
بەردەمبوونی ئەم پرسیارە ڕوبدات ئەوکاتەی دەڵێین نەزیفی مانا
ڕاناوەستێت، لەهەمانکاتدا ، کە نەزیفی پرسیاریش ڕاناوەستێت ئەوە
پرسیارە " مانا" تووشی قەیران دەکات " فرانسوا لیۆتارد" دەڵێت " لە پاش
کۆتایی هاتنی تەمەنی خۆر پرسیارە بێوەڵامەکانی ئێمەش کۆتاییدێت لە پاش
مردنی خۆر ئیدی هوشیارییەك نابێت دەرکی ئەوە بکات ، کە ئەوەی ڕوودەدات
مەرگ " لێوتارد باس لە قویرانی سەرەنجام دەکات بە بڕوای ئەو هەموو ئەو
شتانەی دەیانگوت مانایەکی کۆتایی لە مێژوودا هەیە ، هەڵەیانکردووە و "
هیچ مانایەکی وا ناتوانین بدۆزینەوە لە بەر هۆیەکی زۆر سادە ئەویش
ئەوەیە لە بنەڕەتدا هیچ مانایەکی کۆتایی لە گۆڕێ نیە".
مێژوو پەرەسەندن نییە بەرەو حەقیقەتێك ، کە دۆزیومانەتەوە ، بەڵکو خودی
ئەو شتەی ، کە ناویدەنێین حەقیقەت ئەگەرێکە لە ناو ئەو هەزاران ئەگەرەی
بۆ مێژوو لە ئارادان ، بەڵام ئەوەی مرۆڤ لەدۆزینەوەی دواوەڵامدا
دەیدۆڕێنێ لە دۆزینەوەی پرسیاردا بەدەستیدێنێتەوە هەگیز " مانا" تووشی
قەیران نابێت ئەگەر پرسیارەکان بەردەوامنەبن ئەوە سەختگیری و مانەوەی
پرسیار و ڕەخنەیە، کە "مانا" تووشی قەیران دەکات بە مانایەکی دی
حەقیقەتی بنەڕەتی مرۆڤپرسیارکردنە لێرەوە گەڕان بەدوای حەقیقەتێکدا ،
کە ئیدی پرسیاری لێنەکرێت ڕەخنەی ئاڕاستەنرکرێت ، جگە لە خورافەتێك
هیچی دی نییە وە "دەرگاکان"ی" هەمیشە داخراون وەك ئەو کیژۆڵەیەی ئەو
پیاوەی ئەو مرۆڤەی دەیەوێت دەرگایەك بکاتەوە ، کە ئیدی لە دوایەوە
ئارامبگرێت و وابزانێت لە دوای ئەوەوە دەگاتە بەهەشت ، جگە لە
خۆگومڕاکردن هیچ کارێکی دیکەی نەکردووە ، چونکە دەرگاکان هەمیشەهەن و
دەربازبوون لێیان مەحەڵە دەرگاکان بۆ کێ داخراون؟ ئەوەی ئاشکرایە
ئەوەیە دەرگاکان بۆ ئەو کەسانە داخراون ، کە تێپەڕاندنی دەرگا وەك دوا
ساتەوەختی ئاسودەیی تەماشادەکەن ، بەڵام ئاسودەیی و ئارامیەك نییە بەبێ
گەڕان و پشکنین ، چونکە دۆزینەوەی دوا دەرگا و دوا حەقیقەت ، کە دوا
ساتەوەختی گەڕان و پشکنین بێت فێڵێکی متافیزیکییە و ڕاستەوخۆ
دەمانگیڕێتەوە بۆ هەرێمی ئەو ئیمپراتۆرە دیلانەی بە ناوی حەقیقەتەوە
هەموو گەڕان و ڕەخنە و پرسیارێك سەرکوتدەکەن لێرەوە " هیچ شتێك هێندەی
نەبوونی پرسیار بۆ مرۆڤ ترسناك نییە".
بەڵام یایا ئەمە پێچەوانەی ئەو ڕستەیەی " باختین" نییە ، کە لە
سەرەتاوە هێنامان " هیچ شتێ هێندەی نەبوونی وەڵام بۆ مرۆڤ ترسناك نییە
" لە ڕاستیدا ئەم دژایەتییە پتر ڕوکەشییە تا ئەوەی بنەڕەتی بێت ، چونکە
" باختین " لەو ڕستەیەدا عەوداڵی وەڵامی کۆتایی نییە ، بەڵکو دەیەوێ
ئەو تینوێتیە ئاشکرابکات ، کە مرۆڤ بۆ وەڵام هەیەتی بێگومان خولیای
سەرەکی هەموو پرسیارێك دۆزینەوەی وەڵامێکە ، بەڵام گرفتەکە ئەوکاتە
دەستپێدەکات ، کە وەڵامەکان هەمیشە لە بەردەم پرسیارە تازەکاندا
هەڵدەخلیسکێن و مرۆڤیش بەردەوام بەدوایدا ڕادەکات ئەو مرۆڤەی باختین
باسیدەکات مرۆڤێکە لە پرسیار کردن ڕاناوەستێت لەبەرئەوە گرفتی سەرەکی
نەدۆزینەوەی وەڵامە " باختین " مرۆڤێك نا ناسێت پرسیارنەکات ، بەڵام
پێویستە لێرەدا ئەوە بڵێن پرسیار کردن ئەگەرچی ماهیەتی سەرەکی
هوشیارییە ، بەڵام مەرج نییە ئەو ماهیەتە هەمیشە دەرکەوێت بە مانایەکی
دی پرسیار کردن توانایەکی بە زەبری " بالقوە" هوشیارییە ، بەڵام مەرج
نییە هەمیشە ببێ بە توانایەکی کردەکی ، چونکە مرۆڤ بونەوەرێکی
ئەبستراکت نییە و لە ناو ژینگەیەکی ڕۆشنبیری و کەلتووری دیاریکراودا ،
کە ئەو ڕۆشنبیریی و کەلتوورە تا ڕادەیەکی زۆر دەستنیشانی پرسیارەکانی
دەکەن.
لە بنەڕەتدا" گووتاری ڕۆشنبیری هەمیشە خۆی لە کۆمەڵی وەڵام دروستدەکات
: کۆمەڵێ وەڵام ، کە هەر لە سەرەتاوە ئاسۆی وەڵامەکان تەسکدەکەنەوە یان
هەڵدەدەن نەیەنهێڵێن ، گووتاری ڕۆشنبیری هەر لە سەرەتاوە پرسیار لە
چوارچێوەیەکی ئایدۆلۆژیدا دادەڕێژێ و قاڵبی دەدات و یاساڕێژیدەکات،
بەڵام بێگۆمان لێرەشدا دەتوانین دوو جۆر لە گووتاری ڕۆشنبیری
جیابکەینەوە : گووتاری ڕۆشنبیری ڕۆژئاوا، کە لە دوای پڕۆژەی
مۆدێرنیزمەوە تا ڕادەیەك لەسەر خولیای پرسیارکردن دامەزراوە گووتاری
ڕۆشنبیری کوردیش ، کەهەر لە سەرەتاوە ئاسۆی پرسیارەکان دەردەخات و
لەسەر چمکی یەقین خۆی دامەزراندووە ، ڕۆشنبیری یەکەم توانایەکی مەزنی
بۆ پرسیارکردن هەیەو ئاسۆی وەڵامەکانیشی تا ڕادەیەکی زۆر کراوەتەوە....
لە کاتێکدا ڕۆشنبیری کوردی پرسیار ناکات بۆ ئەوە ئەبێت بگەڕێتەوە بۆ
ناو هەمان ئەو وەڵامانەی بە شێوەیەك لە شێوەکان ئامادەییان هەیە گوتاری
ڕۆشنبیری کوردی لەو جۆرە گووتارانەیە ، کە ئەو پرسیارانە دەوروژێنێ یان
ڕێگە بە ئازادی ئەو پرسیارانە دەدات ، کە لەناو هەمان سیستمی وەڵامی
گووتارەکەدا جێگەیان دەبێتەوە، پرسیارێك ، کە بەرلەوەی بدرکێنرێ یان
بنوسرێت وەڵامەکەی لە هوشێاری خوێنەر و گوێگرەکانیدا ئامادەیە یان
ڕاستر لە چوارچێوەی توانستی زانین و ئاسۆی هوشیاری ئەگەرەکانی
خوێنەرەکانی تێپەڕناکات لێرەوە نە پرسیاری کراو و نە وەڵامی دراوە هیچ
زانینێك هیچ هوشیاریەکی زیادە نادەن بەدەست خوێنەرەکانیەوە.
خوێنەر و گوێگر لەبەردەم پرسیار و وەڵامێکی لەم چەشنەشدا لە حاڵەتی
کەشفکردنێکی تازە و وتوێژێکی چاوەڕوان نەکراو و گۆڕانی دیدەگاکاندا نین
، بەڵکو لەبەردەم حاڵەتێکدان ، کە دەتوانین ناوی بنێن" حاڵەتی نەرجسی"
مەبەستم لە حاڵەتی نەرجسی ئەو دۆخەیە لە پەیوەندی خوێنەر و دەق " دەق
لێرەدا مانایەکی فراوان بەکارهاتووە" ، کە لەسەرەنجامدا خوێنەر بە
زانست و کەشفێکی تازا ناگات. بەڵکو بەو ڕاسییە دەگات ، کە ئەوش دەزانێت
ڕاسییەکان هەر لە سەرەتاوە لای ئەو ڕوون و ئاشکرا بوون ، کە دواجار
ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی نەرجسیەتێك لای خوێنەر دروسببێت لەم شێوە
پەیوەندییەدا لەجێی ئەوەی دەق پرسیاری زیاتر و دڵەڕاوکێی زانین لای
خوێنەر فراوانبکات هەموو ئاسۆی بەزەبری پرسیارەکانی خوێنەر دەکوژێت و
لە ناو هەمان سیستمی تێروانینی بونیادەکەدا زیندانیدەکات ، بە شێوەیەك
ئەو بڕوایە لای خوێنەر دروستدەبێت ، کە ڕاستیەك نییە پرسیارێك نییە
وەڵامێکیش نییە ، هۆشیاری ئەو دەرکیپێنەکردبێ.
لەناو ئەم شێوە ڕۆشنبیریەشدا ئیدی هەموو خوێندەوارێك ڕۆشنبیرە و هەموو
ڕۆشنبیرێکیش هوشیارە و هەموو هوشیارێکیش بە ڕاستییەکان گەیشتووە ، ئا
لێرەدایە ئیدی هەموو مانایەك بۆ پرسیار ڕاستەوخۆ هەڵدەگەڕێتەوەو بێمانا
دەبێت ، چونکە پرسیار چییە جگە لەو ئاگادارییەی بیرمان دەخاتەوە دنیا
ئاڵۆزتر، قۆڵتر و نهێنی ئامێرترە لەوەی بە شێوەیەکی سانا دەیبینن ، ئەو
پرسیارەی دەمانگێرێتەوە بۆ ناو هەرێمی هەمان ئەو وەڵامانەی بە شێوەیەك
لە شێوەکان ئامادەییان هەیە ، پرسیارنین ، بەڵکو فێڵێکی ئایدۆلۆژین ،
کە دەیانەوێت هوشیاری بخنکێنن و ئەو ووزەی گەڕان و پشکنینەی لێبستێنن ،
کە بۆ هەموو ئەو گۆڕانانە دەبێ لە ناو سیستەمەکەدا ڕووبدەن پێویستن ،
ئەو ڕۆشنبیریری بازنەی پرسیار و وەڵام لەناو هەمان سستمی مانا و فکری
خۆیدا دیل دەکات ، ئەو ڕۆشنبیرییەیە، کە تاسەر ئێسقان دژی گۆڕانە
لێرەوە وەك چۆن ڕۆشنبیرمان هەیە خەمی سەرەکی پرسیار کردنە و گرفتی
نەدۆزینەوەی وەڵامە هەرواش ڕۆشنبیرمان هەیە خەمی سەرەکی وەڵامە و گرفتی
سەرەکی نەبوونی پرسیارە.
ڕۆشنبیری یەکەم بەو وەڵامە ناگات لەبەر ئەوەی لە توانایدا نییە
بیدۆزێتەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی لە پرسیار کردن ڕاناوەستێت لە کاتێکدا
ڕۆشنبیری دووهەم پرسیارناکات بۆ ئەوە ئەبێت بگەڕێتەوە بۆ ناو هەمان
ئاسۆی زانین و تێگەیشتنی سیستمەکە ، ڕۆشنبیری یەکەم مرۆڤێك بەرهەمدێنێ
، ڕەخنەگر ، پرسیارکەر ، پر گومان... لە کاتێکدا ڕۆشنبیری ەووهەم
مرۆڤێك بەرهەمدێنێ بێهودە ، ڕازی بێدەنگ ... مرۆڤێك ، کە دەقاودەق
کارەکتەری چیرۆکی " تەمەن لە ژوورە سپیەکاندا"ی " ڕێبوار حەمە ڕەحیم "
بە باشترین شێوە بەرجەستەیدەکات پاڵەوانی ئەم چیرۆکە هەر لە سەرتاوە
بێناوە ، پێاوێکە هیچ شوناسێکی دیاریکراو و هیچ سیمایەکی سەربەخۆی نییە
ئەو کاتێ پێیدەگوترێ ئەمشەو دەبێ لە بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئێشک گربێت و
لەگەڵ ئەوەشدا، کە دەزانێت ئێشکگری لە بەڕێوبەرایەتییەکەدا نییە، بەڵام
بێئەوەی هیچ پرسیارێك بکات بە بێدەنگی ئەو ئەرکە قبوڵ دەکات بۆ ئەوەی
بە بێدەنگیش تەمەنی لەو ژوورە داخراوەدا بەسەرببات، ئەو تەنانەت بیری
دەچێت ووشەی نهێنی لەبەڕێوبەر و سەربازەکەش بپرسێت تاگەر کارێکی هەبوو
بانگیانبکات ، ئەم بیرچوونە بە تەواوی کارەکتەری ئەم پاڵەوانە بێهودە و
بێشوناس و بێدەنگە ئاشکرادەکات ، پاڵەوانێڵ ، کە تەنها چاوەڕێی وەڵامی
پرسیارێکە ئەویش ئەوەیە " چیبکەم" بۆ ئەوەی ڕازی و بێدەنگ فەرمانەکان
جێبەجێبکات ، لە ڕاستیدا ئەم چیرۆکە لەسەر دیلکردنی پاڵەوانێك نییە ،
بەڵکو چیرۆکی پاڵەوانێکە ، کە بەدەستی خۆی و بە ڕەزامەندی خۆی دیلێتی
هەڵدەبژێرێ ، "ڕێبوار" ئازارەکانی پێاێکی دیل ئاشکراناکات ، بەڵکو
پەردە لە سەر ڕۆشنبیرییەك لادەدات، کە لە نەبوونی پرسیار و ڕەخنەدا خۆی
لە زینداندا دەبینێتەوە لە ناو ڕۆشنبیریەکی بێپرسیاردا جگە لە مرۆڤێکی
دیل و بێدەنگ و بێهودە ناتوانێت هیچ مرۆڤێکی دی هەبێت.
دیارە لێرەدا دەگوترێت بە چ مانایەك دەڵێن ڕۆشنبیری کوردی تەنها ئەو
پرسیارانە دەکات ، کە وەڵامەکانی بەر لە پرسیارکردن لە هوشیاری
خوێنەرەکانیدا هەن؟ ئایا ڕۆشنبیری کوردی پرسیاری نییە؟ وە ئەگەر هەیەتی
بۆچی دەڵێن ناتوانێ زانیارییەکی تازە کەشفبکات ؟ بێگومان هەرگیز وە هیچ
شوێنێکدا ناتوانین مرۆڤێك بدۆزینەوە پرسیاری نەبێت، بەڵام بەردەوام
مرۆڤەکانی سیاسەتی پرسیارکردن داناڕێژن ، بەڵکو گووتارێکی ڕۆشنبیریی
دیاریکراو ئەو پرسیارانە یاساڕێژدەکات و قاڵبی بۆ دادەنێ ، ساویلکانەیە
وابزانین پرسیاری سەرزای خەڵکی و پرسیاری باو لە کوچەو کۆڵانەکاندا ،
پرسیاری مرۆڤەکانن ، بەڵکو ئەوە گوتارێکی ڕۆشنبیرییە ، کە ڕێگە بە
ئازادی هەندێك پرسیار دەدات و ڕێگە لە هەندێکی دی دەگرێت ، گووتاری
ڕۆشنبیریی ، گوتارێکی ئایدۆلۆژییە ، چونکە گووتارێکە وەهمی پرسیار
دەخولقێنی بێئەوەی پرسیاربێت وەهمی زانین دروستدەکات بێئەوەی زانین بێت
بە کورتی دەمەوێت بڵێم لە پشت پرسیارە باڵادەستەکانەوە.
لە پشت پرسیاری سەرزاری شەقام و کۆڵانەکان نەك چالاکی هوشیاری مرۆڤەکان
، بەڵکو زەبری گووتارێکی ڕۆشنبیری دیاریکراو هەیە ، کە بە شێوەیەکی
ناهوشیاری هەموو چالاکییەکانی هوشیاری پەکدەخات ، ئەگەر چالاکی هوشیاری
لە جەوهەر و ناوەڕۆکدا چالاکی زمان بێت ( بەبێ ئەو تێگەیشتنە تازەیەی ،
کە زمان یەکساندەکات بە هوشیاری) ئەوا یەکجار ساویلکانەیە گەر وابزانین
زمان هەمیشە ڕێنماکەری کەشفکردن و پردێکی پەیوەندی نێوان مرۆڤەکانە ،
چونکە زمان چەند ڕێنماکەرە سەد ئەوەندەش گومڕاکەر ، چەند پردێکی
پەیوەندییە ، سەد هێندەش دژ بە پەیوەندییە ساویلکانەیە وابزانین زمان
هەمیشە دوو مرۆڤ ، دوو هوشیاری ، دوو ڕۆشنبیری بەیەکدەگەیەنێت، بەڵکو
زۆرجار دەبێتە هۆی دابڕان و لێکدووکەوتنەوە مرۆڤەکانیش لێرەوە ئەو
پرۆسەیەی لە ڕێی زمانەوە بە ئەنجامدەگەیەنرێت هەمیشە پرۆسەیەکی مرۆڤانە
و پڕ بەهای ئەخلاقی نییە ، بەڵکو پرۆسەیەکی فاشستیشە ، جونکە زمان چەند
پردی بەیەکگەیشتنی مرۆڤەکانە ئەوەندەش سەرچاوەی ئەمرو فەرمان و
نەهییەکانە، " شپلنگر یەکێك بوو لەو کەم کەسانەی زوو دەرکی بەوەکرد ،
کە زمان حەقیقەتی خۆی وەك دەربڕینێکی هوشیاری و هەڵوێستەیەك ،
پێشکەشناکات ئەوەندەی فەرمانێك یان ملکەچیەك دواودەکات" زمان ڕەگەزێکی
بێگوناه بێلایەن نییە و ، بەڵکو تاڕادەیەك زۆر گومڕاکەر و تاوانبارە لە
هەموو ئەو زنجیرە پلانەی ، کە مرۆڤەکان دابەشدەکات بەسەر باڵادەست و
ژێردەستدا.
_____________________________
بەشی
چارەم:
www.emrro.com/leqeyranih4.htm
بەشی
سێیەم:
www.emrro.com/leqeyranih3.htm
بەشی
دووەم:
www.emrro.com/leqeyranih2.htm
بەشی
یەکەم:
www.emrro.com/leqeyranih1.htm
ماڵپەڕی تاڤگە سابیر
|