|
٨\٦\٢٠٢٦
لە قوللەی
پەرستەگەی بێواتاییدا!

حەمید کوورەچی
پیرۆزەیی بەفر و پەڕەی زەرد.
لە جیھانی فرانس کافکادا، دەمامکەکان لاناچن بۆ ئەوەی ڕوخسارەکان
دەربخەن، بەڵکو لادەچن بۆ ئاشکراکردنی دەمامکگەلێکی تری بێڕەنگتر و
کاڵتر. لە ھەردوو ڕۆمانی "دادگاییکردن" و "قەڵا"دا، بیرۆکراسی لە
سیستەمێکی کارگێڕی سادەوە دەگۆڕێ بۆ "ئایینێکی ڕەش"ی خودانەناس، کە
تێیدا کاغەز پیرۆزییە، چاوەڕوانی نوێژە، و گەندەڵیش ئەو گەوھەرە
شاراوەیە کە لە بێدەنگیی ھۆڵەکاندا خۆی کڕکردوە.
خنکان لە نێو دیوارەکاندا و لوورەی بۆشایی.
لە "دادگاییکردن"دا، دەسەڵات وەک قۆچەخۆرێک (دڕندەیەک) دەردەکەوێ کە لە
ناو کۆڵان و ڕێڕەوە تەنگەکاندا ڕاوی نێچیرەکەی دەکا؛ چۆنکە گەندەڵی
لێرەدا "ستوونی"یە، لە ئاسمانی دادوەرە تەمومژاوییەکانەوە بەسەرتا
دەبارێ بۆ ئەوەی لە ژوورە داخراوە بێ پەنجەرەکاندا ھەناسەت ببڕێ. بەڵام
لە "قەڵا"دا، مۆتەکەکە بە شێوەیەکی "ئاسۆیی" تەشەنە دەکا؛ ئەوە
"گەندەڵی مەودایە". دەسەڵات لە پشتی تۆوە نییە، بەڵکو "لەوێیە"، لە
پشتی تەمەکەوە، لەسەر گردەکە، لە ناو قەڵایەکدا کە چاو دەیبینێ و پێ
نایگاتێ. ئەو بەفرەی گوندەکە دادەپۆشێ تەنھا کەشوھەوا نییە، بەڵکو
ھێمایەکە بۆ ئەو ساردییە کارگێڕییەی کە گیانی نامۆیەکان دەیبەستێ، و
ھاوارەکانیان دەگۆڕێ بۆ چرپەیەک کە سپێتیی بەفرەکە دەیلووشێ.
"بەڕناباسی" و ئەو نامانەی بە مردوویی لەدایکبوون.
نێردراو "بەڕناباسی" وەک نیشانەیەکی وێڵبوونی بوونیادی
(ئێکزیستانسیالی) دەردەکەوێ؛ ئەو پردێک نییە لە نێوان "ک" و قەڵاکەدا،
بەڵکو "ئاوێنەی نەبوونە". دەستپێوەگرتنی "ک" بەو کابرایەوە لەبەر
نەزانینی نییە بە گەوھەرە لەرزۆکەکەی، بەڵکو ھاوشێوەی دەستپێوەگرتنی
قومارچییەکە بە کۆتا کاغەزی قوماری دەستیەوە، لە کاتێکدا دەزانێ
دۆڕاوە، بەڵام یاریی پێدەکا تەنھا بۆ دواخستنی چرکەساتی داننان بە
شکستدا. گەندەڵی لە جیھانی کافکادا لەم "ئومێدە ژەھراوییە"دا بەرجەستە
دەبێ؛ کە نامەیەکت پێبدرێ کە ناخوێندرێتەوە، و ژوانێکت لەگەڵ کەسێکدا
بۆ دابنرێ کە نایەت، و بە "نامۆیی" بمێنیتەوە لە شوێنێکدا کە پێداگری
دەکا لەسەر ئەوەی خۆی بانگھێشتی کردووی.
پێڤاژۆی وەرگەڕانەوەی "ک".. لە مرۆڤەوە بۆ پەڕگە.
تراژیدیا گەورەکە لە ستەمەکەدا نییە، بەڵکو لە "توانەوە"دایە. لە
کۆڵانە تاریکەکانی بیرۆکراسیی کافکاییدا، مرۆڤ لە بوونی وەک گۆشت و
خوێن دەوەستێ بۆ ئەوەی ببێ بە "ڕێکارێکی کارگێڕی". گەندەڵی ڕاستەقینە
ئەم ئامێریەیە کە لە خولانەوە ناکەوێ بۆ بەرھەمھێنانی "ھیچ. "ک" شەڕی
مرۆڤەکان ناکا، بەڵکو شەڕی "شەبەنگە" یاسایی و کۆمەڵایەتییەکان دەکا،
کە تێیدا بەرپرسەکە تەنھا دەنگدانەوەی بەرپرسێکی ترە، و ڕاستیش ئەوەیە
کە کۆگەی بەڵگەنامەکان بڕیاری لەسەر دەدا، تەنانەت ئەگەر کەتواریش
پێچەوانەی ئەوە بڵێ.
کافکا تراژیدیای مرۆڤی ھاوچەرخی کێشاوە کە لە دەرگای "دادپەروەری" دەدا
و بە دادگایەکی داخراوی دەبینێتەوە، و لە دەرگای "پەیوەستبوون و
سەرپشکبوون" دەدا و بە گوندێکی بەستەڵەک دەیزانێ. ئەمە بیرۆکراسییە
کاتێک دەبێتە چارەنووس؛ کە تێیدا سزاکە پێش تاوانەکە دەست پێدەکا و
گەیشتنیش نەگونجاوە چونکە ڕێگاکە خۆی لە ژێر پێی ڕێبوارەکاندا دادەڕمێ
و دەخورێ.
ئەندێشەی کافکا مەکە وەک وێژەوانێکی دەستبەتاڵ لە قاوەخانەیەکی
بۆھیمیدا، بەڵکو وەک فەرمانبەرێک کە پێشبڕکێ لەگەڵ کاتدا دەکا. کافکا
لە "دامەزراوەی بیمەی ناوچەکانی کرێکاران" لە پراگ کاری دەکرد، کە خۆی
بە بۆڵەبۆڵەوە نازناوی "نووسینگەی بەدبەختیی" لێنابوو. لێرەوە دەزانین
کە "مۆتەکەی کافکایی" لە خۆڕا و تەنھا لە ئەندێشەیەکی پەتییەوە
نەھاتووە، بەڵکو ڕاپۆرتێکی ڕۆژانە بووە کە بە جەستە و دەماری خۆی
دەینووسییەوە.
لە رۆمانی "دادگاییکردن"دا، مردن بڕاوە و یەکلاکەرەوە بوو، وەک شمشێر
تیژ بوو، کۆتایی بە ئازارەکان دەھێنا. بەڵام لە "قەڵا"دا، دڵڕەقییەکە
لەوەدایە کە دەسەڵات تۆ ناکوژێ، بەڵکو دەتھێڵێتەوە تا بە چاوەڕوانی
"خۆت خۆت بکوژی". ئەو تەنھا ئومێدت پێدەبەخشێ بۆ ئەوەی مانەوەت لە ناو
یارییەکەدا مسۆگەر بکا، پاشان ئەوەت پێدەدا کە دەتەوێ لەو چرکەساتەی کە
چیتر خۆت بوونت نەماوە بۆ ئەوەی چێژی لێببینی.
ئەمەیە سەرکەوتنی تەنزئامێز و لۆشمەی بیرۆکراسی: ئەوەی "کاغەزەکە"ت
دەستبکەوێ و "ژیان" بەخت بکەی.
٥\٦\٢٠٢٦
- مالمۆ
hamidkashkol@yahoo.se
|