په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٧\٢٠١٧

  لە رابندرانات تاگوورەوە.

 

نەژاد عەزیز سورمێ

   گۆرانییەکەم.
ئەوە گۆرانییەکەمە،
مۆسیقای بە دەوری تۆدا دەخولێتەوە ڕۆڵە!
وەک باوەشی خۆشەویستی بەسۆزم .
گۆرانییەکەم وەک ماچی لێڕازیبوون
لە ھەنیەت دەسوێ ..
کە بە تەنێی، لە تەنیشتت دادەنیشێ ..
کە لە ناوەڕاستی قەرەبالغیشیدای ،
بە گوێتدا دەچرپێنێ ..
بە دوورەپەرێزیت دەورە دەدا..
گۆرانییەکەم بۆ خەونەکانت دەبنە دوو باڵ
دڵت دەگوازنەوە لێواری نادیاری ..
وەک ئەستێرەی دڵسۆزیان لێ دێ لە ئاسمان
کە شەوی دەیجوورت لە ڕێدا دەبێ ،
گۆرانییەکەم لە گلێنەی چاوەکانت دادەنیشێ و
نیگا بۆ جەوھەری شتەکان ھەڵدەگرێ ..
کاتێ دەنگیشم لە مەرگدا ئۆقرە دەگرێ ،
گۆرانییەکەم لە دڵی زیندووتەوە دەئاخڤێ ...


 
 
منداڵی فریشتە.
ڕۆڵەم!
لێ گەڕێ ژیانت وەک مەشخەڵێکی ڕوناھی بێت
پاک ، بێ شڵەژان و بێدەنگ شادومانییان بکا
ئەوان لە تەماح و ئیرەییدا دڵڕەقن ..
وشەکانیان وەک چەقۆی شاراوە
تینووی خوێنن..
بڕۆ ڕۆڵەم!
بڕۆ لە ناوەڕاستی دڵە مۆنەکانیان بوەستە
لێ گەڕێ چاوە گەشەکانت لەسەریان بێ !
وەک سڵاوی لێبوردەیی ئێوارەی
دوای کۆششی ڕۆژانە ..
لێیان گەڕێ سیمات ببینن ڕۆڵە !
بەو چەشنە لە مانای شتەکان دەگەن .
لێیان گەڕێ خۆشیان بوێی و
یەکتریان خۆش بوێ ..
وەرە جێگات لە باوەشی بێسنووریدا بکەوە ڕۆڵە !
دڵت وەختی ڕۆژھەڵاتن بکەوە
بڵند وەک گوڵێک دەپشکوێ
لە خۆرئاوابوونیشدا سەردانەوێنە..

 
 
لەسەرخۆ دڵەکەم.
با وەختی جودایی دڵگیر بێ
ڕێ مەدە ببێتە مردنێکی بێ دیماھی !
با خۆشەویستی ،
بەرەو یادگاران سەوڵ لێ دا و
ئێش و ئازار ببنە ستران ..
با بنمیچ بگاتە ئاسمان ..
بۆ وێکھاتنەوەی باڵەکان لە دەوری ھێللانەدا ..
با دوا بەرکەوتی دەستەکانت
وەک گوڵی شەو تەنک بێ ..
بوەستە ئەی کۆتایی سەرسوڕھێن !
چرکەیەک..
لە بێدەنگی دوا وشەتدا یادت بێتەوە
من بۆت دادەنوێمەوە و
چرام ھەڵدەگرم ،
ڕێگات بۆ ڕووناک بکەمەوە.

 

    چرا بۆچی کوژایەوە؟
چرا بۆچی کوژایەوە؟
چرا بۆیە کوژایەوە،
باڵتوکەمم تێوەرگرت
دوور بێ لە با
چرا بۆیە کوژایەوە..

گوڵ بۆ سیس بوو؟
ھاتم بە ئەڤینێکی نیگەرانەوە
بە دڵمەوەم نووساند
بۆیە سیس بوو..

ڕووبار بۆچی وشکی کرد؟
بەربەستێکم لە پێش ھەڵنا
تا بەتەنێ بۆ خۆم بێ
بۆیە ڕووبار وشک بوو..

ژێی پێژەن بۆچی پسا؟
ھەوڵمدا ئاوازێکی پێ بژەنم
بەرزتر لە خۆی ، لە توانای ،
بۆیە ژێی پێژەن پسا..


  من ناسێمەوە.
من تینووی
شتە دوورە بەدینەھاتووەکانم ..
ڕۆحم ھەڵپەیەتی
بەسۆزە بۆ گرتنی مەودای تاریک
ئای ، ئەی ترسی دووری ئەودیو ئاسۆ!
ھەی ھەی لە بانگی بە ئێشی
لە (نەی)دا ھەڵقووڵاو !
من لە بیرم دەچێ
ھەمیشە لە بیرم دەچێ باڵم پێوەنین بفڕم و
ھەمیشە گیرۆدەی ئەم شوێنەم
من بەقەد شەوقەوە مردووم
بێدار...
من غەریبم
لە خاکێکی عەجیبدا!


  ئای دونیا!
ئای دونیا!
تۆ گوڵی خۆتت چنی و
بە دڵمەوەت نووساند
دڕکی تێڕاچوو ..
کە ڕۆژ بەرەو ئاوابوون چوو،
تاریکی کشا ..
گوڵم لە گۆشەیەک دانا
لێ ئێشی دڕکەکەی ھێشتا مابوو
ئای دنیا!
گوڵ گەنجییەتی و بۆنت دەداتێ
بەڵام وەختی گوڵوەچنی
کە من چاوەرێم دەکرد، لە دەستم چوو و
لە شەوی دەیجووردا؛
ئیدی ناتوانم گوڵێکم دەست کەوێ
لە ئێشی چزووی زیاتر
کە ماوەتەوە.


  گلەیی.
تۆڕم ھاوێشتە دەریاو
لە قووڵایی تاریکیدا ،
شتی سەیر و زۆر جوانم دەرھێنا ..
ھەندێکیان دەتگوت زەردەخەنەیە
شەوقیان دەدایەوە ..
ھەندێ وەک فرمێسک دەدرەوشانەوە و
ھەندێکیش ئاڵ وەک گۆنای بووک..
کە درەنگی ئێوارە بەخۆو بەدەستکەوتەوە
گەڕامەوە ماڵەوە ،
خۆشەویستەکەم لە باخچە دانیشتبوو
بە تەمەڵییەکەوە پەڕەی گوڵی ھەڵدەکێشان
بە شەرم و ویقارەوە
ئەوەی ڕاوم کردبوو
خستمە ژێر پێی
بە سووکییەوە لێی ڕووانی و وتی:
ئەم شتە سەیرانە چین؟
نازانم سوودیان چییە !
سەرم بە شەرمەوە دانەواند و
بیرم کردەوە:
" پێیانەوە ماندوو نەبووم
ئەوانە شایانی تۆ نین "
بەدرێژایی شەو خەریک بووم
یەک یەک لە ڕێگادا فڕێم دان
بەیانی موسافیر ھاتن
کۆیان کردنەوە و
بۆ وڵاتی دووریان بردن...

 

  گۆرانیی شاعیر.
کە چەنگەکەم
لەگەڵ ئاوازی پچڕپچڕم دەھێنایەوە ،
تۆ لەوە دوور بووی تێم بگەی..
چۆن بمتوانیایە بزانم
ئەو سترانانە
لە کەناری نادیاریدا
ھەڵپەی تۆیانە؟
کە نزیکم بوویەوە
گۆرانییەکانم
بە ئاھەنگی ھەنگاوەکانتا
سەمایان دەکرد
وەک ئەوەی نەسیمی شادییەکی باڵا
لەو یەکگرتنەدا
بە جیھان بڵاودەبێتەوە و
ساڵ دوای ساڵ
گوڵ لە سترانی شاعیردا دەپشکون ..
قژی بووک دەستی درێژ دەکا
قوربانی دێ قبوڵ بکا
ئەوەی لەم گەردوونەدا مەعلوومە
لەگەڵ نادیاردا
یاری چاوشارکێ دەکەن.


  ئای لە یاسەمەنی سپی!
ئەو ڕۆژەم لەبیر ناچێ
یاسەمەنی سپی ئامێزی لە دەستم وەرێنا..
خۆر و
ئاسمان و
خاکی سەوزم خۆشەویست و
لە شەوێکی تاریکدا
گوێم لە ھاژەی ڕووبار بوو ..
لە گەوەی ڕێگادا ڕۆژم لێ ئاوا بوو
پایزێکی تەنیا
شتی وای جێھێشتووە
وەک بووکێک، کراسی بووکێنی
لە وەختی پێکگەیشتندا
بۆ خۆشەویستەکەی ھەڵدەکا..


  کۆتایی.
وەختی سەفەرە دایە!
من دەڕۆم
لە تاریکایی ڕەنگپەڕیوی
بەرەبەیانی چۆلدا
کە باسکەکانت لەسەرجێدا
بۆ مناڵەکەت درێژ دەکەیت ..
لە سەرمە بڵێم:
" مناڵەکە لێرە نییە "
دایە من دەڕۆم !
دەبم بە تەوژمی کزەبایێک و
دڵنەواییت دەکەم ..
کە خۆت دەشۆی
لەناو ئاودا شەپۆلان دەدەم و
ماچت دەکەم و
جارێکی دی ماچت دەکەم ..
لە شەوی باوبۆراندا
کە باران نەرمۆکە لە گیا دەدا
چپەی من ،
لە پێخەفەکەتدا دەبینی
پێکەنینم بروسکەیەک
لە پەنجەرەی کراوەی ژوورەکەتدا دادەیسێنێ
نەنووستبووی ،
کە پاڵ کەوتی
وێنەی ئەستێران گۆرانیت بۆ دەڵێم
" بنوو.. دایە.. بنوو "
لە تریفەی ماھی خەیاڵڕۆیودا
دەخزێمە سەرجێت کە نووستوی
لەسەر سنگت پاڵ دەکەوم
دەبم بە خەون و
لە نێوانی پێڵووە نەختێ کراوەکانتا
دەخزێمە ناو قووڵایی نووستنت ..
کە لە خەو ڕادەبی و
بە ترسەوە سەیری دەوروبەرت دەکەی
لە تاریکیدا
وێنەی پەپوولەی ڕوناھیدار
دەفڕم دەچمە دەرەوە
لە ئاھەنگی جێژنی مەزنیی دایکیش
کە مناڵانی ھاوسێ دێن و
یاری لە دەوروبەری ماڵ دەکەن
لە ئاوازی نەی دا دەتوێمەوە و
بەدرێژایی ڕۆژێ لە دڵتدا لێ دەدەم و
(سنتا)ی خۆشەویستیش
بەدیارییەکانتەوە بۆ ڕۆژی دایک دێ و
لێت دەپرسێ:
کوڕەکەت لە کوێ یە خوشک ؟!
تۆش بە ھێمینەوە پێی دەڵێی
لە بیلبیلەی چاوەکانمە
کوڕەکەم جەستەمە.. ڕۆحمە..

________________________
شاعیرو شانۆنووس و ڕۆماننووس (روبندرانات تاگوور) لە بەشی بەنگالی شاری کەلکەتا ساڵی ١٨٦١ لەدایک بووە. بۆ یەکەمین جار ھەر لە ماڵەوە لەژێر دەستی باوکی کە ئەویش زاناو شاعیرو شانۆنووس بووە خوێندوویەتی، لەسەر دەستی ئەویش فێری وەرزشی (جۆدۆ) بووە. تاگوور زمانی سانسکرێتیشی لە ھەرێمی نیکتانھی ڕۆژئاوای بەنگال خوێندووە، خانەوادەی تاگوور ھەبوویی بوونء لە چینی (براھما) بوون. زۆربەی خوێندنی تاگوور لە ماڵەوە بووە لەژێر چاودێری مامۆستای تایبەتی و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی خانەوادەکەی... زۆربەی زانستەکانی خوێندووە، لە زانستی زمانەوە بگرە تا فەلەکناسی و زانستەکانی نوێ و مێژوو و کولتووروی جۆراوجۆر... لە تەمەنی ھەشت ساڵییەوە شیعری نووسیوە، لە حەڤدە ساڵیشەوە باوکی دەینێرێتە ئینگلستان، بەڵام پاشان لەوێدا زانکۆ بەجێدەھێڵێ و دەگەڕێتەوە کەلکەتا. ئەزموونی شیعری تاگوور لەو دەمەدا دەرکەوت کە ژمارەیەک کۆشیعری بڵاوکردەوە، کە بە پازدان و تێپەڕاندنێکی گرینگ ناسێنرا نەک ھەر بە گوێرەی تاقیکردنەوەی خۆی، بەڵکو لەناو تێکڕای (شیعری بەنگالی)دا. ئەوە بێجگە لە چەندین شـانۆیی و ڕۆمـان و کـورتە چـیرۆکی دی، لـە پاڵ ئەوەشدا تاگوور لە قۆناغەکانی دوایی ژیانیدا وێنەکێشێکی کارامەیشی لێ دەرچوو (لە تەمەنی شەست ساڵیدا) و لە ژمارەیەک پیشەنگاشدا تابلۆکانی نمایش کردن، تاگوور کە دەچێتە ئینگلستان، لەگەڵ برادەرێکی پێکدەگەنەوە ئەویش ھونەرمەند دەبێ، ئەو برادەرەی ناوی (رۆتنستاین)ـە، ھونەرمەندێکی بەناوبانگ بووە، تاگوور لە ھیندستانەوە ناسیبووی پێشنیاری ئەوەی بۆ کرد شیعرەکانی بۆ بکاتە ئینگلیزی، دوای ئەوەی کە زانی لەبەرابەر شیعری ئینسانی بەرز دایە، پاش وەرگێڕانیش، بۆ پێداچوونەوە پەیوەندی بە شاعیری ئایرلاندی ناسراو (ولیەم بتلەر یێتس)ـەوە دەکا ، لێرەوە بەرھەمەکانی تاگوور ناسران و لە دوای ئەوەشدا زۆری نەبرد (خەڵاتی نۆبل)ی وەرگرت. لە ئەنجامی نەشتەرگەرییەکی سەرنەکەوتوو کە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی کەلکەتا ساڵی ١٩٤٧ بۆی کرا ، پاش ئەوەی دوا شیعری بۆ ئامادەبووانی نەخۆشخانە خوێندەوە گیانی سپارد. ئەم قەسیدانەی تاگوور لە (رابندرنات گاغور- روائع فی المسرح والشعر)ـەوە کراون بە کوردی.
 

ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک