په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٣\٢٠١٣

لە راپه‌ڕینەوە تا کۆڕەو.

جەلال محەمەد     

بەشی سێیەم - لە سەرکەوتنەوە بۆ تێکشکان:


بەر لە ھاتنەوەی سەرانی بەرەی کوردستانی ڕاپەڕین زۆر بە سەرکەوتویی بەڕێوە دەچوو ، لە ھەموو جێگەیەک دوژمن لە ھەڵھاتندا بوو ، بەڵام پاش ئەوەی بە سواری ئوتومبێل سەرانی بەرەی کوردستانیمان لە غەریبیەوە ھێنایەوە نێو جەماوەر و کردماننە ڕێبەری خۆمان ، ئەو کات ئاڕاستەی سەرکەوتنەکان پێچەوانە بوویەوە بۆ تێکشکاندن و ئاوارەیی و کۆڕەو.

ھۆکاری تێکشکاندنەکان دەگەڕایەوە بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە:


ھەرچەند ھۆکارەکانی تێکشکاندنی ڕاپەڕین گەلێک زۆر بوون ، بەڵام گرنگترینیان ئەم ھۆکارانەی خوارەوە بوون:


١- نەبوونی ئیرادەیەکی ئازاد لە سەرانی بەرەی کوردستانیدا.


سەرانی بەرەی کوردستانی ژیانیان لە شارەکانی ئێران بەسەر دەبرد و تەواو گرێدراوی کۆماری ئیسلامی بوون و ھەموو فەرمانێکیشیان ھەر لە ئێرانەوە وەردەگرت، تەنانەت تا‌کو "مەھدی کەڕوبی" فەرمانی نەدا ھیچ یەک لە سەرانی بەرەی کوردستانی ئەو ورە و ئیرادەیەی نەبوو کە ھاوبەشی بکات لە ڕاپەڕیندا ، بڕوانە " مفاوەزاتی بەرەی کوردستانی - بەعس (١٩٩١) " لە نوسینی کاک نەوشیروان مستەفا.


فەرمان دەرکردنی ئاغای کەڕوبیش بۆ ناردنەوەی سەرانی بەرەی کوردستانی پەیوەست نەبوو بە سەرخستنی ڕاپەڕین و ھاوکاریکردنی جەماوەر ، بەڵکو پەیوەست بوو بە کۆنترۆڵکردنی ڕاپەڕین و ئاستەنگی سازکردن بۆ شورا کرێکاریەکان.

٢- تاڵانی و بێ سەروبەرەیی لە کاتی ڕاپەڕیندا.


سەرانی بەرەی کوردستانی وەک میوان خۆیان دەبینی لە کوردستاندا و زۆربەی دامودەزگا گشتیەکانیان تاڵانکرد ، بۆ نموونە سەدی بێخمە و زۆربەی کارگە حکومیەکانیان ئاودیوی ئێران کرد و ھەموو بەنزینخانە و سوق المرکزی و بانکەکانیش دەستیان بەسەرداگیرا و تەنانەت لە ھەندێک جێگە نەخۆشخانە و خوێندنگەکانیش تاڵانکران . ئەم دیاردە دزێوەش زۆر نائومێدی لە دڵی جەماوەری ڕاپەڕیودا دروستکرد.

٣- گۆڕینی ناوەکان و مانەوەی تاوانباران بە دەسەڵاتێکی زیاترەوە.


ھاتنی بەرەی کوردستانی ھیچ سزایەکی بۆ تاوانباران نەبڕیەوە ، بەڵکو کەسە تاوانبارەکان وەک خۆیان مانەوە و بگرە بەرپرسیارێتیشیان زیادی کرد و تەنھا ناوەکەیان گۆڕدرا . بۆ نموونە ئەنفالکەر و بەکرێگیراوەکان بوونە چەکدارە شۆڕشگێڕەکان - مستەشار و سەرۆک جاشەکان بوونە سەرکردە مەیدانیەکان - ئەمن بوویە ئاسایش - ئیستخبارات بوویە دەزگاکانی پاراستن و زانیاری - رفیق حیزبیەکان بوونە بەرپرسی ڕێکخستنەکان و زۆر کردەوەی نابەجێی دیکە . ئەم کردەوانەی سەرانی باشوور تا‌کو ئیمڕۆش ھەر درێژەی ھەیە و ئەنفالکەرانی وەک سوڵتان ھاشم و نزار الخزرجی کرانە نیشتمانپەروەر و ئەستێرەی عێراق . (ھەڵبەت نوسەری ئەم بابەتە لەگەڵ کوشتنی ھیچ کەسێکدا نییە ، بەڵام لەگەڵ ھەر جۆرە سزایەکدایە کە دادگایەکی بێلایەن بڕیاری لەسەر بدات).

٤- ھەڵوەشاندنەوەی شوورا کرێکاریەکان.


تەنھا لایەنێک لە دەرەوەی بازنەی بەرەی کوردستانی و نامۆ بە کۆماری ئیسلامی ئێران و بەشدار لە ڕاپەڕینەکاندا شوورا کرێکاریەکان بوو ، ھەر بۆیەش یەکەمین ھەنگاوی بەرەی کوردستانی دژایەتیکردنی شوورا کرێکاریەکان بوو ، شوورا کرێکاریەکانیش بەھۆی نەبوونی سەرکردەیەکی کاریزما و نەبوونی ناوبانگی ڕابردوویان ھەر زوو خۆیاندا بەدەستەوە و گۆڕەپانەکەیان دایە دەست تێکەڵەکەی بەرەی کوردستانی کە ھەموو فەرمانێکیان لە ئێرانەوە وەردەگرت.

٥- سەرھەڵدانی دیاردەی میلیشیایی.


بەرەی کوردستانی شێوەیەکی میلیشیایی لە خۆ گرتبوو ، ھەر حیزبەو چەکداری خۆی ھەبوو ، ھەمان دیاردەی میلیشیایشیان ھێنایە نێو جەماوەر و خوێندنگە و نەخۆشخانەکانیان کردە بارەگای حیزبی و بەربەرەکانێکردن لەگەڵ یەکتردا ، ئەم دیاردەی میلیشیاگەرییە تاکو ڕۆژگاری ئیمڕۆش کەمی نەکردووە و بگرە زۆر زیاتر گەشەی پێدراوە.

٦- گرێدراوی سەرانی بەرەی کوردستانی بە داگیرکەرانەوە.


سەرکردەکانی بەرەی کوردستانی چەندین بەرپرسی سوپای پاسدارانیان ھێنابوویە مەیدانەکە . خۆ ئەگەر کەسێک ھەڵوێستێکی دروستی لە بەرامبەریان وەربگرتایە یەکسەر وەک تابووری پێنجەم پێناسەیان دەکرد. لە ڕاستیدا باسکردن لە تابووری پێنجەم کردەوەی سەرانی بەرەی کوردستانی بوو و دەستە چەورەکەی خۆیان بەسەر بەرھەڵستکارانیاندا دەسوو ، وەک لە پاش نەمانی بەعس "لە ساڵی ٢٠٠٣"دا دەرکەوت ، کە ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکان خاوەنی فایل بوون و بە تابووری پێنجەم دەرکەوتن.


٧- بە مەیدان کردنی باشووری کوردستان بۆ یەکلایکردنەوەی گرفتە دەرەکیەکان.


ھێنانی چەندین بەرپرسی سوپای پاسداران لە لایەن بەرپرسانی بەرەی کوردستانیەوە بیانوویەکی باش بوو بۆ موجاھدینی خەلقی ئێرانی کە ڕاستەوخۆ بکەونە خزمەتی بەعسیەکان و شۆڤێنیستی خۆیان بەسەر خەڵکی ڕاپەڕیوی گەرمیاندا ھەڵڕێژن و سەدان ژن و منداڵ و نەخۆشی نێو نەخۆشخانەکان گولەباران بکەن و ترسێکی زۆر لە نێو خەڵکە سڤیلەکەدا بڵاوبکەنەوە.


٨- بە ھەند وەرنەگرتنی خەڵکە ڕەنجدەرەکە و بە پیرۆزکردنی دژە گەلان.


بەرەی کوردستانی جگە لەوەی کە گرێدراوی داگیرکەران بوو ، لە ھەمان کاتدا ھەموو ڕاپەڕینەکەشیان دەکردە ‌بەرھەمی دەستی دژە مرۆڤێکی وەک بوشی باوک و نازناوی "حاجی بوش"یان بۆ دابڕیبوو . ئەم کردەوەیەی بەرپرسان کەلێنێکی زۆری خستە نێو جەماوەرە ڕاپەڕیوەکە ، چونکە ئەوەی ڕاپەڕینی دەکرد و خوێنی دەڕژا جەماوەرەکە بوو ، ئەوەی ڕێگەی قەڵاچۆکردنی جەماوەرەکەشی بۆ بەعسیەکان خۆش دەکرد ئیمپریالیزمی ئەمریکی و بوشی دژە مرۆڤ بوون.


٩- دیاردەی کۆنەقین و تۆڵەکردنەوە.


لەگەڵ ئەوەی ھەموو جاش و تاوانبار و ئەنفالکەران بەخشران ، کەچی دەیان کەسی سڤیل و بێ تاوان بە ئاشکرا و بە نھێنی دەکوژران بەھۆی کۆنەقینەوە و ڕۆژانە تەرمی چەندین کەسی بێتاوان لە قەراغی شارەکاندا دەدۆزرایەوە و بکوژەکانیش دەچوونە پاڵ یەکێک لە حیزبەکانی بەرەی کوردستانی بەبێ ئەوەی ھیچ لێپرسینەوەیەکیان لەگەڵدا بکرێت.


ئەمە سەرەکیترین ھۆکارەکانی تێکشکاندن و بە ئەنجام نەگەیشتنی ڕاپەڕین بوون ، لە ئەنجامی ئەو تێکشکاندنەشدا میللەت بە تەواوی خاکی خۆی جێھێشت و ڕووی کردە پارچەکانی دیکەی کوردستان . پارچەکانی دیکەی کوردستانیش دەرگای ماڵەکانیان کردە سەرپشت و پاروی دەمی منداڵەکانیان لەگەڵ ھاوخوێنەکانیان بەشکرد ، کەچی بەرپرسانی بەرەی کوردستانی زیاتر ئالودەی بەغداد بوون بۆ دیداری دیکتاتۆر و ساتوسەودای ماچکردن.

_________________________________________

بەشی دووەم: www.emrro.com/leraperinewetakorew2.htm  

بەشی یەکەم: www.emrro.com/leraperinewetakorew1.htm


ماڵپه‌ڕی جه‌لال محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک