لە ڕاوێژکارێکى
خۆڕسکى بێ ناونیشانەوە بۆ دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح.

هیوا ڕەش
هیچ ووڵاتێک بێ کێشە نابێت جاچ گە ورە یا بچووک ، حیکمەت لەوەدا نیە
چۆن دەست لە سەر کێشەکان دابنرێت بە قەد ئەوەى چۆن ڕێگا چارەى بۆ
بدۆزرێتەوە ! ئەمڕۆ زۆربەمان بە تاسوقەوە لە دانیشتنى پەرلەمانى
تورکیامان ڕوانى ، بابەتى باسى ئەم دانیشتنە و هەڵوێستى نەترسانەى
ئەردۆگان ناچارى کردین بە دڵ و گوێچکە و چاوەوە بچینە قوڵایى ووت و
ێژەکانەوە ، کێشەیەک هەبوو تا ئەهات ژیان و گیانى ووڵاتى تورکیاى
دائەهێزران و بەرە و داخوران ئەیبرد ، بەڵام ئەردۆگان لە پەرۆشیى بۆ
ووڵاتەکەى نەترسانە نەخۆشییەکەى دیارى کرد و ڕەچەتەشى بۆ نووسى ئەگەر
دەرمانەکان لە دەرمانخانەى شۆفینیستیى تورکیا چنگ بکەون ئەوا ئەبێت بە
یەکێک لە دەوڵەتەکانى بازاڕى هاوبەشى ئەوروپا ، تۆ بڵێى سەرۆکى حکومەتى
هەرێمى کوردستان هێندە پەرۆشى نیشتمانەکەى خۆى نەبێت و نەیەوێت کێرڤى
ووڵاتەکەى سەر بخات ؟ !
گەندەڵى بووە بە ناومان ، گەندەڵى بووە بە ناونیشانمان ، گەندەڵى بووە
بە بەرگ و نان و ئاومان ، گەندەڵى بۆتە چقڵ و ڕاچۆتە چاومان ، گەندەڵى
جەستەى نیشتمان و هاووڵاتییانى ئێمەى داوەشاندووە ، ژیانى لێ تاڵ
کردووین ، مێشکى سڕ کردووین ، گەندەڵى دەستى ناوەتە بیناقاقاى کەرتى
پیشەسازى و تاساندوویەتى ، گەندەڵى ئاوى لە کەرتى کشت و کاڵ بڕیوە و
ووشکى کردووە ، گەندەڵى سەراپاى کایەکانى ژیانمانى جاڕس کردووە ،
گەندەڵى هەموو شتێکمانى لە بەر یەک ترازاندووە ، ئەگەر نکوڵى لە مافى
کورد لە تورکیا کەسایەتى مەعنەوى بۆ براکانمان لە باکور دروست کردبێ
ئەوا گەندەڵى سوکایەتى بە کەسایەتى ئێمە ئەکات لە باشور ، جا کەى دێت
تۆى سەرۆکى حکومەتى ئێمە بە بێ دڵنەوایى حیزب ڕوو ئەکەیتە پەرلەمان و
ڕاشکاوانە دان بەو نەهامەتییانەدا ئەنێیت کە لە ئاکامى گەندەڵى
پایەکانى کۆمەڵگاکەمان کرمۆڵ بووە ، بەندە هێندەى بتناسم تا ئێستا بێ
پرسى حیزب پەنجە لە ئاو ناخەیت ، دوو جار وەکو کۆمەڵەى زیندانییانى
سیاسى حیزبى شیوعى کوردستان بە دیدارت گەییشتووم ، ئەو کاتە باسى
ناعەدالەتى و بێمافى و جیاوازى ئەو زیندانییانەمان بۆ کردیت کە
جەللادەکانى بەعس فەرق و جودایى یان نەئەکردین بەڵام ئێستا بە پلە
دووشمان دانانێن ، ئەو کاتە وورد وورد گوێت بۆ ڕادێراین و هاوسۆزمان
بوویت و بەڵێنى زۆر شتت پێداین وەلێ حیزب لێت نەگەڕا ، ئەو کاتە حیزب
نەک زیندانییەکانى کردبووە دوو بەشەوە بەڵکو نیشتمانەکەمانیشى دوو لەت
کردبوو ، نیشتمانى بە خوێن سووریان کردبوو بە زەرد و بە سەوز ، ئەو
کاتە دۆخەکە لە بار نەبوو هێڵى سوور ببەزێنى لە ترسى چاوى سوورى حیزب ،
ئەو کاتە سەرۆکى حکومەتى دەڤەرێکى بچووک بوویت بۆیە ئاستى
بەرپرسیارییەکەتیش بچووکتر بوو ، وەلێ ئێستا وێڕاى ئەوەى دەسەڵاتەکەت
گۆڕانى بە سەر دا هاتووە و گەورە تر بووە لە هەمان کاتیش دا بە پێى
ئیدیعاکان بێت دۆخەکەش گۆڕاوە و دەم لەوە ئەکوترێ دەسەڵاتى حیزب لە
حکومەت داماڵدرێ ، ئەمانە هەمووى وا ئەخوازن تۆش گۆڕان بە سەر سیستمى
حوکمەکەت بهێنى ، لە بیناى قەتیس کراوى فەرمانبەرێکى حیزبى بێیتە دەر و
بەرژەوەندى گشت بخەیتە سەرووى بەرژەوەندى حیزبەوە ، چى تر نەهێڵى
پیاوانى حیزب گەمە بە موقەدەراتى ووڵاتەکەمانەوە بکەن ، ڕێگە مەدە
وەزیرێکى سەپێنراو بێمنەت بێت لە لێپرسینەوە ، شەرى گەل و حیزب ببەرە
ناو هۆڵى پەرلەمان و تۆش وەکو ئەردۆگان هاوار بکە و بڵێ : کێشەیەک هەیە
و ناوى گەندەڵى یە ، گەندەڵیش مایەى نەهامەتى یە و ئەبێت چارەسەر بکرێت
، کام فراکسیۆن هاتە بەرەى گەل و پشتیوانى لێ کردیت هەماهەنگییان لە
گەڵدا بکە و پێکەوە هیممەت بکەن ، ئەوانەى هۆڵى پەرلەمانیشیان جێهێشت
پێیان بڵێ : خواتان لە گەڵ و ڕێگەتان ڕۆشن ، با چى تر لە بن دەمامکەوە
خەڵک نەکەنە ئۆغرى حیزبەوە ، ئەمە گەورەترین هەنگاوە بۆ لەقاندنى یەکەم
پایەى تۆکمەى گەندەڵى کە حیزب چاندوویەتى ، دڵنیابە لەم هەنگاوە دەرچیت
بۆ ئاییندە بە بێ حیزب ئەبیتەوە سەرۆکى حکومەت ، دڵنیابە حیزبەکەشت بە
جەماوەرى تر ئەکەیتەوە .
ئەوەى من لە تۆى ئەخوازم ، ئاواتى پیرۆزى گەلە ، ئاواتى گەلیش ئەمڕۆ
نەبێت سبەینێ هەر دێتە دى ، بەڵام ئێمە پەلەمانە و حەز ئەکەین بەر
لەوەى شۆڕشێکى تر بەڕێ بکەین و بمرین بە چاوى خۆمان بیبینین .
07701309524
Hewarash1@yahoo.com
|