په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٦\٢٠١٨

له ‌روانگه‌ی سه‌رنجه‌وه‌.


عەلی حەمەڕەشید   

- ١ -

 

منداڵ مرۆڤێكی بچووكی خاوێن ‌و ناسك ‌و ناسك هه‌سته‌، خاوه‌نی مێشكێكی ساف و ڕوویه‌كی خۆش ‌و دڵێكی بچووكی بێگه‌ردو بیر و هۆشێكی كاڵ ‌و توانایه‌كی بێ‌ كۆتایی یه‌، كانی به‌هره ‌و هیوایه‌. بۆ دایك ‌و باوك ‌و گه‌ل ‌و نیشتمانه‌كه‌ی، به‌ردی بنچینه‌و سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگایه‌، منداڵ ئێستا گوڵی بۆن خۆشی ماڵ ‌و هه‌وێنی خۆشی خێزان ‌و ڕوناكی شانۆی ژیانه‌، سبه‌ینێش پیاوێكی دڵسۆز و دایكێكی میهره‌بانه‌ له‌ خزمه‌تكردن ‌و به‌ره‌وپێشچوونی نیشتمانه‌كه‌یدا ڕۆڵی كاریگه‌ر ده‌بینێ‌. بۆیه‌ پێویسته‌ له ‌ئێستاوه‌ ئاگاداریان بكه‌ین ‌و هه‌وڵ بده‌ین هۆیه‌كانی په‌روه‌رده‌كردنیان بۆ دابین بكه‌ین ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌بنه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه ‌دووریان بخاته‌وه‌ له‌هه‌موو كاروكردارێك ‌و وته‌یه‌كی نابه‌جێ‌. په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ ته‌نها مه‌به‌ست له‌وه‌ نییه‌ جللوبه‌رگی جوان‌ و ڕازاوه‌‌ و كه‌لوپه‌لی یاری بۆ دابین بكه‌ین ‌و له ‌نه‌خۆشیدا زوو فریای بكه‌وین ‌و پێویسته‌ ئاگاداری ئه‌و شتانه‌ بین كه‌ ڕاسته‌وخۆ كار له ‌منداڵه‌كانمان ده‌كات بۆ هه‌ردوو لایه‌نه‌كه‌ی باش و خراپ.


ئاماده‌كردنی خۆراكی مێشك بۆیان كارێكی زۆر پێویست‌و به‌سووده‌، كه‌ئه‌ویش له‌ڕێگای ئاماده‌كردنی كتێب‌و نامیلكه‌و گۆڤارو شریتی منداڵان بۆیان، كه‌ئه‌میش واله‌منداڵ ده‌كات كه‌هه‌ست بكات كه‌ئه‌ویش مرۆڤێكه‌ وه‌ك باوك‌و دایكی‌و كه‌سانی تر.


هه‌ست به‌بوونی خۆی ده‌كات له‌ڕێیانه‌وه‌ ئاسۆی بیری فراوان ده‌بێت زیاتر فه‌رهه‌نگی ووشه‌كانی په‌ره‌ده‌سێنێ‌، ووشه‌‌و زانیاری نوێ‌ فێرده‌بێ‌ جیهانی ده‌وروبه‌ری باشتر ده‌ناسێت كه‌ئه‌مه‌شیان به‌دووشێوه‌ ئه‌نجام ده‌درێ‌… بۆكتێب‌و گۆڤاره‌كان ده‌توانرێ‌ بۆیان بخوێندرێته‌وه‌ یان خۆیان بیخوێننه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌خۆیان توانایان هه‌یه‌. لێره‌دا چرۆی حه‌زه‌كانی ئه‌و منداڵانه‌ ڕوو له‌گه‌شانه‌وه‌ ده‌كه‌ن، به‌هره‌و تواناكانیان له‌سه‌ر گوڵی ئه‌و بابه‌تانه‌ی ده‌یبینێ‌ یان ده‌یبیستێ‌ شانه‌ی هه‌نگوین بنیات ده‌نێت.تاسبه‌ی منداڵان‌و ته‌نانه‌ت گه‌وره‌كانیش تامه‌زرۆی شیله‌ی ئه‌و هه‌نگوینه‌ن له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا خولیای خوێندنه‌وه‌یشی به‌ره‌و زیادبوون ده‌ڕوات،، له‌دواڕۆژدا خوێنه‌رێكی باش ده‌رده‌چێت.لێره‌دا پرسیارێك دێته‌پێشه‌وه‌… ئایا ئه‌وه‌نده‌ی بووكه‌شووشه‌ بۆ كچه‌كانمان‌و تۆپ‌و پاسكیل بۆ كوڕه‌كانمان ده‌كڕین نیو ئه‌وه‌نده‌ش گرنگی به‌وه‌ ئه‌ده‌ین كه‌گۆڤارێك یان نامیلكه‌ی شیعرو چیرۆك یان(شریتێكی گۆرانی مناڵان)یان بۆ دابین بكه‌ن.. تائه‌ویش هه‌ست به‌وه‌بكات كه‌ئه‌ویش شتی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ وه‌ك چۆن گه‌وره‌كان كتێب‌و گۆڤاریان هه‌یه‌و بابه‌ته‌كانی له‌ئاستی ئه‌وان دان، یان چۆن شریتی گۆرانی بۆخۆیان ده‌كڕن‌و زۆرجار ئه‌مان به‌ناچاری گوێ‌ی لێ‌ ده‌گرن(زۆر منداڵ هه‌یه‌ گۆرانی یه‌كانیش به‌ئاوازو شیعره‌وه‌ له‌به‌رده‌كات بێ‌ ئه‌وه‌ی ته‌نها یه‌ك ووشه‌ی لێ‌ تێ‌بگات چونكه‌ ئه‌وه‌نده‌ لێ‌ دراوه‌) بائه‌وانیش گۆڤاری تایبه‌تی خۆیانیان بۆبكڕین كه‌له‌ڕاستیدا نرخی گۆڤارێكی منداڵان ئێستا له ‌(٥٠٠) تا (٣٠٠٠) دینار تێپه‌ڕناكات كه‌به‌رده‌وامیش ئه‌مێنێته‌وه‌ لایان…. كه‌چی شته‌كانی تر زۆر له‌نرخ دا گرانترن یان جۆری خواردنه‌كان كه‌ماوه‌یه‌كی كه‌م ده‌مێنێته‌وه‌… ئێمه‌ ناڵێین ئه‌وانه‌یان بۆ مه‌كڕن به‌پێ‌ ی توانا بۆیان بكڕن به‌ڵام با هاوسه‌نگی یه‌ك له‌نێوانیان دا هه‌بێت.
 

- ٢ -


ناخی منداڵ خاوێنه‌ وه‌ك خۆی ، ناسك و سه‌رنج ڕاكێشه‌ ، دنیایه‌كه‌ پڕ له‌ جوانی ، ئه‌گه‌ر له‌ زمانی بگه‌یت و به‌ هێمنی به‌ كلیلی پرسیاره‌ ساده‌ و ساكاره‌كان ده‌رگای بكه‌یته‌وه‌ ، زۆر شتی جوانت بۆ ده‌ڵێت و وات لێ ده‌كات كه‌ سه‌رسام بیت به‌ وه‌ڵام دانه‌وه‌ و بۆ چوونه‌كانی . ئه‌وه‌ی وای لێكردم كه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ بنووسم ، منداڵێكی بچكۆله‌ بوو كه‌ به‌ ڕاستی قسه‌كانی ، هه‌ڵسوكه‌وتی ، زۆر سه‌رنجی ڕاكێشام . پرسیاره‌كانی كه‌ ئاراسته‌ی ده‌كردم ، تا بڵێی گرنگ بوون و به‌ هێمنیش گوێی بۆ وه‌ڵامه‌كانم ڕاده‌گرت.


ده‌مه‌وێت لێره‌دا ته‌نها نموونه‌یه‌كی بچوك باس بكه‌م له‌ سه‌ر ئه‌و منداڵه‌ .. ڕۆژێكیان به‌ میوانی چووم بۆ ماڵیان پاش كه‌مێك په‌رداخێكی هێنا و ڕووی تێكردین و وتی : له‌و ساوه‌ خه‌ریكم جوان جوان به‌ پاكی شتوومه‌ ) ئێمه‌ ئافه‌رین و ده‌ست خۆشیمان لێكرد ، به‌ڵام نه‌مانزانی كه‌ ئه‌و مه‌به‌ستێكی له‌و قسه‌ و كرداره‌دا هه‌یه‌ كه‌ ئه‌نجامیدا . ئێمه‌ش به‌ سانایی وه‌رمان گرت . هێنده‌ی پێ نه‌چوو به‌ پڕ له‌ ئاوی هێنای بۆ من .. منیش ته‌ماشایه‌كی ئه‌وانم كرد كه‌ دانیشتبوون .. لێم وه‌رگرت و ماچم كرد و ئاوه‌كه‌م خوارده‌وه‌ .ده‌ست خۆشی و ئافه‌رینم لێكرد كه‌ به‌ ڕاستی زۆر زۆری پێخۆشبوو ..لای خۆم وای بۆ چووم كه‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌م منداڵه‌ كه‌ ئاوا له‌پێشدا په‌رداخه‌كه‌ی شتووه‌ و دوایی به‌ پڕ له‌ ئاوی بۆی هێناوم ، له‌وانه‌یه‌ له‌وه‌ پێش یه‌كسه‌ر ئاوی بۆ كه‌سێكی تر هێنا بێت ، به‌ڵام كه‌سه‌كه‌ لێی نه‌خواردبێته‌وه‌ ، یان پێی وتبێت ئه‌وه‌ په‌رداخه‌كه‌ت شتووه‌ ؟ بۆیه‌ ئه‌ویش به‌ كردار نه‌ك به‌ قسه‌ ئه‌و كاره‌ی ئه‌نجامدا ..كه‌ پرسیارم له‌ دایك و باوكی كرد ، وتیان به‌ڵێ‌ به‌و شێوه‌یه‌ بوو .. پێش تۆ بۆ میوانێكی تری هێنا .كه‌واته‌ منداڵ هه‌ستی ناسكه‌ و خۆیشی ورده‌ له‌ زۆر شتدا كه‌ به‌لای تۆوه‌ شتێكی ئاساییه‌ به‌ڵام لای ئه‌و وانییه‌.


هاوڕێیه‌كم بۆی گێڕامه‌وه‌ كه‌ ڕۆژێكیان له‌گه‌ڵ دوو منداڵه‌كه‌یدا پێكه‌وه‌ دانیشتبوو ده‌ستی به‌سه‌ر سه‌ری یه‌كێكیاندا هێنا بوو له‌كاتی قسه‌كردندا و ماچی كردبوو ..ئه‌وی تریان دوای چه‌ند ڕۆژێكی تر لێی پرسی بوو : بابه‌ كاممانت خۆش ده‌وێت ؟ باوكیشی پێی ده‌ڵێت هه‌ردووكتان . ئه‌ویش ده‌ڵێت نا وانییه‌ هه‌ر یه‌كێكمانت زیاتر خۆش ده‌وێت . باوكیشی ده‌ڵێت نا ڕۆڵه‌ هه‌ردووكتانم وه‌ك یه‌ك خۆش ده‌وێت . منداڵه‌كه‌ش ده‌ڵێت نا من ده‌زانم كه‌ ئه‌وت زیاتر خۆش ده‌وێت . باوكیشی ده‌ڵێت چۆن ده‌زانیت ؟ ئه‌ویش ده‌ڵێت ئه‌ی ئه‌وه‌ نه‌بوو ئه‌و ڕۆژه‌ كه‌ له‌ گه‌ڵمان دانیشتبووی ده‌ستت به‌سه‌ر ئه‌ودا هێناو ماچت كرد؟
 

- ٣ -


ھەمیشە لە کاتی سەردانەکانمدا بۆ قوتابخانەکان و بۆ لای مامۆستایانی ھاوڕێم ئەوانەی کە سەرپەرشتیکردنیان کەوتۆتە ئەستۆم ،ھەڵسوکەوتم نەرم و نیان و گفتوگۆکانمان ھاوڕێیانە بووە و گوێم بۆ ڕاو سەرنجی مامۆستایان شل کردووە و ھەوڵم داوە بە ھەردوو لامان کارێک بکەین کە گوڕی زیاتر و باشتر بدەین بە پڕۆسەی پەروەردەی و فێرکردن و بە تایبەتی تریش وانەی بیرکاری لە ڕوی شێوازی وانە وتنەوە و چۆنیەتی و گرنگی بەکار ھێنانی ھۆیەکانی فێرکردن و چۆنیەتی ھەڵسوکەوت لەگەڵ کارگێڕی قوتابخانە و مامۆستایان و قوتابیان و کەسوکاری قوتابیانیش ، تا بە ھۆیەوە ئاستی قوتابیان بەرزتر بکەینەوە و بەھەوڵی ھەردوو لامان چارەسەر بۆ ئەو کێشە و گرفتانەش بدۆزینەوە کە دێنە پێش و دروست دەبن، .من ویستومە سەرنج و تێبینییەکانم دەربارەی وانە و شێوازی وانە وتنەوە و ھەڵسوکەوت لەگەڵ قوتابیاندا لە پۆلدا ،لەگەڵ مامۆستاکەدا بە وردی باس بکەم و لە ھەمان کاتیشدا گوێی بۆ شل بکەم تا ئەویش چی ھەیە باسی بکات و گفتوگۆی دەربارە بکەین.ھەروەھا لەگەڵ دەست خۆشیمدا بۆیان کارو چالاکییە باش و بەسوودەکانیانم گواستۆتەوە بۆ مامۆستایانی تر .ھەوڵیشم داوە ڕایان سپێرم بە ئەنجام دانی کارێک کە تا ڕادەیەک نوێ بێت و پێشتر نەکرابێت ئەویش لە پێناو سود وەرگرتنی خۆیان بە پلەی یەکەم و پاشان مامۆستایانی تر.ئەمجارەیان ڕوانگەی سەرنجم بۆ دووان لەو کارانە ڕۆیشت کە دڵنیام ئەنجام دانی کارێکی باش و بەسود و گرنگە ، ئەویش دانانی فایلێکە بەناوی (بیرکاری بۆ ھەمووان) ، کە تێیدا وێنەی ئەم پێداویستییانە ھەڵبگیرێت(ئەو ڕێنماییانەی کە دەربارەی بیرکاری دەگەنە قوتابخانە لەلایەن پەروەردە و یەکەی سەرپەرشتیکردنەوە،پلانی ساڵانەی گشت پۆلەکان،پرسیاری تاقیکردنەوەکان ھەر لە سەرەتای ساڵەوە نیوەی وەرزەکان و کۆتایی وەرزەکان،یان ھەرشتێک کە پەیوەندی بە بیرکارییەوە ھەبێت و لە ھەمان کاتیشدا ھەر مامۆستایەک زانیارییەکی نوێ و بەسودی دەست کەوت لەڕێی خوێندنەوە وە یان بینینی لە ئینتەرنێت دا وێنەیەکی دابنێت ،دەربارەی بیرکاری و شێوازی وانە وتنەوە و بەکارھێنانی ھۆیەکانی ڕونکردنەوە ) کە ئەمەش وەک سەرچاوەیەکی لێدێت کەمامۆستایان خۆیان و ھەر مامۆستایەکی تازەش کە بێتە قوتابخانەکە سودی لێوەربگرت. ساڵانەش بەبەردەوامی کاری لەسەر بکرێت ، گرنگی زیاتری دەردەکەوێت.ھەروەھا بۆ بەڕێوەبەر و کارگێڕی قوتابخانەش ئەوانەی کە زانیومە کە حەزیان بەنوێکاری و داھێنان و بەرەوپێش بردنی زیاتری قوتابخانە و پڕۆسەی خوێندنە لەکاتی گفتوگۆکردنمدا لەگەڵیان و باسکردنی چالاکی و بینینی کارە جوان و باشەکانیان پێشنیاری ئەوەم بۆ کردوون کە لە کاتی چوونی ھەر مامۆستایەکی بەڕێز بۆ بینینی وانەی ڕاھێنان یان خولێک دوای ھاتنەوەی ڕاپۆرتێک دەربارەی ئامادە بکات و بیدات بە بەڕێوەبەری قوتابخانە تا ئەویش دوای خوێندنەوەی زانیاری تەواو دەربارەی ئەو چالاکییە پەیدا بکات و دەتوانێت خۆیشی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مامۆستایاندا کورتەیەکی باس بکات و خاڵە گرنگ و بەسودەکانیشی ڕون بکاتەوە.لە فایلێکیشدا بیان پارێزێت. ئەو کاتە ھەر مامۆستایەک دەست نیشان کرا کە بچێت بۆ بینینی ئەو چالاکییانە ئامادەکاری بۆ دەکات و وردتر گوێ دەگرێ و بەشدارییەکی باش دەکات و دواتریش ئەوەی کە بینیویەتی و گوێی لێ بووە بە نووسین ئامادەی دەکاتەوە ، کە ئەمەش لەڕووی زانستییەوە وا دەکات کە مامۆستای بەشدار بوو بە شێوەیەکی باشتر تێی بگات.بۆ ئەنجام دانی ئەم کارەش بەڕێوەبەری قوتابخانە دەتوانێت لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی سەرەتای ساڵی خوێندن دا باسی بکات وئاگاداری مامۆستایانی قوتابخانەکەی بکات و گرنگی پێ بدات و سودەکانیشی بۆ سەرجەم مامۆستایان ڕوون بکاتەوە.

_______________________________________

* عەلی حەمەڕەشید: سەرپەرشتیاری پەروەردەیی.
 

ماڵپەڕی عەلی حەمەڕەشید

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک