٢٥\٦\٢٠٢٢
لە رۆژی جیهانیی
پەنابەراندا
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی ئاماری شەشی مانگی سەرەتایی
ساڵی ٢٠٢٢ بڵاودەکاتەوە.
بە
پێی ئاماری ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی جەنگ
ونائارامی و ململانێی سیاسەی ومەزەهەبی و ئابوریەوە.. ناچارکراون
ئاوارەو پەنابەر بن گەیشتە ١٠٠ سەد ملیۆن کەس کە نزیک پەنجا ملیۆنیان
ئاوارەی ناوخۆی ووڵاتەکانیان بوون.
بە پێی ئاماری ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیش:
لە ماوەی شەش مانگی ڕابردووی سەرەتایی ئەمساڵ ٢٠٢٢ ژمارەی ئەو
پەنابەرانی لە جیهاندا بۆ گەیشتن بە ووڵاتانی ئەوروپی و ووڵاتانی ئارام
ژیانیان لەدەست داوە بریتیە لە دوو هەزارو ٣٥٨ پەنابەر کە ڕێژەکە زیادی
کردوو لەئاست شەش مانگی سەرەتایی ساڵی رابردوو کە بریتی بوو لە یەک
هەزارو ٤٦٨ پەنابەر کە ژیانیان لەدەست دابووهەروەها ڕاشی گەیاند لە
ساڵی ٢٠١٤وە ٤٩ هەزارو ٢٧٥ پەنابەر ژیانیان لەدەستداوەو بێسەروشوێن بوو
لەڕێگەی گەیشتن بە ئەوروپاو ووڵاتانی ئارام.
سەبارەت بە عێراق و هەرێمی کوردستانیش:
بەپێی ئاماری ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران
لەناوخۆی عێراق هێشتا یەک ملیۆن و دووسەد هەزار کەس ئاوارەن کە
پێویستیان بەتەواوی خزمەتگوزارییەکانە. هەروەها چوار ملیۆن و نۆسەد
هەزار ئاوارەش لەناوخۆی عێراق گەڕاونەتەوە بۆ شارو ناوچەکانی خۆیان
ئەوانیش بەهەمان شێوە پێویستیان بەتەواوی خزمەتگوزارییەکان هەیە.
سەبارەت بەو عێراقیانەشی بە هەرێمی کوردستانەوە لەدەرەوەی عێراق داوای
مافی پەنابەرێتی نێودەوڵەتیان کردووە. ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند تەنها لە
ووڵاتانی ( تورکیا ، سوریا ،ئوردن ، میسر ، لوبنان ) ٢٧٦٠٠٠ دووسەدوو
حەفتاوشەش هەزار هاووڵاتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەڕێکخراوەکەمان
ناویان تۆمارکراوە بۆ داواکردنی مافی پەنابەرێتی نێودەوڵەتی هەروەها
لەو بڕوایەداین ٣٨٠٠٠ سی و هەشت هەزاریان پیویستان بە دووبارە
نیستەجێکردنەوەیە لە ووڵاتانی سێیەم
بەپێ ئاماری ناوەندی هەواڵگری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
ژمارەی ئەو پەنابەرا کوردانەی لەڕێگای پەنابەرێتی ژیانیان لەدەستداوە
لەماوەی ساڵێکدا بەداخەوە ٣٢ پەنابەرە کە زۆرینەیان بەهۆی ژیرئاوکەوتنی
بەلەمەکانیانەوە ژیانیان لەدەستدابوو لە مانگی ٢٢ی ساڵی ٢٠٢١دا ١٤
پەنابەریان لە ڕووداوێکی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەیان لە کەناڵی ئنگلیز لە
دەریای نیوان بەڕیتانیاو فەرەنسادابوو. هەروەها لەڕێکەوتی ٢١/٦/٢٠٢١دا
٧ پەنابەریش لە دەریایی ئیجە لەسنوری یۆنان بەهۆی ژێر ئاوکەوتنی
بەلەمەکەیانەوە ژیانیان لەدەستدا جگە لە بێ سەروشوێن بوونی دەیان
پەنابەری تر ئەوانی تریش لەووڵاتانی ئەوروپاو تورکیا بەهۆی نەخۆشی
جۆراو جۆرەوە ژیانیان لەدەستدابوو.
سەبارەت بە داواکردنی مافی پەنابەرێتیش لە یۆنان،بەپێی ئاماری وەزارەتی
کۆچ و کۆچبەرانی یۆنان ڕایگەیاند لەماوەی شەش مانگی سەرەتایی ئەمساڵەوە
٢٠٢٢. سی و پێنچ هەزارو ٧٢٩ پەنابەر دوای گەیشتنیان بە یۆنان داوای
مافی پەنابەرێتیان کردووە بەم شێوەیە کە پەنابەرانی عێراقی بە هەرێمی
کوردستانەوە لە پلەی سێیەمدان (سوریا ٣٣.٢٪، ئەفغانستان ٣٢.٩٪، عێراق
١٢.٥٪، فرەنەتەوە ١٠.٣٪، فەڵەستین ٤.٣٪، سۆماڵ ٤.٢٪، ئێران ٢.٦٪).
هەروەها بەپێی ئاماری هۆم ئۆفیسی بەڕیتانیاش، لەڕێکەوتی ٢/٦/٢٠٢١
تاوەکو ڕێکەوتی ٢/٦/٢٠٢٢ ی ئەمساڵ ٥٥پەنجاو پێنچ هەزارو ١٤٦ داواکاری
پەنابەرێتی داواکراوە کە کۆی گشتی پەنابەرەکان دەگاتە ٦٥شەست و پێنچ
هەزارو ٨هەست کەسە ئەمەش لە ٥٦٪ زیادی کردووە لە ئاست ساڵی ڕابردوودا
کە زۆرینەیان پێک هاتبوون لە پەنابەرانی عیراق ،هەرێمی کوردستان ،
ئێران ، سوریا ، ئەریتریا ، ئەلبانیا.
لە ووڵاتی ئەڵمانیاش لەسەرەتایی ئەم ساڵەوە، لە ڕێکەوتی ١/١/٢٠٢٢ تا
ڕێکەوتی ٥/٦/٢٠٢٢ ٦٥ هەزارو ٧٠٧ پەنابەری نەتەوە جیاواز داوای مافی
پەنابەرێتیان لە ئەڵمانیاکردووە کە پەنابەرانی عێراقی لە پلەی سێیەمدان
بە پێنچ هەزارو ٤٢٠ داواکردنی پەنابەرێتی کە لە ئاست شەش مانگی
سەرەتایی ساڵی ڕابردوودا زیادی کردووە کە بریتی بوو. چوار هەزارو ١٤٧
پەنابەری هەرێمی کوردستان و عێراق کە داوای مافی پەنابەرێتیان کردبوو.
پەنابەرانی سوریش لە پلەی یەکەمدان بە ١٦ هەزارو ٤٧٣، پەنابەرانی
ئەفغانیش لە پلەی دووەمدان بە ١٠دەهەزارو ٥٧٢
ئەو پێنچ ووڵاتەشی زۆرترین ژمارەی پەنابەریان لەخۆ گرتووە بریتیە لە
تورکیا ٣ ملیۆن و ٧٠٩ هەزار پەنابەر ، کۆڵۆمبیا یەک ملیۆن و ٧٠٠ هەزار
پەنابەر ، پاکستان یەک ملیۆن و ٤٠٠هەزار پەنابەر ، ئۆغەندا یەک ملیۆن و
٤٠٠هەزار پەنابەر ، ئەڵمانیا یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار پەنابەر.
سەبارەت بە ئاماری شەشی مانگی سەرەتایی ئەم ساڵیش ٢٠٢٢ لە ووڵاتی
تورکیا.
بەپێی ئاماری فەرمی سەرۆکایەتی کۆچ و کۆچبەرانی تورکیا، ژمارەی ئەو
پەنابەرانەی لەماوەی شەش مانگی سەرەتایی ئەم ساڵ ٢٠٢٢ واتا لە ڕێکەوتی
١/١/٢٠٢٢ تا ڕێکەوتی ٢/٦/٢٠٢٢ لەسنورەکانی تورکیاو ناوشارەکان
دەستگیرکراون بریتی یە لە ١٠٠سەد هەزارو ٩٧٤ پەنابەرە کە ئەمەش دوو
هێنیدە زیاتربووە لەئاست ساڵی ڕابردوودا لەهەمان کات و ڕێکەوتدا کە
بریتی بوو لە دەستگیرکردنی تەنها ٤٥ چل و پێنچ هەزارو ٧١٦ پەنابەر.
پەنابەرانی ئەفغانی لە پلەی یەکەمی دەستگیرکراوەکاندا بە ٤٩چل و نۆ
هەزارو ١٠١ پەنابەر وە پەنابەرانی سوریاش لە پلەی دووەمدان بە ١٤چواردە
هەزارو ٩٢٥ پەنابەر کە دەستگیرکراون.
سەبارەت بەدەستگیرکردنی پەنابەرانی عێراقیش بریتیە لە یەک هەزارو ٧٣٧
پەنابەر کە لەئاست ساڵی ڕابردوودا لەهەمان ڕیکەوت و کاتدا زیادی کردووە
کە بریتی بوو لە یەک هەزارو ٥٦٦ پەنابەر دەستگیرکرابوون ئەمە لەکاتێکدا
تورکیا زۆر بەزەحمەت ڤیزا دەدات بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و
عێراق. هاتنی پەنابەر لەمساڵدا زۆر زیادی کردووە بەهۆی کەمبونەوەی
بەربەستەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناو ئاسایی کردنەوەی ژیان لەتورکیا هەروەها
بەهۆی داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن تیرۆرستانی تاڵیبانەوە کە رۆژانە
هەزار پەنابەری ئەفغانی هەوڵی پەڕینەوە دەدەن بۆ تورکیا لەڕێگایی
ئیرانەوە هەروەها بەهۆی جەنگی بەردەوامی ناوخۆی سوریاو جەنگی ئۆکرانیاش
هەروەها لەباری کەش و هەواش بەهۆی وەرزی هاوینەوە شەپۆلەکانی دەریا تا
ڕادەیەک گونجاون تا پەنابەران لێی بپەڕنەوە
سەبارەت بەو قاچاخچیانەشی لەماوەی سەش مانگی سەرەتایی ئەمساڵ ٢٠٢٢
کەدەستگیرکراون بریتیە لە ٣سێ هەزارو٥٤٨ قاچاخچی کە ئەم ژمارەیەش
لەئاست ساڵی ڕابردوودا لەهەمان ڕێکەوت و کاتدا زیادی کردووە کە بریتی
بوو لە دووهەزارو ٤٤٢ قاچاخچی کەدەستگیرکرابوون.
سەبارەت بە ژیان لەدەستدانی پەنابەرانیش لەماوەی شەش مانگی سەرەتایی
ئەم ساڵ بریتیە لە ژیان لەدەستدانی ٢٠٠ دووسەد پەنابەر کە بەداخەوە لە
ئاست ساڵی ڕابردوودا لەهەمان ڕێکەوت و کاتدا زیادی کردووە کە بریتیی
بووە لە ژیان لەدەستدانی ١٦٨ پەنابەر. بەشێکی ژیان لەدەستدانی ئەم
پەنابەرانە بەهۆی پاسەوانانی سنوری یۆنانەوە بوون کە ئەوان هۆکاربوون
بەژیان لەدەستدانیان کە زۆر نامرۆڤانە بێ هیچ جل و بەرگێک
دەیانناردنەوە و لە سەرمادا ڕەق دەبوونەوە و ژیانیان لەدەستدەدا.
سەبارەت بەداواکردنی ئیقامەی گەشتیاریش لەلایەن هاووڵاتیانی هەرێمی
کوردستان و عێراق لە تورکیا، بەم شێوەیەیە:
هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق شەش مانگی سەرەتایی ئەم ساڵیش لە
پلەی یەکەمدان بۆ داواکردنی ئیقامەی گەشتیاری و خوێندن و کەم ماوە کە
بە ژمارە بریتیە لە ١٦٢ هەزارو ١٠٨ داواکردنی ئیقامە کە جگە لەوەی لە
پلەی یەکەمدا لەئاست شەش مانگی سەرەتایی ساڵی ڕابردوودا زۆر زیادی
کردووە کە پێشتر بریتی بوو لە ١٣٢هەزارو ٨١٣ داواکردنی ئیقامەولەو
ژمارەیەش تەنها ٧هەزارو ٥٨٥ کەس داوای ئیقامەی خوێندنیان کردووە
ئەوانەی داوای ئیقامەیانکردووە زۆرینەیان گەنجانن.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
٢٠\٦\٢٠٢٢
---------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
پەیامی فیدراسیۆن بە بۆنەی رۆژی جیهانیی پەنابەران.
خەباتمان لە دژی رەگەزپەرستیی و ناردنەوە و
ژێرپێنانی مافی مانەوەی پەنابەران و بەرگریی لە هەڵاتووانی جەنگ و
نائارامیی بەردەوامە!
٢٠ی حوزەیزان ڕۆژی جیهانیی پەنابەرانە که لهلایهن ڕێکخراوی نهتهوه
یهکگرتووهکانەوە لە ساڵی ١٩٥١ەوە به فهرمی ناسێنراوه. ئەمساڵ
لەکاتێکدا بەرەو ڕۆژی جیهانیی پەنابەران دەچین کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی
ڕووبەڕووی قۆناغێکی سەخت و پر مەترسی بۆتەوە. نائارامی دنیای داگرتووە.
قەیرانی ئابووری و دارایی، فەزای جەنگ و میلیتاریزم و تیرۆریزم و
ڕاسیزم و هەڵکشانی نەتەوەپەرستی و فەناتیزمی دینی و سەرکوت و ئیستیبداد
و هەڵاواردن و کاولکاری و بێکاری و هەژاری و بێ خانەولانەیی..،
بهشێکی زۆر له دانیشتوانی وڵاتانی دنیای ناچار به کۆچکردن و
ئاوارهبوون و دەربەدەری کردووه. دەوڵەت و هێزه ئیمپریالیستیەکان لە
کێشمەکیش و کێبەرکێیەکی گەورەدان لەپێناو سەرلەنوێ دابهشکردنهوهی
جیهان و بهدهستهێنانی ناوچهی نفوز و سود و قازانجی خەیاڵی و کەڵەکەی
زیاتری سەرمایە، بۆ ئهم مەبەستەش ئامادەن بەڵای گەورە بەسەر
مرۆڤایەتیدا بهێنن و جیهان بخەنە بەردەم شەڕی ئەتۆمی و بایۆلۆجی و
کوشتار و نابوتکردنی سیمای شارستانی ئەم سەردەمە.
دوای ٧١ ساڵ لە ڕاگەیاندنی پەیماننامەی مافهکانی پهنابهران، بهڵام
هێشتا دهبینین دیاردهی پهنابهری بە شێوەیەکی بەرفراوان بهردهوامه
و درێژهی ههیه. بەپێی ئاماری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارەی
ئەو کەسانەی بەهۆی جەنگ و ململانێی ئاینی و سەرکوتی سیاسی و گرفتی
ئابوورییەوە ناچارکراون ئاوارە بن و ببنە پەنابەر گەیشتە ١٠٠ سەد ملیۆن
کەس، کە نزیك بە پەنجا ملیۆنیان ئاوارەی ناوخۆی وڵاتەکانیانن. بەدوای
بەرپابوونی جەنگ لە ئۆکرانیا ژمارەی ئاوارە و پەنابەرانی ئۆکرانی
لەماوەی کەمتر لە چوار مانگدا گەیشتۆتە چواردە ملیۆن کەس، کە لە دوای
جەنگی دووەمی جیهانییەوە، ئەمە گەورەترین شەپۆلی ئاوارەیی و پەنابەرییە
لە جیهاندا.
لهژێر سایهی کێشمهکیش و پێشبڕکێی ئینسانکوژی دهوڵەته زلهێزهکانی
دونیا و هاوپەیمانە ناوچهییهکانیان لە دهسته و تاقمی کۆنهپهرستی
قهومی و ئاینی و تایفی، سەرباری جەنگ و کوشتاری خەڵکی مەدەنی و ئاوارە
بوونی بەکۆمەڵ، ڕەگەزپەرستی و جیاکاری ڕووی لە هەڵکشانە. ئەمە لەپاڵ
داشکانەوەی ئاسەوارەکانی جەنگ وە قەیرانی کۆرۆناش بەسەر شانی خەڵکدا،
نرخی خۆراك و سوتەمەنی کارەبا و پێداویستییە ژیاریەکان و... بەشێوەیەکی
سەرسوڕهێنەر براونەتە سەرەوە، تەنها لەپێناو باڵادەستی و کەڵەکەی
سەرمایە و دزینی ڕەنجی کاری هەرزانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش. ژیانی
ملیۆنەها ئینسانیان خستۆتە نێو تونێلێکی تاریك لە جەنگ و میلیتاریزم و
کوشتار و نائارامییەوە و بەو هۆیەشەوە دیاردهی ههڵهاتن و ئاوارەیی،
له مهودایهکی فراواندا بهرههمهێناوه. ملیۆنهها ئینسان وهك
قوربانیانی ئهم ههلومهرجه ناچارکراون به گرتنهبهری ڕێگای
سهرکهشی دەریا و زەریا و سنوره تهلبهند کراوهکان و سەرماوسەختی
جەنگەڵەکان، تاوهکو پهنابهر له وڵاتێکی ئهوروپاییدا نیشتەجێ ببن و
وهك ئینسانی سهردهم مافەکانیان بۆ بهڕەوا بناسرێت. بەڵام بەداخەوە
سەرباری ئەوەی دەکرێنە کهرهستهی داشکاندنهوهی قەیرانەکان و
کێشمهکێشی باڵهکانی نێو دهسهڵات و پهلاماره ڕاسیستی و
فاشیستیهکان، سیاسەتی نامرۆڤانە و بازرگانی بە ژیان و ئایندەیانەوە
دەکرێت.
دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاوا و وڵاتە ئەوروپیهکان لهکاتێکدا خۆیان سەرچاوەی
ئەو جەنگ و ماڵوێرانییانەن کە بەرۆکی بە کۆمەڵگای بەشەری گرتووە، کەچی
ئامادەش نین باجی سیاسەتی چەوتی خۆیان بدەن. کەیسی پەنابەرانیان کردۆتە
وەرەقەیەکی سیاسی لەنێو حکومەتەکان و ساتوسەودا و بازرگانی پێوە
دەکرێت. لەوەش زیاتر سەباری توندکردنەوەی سنورەکان و ناچارکردنی
پەنابەران بەهەڵبژرادنی ڕێگای مەرگ و پڕمەترسی، چاو لە ئاستی تراژیدیای
لاشەی هەڵوەشاو و ساردەوە بووی پهنابهران لەنێو دەریاکان، لە ناوخۆی
وڵاتەکانیشیاندا دەست دەبەن بۆ لێگرتنهوهی پێداویستیهکانی ژیان و
زیندانی کردن و ڕاگرتنی پەنابەران له کهمپە داخراوەکاندا، کە ئەوەش
کاریگەریی خراپ لەسەر دۆخی دەروونی پەنەباران دروست دەکات و زۆر جار
ئاکامەکەی بە خۆکوشتن کۆتایی دێت! مافی خوێندن و کارکردن و هاتوچۆ لە
پەنابەران زەوت دەکەن. پەنابەرانیان وەکو سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسی
بۆسەر وڵاتەکانیان ناوزەد دەکەن و ئەوەشیان کردۆتە پاساوێك بۆ ئەوەی
دەست بخەنە ناودەستی کۆنەپەرستترین دەسەڵات و حکومەتەوە کە پەنابەران
لەدەستیان هەڵاتوون تا بەزۆر و بەپێچەوانەی خواستی خۆیان رەوانەی ئەو
دۆزەخەیان بکەنەوە.
بەپێی ئاماری ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیش لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا
ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لە جیهاندا بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپی و
وڵاتانی ئارام ژیانیان لەدەست داوە، نزیکەی دوو هەزار و ٣٥٨ پەنابەر
بوون. بەبەراورد بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو کە ژمارەی
قوربانییەکان یەك هەزار و ٤٦٨ پەنابەر بوون، بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادی
کردوە! لە شەش مانگی ڕابردوودا یەك هەزار و ٧٣٧ پەنابەر لەلایەن
دەوڵەتی تورکیاوە دەستگیر کراون. هەروەها لەناو تورکیا و وڵاتانی
ئەوروپادا تەنها لەساڵی ڕابردوودا ٣٢ پەنابەری کورد بە ڕووداوی
جۆراوجۆر ژیانیان لەدەستداوە. جگە لە بێسەروشوێن بوون و نەدۆزینەوەی
تەرمی دەیان پەنابەری تری کورد کە لەناو دەریادا ژیانیان لەدەستداوە.
فیدراسیۆنی سهراسهری پهنابهرانی عێراقی له ڕۆژی جیهانیی
پهنابهراندا لیستی ئهم داواکارییانه بهڕووی ئیمزاکهرانی
لائیحهی مافهکانی پهنابهران بهرز دهکاتهوه:
١- پێویسته دهستبهجێ سیاسەتی ناردنەوەی پەنابەران ڕابگرن و کۆتایی
بهێنرێت به سیاسهتی ڕاگرتنی پهنابهران و ئاوارهی جهنگ له کهمپ
و هۆستێڵ و شوێنە نەشیاوەکاندا و دابڕینیان له ژیانی شاری و
گواستنەوەیان بۆناو کۆمهڵگە و شوێنی شایسته به ئینسان.
٢- پێویسته حکومەتەکانی ئەوروپا و بەریتانیا ئەو ناوچانەی پەنابەرانی
پیادەپەڕنەوە بەپەلە ناچاربکرێن سنورەکانیان بەڕووی پەنابەراندا
بکەنەوە و دیوارە دڕکاوییەکانی سنوریان هەڵگرن، تا پەنابەران ناچار
نەکرێن ڕێگای سهختی دەریاکان و دارستانە چڕەکان بگرنەبەر.
٣- پێویستە حکومەتەکانی ئەوروپا و حکومەتی بەریتانیا ناچار بکرێن ئەو
ڕێکەوتننامانەی کە لەگەڵ تورکیا و یۆنان و ڕواندا بەدژی پەنابەران و بۆ
ناردنەوەیان مۆریان کردووە، هەڵبوەشێننەوە.
٤- دهستبهجێ پهنابهران له گرتوخانه دهستبهسهره
پهنابهرییهکاندا ئازاد بکرێن.
٥- دابینکردنی ئیمکانات و پێداویستی گونجاو به شێوهیهکی
پلانداڕێژراو و به مهبهستی ههرچی زووتر جێکهوتنی پهنابهر و
کۆچبهران لهنێو ئهو کۆمهڵگەیانهی هانای بۆدهبهن و بههرهمهند
بوونیان له ههموو پێداویستییهکی فهردی و کۆمهڵایهتی و ئابووری
بهشێوهیهکی یهکسان.
٦- بهڕهسمیهت ناسینی مافی پهنابهری بۆ ههموو ئهوانهی که وهك
پهنابهری سیاسی بههۆی جهنگ وشەڕ و کێشمەکێشی قهومی و مهزههبی
وهیان بەدەلیلی جنسی لهشوێنی ژیانی خۆیان ههڵکهنراون و هاوکاری
کردنیان بۆ دهستپێکردنهوهی ژیانی ئاساییان.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی بە ڕۆڵی خۆی لەپێناو
جێبەجێکردنی ئەو داواکارییانە و بەرگرتن بە سیاسەتی دژی پەنابەری
وڵاتانی ئەوروپا و بەریتانیا، لە دژی ناردنەوە، مافی مانەوە و هەڵهاتن،
لە دژی ڕاسیزم و جیاکاری کۆیلەکردنی ئینسانەکان لەسەر بنەمای ڕەگەز و
مافی هاوڵاتی یەکسان بێدرێخ تێدەکۆشێت. لەم ڕێگایەشەوە داوا لە تەواوی
ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی پەنابەران و یەکێتی کرێکاری و
ئەحزاب و لایەنانەی خۆیان بە بەرگریکار لە مافەکانی پەنابەران دەزانن،
پشتیوانی لەو داواکارییانە بکەن و پەنابەران بەتەنها جێ نەهێڵن.
نا بۆ سیاسەتی ناردنەوە، مافی پەنابەریی مافی مرۆڤە.
فیدراسیۆنی سەراسەری
پەنابەرانی عێراقی
|