١٨\٥\٢٠١٩
لە رۆژی
رۆژنامەگەریی کوردیدا چی دەگوزەرێ؟

سەدیق سەعید
لەو چەند ڕۆژانەی ڕابردوودا، یادی سەدوبیست و یەک ساڵەی دەرچوونی یەکەم
ڕۆژنامەی کوردی کرایەوە. وێرای مێژووێکی درێژ لە کاری ڕۆژنامەنووسی و
ئەو ھەموو پێشکەوتنانەی لەو بوارەدا لەڕووی ھونەری و بابەتی و تەکنیکی
ھاتوونەتە ئاراوە، وەلێ ھێشتا چەندین سیماو خەسڵەتی نەرێنی
ونامۆ،لەکاری ڕۆژنامەنووسیدا دەکەونە بەرچاو. بەداخەوە ھەر لەمیدیای
سێبەری حزبی بگرە کە ھەندێکییان ناڕاستەوخۆ سەر بە حزب و جوڵانەوەیەکی
سیاسین، تا نەبوونی ئیتیکی کاری ڕۆژنامەوانی و لایەنەکانی زمان و
ڕێنووس و داڕشتنی ھەواڵ و چۆنیەتی مامەڵەکردن لە گەڵ ساتی گەرماو گەرمی
ڕووداوەکاندا. ئەمە وێرای سەنگەر گۆڕینی بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان و
چونیان بۆ کەناڵە دەوڵەمەندەکان، لە پێناوی پێدانی پارەی زیاترو کڕینی
ھەڵوێستی سیاسییان، کە بەداخەوە ھەندێکییان ھیچ وەفایەکییان بۆ ئەو
کەناڵە نابێت کە لێیەوە فێری کاری ڕۆژنامەوانی بوون بۆنموونە وەک
کوردستانی نوێ .دیارە نەریتی کۆپیکردنەوەی وتارەکان و یاخود دزینی وتار
و بابەتی نووسەرانی ترو بڵاوکردنەوەیان بەناوی خۆیان، بەشێکی دیکەن لە
سیمای ناشرینی بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و بە بێ لەبەر چاوگرتنی
ھیچ ھەوڵ و ماندووبوونی کەسانی دیکە، زۆر بە ئاسانی بابەتی کەسانێک
بڵاو دەکەنەوە، کە دەقاو دەق لە نووسینی کەسانی تر وەرگیراوە، بەبێ ھیچ
جیاوازییەک یاخود دەستکارییەکی کەم، بۆ ئەوەی نەناسرێتەوەو خوێنەری پێ
فریو بدەن. ئەوەتانێ ئێمە لەکاتێکدا یادی ڕۆژنامەگەری کوردی دەکەینەوە
و ھیواو ئاواتمان ئەوەیە ڕاگەیاندن پێشبخەین و ببێتە جێگەی متمانەی
ھاووڵاتییان، کەچی ھەر لەو ڕۆژەدا پێشێلی کاری ڕۆژنامەوانی وئیتیکی
کاری ڕۆژنامەنووسی دەکەین. لەو ڕوانگەیەوە دەبینین کە ھەفتەنامەی(زاری
کرمانجی) کە لە سۆران دەردەچێت و ھەڵگری ناوی پیرۆزی گۆڤارەکەی
حوزنییە،ھاتووە ڕێک لە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردیدا واتە ڕۆژی دووشەممە
ڕێکەوتی ٢٢-٤-٢٠١٩ بابەتێکی بڵاوکردۆتەوە، کەھەمان بابەت چوار ساڵ لە
مەوبەر لە گۆڤاری(مامۆستا)ژمارە (١٠) ساڵی ٢٠١٤ کەیەکێتی مامۆستایان
دەریدەکات بڵاوکراوەتەوە. کە بەڕێزێک نووسیویەتی بەناوی چاڵاک بەرزنجی.
ئەم وتارەی زاری کرمانجی بڵاویکردۆتەوە، دەقی ھەمان ئەو وتارەیە بەوشە
و پەڕەگراف و ناونیشان و ناوەڕۆکەوە، لەگەڵ زیادکردنێکی کەم بۆ ئەوەی
کەس نەیناسێتەوە. بابەتەکە تەندروستییە و لەبارەی نەخۆشی کۆڵۆنە.بەڵام
ناوی ھیچ کەسێکی بەسەرەوە نییە، پێدەچێت ئەوەی بابەتەکەی نووسیبێت،
بەلایەوە نەنگی بێت ناوی خۆی لەسەر بنووسێت، چونکە دەزانێت دەق نووسینی
کەسانی ترەو ئەو بەناوی خۆی بڵاویدەکاتەوە. بە داخەوە بەشێک لە
ڕۆژنامەکان، لایان وایە ھەموو خوێنەرێک وەک یەکە و ھەرچییەک بیکەن،
بۆیان دەچێتە سەر. بۆ دەبێ کەسانێک لەسەر ھەوڵ و ماندوبوونی کەسانی تر،
بیانەوێت ببنە نووسەر یان ڕۆژنامەنووس؟ سەرنووسەری بڵاوکراوەیەک چۆن
دەبێت ھێندە بێ ئاگا بێت لە دنیای نووسین و بڵاوکردنەوە،کە بە ئاسانی
کاری لەو شێوەیەی بەسەردا تێبپەڕێت، لەکاتێکدا خۆشی بەرپرسی نووسینگەی
سۆرانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانە. من دەزانم لە دنیای ئەمرۆِی نووسین و
بڵاوکردنەوەی کوردیدا، ڕەنگە زۆر دیاردەی دیکەی لەو شێوەیەش ھەبن،
بەڵام نابێ بەسەرماندا تێپەڕێت. چونکە ئەمە زەمینە لە بەردەم کەسانی
تریش خۆش دەکات کە بابەتی کەسانی تر ببەن و بەناوی خۆیان یان ڕۆژنامەکە
بڵاویبکەنەوە. نووسین بە گشتی و کاری ڕۆژنامەوانیش بە تایبەتی،
بەرپرسیاریەتییەکی فەرھەنگی وئاکاریی و ڕۆشنبیرییە. ڕۆژنامەنووسی ئەرک
و پیشەیەکی پیرۆز و بەرپرسیاریەتییەکی گەورەیە. دەبێ ڕۆژنامەنووسانی
ئێمە لە ئاست ئەو بەر پرسیاریەتییە دابن. لێرەدا من بۆ دڵنیایی
خوێنەران وسەلماندنی بۆچوونەکەم دەقی ھەردوو نووسینەکە بڵاو دەکەمەوە،
بۆ ئەوەی خوێنەران بەرچاویان زیاتر ڕوون بێت. ھەرکەسێکیش مەبەستی بێت،
دەتوانێت ھەردوو نووسینەکە بخوێنێتەوە و بەراوردی یەکترییان بکات
ئەوکات دەزانێت کە دەقەکە چۆن بردراوە.
_______________________________________
سەرچاوەکان:
• نەخۆشی قۆڵۆن:
نووسینی چاڵاک بەرزنجی، گۆڤاری مامۆستا (ژمارە ٩-١٠) ساڵی ٢٠١٤.
• نەخۆشی قۆڵۆن:
ناوی نووسەری بەسەرەوە نییە، ھەفتەنامەی (زاری کرمانجی) ژمارە (٥٨٩)
دووشەممە ٢٢-٤-٢٠١٩.
sadiqrwandze@yahoo.com
|