په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٦\٢٠١١

لە رۆژنامەوانییەوە بۆ چاودێری سیاسی.


شاخەوان برایم عەبدوڵا


لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان دووچاری پەتایەکی ترسناک بۆیەوە لەوەرگرتنی ئەو لێشاوە زۆرەی خەڵکی ڕەشۆکی بەئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسان. لەئێستاکەشدا چاوەڕوان دەکرێت ھەمان سیناریۆو پەتای ترسناک پرۆسەی سیاسی ھەرێم بگرێتەوە لەوەی ھەر کەسەو کە بووە دۆستی سیاسییەکی فاشیل کە خۆی توانای شیکردنەوەی پرسە سیاسییەکانی نییە، یاخود دۆستی کەناڵێکی میدیایی، ئیدی وەک چاودێری سیاسی دەردەکەوێت و شرۆڤەیەکی لایەنگرانەو بەرژەوەندخوازانە بۆ پرسە ھەنووکەییەکان دەکات و جاری واش ھەیە بۆ بەرژوەندی کەسێکی دیاریکراو قسە دەکرێت و بەھیچ شێوەیەک دەستەواژەو شیکردنەوەکانیان خزمەت بەپرۆسەی سیاسی کوردستان ناکات و بەپێچەوانەوە دژ بەکۆی بەرژەوەندییەکانی کورد دەکەوێتەوەو لەدواییدا چۆن ئەو لێشاوە زۆرەی بەناو رۆژنامەنووسان، کاریگەری خراپیان بەسەر رەوش و ئەداو پیشەی رۆژنامەوانی ھەبووە، ئاواش ئەو بەناو چاودێرە سیاسیانە رەوشی سیاسی ھەرێم دووچاری بارودۆخێکی ترسناک دەکەنەوەو بەمەش کۆمەڵگە لەرووە جۆراوجۆرەکانییەوە زەرەرمەند دەبێت.


لە رۆژنامەوانێکی فاشیلەوە بۆ چاودێری سیاسی.


زۆرێک لەو رۆژنامەوانانەی بەھۆی بێ پلانی و ناشارەزایی سەندیکای رۆژنامەنووسان ناونیشانی رۆژنامەنووسیان پێ بەخشرا، ھەنووکە حیزبی سیاسی و دەزگە رۆژنامەوانییەکان بێ بەرپرسیارێتی و مۆڕاڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئیتیکی رۆژنامەوانی خەریکی بەخشینەوەی ناونیشانی چاودێری سیاسین بەکەسانێک کە بەڕێکەوت کەوتوونەتە نێو پرۆسەی سیاسییەوە یان رۆژنامەوانییەوە، نەک ئارەزوو و پسپۆڕێتی لەبواری سیاسیدا کردبێتنی بە سیاسەتوان و چاودێری سیاسی. ئەم دیاردەیە تەنانەت لەنێو ریزی حیزبە کوردییەکانیشدا بەرچاو دەکەوێت، ئەندامی مەکتەب سیاسی حزب ھەیە، ئێستاکەش بەنەفەس و فیکری شاخەوە بۆ پرسە سیاسییەکانی ھەنووکە دەڕوانێت و چەمکی شۆڕشگێڕی لەسەرووی ھەموو شتێکەوە دەبینێت و توانای قەبوڵکردنی بۆچوون و تێڕوانینیی جیاوازی نییە لەنێو ئەندامان و کادیرانی حیزبەکەیەوەو سەرەڕای ھەموو ئەمانەش کەچی لە ماوەی ساڵێکدا چەندین پلەی سیاسی لەناو حیزبەکەیدا دەبڕێت، ئەمەیە قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری دووچاری کۆمەڵگە دەکاتەوەو تادێت مەترسییەکانی ئەم جۆرە کەسانە لێرەو لەوێ بەرچاو دەکەون لە سەروبەندی مومارەسەکردنی پۆستە حیزبی و حکومییەکانیانەوە.


چاودێری سیاسی و چەواشەکاریی.


ئەوەی تۆسقاڵێک سەرەدەری لە سیاسەتدا دەربکات، ھەست دەکات زۆرێک لەوانەی بەناوی چاودێری سیاسییەوە لەکەناڵەکانەوە دەردەکەون شرۆڤەیەکی چەواشەکارییانەو مەبەستدارانەی پرسە سیاسییەکانی ھەرێم دەکەن، بەدیوەکەی تریشەوە ھیچ کامێکیانسیاسە و پرسەکانی وەک خۆی کە ھەن بۆ خەڵکی شی ناکەنەوەو چاوەڕێی رووداو دەکەن، نەک پێشبینی رووداو، کام لەوانە پێشبینی رووداوێکی کردووەو روویدابێت، بەپێچەوانەوە خۆیان بەباڵای رووداوەکانەوە ھەڵواسیوەو ئەو ناسەقامگیرییەی کە ماوەیەک لەمەوبەر کوردستانی گرتەوە، دیسانەوە کۆمەلێک کەسی دیکەی تێدا سوودمەند بوو، وەک چۆن شەڕی ناوخۆ کۆمەڵێک کەسی کردە سیاسی و ئیمپراتۆر، ئاواش ناسەقامگیرییەکانی سلێمانی سەدان چاودێری سیاسی دروستکرد کە گۆڕان فاکتەری سەرەکی بوو لە دروستکردنی ئەو پەتای چاودێری سیاسی و بەرپرسیارێتی مێژووییش لەئەستۆی گۆڕاندایە لەوەی دواتر ئەو بەناو چاودێری سیاسیانە کۆمەڵگە رووبەرووی مەترسی شەڕێکی دیکەی ناوخۆیی بکەنەوە، چونکە لەقسەو دەستەواژەکانیاندا بۆنی شەڕێکی دیکە دەکرێ.


چاودێری سیاسی ئەو دیارییەی لەلایەن کەناڵەکانەوە دەبەخشرێ.


لەچوارچێوەی دەوڵەتی دیموکراسیدا مرۆڤ ئازادە لەوەی چۆن مومارەسەی ژیانی خۆی دەکات، بۆیەش ھەر کەسێک لە کوردستاندا ئازادە لەوەی مومارەسەی سیاسەت بکات، ئەوەی جێگەی ھەڵوەستە لەسەرکردنە بەخشینەوەی ناونیشانی چاودێری سیاسییە کە سیاسییەکان و کەناڵە رۆژنامەوانییەکان بۆ گەرمکردنی بازاڕی ململانێکان بەکاریان دەھێنن، کەسی وا ھەبووە وەک میوانێکی زۆر ئاسایی بەشداری بەرنامەیەکی کردووە، کەچی چەند رۆژێک دوای پەخشکردنی بەرنامەکە، لەکەناڵێکی دیکەوە وەک چاودێری سیاسی بانگھێشتکراوە، ئەمەیە کارەسات، ئەگەر بەراستی ئەو کەسە چاودێری سیاسی بووایە، چۆن چۆنی ڕێگەی بەخۆی و کەناڵەکان دەدا بەئارەزووی خۆیان یاری بەچاودێرییەکەیەوە بکەن، خێرە لەماوەیەکی کەمدا کەسێکی ئاسایی لەلایەن کەناڵێکەوە بکرێت بەچاودێری سیاسی، لێرەوە دەگەینە ئەو راستییەی کەناڵەکانی رۆژنامەوانی و بەرژەوەندی حیزبی ناتوانن خەڵکی بکەنە چاودێری سیاسی، ئەگەر خۆی بەراستی تایبەتمەندێتی تێدانەبێت، ئەی بۆچی دوای ئارام بوونەوەی رەوشی شاری سلێمانی ئەو چاودێرەمان نەبینیەوە شرۆڤەی پرسە سیاسییەکان بکاتەوە، خۆ پرۆسەی سیاسی لەکوردستاندا پەکی نەکەوتووەو ئێستاکەش بەردەوامی ھەیە، ئەم نموونەیەش بەسە لەوەی بگەینە ئەو دەرئەنجامەی زۆرێک لەوانەی بەناوی چاودێری سیاسییەوە دەردەکەون، سیاسی نین و ناشبن بەسیاسی، بەڵکو لەشێوەی سەرابدان، ھەتا لێیان نزیک بیتەوە، ئیدی وجودیان نامێنێت و دەبنەوە بەو کەسە ئاساییەی نێو کۆمەڵگەو جار جارە بەڕێکەوت سەیری بەرنامەیەکی سیاسی دەکەنەوە.

 

ماڵپه‌ڕی شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵا

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک