٤\٣\٢٠٢٠
لە روانگەی
سەرنجەوە.

عەلی حەمەڕەشید
ھەمیشە قوتابخانە و باخچەی منداڵان مەڵبەندێکی سەرەکی و باش بوون
بۆپەروەردە وفێربوون و فێرکردن، کاریگەری ئەرێنی تایبەتی خۆیان ھەبووە
و ھەیە لەسەر منداڵ. ئەنجام دانی چالاکی ھونەری و وەرزشی و ئەدەبی لە
ناو قوتابخانە و باخچەکاندا ڕۆڵی گرنگی خۆیان دەگێڕن لە پەرەسەندن و
گەشەکردنی ھەموو توانا و بەھرە شاراوەکانی منداڵاندا و دەبێتە ھۆی
خۆشکردن و جوانکردن و ڕازاندنەوەی ژینگەی فێربوون کە لە ڕێیەوە
قوتابخانە و باخچە و مامۆستا و خوێندن لای منداڵ زیاتر خۆشەویست دەکات
و ھانیان دەدات بۆ بەرەوپێشچوون و سەرکەوتنی زیاتر.
ھەوڵ و ماندوو بوونی کارگێڕی قوتابخانە وباخچە و مامۆستایانیش وەک
تیمێک دەبێتە ھەوێنی سەرجەم سەرکەوتنەکان لەو بوارەدا و گیانی ھاوکاری
و ھاوڕێیەتی جوانتر و باشتر لە نێوانیاندا دەچەسپێت چونکە ھەموویان بۆ
مەبەستێک کار دەکەن و گومانی تێدا نییە کە کاری لەو شێوەیەش بەبەشداری
و ھەوڵی ھەمووان دێتە بەرھەم و دەبێتە ھۆی سەرکەوتن و پێشکەوتنی باخچە
و قوتابخانە و بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن و پەروەردەیەکی باش و دروست.
فیستیڤاڵ و ئەنجام دانی چالاکی جۆراو جۆر کە منداڵان و قوتابییانی
بەھرەمەند و بەتوانا بەشداری تێدا بکەن زۆر گرنگە و پێویستە لە باخچە و
قوتابخانەدا ساز بکرێت،تەنھا گرنگی نەدرێت بە خوێندن و ئەو لایەنانە
فەرامۆش بکرێت بۆیە وا پێویست دەکات کە لە باخچە و قوتابخانەکاندا
مامۆستای تایبەت و پسپۆڕی ھونەر و مۆزیک و وەرزش ھەبن وەکو چۆن
مامۆستای تایبەت و پسپۆڕ بۆ وانەکانی تر ھەیە،کە ھۆکارن بۆ خۆشتر کردنی
ژینگەی فێربوون و لە ھەمان کاتیشدا دەبێتە ھۆی نەشونماکردنی بەھرە و
تواناکی منداڵ لەو بوارانەدا.
نابێت ئەوەشمان لە بیر بچێت کە ھەر چالاکییەک کە ئەنجام دەدرێت پێویستی
بە بەرنامە و پلانی تایبەت و باش ھەیە تا دوور بێت لە دوو بارە بوونەوە
و سواوی و ھەوڵی کار و چالاکی نوێ و داھێنەرانە چونکە سەردەمەکە وا
دەخوازێت .ھەوڵبدرێت کە ئەو چالاکییانەی کە پێشکەش دەکرێن لە ئاستی
تەمەنی منداڵاندا بن .ئەگەر باخچە بوو ئەوا پێویستە سەرجەم چالاکییەکان
بۆ ئەو قۆناغە بن و لە گشت ڕووەکانەوە گونجاو بن ،تەنھا مەبەست خۆشی
بەخشین بە منداڵان نەبێت ،بەڵکو زانیاریشیان پێ ببەخشێت . ھەروەھا لە
قوتابخانە و خوێندنگەکانیشدا بە ھەمان شێوە چالاکییەکان لە ئاستی
تێگەیشتنی ئەواندا بن و بوارەکانیش فراوانتر بن،چونکە تەمەنەکەیان
جیاوازە .ئەنجامدانی ھەموو ئەم چالاکییانە دەبنە ھۆکارێکی باش بۆ ئەوەی
ھەنگاوەکان گورجتر و تۆکمە تر بن لە پێناو بەرەو پێشچوونی پرۆسەی
خوێندن.
ماڵپەڕی عەلی
حەمەڕەشید
|