١٤\١\٢٠٢٣
لە ساڵڕۆژی
شەهیدبوونی
تێکۆشەری
رێگەی ئازادیی و یەکسانیی ''کاکە عەبە''.*
حەمەی کاکەعەبە
لە ساڵی ١٩٨١ واتە چل و دوو ساڵ بەر لە ئێستا و
رێک لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆ (١٤\٢)
کە رۆژی پیرۆزکردنی خۆشەویستیی هاوسەرگیرییە.. دایکە زەحمەتکێش و
حەسرەت دیدەکەمان هاوسەر و هاوخەباتەکەی خۆی لەدەستدا و ئێمەش لە سۆز و
خۆشەویستیی و نازکردن لە باوەشی باوک بێبەش کراین!
دەبێ بپرسین ئایا ئەو شەهیدبوونە بۆ ئێمە چی دەگەیەنێ! شەهیدبوون لە
پێناوی گەلێک و بەجێهێشتنی خێزانێک لە پاش خۆی دەبێ چۆن هەڵسەنگاندنی
بۆ بکەین! بنەماڵەیەک بە بێ باوک گەورەببێ و درێژەپێدەری خەبات و
پرینسیپەکانی بێ، دەبێ ئەوە چ ئیرادەیەک بێ لە پاش خۆی بەجێیهێشتبێ و
ببێتە جێگەی سەربڵندیی بۆ خۆی و بنەماڵەکەی.
عەبدوڵا ئەحمەد محەمەد،
ناسراو بە ''کاکە عەبە''.
هەرچەندە گیانلەدەستدانی ئەو پێشمەرگە
تێکۆشەرە وەک رووداوێکی کارەستبار و دەرهاویشتەکانی لەو بارودۆخە
کۆمەڵایەتی و رامیارییەی ئەو دەمی هەشتایەکان و دواتر تا بەسەر پێی
خۆمان کەوتین بۆ ئێمە گەلێک سەخت و پڕ ئازار بوو، ئاخر بێجگە لەوەی
دەبووایە دایکم بەسەر کۆمەڵە منداڵێک دابنیشێ و بە تەنیاباڵیی بەخێویان
بکا (کە شکۆمەندانە ئەو ئەرکە قورسەی گرتە ئەستۆ و تێیدا سەرکەوتوو بوو)
کێشەی ئێمە هەر تەنیا ئەوە نەبوو وەک ماڵباتێکی خاوەن مێژوویەکی شۆشگێڕ
(چ لە سەردەمی پاشایەتیی ئێراق چ لە سەردەمی بەعسییەکان کە هەردووکیان
پتر بریکاری داگیرکەرە گەورەکەی جیهان بەریتانیا بوون) دەبووایە
خۆڕاگرانە لە بەرانبەر هەژموون و مەترسییەکانی رژێمە دیکتاتۆرییەکەی
سەدام حوسێن کۆڵنەدەین و رووبەڕووی چەوساندنەوەی چینایەتی و نەتەوایەتی
ببینەوە و ناپاکیی لە رێبازی شەهید نەکەین و خۆمان رادەستی ژیانی
کۆیلەیی نەکەین، بەڵکە دەبووایە هاوکاتی ئەوە ململانێ لەگەڵ رەوتی
کۆنەپەرستانەی دوژمنانی نێوخۆش بکەین کە پێکدەهات لە حیزب و لایەنە بە
ناو کوردییەکان و هەموویان پێکەوە پەیڕەویان لە سیستەمی ئاغەواتی
چینایەتی و ئەو هیڵە زۆردار و چەوسێنەرە دەکرد کە لە پێناو بەرژەوەندیی
تەسکی خۆیان سڵیان لە هیچ ستەم و خۆفرۆشییەک نەدەکردوە و هەر رۆژ لە
بەرەیەک بوون جا چ لە شاخ چ لە لای بەعس.. هەموو ئامانجێکیان
داژایەتیکردن و لاوازکردنی هێڵی چەپ و پێشکەوتنخوازیی بووە، پاش
راپەڕینیش چەندین رەوتی پەڕپووتی دیکەش بەو هێڵە پەیوەست بوونە کە من
ناوم لێناوە سێکوچکەی ناپاکیی و خۆفرۆشیی و خۆڕادەستکردن بە دوژمنان.
هەڵبەتە ئێستا لایەنەکانی نێو ئەو سێکوچکەیە بە پشتیوانی داگیرکەران و
هێزە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە و سیاسەتی نێودەوڵەتی زۆر لە جاران
بەهێزترن و ئەو دەسەڵاتە گەندەڵ و چەتەگەرییەی ئێستاش بەڕێوەدەبەن کە
هەموومان دەیبینین چۆن کوردستانیان کاول کردوە. لە راستییدا من نامەوێ
بچمە نێو وردەکارییەکانەوە.. هەرچەندە زۆر جار لەو دواییانە ویستوومە
پەرتووکێک لەسەر ئەو ئەزموونە تاڵە و هەموو کارەساتەکانی نێوی و
راستییەکانی ئەو رووداوانە و دەرئەنجامەکانیان بنووسم کە هەزاران کەسی
وەک باوکی ئێمەیان تێدا شەهید بوون.. بەڵام لەبەر ھەندێك ھۆکار و
ئاڵۆزیی کێشەکان بە باشم زانیوە وازی لێبێنم چونکە من لەو کەسانە نیم
بتوانم خۆم لە راستییەکان ببوێرم.. دواییش ناکرێ من رێگا خۆش بکەم
خێزان و خەڵکانێک کە بوونەتە قوربانی و بە هەر جۆرێک هەیە کەوتوونەتە
ناو کاری هەڵە و ناپاکیی و ئێستا زۆر پەشیمانن ببنە مایەی
سووکایەتپێکردن لە لایەن ھەندێک پێنووس بەدەستی دەربار و تێکدەر کە
هەمیشە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی دوژمنان کاریان کردوە، ئەوپەڕی رێز و
پێزانینم هەیە بۆ رەنج و قوربانییدانی هەموو ئەو کەس و خێزان و
خەڵکانەی کە بە گیانێکی پاکەوە رۆژێک لە رۆژان لە نێو لایەنەکانی ئەو
سێکوچکەیەدا بوونە و ئێستا پەشیمانن لەوەی بەرهەمی خەبات و
ماندووبوونەکەیان ئەو دەسەڵاتە ستەمکارەی لێدەرچووە کە لە دوژمنان پتر
دەیانچەوسێننەوە و نەوەکانیان لە ماف و ئازادییەکان بێبەش کردوون، سەری
رێز و نەوازش بۆ تەواوی ئەو گیانبەختکردووانە دادەنوێنم کە بە
بیروباوەڕێکی پاک و خۆنەویستانە تا ڕۆژی گیانلەدەستدانیان تێکۆشاون یان
ئەوانەی رۆژانێک پێشمەرگەی رێگای ئازادیی سەرفرازیی کوردستان و گەلە
ھەژارەکەی بوونە و ئێستا لە ژیان ماون و توانیویانە خۆیان لە ناپاکیی و
راوڕووت و کاری نەشیاو بپارێزن، هەڵبەتە ئەو جۆرە تیکۆشەرانە زۆرن کە
تا ئێستا کۆڵیان نەداوە و چاوەڕوانی هەڵگیرسانی راپەڕینێکی نوێ دەکەن
کە بتوانێ کۆتایی بەو دەسەڵاتەی بنەماڵەکان بهێنێ و خەڵکی کوردستان
بخاتە سەر راستەڕێی کاروانی ژیانێکی شکۆمەندانە.
ئەوەی ماوە بیڵێین ئەوەیە تا دوا هەناسەی ژیانمان ئێمە لە سەنگەری کاکە
عەبە و گشت شەهیدانی کوردستان دەبین، تا ماوین ناوی شەهیدان بە
زیندوویی و بە پاکیی دەهێلینەوە و دژی هێڵی ناپاکیی بین.
_____________________________________________
*
عەبدوڵا ئەحمەد محەمەد ناوی تەوای شەهید ''کاکە عەبە'' بووە، لە ساڵی
١٩٤٨ چاوی بە جیهان هەڵێناوە، لە کۆتایی
شەستەکانی سەدەی رابردوو پەیوەندیی بە رێکخستنەکانی حیزبی شیوعی
عێراقەوە کردوە، لە ساڵی ١٩٧٩ چەکی پێشمەرگایەتی
کردۆتە شان و پلەی ''سەرپەل''ی بەدەستهێناوە، لە ١٤\٢\١٩٨١
لە پێناو ئامانجەکانی میللەتەکەی گیانی خۆی لەدەستداوە.
m1976ahmad@outlook.co
|