په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٥\٢٠٢١

لە ساڵڕۆژی تیرۆری سەردەشت عوسماندا، مەرگ و نەمان بۆ دادگای بنەماڵەیی!


تاهیر عیسا       


جارێکی دیکەو دەیان جاری تر، لەساڵڕۆژی تیرۆری سەردەشتی لاودا، پێویستەو ھەموومان یەکدەنگ شیعاریی، مەرگ و نەمان و ڕیسوایی بۆ دادگای بنەماڵەی بارزانی و ھاو شێوەکانیان و بەدادگایی گەیاندنیان، بەدەنگی بەرزو دلێر بڵێینەوە و بیکەینە وێردی سەرزمانی ھەریەکێکمان کە تۆزقاڵێک خەون بەئایندەیەکەوە دەبینێت، کەچی تر نەک تەنیا لەسەر نووسین و ڕەخنەو غەزەل وشیعرو شانۆنامەیەکی ڕەخنەئامێزانە، ژیانی نەکەوێتە ژێر ھەڕەشەی تیرۆر و زیندانەوە، بەڵکو خوازیاری دروستکردن و بنیاتنانی ژیانێکی بەختەوەرو یەکسانیی پڕ لەکەڕامەت و شکۆو ماف و ئازادیەکانمان بین و لەم پێناوەو لەو ڕێگایەشدا، دەتوانین، بکوژانی سەردەشتەکانمان و دادگاو سیستەمی سیاسیی ھەموو ئەوانەش کە لەپشتی تیرۆرەکاندا، لەلوتکەی دەسەڵاتدا وەستاون، ژێرەو ژوورکەینەوەو بیانکێشینە پای دادگای ئاشکرای جەماوەریمانەوە!


ئەو دادگایەی، کەنەک ئەمڕۆ نابێت بۆ دۆزینەوەی بکوژەکانمان، ھیچ ھیواو ئومێدێکمانی لەسەر ھەڵچندرابێت، بەڵکو پێویستە ھەموو ئان و ساتێکیش، نەک تەنیا لە ساڵڕۆژی لەدەستدانی سەردەشتەکانماندا، بەڵکو، لەبزوتنەوەیەکی نەپساوە و بەردەوامیی بەدادگاییکردنی دادگاکان و ئاغاکانیاندابین.


چارەنووسیی کەیسی سەردەشت عوسمان و ھەموو کەیسە غەدرلێکراوکانی دیکەی ناو سیستەمی سیاسیی سی ساڵەی حوکمڕانێتی سەرانی ئەمڕۆی ھەرێم و حیزبەکانیان، کەیسی سیاسی و جەماوەرین و قوربانیانی دەستی سەرانی شاراوەی ئەم سیستەمەو حیزبەکانیانن، ھاوشێوەی قوربانیانی حەڤدەی شوبات و جوڵانەوە جەماوەریەکانی دیکەی ڕۆژانی دواتر لەپێناوی ئامانجێکی بەرزی مرۆیی وکۆمەڵایەتی و چینایەتیدا، بوونەتە قووربانی و کە ھەر جۆرە کەمتەرخەمییک لەبەرامبەریاندا، کەمتەر خەمییە لەئامانج و ستڕاتیژو ھەر چەشنە ئیدیعایەک کە ھەر کەس ولایەنێک لەپێناوی باشترکردنی ژیان و بەدیھێنانی دنیایەکی باشتردا لەخۆیدا نیشانیدابێت.


قوربانیانی شەڕی نەپساوەی سێ دەیەی مشت ومڕو ململانێی چینایەتیانەی نێوان جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشی ناڕازی و وەدەنگ ھاتوو لەلایەک و دەسەڵاتی میلیشیایی سەرکوتگەرو دزو تاڵانچی وگەندەڵکاریی ھەردوو زۆنی، لەلاکەی ترن.


بۆیە، چارەنووسی ئەم کەیسانەو یەکلابوونەوەیان، بەو بزوتنەوە سیاسیە چینایەتیەوە گرێی خواردووە، کە ناوە ناوە، لەدژی سیستەمی سیاسیی ھەرێم و حیزب و بنەماڵەو سیاسەتە ئابووریەکانی سەردەردێنێ وخواستی وەلانانی دەسەڵاتی ھەیە، دەبێت بەھێز بکرێت و بە دیدو تێگەی سۆسیالیستانە بارگاویی و ئاسۆداربکرێت. بەدەر لەمە، ھەر ھەوڵێک لەچواڕچێوەی ئەم سیستەمەو لەسێبەری میلیشیاکانیدا، ئاستەمە بتواندرێت، بکوژانێک، کە لەلوتکەی دەسەڵاتدان، بھێندرێنە پای دادگایەک، کە دادوەرەکانی ئەڵقە لەگوێ و گوێ لەمستەکانی خۆیانن.


دەسەڵاتی زۆنی زەرد، لەکەیسی تیرۆری سەردەشت عوسماندا، پەردەی لەسەر زۆربەی کارە بەدئەخلاقیەکانی خۆیان ڕاماڵی و بە ئاشکرا، دوژمنایەتی بێپەردەی خۆیان، وەک ھێزی مافیایی و میلیشیایی، نەک وەک ھێزی حوکمڕانی خاوەن دام ودەزگاو موئەساساتی مەدەنی، ناوەرۆکی ڕاستەقینەی خۆیان، بە دژی ھەر کەس و بزوتنەوەیەکی ناڕازی لەکۆمەڵگای کوردستاندا، نیشاندا. بەتایبەت ئەو لیژنەیەی بۆ لێکۆڵینەوە لەلایەن مەسعود بارزانیەوە ڕاگەیەندرا، کە سەرجەمیان سەر بە پاراستن وئاسایشی پارتی و بنەماڵەبوون و کەیسی سەردەشتیان بەئاقارێکی تردا بردوو، سەردەشت عوسمانیان، وەک تیرۆریست ناساندو دوا ئەنجامی لیژنەکەشیان، بڵاوکردەوە، بەم کارەش مەسعودو لیژنەکەی، کەتەلۆکی لەپێشدا داڕێژراوی کەیسەکەی سەردەشتیان، وەک بڕگەو بابەت وماددەی لەپێشدا بڕیار لەسەردراو، ھەڵدایە بەردەم دادگا کارتۆنیەکەی عەوادبەندەرەکانەوە "عەوادبەندەر" دادوەرێکی دیاری قینلەدڵی ڕژێمی بەعس و سەدام بوو، کە بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ ١٤٣ کەسی بێتاوانی شاری دوجێل دەرکرد، لەتۆڵەی تەقەی چەند چەکدارێک لەکاژاوەکەی سەدام حوسێن!


ھەروەک لەکەیسی شێروان شێروانی و چوار لەھاوڕێکانیدا، مەسروریش پێش لەدادگاو دادوەری، قەزاوەتی لەکەیسەکانیاندا کردوو، بە سیخوڕو بەکرێگیراو پێناسەیکردن ودواتریش دادگا شەش ساڵ زیندانی بۆ بڕینەوە.


لێرەدا ھەر مرۆڤێکی خاوەن ھەست و ویژدانی ئینسانی دەتوانێت، باش لەوە تێبگات، کە لیژنەو سەرۆکی لیژنەو بڕیارلێدەری لیژنەو دادگاو دادوەرەکانیش، چەندە لەخودی بکەری ڕاستەقینە تاوانبارترن، ئەگەر بکەرو بکوژی سەردەشت جارێک وەک مرۆڤێکی لۆمپنی بێ ھەست و بێنەستی داماڵدراو لەھەر چەشنە ڕەوشت ومۆڕاڵێکی ئیسانی و وەک گوێ لەمستێکی بنەماڵەی بارزانی تەنیا، جێبەجێکاربێت، ئەوا لیژنەو بڕیارلێدەرەکەی و دادگاکەشی، ئاگاھانەو ئامانجدارانە، بکوژی سەردەشت عوسمان و تەواوی ئەوانەشن کە ھاو دەنگ و ھاوسۆزو ھاو بیری سەردەشت عوسمانن.


بکوژی ھەموو ئەوانەن، کە سەردەشت ئاسا، خەون وخولیای ژیانێکی باشتریان ھەیەو داوای نان وژیان و ئازادیی دەکەن، بکوژی ھەموو ئەوانەن کە ڕۆژانە داوای کارو موچەو مەزایاکانیان دەکەن، داوای بیمە تەندروستی وکۆمەڵایەتیەکانیان دەکەن!


بکوژی ھەر دەنگ وڕەنگێکن، کە بەجیاواز لەوان لەژیان وداھاتوو دەڕوانێت.


ئەوان جارێکی دیکەش دوای داتاشین و شێواندنی سەرلەبەری کەیسی سەردەشت و دروستکردنی تۆمەتی تیرۆریستی بۆ سەردەشتێک، کە لەڕووی فیزیکییەوە تەسفیەکراوەو ھەر جۆرە مافێکی بەرگری لەخۆی لێوەرگیراوەتەوە، ھەموو ڕۆژێک سەردەشت و ھاوڕێ و ھاوبیرو کەس وکاری سەردەشت تیرۆر وتیرۆر دەکەنەوە.
لەیانزەمین ساڵیادی سەردەشتی جوانەمەرگدا، مەرگ و نەمان بۆ تیرۆریستان و دادگاو دادوەریەکەشیان کە کۆڵەکەیەکی سەرەکین، لەھێشتنەوەی ڕژێمی ستەمکاری ھەرێم و بنەماڵە دەستڕۆیشتووەکانی.
 

 

٦\٥\٢٠٢١
taheresa_9@hotmail.com
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک