

ناڵە
حەسەن
بە وێنەی هەتاو
پڕم لە نیگا سپیەکانی بەفر
بە وێنەی ئاگر
پڕم لە نیگا گەرمەکانی عەشق
نیگاکانم گوڵبژێرکە
لە چاوانت بمهێڵەوە
لە نێو دڵتا ،
ماڵی خۆرم پێنیشان دە
لە نێو وەرزی سەهۆڵبەندانی غوربەت
دەرم بێنە و
بە نیگاکانت بم شێڵە
لە نێو زەردەخەنەی ڕۆحت ، لە خاچم دە
بەرسێبەری دارسنەوبەرەکانی عەشق
ماڵی هەتا هەتایەی منە
هەموو بەیانیانێک ،
ژیان دێت و بەبەردەمما تێدەپەڕێ
بەهار دێت و بەبەردەمما تێدەپەڕێ
مێژوو دێت و بەبەردەمما تێدەپەڕێ
تەنها ،
نیگا گەرمەکانی بەفر و
نیگا خۆڵەمێشیەکانی تەنیایی و
نیگا شەرمناوییەکانی تۆیە
لە چاوانم دەمێننەوە
بە پەیژە خەڵووزاوییەکەی نیگاکانت
هەڵدەگەڕێم
دەڕۆم کێڵگەکانی هەور
پڕدەکەم لە ڕەنگی جوانیەکانی تۆ
بە پەراسووی نیگاکانی بەفر
هەڵدەگەڕێم
دەڕۆم کێڵگەکانی خۆرەتاو
پڕدەکەم ،
لە نەسیمە گڕگڕتووەکانی عەشقی تۆ
لەوێدا ،
سەمفۆنیای شەوەکانی مردن
پڕدەکەم ،
لە ڕوناکیە ئاگراوییەکانی جەستەی تۆ
درەختەکانی مانگ
پڕدەکەم
لە پرشنگە زێرینیەکانی ڕۆحی تۆ
نیگاکانم گوڵبژێرکە
لە نێو ڕەشەبای نیگەرانی دەرمبێنە
وەک ملوانکە لەسەر سینگت هەڵمبگرە
لە نێو ڕووباری ،
فرمێسکەکانی سەرگۆنات ، لە خاچم دە
بمبەخشە
ئەگەر لەگەڵ خۆر ئاوا ببم
بڕژێمە نێو هەناسەکانی مردن
ئەگەر سبەش کە خۆرهەڵهات
من و شیعر و نیگاکانم نەبینیەوە
بمبەخشە
ئەگەر لەگەڵ باران
بڕژێمە نێو
بەیانیە بریندارەکان و
شکۆفە کریستالیەکانی زەمەنێکی تر
ئەگەر دووسبەش کە خۆرهەڵهات
من و شیعر و نیگاکانم نەناسیەوە
لە خاچم دە بەرلەوەی
لە نێو باخچەی یادەوەرییەکانت
ببم بە گوڵێکی سپی یاسەمینی
لە خاچم دە بەرلەوەی
ببم بە توحفەیەک لە تۆز و غوبار
ببم بە دوای نیوەڕۆیەکی
پڕ لە ئەفسانەکانی سێبەر
لە چاوەکانم بڕوانە و
نیگاکانم گوڵبژێرکە
لە بەردەرگای خەونەکانت ، لە خاچم دە
لەسەر بەرماڵی نوێژەکانت ، لە خاچم دە
لە نێو بوخچەی حەزەکانت ، لە خاچم دە
نیگاکانم گوڵبژێرکە
لەسەر جەستەی خۆرئاوابوونی ئێوارانت ، لە خاچم دە
لەسەر جەستەی زەردەپەڕی بەیانیانت ، لە خاچم دە
لەسەر جەستەی بورژانگەکانی تەنیاییت ، لە خاچم دە
لەسەر جەستەی ڕووتی خودا ، لە خاچم دە
لە ئامێزت هەڵمبگرە
لەسەر پەنجەی هەر گەڵایەکی هەڵوەریو ، لە خاچم دە
لەسەر گۆنای هەر کڵۆبەفرێکی خۆرنەدیو ، لە خاچم دە
لەسەر بەرگی کتێبە ئاسمانیەکانی عەشق ، لە خاچم دە
لەسەر تابڵۆ وەهمیەکانی دۆزەخ ، لە خاچم دە
لەسەر لێوی گوڵەنێرگزێکی ئاوی ، لە خاچم دە
لەنێو بازنەکانی بێدەنگیت بمهێڵەوە
بە بڵێسەی نیگاکانت بمسووتێنە و
لە بەهەشتی نێو مەمکەکانیشت ، جێمکەرەوە
لە خاچم دە
ئەو شەوانەی دێم و
لەسەر کانیەکەی کچێنیت
جگەرەیەکی بخووری و
مۆمێک بە پشکۆ سوورەکانی ڕامووسانی
دادەگیرسێنم
لە خاچم دە
ئەو وەرزانەی
لەنێو دووڕگە سپیەکانی ئاسوودەگی
دوای موچڕکە ئۆخژنئامێزەکانی توانەوە
ئەفسانەی حیکمەتەکانی
ماڵئاوایی و دابڕان دەنووسمەوە
لە خاچم دە بەرلەوەی
لەنێو یادەوەرییە ڕەشۆکیەکانی قەدەر
با : بە خۆڵەمێشی نیگاکانی بەفر
بمنووسێتەوە
بەرلەوەی
شەوگارە بێدارەکانی
نێو کتێبە ئەسمەرییەکانی ونبوون
بمنووسنەوە
تۆ لە هەیوانی
غەریزە هەنارییەکان و لەسەر جەستەی ڕووتت ، لە خاچم دە
لەنێو ئاوێنە ئاوریشمیەکەی ڕۆحی خۆت
هەڵمبگرە و
لە نێو نیگا گەرمەکانیشت بمهێڵەوە .
کۆتایی ئۆگستی
2008
|