٢٠\٨\٢٠١٣
لەشفرۆشیی و (جهاد
النکاح) کامیان قەحپەییە؟
هیوا رەش
(قەحپە) وشەیەکە لە دێڕزەمانەوە لە نێو فەرهەنگی تەواوی زمانەکاندا
جێگای خۆی کردۆتەوە ، بە سۆنگەی ستەمی کۆمەڵایەتی و ئاینی زیاتر بەسەر
ئافرەتاندا سەپێنراوە و لە ناوگەڵی ئەواندا وێنا کراوە ، بەڵام هەندێک
ئاکار و کردار لە ناو پیاواندا ئەم زاراوەیەی تێپەڕاندووە کەچی
زاراوەیەکی لەمە قێزەونتری پێ نەوتراوە ، تەنانەت گوناهە (قەحپە)شیان
لە بەرامبەردا بەکار ببرێ چونکە سنوری زیاتریان بەزاندووە ، بۆ نمونە
پیاوێکی وەکو (سەدام حسین) کە وەفای بۆ سێبەرەکەی خۆشی نەبوو ، لە
خوێنڕشتندا بێهاوتا بوو ، هەر جارەی لەسەر بەزمێ بوو ، لە شێنەییدا شێر
و لە تەنگانەشدا لە قەحپە قەحپەتر بوو ، لە دەیان یەخت و دەیان
ئەپارتمان و کۆشک و تەلاردا و بە پشتیوانی جۆرەها چەکی وێرانکەر و
سوپایەکی بێشوماری دڕندە لە کونێکدا دەسگیریان کرد مشکەکوێرە و دەعباش
پێی قایل نەدەبوو ، بە هەرحاڵ زیاتر قسەمان لەسەر ئافرەتی قەحپەیە و
نامەوێ خۆ لە قەرەی باسی پیاوی قەحپە بدەم چونکە ئەو باسە زۆر زیاتر
هەڵدەگرێ و ئەو خەسڵەتە لە نێو (سەرکردە ، سیاسەتمەدار ، ڕۆشنبیر ،
نوسەر و ڕۆژنامەوان)ی پیاودا هێندە زۆرە لە عۆیەی نایەین گەر باسیان
بکەین.
ئەوەی زیاتر مەبەستمە بەراوردێکی کورتی سەرپێ یی نێوان ئەو توێژەیە کە
مێژویەکی دێرینی هەیە و پێی دەڵێن ( لەشفرۆش ) لەگەڵ توێژێکی دیکەی
تازە کە لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئاینەکاندا چەکەرەی کردووە بە تایبەتی
ئاینی ئیسلام و لە نێو ئیسلامیشدا لەم ساڵدا زۆر بە ڕاشکاوی بە ناوی (
جهاد النکاح ) ەوە دەرکەوتووە.
لەشفرۆشیی وەکو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی نەشیاو لە هەموو کۆمەڵگاکاندا
بونی هەبووە و هەیە و بەو ئافرەتانەوە لکاوە بە هەر هۆیەک بووبێ
پەنایان وەبەر بردووە ، یەکێک لە فاکتەرە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی ئەم
دیاردەیە ( جەنگ ) ە کە بە سۆنگەیەوە پیاوان زۆرتر دەکوژرێن ، بریندار
و کەمئەندام دەبن و بە ڕێژەیەکی هێجگار زۆر ژمارەی ئافرەتان زیاد دەکا
، ژێرخانی ئابوری دادەڕمێ ، کەمدەرامەتی باڵ بەسەر کۆمەڵگادا دەکێشێ ،
ئاستی داهاتی تاک دادەبەزێ ، بێکاری و نەبونیش سەربارە ، بەم سۆنگەیەوە
لەشفرۆشیی دەبێتە کار بۆ دابین کردنی بژێوی ، لە کۆمەڵگا هەژار و
دواکەوتووەکانیشدا بە سۆنگەی تەوەزەلی پیاو ، ستەمی کۆمەڵایەتی سەر
ژنان ، بێکاری و نەبونی سەرچاوەی بژێوی و برسێتی و نەبونی بە هەمان
شێوە دەبێتە دیاردە ، بە تایبەتی وڵاتە ئیسلامییەکان چونکە ( مافی مرۆڤ
، ئازادی ، یەکسانی ) بوونیان نیە ، یاسا ژێروەرە ، گەندەڵی بەرقەرارە
، دیموکراسی فەراهەم نیە ، نێوان نێر و مێ دیواربەندە ، سێکس لە
ناوگەڵی ژندایە ، فرەژنی باویەتی ، سەربەستی ژن کۆتە...... .
بۆیە ناکرێ بە لەشفرۆش بوترێ قەحپە ! هۆکاری هەڵخزانی ئافرەت بەرەو
زەلکاوی لەشفرۆشیی زۆرن و هەموشیان بە سۆنگەی پیاوەوە سەرهەڵدەدەن ،
بۆیە بەکارهێنانی زاراوەی ( قەحپە ) لە هەمبەریان ئەویش ستەمێکی تری
کۆمەڵایەتییە دەرهەق بە ژنان ، بەڵکو دەکرێ (لەشفرۆشیی) وەکو
دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی ناشیرین و نامۆ چاو لێبکرێ بە مەبەستی چارەسەر و
بنبڕ کردنی ، لێ لەناو کۆمەڵگا ئیسلامییەکاندا دیاردەگەلێکی زۆر ڕێگە
پێدراون (ژن بە ژن ، گەورە بە بجوک ، شودانی کچی منداڵ بە پیاوی بە
تەمەن، پرس و ڕای پرست پێ دەکەم و بە قسەت ناکەم لە هاوسەرگیریدا ،
فرەژنی ، گۆشەگیر کردنی ئافرەت ، بە لاواز تەماشا کردن و بە کەم زانینی
و.....)، ئەمانە هەموی فاکتەرن و دەبێتە مایەی یاخیبونیان لەو ستەمانەی
لەسەریانە ، مخابن ئێستا دیاردەیەکی زۆر قێزەون کە دەتوانین بڵێین
ئافرەت خۆی هۆکارە و بە گەرمی بەپیریەوە دەچن سەری هەڵداوە بە ناوی
(جهاد النکاح)ەوە!
لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دیاردەیەکی وەها سەری هەڵنەداوە کە ئافرەتان لە
تەواوی خەسڵەتەکانی مرۆڤبون داماڵێ ، نەریتی کۆمەڵایەتی دی زۆر هەبون و
هەن ، بۆ نمونە کاتی خۆی لە : هەندێک خێڵی چینییەکاندا ئافرەت لە
تەمەنی منداڵییەوە پێڵاوی ئاسنی لە پێ کراوە تا پێی بچوک و گڕمۆڵە بێ و
توانای ڕۆییشتن و چونە دەرەوەی نەبێ و لە کونجی ماڵەوەدا بۆ ماڵداری و
تێر کردنی ئارەزووە سێکسییەکانی پیاو بژی ، لە هەندێک خێڵی
هیندییەکاندا دوای مردنی پیاو و لە کاتی مەراسیمی سوتانی تەرمەکەیدا
دەبوایە ژنەکە خۆی لە ناو نێڵەی ئاگری هەڵخراوی تەرمی پیاوەکەی بهاوێ و
بە زیندوێتی خۆی بسوتێنێ ، لە هەندێک خێڵی ئەفریقییەکاندا پیاوان لە
کاتی سەفەردا عەورەتی ژنەکانیان بە ئەڵقەیەک قفڵ دەدا و لە کۆمەڵگای
عەرەبی پێش ئیسلامدا کچان زیندەچاڵ کراون ، دیاردەی تر زۆرن کە دەربڕی
واقیعی کۆمەڵایەتین و ستەمی بێئەندازی سەر ژنان دەردەخەن.
ئێستا و دەرحاڵ لە ژێر پەردەی ئیسلامەتیدا (جهاد النکاح) لە ناو
ئیسلامە توندڕۆکاندا چەکەرەی کردووە ، ئەم دیاردەیە بە مانای وشە دەکرێ
پێی بوترێ ( قەحپەیی ) لەبەر ئەوەی:
١ - لە ڕۆژێکدا چەند پیاوێک بۆ دامرکاندنەوەی خۆڕایی سواری خۆیان دەکەن
.
٢ - ئەو پیاوانە هان دەدەن بۆ کوشت و بڕ و قەتڵوعامی خەڵک و ناشیرین
کردنی جوانییەکان .
٣ - هۆکاری ئابوری و کەمدەرامەتی نەبۆتە پاڵنەر بۆ ئەنجامدانی کارەکە .
٤ - زیانی تەنها بۆ خۆیان نیە بەڵکو دەبنە هۆی بەوێرانە کردنی ژیان .
٥ - منداڵی بێسەرپەرشت دەخەنەوە و دەبنە مایەی سەرئێشەی زۆر بۆ کۆمەڵگا
.
٦ - ئافرەتانی خوار تەمەنی یاسایی و هەرزەکار توشی لادانی کۆمەڵایەتی
دەکەن .
٧ - ژنان وەکو کالایەکی دامرکێنەرەوەی حەزی پیاوانیان لێ دێ .
٨ - ................ . ٩- .................. . ١٠-
......................... .
بۆیە گەر بەراوردێک بکەین لە نێوان (لەشفرۆشیی) و (جهاد النکاح) بە
ڕوونی دەردەکەوێ ئەوانەی لەشفرۆشن توێژێکی کۆمەڵایەتی ژنانی یاخی لە
ستەم یان بۆ بژێوی پەنای وەبەر دەبەن و چەندین لێکۆڵینەوە دەریان
خستووە کە ( لەشفرۆش)ان لەبەر ئەوەی هەست بە لە دەستدانی پێگەی
کۆمەڵایەتی خۆیان دەکەن لە بارێکی دەرونی ناهەمواردا دەژین و پەشیمانن
لەوەی کە کردویانە و بەسەریان هاتووە ، لێ قەحپەکانی ئیسلام و لە ژێر
پەردەی جیهادەوە ئارەزومەندانە ناوگەڵی خۆیان بە ناوگەڵی پیاوان
دەتاسێنن ، جا پێم وایە گەردی ژێر پێی ئافرەتێکی (لەشفرۆش) هەموو
قەحپەکانی جیهاد بە خۆیان دین و فەتوادەرانیانەوە دەهێنێ چونکە لەشفرۆش
بە ناچاری دووچاری ئەو درمە هاتووە بەڵام قەحپەکانی جیهاد ڤایرۆسی
بڵاوکردنەوەی درمەکەن.
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|