١٥\٩\٢٠١٤
لە سیبیریاوە بۆ
بەغدا.

هێمن عـوسمان عەبدوڵا
"لە دنیایەکدا کە زەمان بازنە ئاسایە ،
هەموو تەوقەکردنەکان ، ماچەکان ، لەدایکبوونەکان ، وشەکان ، پیت بە پیت
دوپات دەبنەوە ، هەموو شتێک لە ئایندەدا دووپات دەبێتەوە ، هەموو
ڕووداوەکان ملیۆنان جار لە ڕابردوودا ڕوویانداوە" ئەمە پاراگرافێکى
بچوکە لە ڕۆمانى (خەونەکانى ئەنیشتاین)ى ئالن لایتمان. ئەم ڕۆمانە ،
لەبەردەم بۆچونێکى نوێدا ڕامان دەگرێ و ئەو پەیامەمان ئاراستە ئەکات ،
مادام زەوى بازنە ئاسا دەخولێتەوە ڕووداوەکان لە پێشتردا ڕوویانداوە و
، بەردەوامیش دوبارە دەبنەوە . گەر ئایندە چاو لەڕێى ڕووداو و پێشهاتى
نادیار و نوێ بێ ئەوە بە بۆچونى ئەم نوسەرە ئایندە هیچ نیە جگە لە
ڕیسکێکى کۆن و دوبارە ، پێویست ناکات مرۆڤ لە ئایندەیەک بترسێ نەدیار و
نەدیدەیە ، هەموو ئایندەمان دەزانین لە ڕووداوگەلێکى دوبارە پێک دێت ،
ژیانى هەنوکەیش هیچ واتایەکى نییە . ڕووداو و پێشهاتەکان دووبارەبن بێ
شک کەسەکان کە ڕووداوەکان لەسەر دەست و فیکر و مامەڵەى ئەوان دێنە
ڕوودان ، خاوەنى ڕەفتار و گوفتارى دووبارەن . گەر ڕووداوەکان لە
زەمەنێکى بازنە ئاسادا دوبارە بێت ئەوا هەمان ئەو توێژەى مرۆڤ
دەیخولقێنێ کە لەوە و پێش بوون ، مرۆڤێک بە سیفات و هزرى نوێوە نییە
لەو حەوت ملیار مرۆڤەى دانیشتوانەى زەوى بیر و رەفتاری جودا بێ ،
بەچەندین ملیۆن مرۆڤان وەک یەک بیر دەکەنەوە وەک یەک هەڵسوکەوت دەکەن ،
ڕەنگ و ڕوخساریشیان وەک یەکە ، هەرگیز مرۆڤێکى جیاواز "لە کردار و
گوفتار ، هزر و فیکر و ، خواردن خەوتن ، ڕێگرتن و ، دانیشتن و مامەڵەى
ڕۆژانە" ى ئەو حەوت ملیار دانیشتوانەى زەوى لەدایک نابێ ، نەچێتەوە سەر
کەسیان . مرۆڤەکانیش و ڕوخسارەکان دوبارەن ، ئەم دۆخە بەتایبەت لاى
سیاسییەکان و دیکتاتۆرەکان بەرچاو ترە ، حکومەت و سەرکردە دیکتاتۆرەکان
لە ساڵ و کاتى جیاوازیشدا بوون بەڵام زۆرینە لە بڕیار و دەسەڵات و
شکاندنى شکۆى مرۆڤ هاوبەشن ، جولەکەیەک بەدەست هیتلەرەوە پاشان
ئێراقییەکان بەدەست سەدامەوە و ئێستایش بەجۆرێکى تر کۆرییەکان بەدەست
کیم جۆنگەوە ، هەنووکەیش ئێراق بەدەست پیاوێکەوە لە کەرامەتى دینى و
تائیفى و مەزهەبییان دەدرێ ، دیکتاتۆرەکان وەک زەمەن و ڕوداوەکان زیاتر
و زووتر دوبارە دەبنەوە بەر پێگرتنیان نە بەزانست و نە بەتەکنەلۆژیا نە
بەهەڵکشانى ساڵ و گۆڕینى ژمارەیان نابەسترێتەوە.
ئەمرۆکە لە هەمووشوێنێک ناوچەکە و ئێراق بەتایبەتى زەمەن و ڕووداوەکان
، کەسەکان و ڕەفتاریان دوبارە دەبنەوە ئایندەیەکى خراپ و نزیکى شلۆقى
دووبارەى لێوە دیارە ، ئەوە ئێستا و ئەم چەند ڕۆژ و هەفتە و مانگ و
ساڵەى ڕابردوو نییە ئێراق نا ئارامە ، بەڵکو سەد ساڵ زیاتریشە ئێراق لە
دۆخێکى ناهەموار دایە ، ژیانى چەند ساڵەى ئێراقییەکان لە ژورێکى
تاکەکەسى دەچێ ، مامەڵە کردنیان وەک زیندانییەک بووە، زیندانییەک
وادەزانێ ئاسمان تەنها لە دەلاقەى ژوورەکەى ئەو شینە ، خودا تەنها
بەقەد ئینفیرادییەکەى دەبێ ، مرۆڤ لە زیندانێکى وەهادا بیر لەوە
دەکاتەوە هێندە خۆى بچوک بکاتەوە تا بتوانێ ، لە کونى ئاوەڕۆکەوە لەگەڵ
پیسى و گەن و گوێکەوە هەر چۆن بێ بتوانێ دەرچێ ، بەشێوەى جیا ، بەنهێنى
و بە دیاریکراوى کەم تا زۆر ، سەد ساڵە ئێراق گیرۆدەى دەستى جەنگى سارد
و گەرمى ئائیفى و مەزهەبى و کۆمەڵایەتییە ، لەوەها ژینگەیەکى وێراندا
تاک تووشى داڕمانى دەروونى و بەدوى ئەویشدا ئەخلاقى و ئاینى و مەزهەبى
کۆمەڵایەتى ئەبێ چاو و هزرى تەنها نێچیرەکەى بەرامبەرى دەبینێ چۆن
بتوانێ تۆڵەى لێ بکاتەوە ، ئیدى ئەم تۆڵە لەیەککردنەوە بەناو گروپى
جیاوە " ئەسحاب و ئەلهەق ، خیلافەى ئیسلامى ، موجاهیدانى بەدر و دەیانى
تر" لەهەمان کاتیشدا بەپێى ڕاپرسى سەنتەرى گالوب ئێراقییەکان ناشاد
ترین مرۆڤن ، لە هەمووکات زیاتر و ئێستا پێویستمان بە پاراستنى
کەرامەتى ئێراقییەکانە.
دۆستۆیفسکى کە فەرهەنگی ناسینى ڕەفتار و گوفتار و سایکۆى مرۆڤە ، سەد
ساڵ و زیاتر لە نێو ڕۆمان و کەسایەتییەکانییەوە لە سیبیریاوە باسى
کێشمە کێشى ئاینى و مرۆڤى کردووە لەگەڵ یەک و لەگەڵ دونیا ، دۆستۆیفسکى
لەسیبیریاوە لەنێو یاداشتەکانى دەنووسێ " پیاوانێک هەن قەت ڕۆژێک لە
ڕۆژان ، دەستیان نەچووەتە خوێن ، کەسیان نەکوشتووە ، بەڵام زۆر لەوانە
دڕو دڕەندەترن کە شەش کەسیان کوشتووە" ئێمە خێرا شێوەى پیاوانێکى باڵا
و هەیکەلى و سیاسى سونى و شیع مەزهەبمان لە بەغدا دێتە بەرچاو ،
دۆستۆیفسکى ڕۆژێک بیرى لە بەغدا ، موسڵ ، بەسرە ، دیالە ... و
ڕۆژهەڵاتى ناوین نەکردووەتەوە بەڵام لە زەمەنێکى بازنە ئاسادا
زیندانییەکەى سیبیریا بووەتە موسڵ بووتە ئەنبار کاتێک لەشوێنێکى دیکەى
یاداشتەکانیدا لە نێو زیندانى سبیریاوە دەنوسێ" "مرۆڤ چەند بچوک بێ ،
چەند نەگبەت بێ و چەند کەم بایەخ بێ ، بەتەبیعەت حەز دەکات کەرامەتى
مرۆڤانەى بپارێزرێت ، هەر زیندانییەک زۆر چاک دەزانێ زیندانییە ،
دڵنیایە کەسێکى بێزراوى نا خۆشەویستە و ، دەزانێ لەچاو بەرپرسەکانیدا
هیچ نییە ، بەڵام نە تەلبەند و نە کۆت و زنجیر ئەوەى لەبیر نابەنەوە کە
مرۆڤە و دەبێ مامەڵەیەکى مرۆڤانەى لەگەڵ بکرێت" هەنووکە ئێراقییەکان
شارەکان و مزگەت و ئیمام زادە و کلێسایەکانیان لى َ بووەتە زیندان گەر
هەڵگرى ناسنامەى هەرکام لەو ئاین و مەزهەبانەبیت بەدەستى ئەوى دیکەیان
کوژاروى هەموو دەزانن گیرۆدەى دەستى جەنگى مەزهەبین . ئێراقیەکان
مەسیحى بن یان شیعى یان سونى بۆرژوا بن یان بە پێچەوانەوە ، چەندێک
خۆیان بە کەمینەو بچوکتر لە پیاوە باڵا سیاسیەکانى بەغدا بزانن
پێویستیان بەوەیە کەرامەت و شکۆى مرۆڤانەیان پارێزراو بێ ، مرۆڤ لە
ڕووە سایکۆییەکەیەوە زیاتر لە هەموو شت لەکاتى شکۆى مرۆڤانەیدا هەست بە
شکست و بچوکبونەوە دەکات ، ئەوە وایکردووە جەنگى ڕێکخراو گروپە
تیرۆریستییەکان ، هاوڵاتیانى مەدەنى دەیکەن ، لە پێناو گەڕانەوەى ئەو
شکۆیەدا خۆ وەپاڵ هەموو ناو و گروپێک ئەدەن کە بتوانێ لە نێو
مەتەرێزێکدا چەک وەربگرێ گوللە بەسەرى دوژمنەکەیەوە بنێ.
ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست حەسارێکى گەورەیە و سنورى نێوان وڵاتەکانى بۆ
دەستێوەردان و جەنگى تائیفى و مەزهەبى بۆ ئاود یو کردنى چەک و فیتنە و
ئاشوب وەک پەڕەى سیگار وایە ، بۆ هاوڵاتى مەدەنى و گەشت و هات و چوونیش
وەک ئاسن وایە و بایەقوش ناتوانێ دەرچێ ، لەم حەسارە گەورەدا ئەم سنورە
بۆ دەست تێوەردانى یەکى دى زۆر ئاسانە ... کاتێک ئێراق سەد ساڵ بەر لە
ئێستا مەلیکێکى لە سعودییەوە بۆ دەنێدرێ فەرمانڕەوایى خاک و خەڵکى بکات
، ئیدى شانشینى سعودى لە هزریدا تا دوو بۆ سێ سەد ساڵى دیکەیش خۆى بە
میراتگرى خێراتى ئێراقى دراوسێى دەزانێ ، وا دەفکرێ هێشتا ئەم قەرزە
تەواو نەبووە بەردەوام دەبێ وەریبگرێتەوە گومان لەوەشدا نییە هەمیشە
چاوى کۆڵۆنیاڵ و دەوڵەتە کاپیتالیزمەکان لەسەر ئەم ناوچەیە بووە ،
کەدەستت گەیشت بە یەکێک لە وڵاتانى ڕۆژهەڵات دەتوانى لەوێوەوە بەنێو
پەرەى سیگارەکاندا دەستت درێژ بکەیت، تەواوى حەسارەکە کۆنترۆڵ ئەکەیت ،
چونکە جیاوازى دەنگ و ڕەنگى ئاینى و، توندڕەوەى مەزهەبى و تائیفى و
سیاسى ، نا هۆشیارى تاک هێندە تۆخ و دیارە بە سادەترین تاکتیک دەتوانى
سەرجەمیان بدەیت بەگژ ئەوى تردا ، جگە لەمەش هەمیشە بۆ جیهان و ئەوروپا
و ئەمریکا گرنگ بووە ڕۆژهەڵاتى ناوین جەنگێکى تێدابێ ئیدى ڕۆژێک لە
ئەفغانستان و ڕۆژێک لە بەحرەین و یەمەن و ڕۆژێکیش لە میسر و سوریا و
ڕۆژێکیش لەئێراق ئەم جەنگە دەکات ، ئارامى و تەناهى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست
، ڕۆژئاوا وەک مەترسییەک لەسەر خۆى بینیویەتى ، لە هەمانکاتیشدا خۆى
وەک ڕزگارکەر دەهێنتێتە پێشەوە دەستى باوکایەتى و بەزەیییت پێدا دەهێنێ
خۆى سەرت دەشکێنێ و ، هەر خۆیشى هەڕەشە لەوەکەسە دەکات سەرى شکاندویت
دەڵى نابێ کەس دزى لێ بکات کەچى هەر خۆیشى کیسەى بۆ خێراتەکەت
هەڵدوریوە . ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ئەو دۆزەخە گەورەیە خۆت و خەون و
خەیاڵت و هەرچیت هەیە و نییە دەسوتێنێ و پێى نازانى ئەو زیندانە
گەورەیە بڕۆى بۆ هەرکوێ کۆتەکانى بە گەردن و ڕووخسارەتەوەن مرۆڤى
ڕۆژهەڵاتى لە هەر پنتێکى ئەم دونیایە بێ دیارە ، مرۆڤێکى تێکشکا و
کەپتکراوە بە ئاسانى سیماى دەناسرێتەوە مرۆڤێکى ناکۆک لەگەڵ خۆى و
نەگونجاوە لەگەڵ دەوروبەرەکەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ستەیجێکى گەورەى
مرۆڤى شەرمن و گرگن و بودەڵە و لە هەمان کاتیشدا توندڕەوە، ئەم مرۆڤە
لە هەرکوێیەک بۆى بلوێ دەستى دەکاتەوە و خوێن دەڕێژێ زۆرینەى گروپە
توندەڕەوەکانیش لێرەوە دروستبوون و بڵاو بوونەتەوە. زۆرینەى
ڕۆژهەڵاتییەکانیش ڕێخۆشکەرى بە دۆزەخى کردنى ژیانى خۆیانن و بەردەوامیش
ئەم ڕووداوانە ، زەمەن ئاسا دەخولێنەوە و ژیانى هەنوکە و ئایندەیش هیچ
مانایەکى نییە ، هەنوکە ئێراقییەکان نائومێدانە لە خاکێکى وێراندا
دەربارەى ئایندەیان لایتمان ئاسا دەڵێن" لە دنیاى بێ ئایندەدا هەموو
خولەکێک کۆتایى دنیایە".
ماڵپەڕی هێمن عوسمان
عەبدوڵا
|