په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

                   لێواو لێو... ماچ.                                               

                                 

                                
                    سەرهەنگ خامۆش

پێڵوەکانت
ئاوێتەى یەکترین
دڵم نایێ وەئاگایان بێنم
نەوەکو لاشەى خەمەکانم
لەگۆڕِستانى چاوەکانى تۆ بنێژم

حەزم دەکرد
بەبێ دەنگى ماچێکت کەم
کام قەتارەش
شیرینترە لە لایلایەکانى دایکم
لەنێو بێشکەى ئەم نیوە شەوەدا
بۆ ئەستێرەکانى ئاسمانى بهۆنمەوە
لەچاوەکانى سەحەریش
لەزەتى شەرابێک بنۆشم
گوێم بۆ چرپە هێمنەکانى شەو شل کەم
تا لەباوەشى بێدەگنترین ماچ
دەخەوم

چ سەرمەستیەکە بەم نیوە شەوە
پێکى حەزەکان
بەرۆکى خەمم بەر نادەن
چ زامێکە
شیعر لەتاو ئازارەکانى دەناڵێنێ
دارەکان گەڵاکانیان
بە هەنگاوە بێ بەزەیى یەکانى (با)دەسپێرن
ئاسمانیش هەور
بۆ باران دەکاتە دیارى
بارانیش لە بەرۆکى
گوڵە نێرگزێکى دەدا

کە ئێوارە
سەر بە سەرینی شەو دەکا
ئا لێرەدا میلى کاتژمێرى ژوان
ئاوازی چاوەڕوانی دەژەنێ
کەچى زەمەن
پەنجەکانى لە قژی تەمەنم ئاڵاندووە
گەنجێتیشم چۆتە نێو
چوارچێوەى تارماییەکى سپى

تابلۆکان
ڕەنگەکانیان وون کردووە
خۆزگەکانیش
بوون بە باکگڕاوندێکى زەردو سیس
نە خەرمانەى ڕازەکانم سەوز دەبن
نە بارانیش کێڵگەی ئەوینم ئاو دەدا

من تێناگەم
نەتۆ بخەمە نیو چوارچێوەی
هەگبەی تەنیاییم
نە لە نێو پێڵوى
چاوەکانی ماچێک دا فەنا بم..

چ شەکەتیەکە
عیشق لە دەرگا شکاوەکانى ژوان دەدا
ماچەکانیش
بە لێوی وشکى ئازارەکانم پێ دەکەنن
دەنکە هەنارە سوورەکانیش
دەپرژێنە نێو مەڵاشوی خۆزگەکانم
تا ئەو ساتەی
بە بۆنی سێوی سینەت مەست دەبم

لەبیرتە ئەو ساتانەى
لەژێر سیبەری ڕەشی
کارونسەرای ئەوینى شەو
دەحەساینەوە
کەچى ئێستا سپى ترە لەجەستەى بەفرو
زەردتریش لەچاوەکانى خەزان

ئا ا ا ا خ خ خپیرى
کەسێ نی یە
گۆچانە لارەکەی عیشقم لێ وەرگرێ
لە کەناری تارماییەکانى قەدەر
کە پڕە لە ستایشەکانى جوانی
پڕ لە عیشق
لێواو لێو لە ماچ..!!!


Xamosh_s@hotmail.com