په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\٥\٢٠٢١

لە وڵاتی تاوانبارانەوە بۆ وڵاتی قوربانیان.


عەلی مەحمود محەمەد  


ھەموو سیاسییەک, سەرکردەیەک, تەنانەت سستەم و حوکمڕانیەک رۆژی روتکردنەوەی دێت, پۆشاکی تەلێسم و پیرۆزی لەبەر بکرێتەوە, چۆنە ئاوا نمایش بکرێت, پێویستە سیاسیەکانی کوردیش روت بکرێنەوە لە بەردەم دادوەری, ئەوەی کردویانە لە وێنای ئەوانەوە نمایش بکرێن, پێویستە ھەموویان وەک خۆیان بە روت و قوتی ببینین, تا بزانین ئەمانە لە دنیای راستیدا چۆنن.

تۆڵە لە مێژوو
چۆن ٣ی ئابی ٢٠١٤ بۆ کوردستان, مێژووییکی جیای لە رابردووی بە دنیا بەرھەم ھێنا, لە پەیوەندی نێوان موسڵمانان و ئێزیدییە کوردەکان و پێکھاتە ئاینیەکانی دی لەناو خۆی کۆمەڵگای کوردستان, ئیتر لەو مێژووە بەدواوە داگیرکردنی خاک و کوشتن و کۆیلەکردنی ژنانی ئێزیدی و غەیرە موسڵمانان بۆ پیاوانی موسڵمانی کورد, پیرۆزیی و رەوایی نەما, بۆتە شەرمەو نەنگی, لایەنگرانیشی ناوێرن بە ئاشکرا ئیدعای پیرۆزی بۆ بکەن, تەنانەت کەوتونەتە بەر داگای مێژوو, لە ئاستی جیھانیش کوشتنی جۆرج فلۆید لە ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٠ لە شاری مینیابۆلیسی ئەمریکا, مێژووی پێنج سەدەی رابردووی رۆژئاوای ھەڵتەکاند, ٢٥ی ئایار کودەتایەکی شۆڕشگێڕانە بوو بەسەر مێژوودا, ئەمە سەرەتایەکە بۆ پێداچونەوە بە رابردوو و ھەڵسەنگاندنی نوێی پیرۆزی ورەوایەتیەکانی رابردوو, تەواو رۆژئاوای روت کردەوە, ھەموو ناشرینیەکانی خستە بەردەم خەڵک, لە ١٦ی حوزەیران لەگەڵ دوا بڕیار لەسەر دادگایی ئەفسەری پۆلیس دیریک شۆفین, یەکجاری سستەمی دادوەری و وڵاتی خەونی ئازادی روت دەکرێتەوە, دیاردەی جۆرج فلۆیدەکان لە کات و شوێنی جیای جیھان بەردەوام دەبن, بە کۆیانەوە مێژوویەکی نوێ بۆ مرۆڤایەتی دەنووسرێتەوە, مرۆڤانەتر و راستتر لەو مێژووەی کە تا ئێستا دەسەڵاتداران نوسیویانەتەوە, مێژوویەک ھیچی لەبەردا نەبێت روت و قوت و بێ جوانکاری درۆزنانەی دەسەڵاتداران. کوشتنی جۆرج فلۆید, بووە فاکتەر بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر رابردووی سستەمی کۆیلەداری و داگیرکاری بکرێتەوە, لە لوتکەی ئەمانەشدا رۆڵی کەسە مێژوویەکان لەو تاوانانە دیاریکرا, کە لای رۆژئاواییەکان ھێمای سەروری بوون, ھەموویانی خستە ژێر پرسیارەوەو روتیانی کردەوە, ھەموو ئەو مۆنمێنت و پەیکەرانەی پەیوەندییان بە رەگەز پەرستی و کۆیلەدارییەوە ھەبوو, لە ناکاودا ھەمووخۆیان لەناو زبڵدانەکان بینییەوە, تەنھا لە بەریتانیا ٦٠ پەیکەر دیاریکرا بۆ شکاندن, لە بەرامبەردا رستگەرا نەتەوەییەکان وەک نایجل فاراج دژ بەم کارە وەستایەوە و رایگەیاند ئەوانە ئینتمایان بۆ بەریتانیا نییە, لە ئەمەریکاش بە بەھانەی ئینتیماوە دژ بە بزووتنەوەکە وەستایەوە.


ئەفلاتون و ئەرستۆ دوو ناوە گەورەکەی فەلسەفەو رۆشنبیری کۆیلەداریان پیرۆز کردووە, بۆیە دەکەونە بەر تیغی مێژووە نوێکەو رزگاریان نابێت, گاندی سەر بە چینی براھما بووەو باوەڕی بە سستەمی کاستاتی ھیندۆسی ھەبوو, چەندە ئاشتی خواز بێت, چەندە روت و قوت و لاوازو چاوی کز بێت, چەندە گۆچانەکەی باریک بێت.چڵە زەیتوونەکان دەستی چەندە سەوزو زۆر بن, خۆشەویستی و بەرگی پیرۆزی براھمایی دادی نادات و دەبێت بچێتە بەر دادگاییکردنی سستەمی زاڵمانەی کاستاتی ھیندۆسی, پەیکەرەکەی لە حەرەمی زانکۆی غانا لادرا, بەھۆی ئەوەی ناوبراو بە ئەفریقیەکانی وتووە دواکەوتوون. لە بالتیمۆری ھەرێمی ماریلاندی ئەمەریکا خۆپیشاندەران پەیکەری کریستۆفەر کۆڵۆمبسیان شکاند و فڕێیان دایە ئۆقیانووسی ئەتەڵەسییەوە, کۆڵۆمبسێک رۆژئاوای کردە کەڵەگای جیھان, سەرچاوەی نیعمەت و خشڵ و زێڕو خاکی پان و بەرین و بەبەرەکەتی تازە دۆزراو بوو بۆیان, کەچی ئەمڕۆ پەیکەرەکان وەک شێرە بەفرینە لەبەردەم نەوەی کۆیلەکان دەتوێتەوەو بێڕیزی پێ دەکرێت, تەنانەت ئاڵای ئەمەریکاش سوتێنرا لە سەردەمی ھێزی یەکەمی ئەمەریکا دا. وێڵسن سەرۆکی ٢٨ەمینی ئەمەریکا, لە کاتی خۆی زۆرترین رێزو خۆشەویستی ھەبوو, کەچی لە رێکەوتی ٢٧-٦-٢٠٢٠دا زانکۆی برینستۆن لە ولایەتی نیوجیرسی ئەمەریکا ناوی لەسەر بەشی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان ھەڵگیرا, بەھۆی سیاسەتی رەگەزپەرستانەی بەرامبەر بە رەش پێستەکان. تاوانی راستیزم چەرچڵیشی گرتەوە, نە سەرکەوتنەکانی جەنگی جیھانی دووەم و نە نۆبڵی ئەدەبەکەی فریای نەکەوت, چونکە پشتیوانی داگیرکاری ھیندستانی کردووە. لە شاری ئەنتۆرپنی بەلجیکاش پەیکەری لیبۆلدی دووەم لادرا, کە لە ساڵانی ١٨٦٥ بۆ ١٩٠٩ حوکمی وڵاتی کرد, چونکە لە نێوان ساڵانی ١٨٨٥ بۆ ١٩٠٩ زیاتر لە ١٠ بۆ ١٥ ملیۆن کۆنگۆیی لە ماوەی دەسەڵاتیدا کوژران, پەیکەرەکەی بە پەیکەری یاریزانێکی تۆپی پێی ناوداری شارەکە بەناوی تۆبی ئەلدرۆیلد گۆڕایەوە. کۆڵۆمبییەکان لە رێکەوتی ٢٨-٤-٢٠٢١ پەیکەری سیباستیان دی بیلالکازار لە شاری سانتیاغو دی کالی , سێیەم گەورە شاری وڵات روخاند, کە بنیات نەری شارەکە بوو لە ساڵی ١٥٣٦ی زاینی, وەک ھێمایەک بۆ داگیرکاری ئبیسپانەکان سەیر دەکرا. بەم شێوەیە لە زۆر وڵات وەک رمانی پولی دۆمینە, پەیکەرو ناوی لایەنگرانی سستەمی کۆیلایەتی و راسستەکان داڕمان, ھێشتا ناوێکی زۆری دی ماوە, بە چاوی سوکەوە سەیری رەش پێستەکانیان لە قالبی ئاینیدا کردووە, بچنە ئەو فەرھەنگە نەفرەتییەوە. ھاوکات ھەموو ھێماکانی حکومەتی کۆنفدرالی باشوری ئەمەریکا لادران, چونکە دژ بە ھەڵوەشاندنەوەی سستەمی کۆیلەدری بوون لە ساڵی ١٨٦١ دا, ئاڵای کۆنفدراڵی لە ولایەتەکانی باشور ھەموو داگرتران. ئەمانە بە پراتیک نووسینەوەیەکی نوێی مرۆڤانەی مێژوو بوو, نەک وەک ئەوەی ترامپ وتی" وێران کردنی مێژوو". سەرۆکی فەڕەنساش دەستخۆشی لە تانەر ئەکچام مێژووناسی تورک کرد کە لە پەرتوکێکدا بە بەڵگەوە سەلماندویەتی دەوڵەتی عوسمانی فەرمانی دابوو بە جینۆسایدی ئەرمەنەکان, ناوبراو لە پەرتوکەکەیدا فەرمان و بڕیارەکانی خەلافەتی عوسمانی بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی بڵاو کردەوە, وەک سەلماندنی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی بە نەخشە لە لایەن دەوڵەتەوە. ئەم شێوە نووسینەوە مرۆڤانەیەی مێژوو دەبێتە رێبازو قوتابخانەی داھاتوو, نەک تەنھا مێژووە دەستکردەکانی چینە باڵادەستەکان, بەڵکە تەواوی ئەفسانە پیرۆزەکانیش رادەماڵێت. ئێمەش رۆژێک دەبینە بەشێک لەو قوتابخانە مرۆییەی مێژوو, بۆیە چەندە زوو پێی بگەین, زووتر مێژوو رزگار دەکەین لە درۆ, تا مێژوو لە درۆ رزگار نەکەین ناتوانین بۆ پێشەوە بڕۆین, بە مێژووی درۆوە کە سیاسییەکان نووسیویانە, داھاتوومان نابێت, ئەم رزگارییە تەنھا بە روتکردنەوەی سیاسییەکان دەبێت لە بەردەم ئاوێنەی دادوەری, بۆ ئەوەی وەک ھەن نیشان بدرێن, نەک وەک ئەوەی خۆیان نمایش دەکەن. دەستەبرژێری سیاسی کورد لە مێژوو دەترسن, دەیانەوێت بە سەرکوتکردن بەرەو روی دەرخستنی راستییەکانی ببنەوە, بە یاداوەری نا راست خۆیان لە ھەڵەو تاوان و پێشێلکارییە زەقەکانی رابردوو پاک بکەنەوە.


لەم روانگەیەوە وەک بەشێک لە خێزانی مرۆڤایەتی, دەتوانین مێژوویەکی نوێ بۆ کوردستان بنووسینەوە, لەسەر پایەی راستییەکانی رابردوو و مێژوو, لە سەرەتاوە بە دیدێکی مرۆیانە بڕوانینە کارو کردەوەی بزوێنەرانی ئەو مێژووە, کە خۆی لە ئەکتەرە چالاکەکانی کۆمەڵگا کە بە سەرکردە سیاسییەکان ناو نراون دەبینێتەوە, چۆن ولسن و کۆڵۆمبس و گاندی و چەرچڵ و فرانکۆو .... چۆن جارێکی دیکە لە دیدێکی مرۆڤانەتر لە رابردوو خوێنرانەوە, بزانین ئەم ئەکتەرانەی کوردیش پەپولە بوونە یان تاوانکار؟, لێرەوە دور لە رق و قینەو سۆز بۆی بچین, بە حەقیقەتی خۆیانەوە تەسلیم مێژوویان بکەین, کارەکانیان بخەینە بەردەم لێکۆڵینەوەی وردو پشکنینی یاسایی و روتیان بکەینەوە لەبەردەم ئاوێنەی رابردوو, تا ئەم راستیە دەرنەخەین, ئەوا مێژوو زوڵم لە قوربانیانیان دەکات, یاداشتە درۆیینەکانی ئەوان دەبنە راستی مێژوویی, پێویستە ناچار بکرێن بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە رابردوو قەبوڵ بکەن.


تاوان یەک پێوەری ھەیە ئەویش دادوەرییە, بەو پێوەرە حەقیقەتی یاساییەکەی دیاریدەکرێت و دەپێورێت لە ئاستی جیھانی, ئەگەر سزاکانیش جیاواز بن, جیاوازی ناکات لە ناسنامەی بکەر لە ھەموو روەکانەوە, گرنگ کەسی تۆمەتبار پاش ساغبونەوەی تۆمەتەکان لە سزا رزگاری نەبێت, لێرەدا دوو نموونە دێنمەوە, لەسەر نەبوونی جیاوازی لە نێوان پێگەی تۆمەتبار دەسەڵاتدار بێت یان ئۆپۆزسیۆن, تەنانەت ئەگەر دەسەڵات نەفرەت لێکراویش بێت بۆ وڵاتانی باڵادەستی جیھانی " ھاشم تاجی سەرۆک پێشوی کۆسۆفۆ و سەرۆکی سوپای رزگاری کۆسۆفۆو سێ لە ھاوڕێکانی, رابەرایەتی خەباتی چەکداری گەلی کۆسۆفۆی کرد, بۆ گەیشتن بەوەی پێی گەیشتن, تۆمەتی تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی بەرەو رویان کرایەوە, کە خۆی لە ١٠٠ تاوان دەبینێتەوە, لە نێوان ساڵانی ١٩٩٨ و ١٩٩٩ ئەنجامی داون, لە کوشتن, بێسەروشوێنکردن, چەوساندنەوەو ئەشکەنجەدان, لە ٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٠ەوە لە زیندانی دادگای تایبەت بە کۆسۆفۆیە لە وڵاتی ھۆڵەندا, چاوەڕوانی دادگاییکردنە, نموونەی دووەم لە ڕۆژی دووشەممە ١٨-٥-٢٠٠٩ بەحر ئیدریس ئەبوقردە, سەرۆکی بەرەی بەرگری یەکگرتووی دارفۆر ئامادەی بەردەم دادگا بوو لە شاری لاھای ھۆڵەندا, ناوبراو لەگەڵ دوو سەرکردەی دارفۆری دیکە کە لە لایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتیەوە" ئای سی سی" تۆمەتبار کران بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ بە پەلاماردانی ھێزەکانی ئاشتی پارێزی سەر بە یەکێتی ئافریکا لە دارفۆر لە ساڵی ٢٠٠٧, کە لەو پەلامارەدا ١٢ کەس لە ھێزەکانی ئاشتی پارێز گیانیان بەختکردووە, لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٠٨, داواکاری گشتی لوریس مۆرینۆ ئۆکامبۆ بڕیاری دەستگیر کردنی سیان لە سەرکردە سەربازیەکانی دارفۆری دەرکرد بە تاوانی ھێرشی ناوبراو, ھێرشی بۆ سەر ھێزەکانی ئاشتی پارێزیان بە تاوانی گەورە ناوزەد کرد, دواتر لە پرۆسەی دادگاییکردنەکە قردە بێ تاوان دەرچوو, ئازایانە چووە بەردەم دادگا", مەبەست لەم دوو نموونەیە جیاوازی نەکردە لە نێوان بەرھەڵستکاری و حکومەت لە سزای تاوان, لە ھەردوو وڵاتەکە سەرۆک کۆمارەکانیان لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە تۆمەتبار کرابون" میلۆسۆفیج و عومەر بەشیر", کەچی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات وەک یەک مامەڵیان لەگەڵدا کراوە بەرامبەر بە گومانی تاوانەکان و دادپەروەری, کە جەنگ دەستی پێکرد, نەک دادپەروەری کۆتایی نایات, بەڵکە دادوەری چاوەکانی تیژتر دەبن, جەنگیش یاسای خۆی ھەیە, دەبێت بە پێی یاساو پێوەرەکانی خۆی ھەڵسوکەوت بکرێت نەک یاسای جەنگەڵ.

پایەی دادپەروەری جیھانی.


پایەی دادپەروەری جیھانی لەسەر سێ کۆڵەکە راوەستاوە, ئەوانیش بریتین لە" دادپەروەری, راستی, قەرەبووکردنەوە", دادپەروەری لە لێکۆڵینەوە لە ھەموو تاوانەکان بێجیاوازی و لێپرسینەوە لە ھەموو گومانلێکراوانی تاوانەکان لە دادگایەکی دادپەروەردا بێ چاوپۆشی لە کەس, کە مافەکانی ھەردوولا پارێزراو بن بێ لاسەنگی, بە مەرجێک لە کۆتایی پرۆسەکە تاوانبار لە سزا رزگاری نەبێت. ھەرچی راستیەکانە, پێویستە قوربانیەکان و کەسوکارەکانیان و کۆمەڵگەش ھەموو راستیەکان سەبارەت بە تاوانەکان کە بەرامبەریان کراوە بزانن, ھاوکات دەسەڵات پێویستە ھەموو راستیەکان و گوتەی ھەموو لایەنەکانی تاوانەکان بە فەرمی لە کەناڵەکانی بڵاو بکاتەوە وەک راستی دانیان پێدا بنێت, دان نەنان بە راستیەکان وەک مۆتەکە وایە متمانە ناھێڵێت و حەقیقەتەکان دادەپۆشێت, کۆمەڵگا دەخاتە بواری نا جێگیرییەوە. لە کۆتادا قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و خێزانەکانیان لە روی مادی و مەعنەوەیەوە بۆ سەرلەنوێ بنیات نانەوەی ژیانیان و لە بیر بردنەوەی تاوانەکان بەشێکی گرنگی پرۆسەکەیە, بێ قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەوی دادپەروەری لاسەنگ دەبێت.


دادپەروەری یەک پاکێجە لە جیھان, تاوانە گەورەکان یەک پێناسیان ھەیە, لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دی ناگۆڕێت, یەک پێوەری ستانداردی جیھانیان ھەیە, کە پایەکەی لەسەر بنەماکانی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی و جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤ و رێکەوتنامەی جنێف و مافی مرۆیی جیھانی راوەستاوە, ئیبراز کردنی کۆمەڵکوژیەک و فەرامۆش کردنی دانەیەکی تر، بە پێی ھێزو فاکتی بەرژەوەندی ئەو لایەن و دەوڵەتەی لە پشتی وەستاوە, پێچەوانەی دادپەروەرییە, ھاوکات کارێکی نا ئەخلاقیشە, نموونە کورد و ئیگۆر لەمڕۆی جیھان.


کولانەوەی برین.


باسکردنی تاوانە زەقەکانی رابردووی کوردستان, بەشێک نییە لە کولاندنەوەی برین وەک لایەنگرانی تاوانکاران ئاماژەی پێدەدەن, برینەکەی ئەوان لە پێناو دەرباز بوونە لە سزا, باس نەکردن و رێگا گرتن لە باسکردنی تاک بە تاکی تاوانەکان و گەڕاندنەوەی دادپەروەری, بۆ خۆی بەشێکە لە تاوان و برینە راستەقینەکەیە, نەبوونی دادپەروەری برینێکی قوڵە لە جەستەی دەسەڵات, مرۆڤەکان لە کەرامەتدا یەکسانن باوەڕو پێگەی چینایەتی و پلەو پۆستیان ھەرچیەک بێت, بۆیە پێویستە بێجیاوازی لە ھەموو تاوانەکان رابردوو بکۆڵرێتەوە, کەرامەت بۆ قوربانیان بگەڕێنرێتەوە, دادپەروەری دژ بە ئاشتەوایی نییە, بەڵکە ئەوە ئاشتەواوی کۆمەڵایەتییە بێ دادپەروەر نایاتە دی, نرخی مرۆڤەکان و سزای تاوانەکان لەسەر بنچینەی ئینتمای سیاسی و ناوچەیی و حیزبی و عەشیرەتی دیاری ناکرێن, بەڵکە ھەموو لەھەمبەر یاساو دادوەریدا دەبێت یەکسان بن, ھیچ کەسێک لەوانەی لە تاوانەکاندا دەستیان ھەبووە لە لێکۆڵینەوەکان بەدەر ناکرێن, بەھۆی پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و پۆستی سیاسی و حیزبیەوە, رابردوو لەسەر شانۆی ھەنووکەیە, تاوانەکان ناسڕێنەوە بەھۆی پۆست و پارێزبەندی سیاسیەوە, دەبێت دادپەروەری بۆ قوربانیان بگەڕێتەوە, ھەر کەسێک و ھەڵگری ھەر ئاین و بیروباوەڕێکی سیاسی بێت قوربانی, حەرامیش نییە و بگرە ئەرکی چالاکوانانی مافی مرۆڤە بێجیاوازی لە نێوان بکەرەکان و پێگەی سیاسی و جەماوەری ئێستایان دۆسیەکان بجوڵێنن, لێ بەش بەش کردنی تاوان کارێکی نا ئەخلاقییە, نابێت ھیچ لاپەڕەیەکی تاوانی رابردوو لە تاریکیدا بمێنێتەوە, لە کاتێکدا مێژووی ٦ دەیەی رابردوومان تژییە لە تاوانی زەقی سیاسیەکان تا ئاستی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جینۆسایدیش لە ھەندێک کاتدا, زیاتر لەوەی ھاشم تاجی ئەنجامی دابوو, کارەساتی گەورە شاردنەوەی برینە بەناوی نەکولانەوە, وە درێژکردنەوەی تەمەنی برینەکانە تا ئاستی شێر پەنجە و مەرگ, تا ئاشتی لە گەڵ رابردو رانەگەیەنرێت, دوا رۆژ بنیات نانرێت, نابێت دادوەری لە ژێر دەسەڵاتی سەرکەوتوواندا بێت, سیاسەت رۆڵ ببینێت لە یەکلاکردنەوەی دادوەری بە قازانجی براوەکان, جیاکاری بکرێت لە نێوان کەیسەکان, دادوەری بە یەک دوورایی لە ھەمووانەوە بێت, وەک یاسای نێو دەوڵەتی دیاریکردووە , تاوانە زەقەکان کات و شوێن نابێتە رێگر لەبەردەم داواکردنی سزادانی بڕیاردەران, بکەران و ھاندەرانی, بەشدارانی.


دەسەڵاتی کوردستان, نایەوێت دەرگای ھیچ لێپرسینەوەیەک لە رابردوو بکرێتەوە, بەناوی ئاشتەواییەوە, ئەمەش پێشێلی مافی قوربانیانە, پێویستە گوێ بۆ قوربانییەکان رابگرترێت, رۆشنبیری لێپرسینەوە پشتیوانی لێبکرێت, راستییەکانیان بۆ ئاشکرا بکرێت, قەرەبووی قوربانیان بکرێتەوە, تاوانباران لە سزا رزگاریان نەبێت. دیارە سستەمی دادوەری بەھێز نەبێت , تاوانکار لە سزا دەربازی دەبێت, تاوانەکان چەندە کۆن بن, گرنگە وەبیر بھێنرێنەوە , کۆمەڵگا ل گەڵ رابردوو ئاشت بکرێنەوە, ماف بۆ زۆرلێکراوان بگەڕێنرێتەوە, چونکە ئەگەر تاوانکار لە سزا رزگاری ببێت, ئەوا لە داھاتوودا بەردەوام دەستی بۆ تاوانی دیکە دەخورێت. مانەوەی برین و چارەسەرنەکردنی نەخۆشی, یانی بەرداوامیدان بە کولانەوەو پەروەردە کردنی میکرۆبی زیان بەخش لە جەستەی گەلدا, کەسی تاوانکار ھەڵگری میکرۆب و ڤایرۆسی کوشندەی تاوانە, چونکە تا برین بوونی ھەبێت لە جەستەدا کولانەوەش بەردەوام دەبێت, گوزارشتە لە نەخۆشی جەستە, جەستە بۆ خۆی برینی کوشندەی تێدا نەبێت, کولانەوە بوونی نابێت, کولانەوەو برین جوتەن, بێ یەکتری ھەڵناکەن, باشترین رێگا چارەسەرکردنی برینە لە رێگای دادپەروەرییەوە, بوونی برین دەریدەخات مرۆڤەکە تەندروست نییەو توانای گەشەی نییەو بەرەو مەرگ دەڕوات, وە چارەسەری ئەمەش لای خەڵکی نییە, بەڵکە لای دادپەروەرییە, چەپڵە تاوان ناسڕێتەوە, تەنھا دادوەرییە دەیسڕێتەوە, دورینەوەی دەمەکان و ھەڕەشەی باس نەکردنی نەخۆشیەکە چارەسەر نییە, بەڵکەچارەسەر لای سزادانی ئەو کەسەیە تاوانی ئەنجامداوەو نەخۆشی تاوان لە جەستەیایەتی و ھەڵگری ڤایرۆسی تاوانە, نابێت بوونی چەند تاوانکارێک ببێتە ھۆی نەخۆشی گەلێک, باشترین چارەسەر بڕینەوەی نەخۆشیەکەیەو لە بنەڕەتەوە دەرھێنانێتی, کە خۆی لە دادگایی یاخود لە نەرمترین شێوەیدا لێبوردەیدا دەبینێتەوە. لێبوردەییش لە نەرمترین شێوازیدا بێبەری نییە لەوەی تاوانکار وەک خۆی کە تاوانکارە نیشان بدرێت لە کۆمەڵگادا و دان بە راستیەکاندا بنێت و داوای لێبوردن بکات, لێبوردەیی لە نەرمترین شێوازیدا ھەموو ئەم پرۆسانەی لە گەڵدایە, دان نان بە تاوان و داوای لێبوردنکردن و بڵاوکردنەوەی ھەمووو راستیەکان. ئەگەر قوربانی ژیانی لێ سەندرابێتەوە, ئەگەر کەسوکارەکەی دادوەرییان بۆ نەگەڕابێتەوە, تاوانکار لە پێگەی تاوانبارییەوە دانی بەراستیەکاندا نەنابێت و داوای لێبوردنی نەکردبێت, ئەوە تاوانکار بەردەوام لەبەردەم چەقۆی گەڕاندنەوەی دادپەروەری و سزا داندا دەبێت, کە ئەمەش کەمترین ھەنگاوە بنرێت, بە مردنیش ئەم تارماییە لە کۆڵی نابێتەوە, چونکە دادپەروەری ھەر دەگات بە راستیەکان و لە مێژوودا وەک ئەوەی ھەیە تۆمار دەکرێت, وێڕای ئازاری ویژدان و دەرونی, تاوانکار خۆی دەزانێت چەپڵەی لایەنگرانی نەزان چەندە زۆر بێت, پیاھەڵدانی گەمژەکان تژی بێت و کۆمەڵگای داگرتبێت, ھێزی زەبلاحی ھەبێت, ھژمۆنیای لە قوڵایی ئاسماندا بێت, نووسینەوەی یاداوەری درۆینە تاوان ناسڕیتەوە, بچوکە لە ئاست قوربانیەکی بێدەسەڵاتدا, بەردەوام تارمایی تاوانەکە راوی دەنێن, حەقیقەت بە دوای وەڵام نەدراوەکاندا دەگەڕێت, تەنھا بە پیادەکردنی دادپەروەری و گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەنەکەی و وەرگرتنی سزاو و قەربوکردنەوەی قوربانیان وکەسوکارەکانیان و دان نان بە ھەقیقەت چ وەک چۆنیەتی تاوانەکە وە چ وەک حەقیقەتە یاساییەکە و داوای لێبوردن کردن لە قوربانیان و زیانلێکەتووان ئازارەکە سوک دەبێت نەک کۆتایی پێ بێت, کۆتایی ھاتن نییە لە روی تۆماری مێژوو لە سیڤی کەسی تاوانباردا, تاوان ھەقی بەسەر ئەوەوە نییە کێ ئەنجامی داوە, پێگەی چییە لە ئێستادا و چی دەکات لە داھاتوودا, بەڵکە ھەقی بەسەر کردەوەکانی رابردوەوە ھەیە, تاوان کاری رابردوون, وەلێ سزاکەیان کاری ئایندەیە, کەسێک ببێتە بکەری تاوان ئەوا تاوانبارە ئیتر ھەر کێیەک بێت, لەگەڵ کردارەکەدا نازناوەکە ھەڵدەگریت, نکۆڵیکردن لە تاوان و پیرۆز کردنی تاوانبار بۆخۆی بەشێکە لە تاوان.

دان نان بە راستیەکان و رزگار نەبوون لە سزا.


سیاسیەکانی کوردستان ویستیان لە گەڵ دان نان بە راستییەکاندا نییە, نایانەوێت روت بنەوە, دان نانی ئەوان بە راستیەکانی رابردوودا ئەستەمە, نەخوازەلا داوالێبوردن کردن و ئامادەیی بەردەم دادگا, داوای لێبوردنکردن بەرپرسیارێتی ئەخلاقییە, ئەوان فێری نەبوونە, مرۆڤ کە داوای لێبوردن دەکات خۆی بە بەرپرس دەزانێت بۆ کارێکی ناڕەوا کە لە رابردوو ئەنجامی داوە, دان نانە بەو زیانانەی کە داوێتی, وە دەربڕی ئەوەیە لە داھاتوو دوبارەیان ناکاتەوە, کە نەیکرد یانی ھەمووکات ئامادەیە بۆ دوبارە کردنەوەی ئەگەر ھەلی بۆ رێک بکەوێت. بۆ ئەوەی لەگەڵ رابردوودا ئاشت بنەوە ھەموو ئەوانە پێویستن, نابێت بەسەر ھیچیا باز بدرێت, بە ھیچ جۆرێک نابێت لێبوردن بۆ تاوانی تاوانە گەورەکان دەربچێت, دەریشبچێت یاسایی نییەو ناکۆکە لە گەڵ پرنسیبە جیھانیەکان, دەبێت دان بە یاسایی تاوانەکاندا بنرێت بە پێی یاسای نێو دەوڵەتی. گەریلاکانی فارک لە کۆڵۆمبیا دانیان بە راستیەکاندا ناو داوای لێبوردنیان لە قوربانیەکانیان کرد, ئەوانیش لە چیاو لەناو جەنگەڵەکاندا بوون, راستیەکانیان دەرخست و ئامادەی قەرەبوکردنەوەشن.


ھەنگاوی یەکەمی چەسپاندنی حوکمی یاسا لەھەر وڵاتێکدا سەرەتا بە دادگاییکردنی ئەمانە دەست پێ دەکات, نەک لە دەرەوەی دادوەری بن و ھاوکات ئاڵای یاساخوازیش بەرز بکەنەوە, دادوەری ئاورتەیی تێدا نییە, کەس لە دەرەوەی بازنەکەی نییە, پارێزبەندی نادات بەکەس, خۆ ھیتلەر لە وڵاتی فەیلەسوفاندا جەماوەریترین کەس بوو, بینۆتشەو سەدام حوسێن و فرانکۆ خەڵک سەرەتا دەیان ویستن, وڵاتەکانیان پێش خست, بەھانەیان بۆ تاوانەکانیان ھەبوو " فرۆید دەلێت "ئەگەر بێت و زۆر لە تاوانبار بکۆڵینەوە دەبینە لایەنگری، چونکە ستەمکار بیانویەکی بە ‌دەستەوەیە بۆ تاوانکردن".نوسینەوی بیرەوەری و کورد و نامۆبوون بە مێژوو-دانا مەنمی ". غۆنتر غراس نۆبڵی وەرگرت, وەلێ لایەنگری لە نازی لە قۆناغی لاویدا لە بیر نەکرا. کەس ناتوانێت لەژێر پەردەی حیزب و حکومەت و شەڕدا تاوانەکان خۆی بشارێتەوە, بە پێی پرنسیب و یاساکانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و دادگا جیھانیەکان کەس تاوانبارە نەک حیزب و حکومەتەکان, بەرپرسیارێتی تاوان لە ئەستۆی تاکە, بۆیە کەس ناتوانێت لە ژێر ئەو پەردانە خۆی بشارێتەوە, لە دارفۆر عومەر بەشیر لە پاڵ ئەحمەد ھارون وەزیری ناوخۆو عەلی محەمەد عەلی فەرماندەی جانجوید تاوانبارن نەک سودان و پارتی کۆنگرەی گەل, نموونە لەم بوارەدا زۆرن, ھەموو کەیسەکانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بەم پێوەرەن, بۆیە ئەوانەی لە رابردوو لە کوردستان تاوانیان ئەنجامداوە کەسەکانن نەک پارتەکان"بڕیار دەران, بانگەشەکەران و ھاندەران"راگەیاندن کاران", جێبەجێکاران, بەشداران", دیاریکردنی ئەمانەش لە رێگای تۆمەت بەخشینەوە نابێت, بەڵکە لە رێگای لێکۆڵینەوەو دادگاییکردنەوە دەبێت, رێگریکردنیش لە دادگاییکردن ئەوەش بۆخۆی تاوانە, دادگاییکردن وەک کوشتنی بەزەیی وایە, ئازاری نەخۆش کەمدەکاتەوە, کەسی تاوانبار ھەمیشە ئازاری دەروونی ھەیە, پێویستە لە رێگای دادگاو سزاوە رزگار بکرێت لەو ئازارە دەرونییە, تا ئەمانە سزا نەدرێن لە دادگادا و قەربوی بنەماڵەی قوربانیان نەکرێتەوە, روفاتی قوربانیان نەدرێتەوە بە بنەماڵەکانیان, مۆنمێنتی یاداوەریان بۆ دروست نەکرێت, دادپەروەری ناگەڕێتەوەو برینەکانیش بێ چارەسەر ھەر دەمێنێتەوەو بەردەوام دەبن لە کولاندنەوەو ئازارەکان لە گەڵ تەمەندا دێن, روحی تاوانەکان ھەمیشە وەک مۆتە بەسەریانەوەیە وەک تارمایی دەمێنێتەوە, کۆمەڵگاش بە دەم ئەم برینە ئەبەدیانەوە دەتلێتەوە.


بە پێی کات سزای تاوان و تاوانکار ناگۆڕێت, چونکە تاوانەکان ئەوانەی رویانداوە لە رابردوو و بەردەوامیشە, تا ئاستی تاوانە گەورە جیھانیەکان دەڕۆن, ئەوانەی لە خەمی نەکولاندنەوەی برینەکاندان پێویستە داوای زوو جێبەجێکردنی دادپەروەری بکەن نەک شاردنەوەی, دەبێت تاوانباران دان بە رابردووی خۆیاندا بنێن, دادپەروەری بۆ قوربانیان بگەڕێتەوە, بە رێگا گرتن لە دەربازبوون لە سزا, تا دادپەروەری نەگەڕێتەوە بۆ تاوانەکانی رابردوو, ناتوانین دوا رۆژی باشتر بەدی بێنین, تا یاسا نەبێتە ھێڵی جیاکەرەوەی تاوانکار و قوربانی, ئەوا ئاشتەوایی بەدی نایات, دادوەری دادپەروەر, دادوەرە لە نێوان قوربانی و تاوانکاردا, ئەوە سنوریان جیا دەکاتەوە, نەک پۆست و دەسەڵات و ھێزو باوەڕی سیاسی, بێلایەنکردنی دادگاکان و داماڵینیان لە ھەژموونی سیاسەت. کەڵتووری لێبوردەیی و دادپەروەری و بەھێزکردنی داواکاری گشتی ھەنگاوی یەکەمە لەو بوارەدا, کەواتە با بەفلاش باکی گومانەوە بگەڕێنەوە بۆ دواوە, کۆمەڵگا لەو درم و ڤایرۆسە پاک بکەینەوە, کە بۆتە ھۆی فێڵکردن لە مێژوو, مێژووییەکی لەرزۆک, بە یەک ھەناسەی جۆرج فلۆیدێک تەلاری ھەڵەتەکێت.

دۆسیەکان رابردوو ھێشتا خوێنیان لێ دەتکێت.


لە ھەموو بارگرژییەک لە نێوان لایەنەکان وەک ئاگر بەردان لە پەرێز, دۆسیەکان رابردوو کڵپە دەسێنێتەوە, تاوانەکان زەق دەبنەوەو دێنەوە مەیدان, تارمایەکانیان بەردەوام بەسەر کۆمەڵگاوە دەبێت, وتەی ھەموو لایەنەکانیش بەرامبەر نەیارەکانیان لە ژماردنی تاوانەکانیان لە راستیەوە نزیکەو حەقیقەتێک ھەیە لە ئەنجامدانی, تا دادگا یەکلای دەکاتەوە, ئەوا ھەر مۆتەکەی بە راستی دەمێنێتەوە, تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش زیاتر خەڵک لە ناوەڕۆکەکانی ئاگادار دەکاتەوە. ھیچ بەھانەیەک بۆ ھیچ کەسێک, لە ژێر ھەر ئاڵایەکدا بێت نییە بۆ ئەنجامدانی تاوان, چونکە یاسا ودادپەروەری لەو چرکە ساتانە کۆتاییان نایات کە بەھانەی تاوان دێنە پێشەوە لە شەڕو ململانێی سیاسی, بەڵکە لەو چرکە ساتانە چاوەکانی تیژتر دەبن. لە ھیچ بارودۆخێکدا مرۆڤەکان دەست کراوە نین بۆ ئەنجامدانی تاوان, ئەگەر ھەڕەشەشی لەسەر بێت و لایەنی بەرامەریش پەلاماردەرو ھەڵەو تاوانباریش بێت تا ئاستی خیانەت وەک خۆیان ئاماژەی پێ دەدەن, ھەموو لایەنەکانی شەڕ دەبێت ڕێز لە یاسای نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ بگرن, بە پێی پەیماننامە نێودەوڵەتیەکان مامەڵە بکەن, دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بە یەک ئاست لەبەرامبەر لێپرسینەودان, کە چویتە شاخ, یان چەکت بەناوی بزاڤی نەتەوایەتیەوە ھەڵگرت, یان نەیارەکەت دڕندەو بێزلێکراو بوو لە ئاستی جیھانی, یان و یان رێگا بە تۆ نادات, لە دەرەوەی پرنسیبەکان تاوانی قەرەقوشیانە ئەنجام بدەیت, لە کوشتنی دەرەوی دادگا, تیرۆر, ئەشکەنجە, کوشتنی دیل, ئەشکەنجە دانی ھاوڵاتیان, بە بارمتەگرتنی ھاووڵاتیان لە کاتی شەڕی ناو لادێ, شوێنبزرکردن, چەکدارکردنی منداڵان, ڕفاندن و کوشتنی ھەڕەمەکی, نرخ دانەنان بۆ ژیانی مەدەنیەکان، ھێرشی مەرگھێنەرانە لە ناوچەکانی دانیشتوان کە خەڵک تیایاندا کوژراون و بریندارکراون, کردنی وڵات بە نێوجەرگەی شەڕی وڵاتان, رێگا گرتن لە دەرباز بوونی خەڵک لە ناوچەکانی شەڕ, رێزنەگرتن لە سەروەت و سامانی خەڵکی, نە پاراستنی کەرامەتی ھاووڵاتیان و بێبەشکردنی مرۆڤ لە ئازادی وە سەپاندنی مەرج, ئەشکەنجەدان, چارەنوسی رفێنراو دیلەکان, ھەڵسوکەوتی توندو پێشێلی کەرامەت, دو خستنەوەو زەبروزەنگی سێکسی, تیرۆری پەنابەران و تەسلیمکردنەوەیان, تیرۆری نەیارانی سیاسی و رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی سڤیل......... لە رابردوودا ھەموو ئەو جۆرە تاوانانە لە کوردستان ئەنجام دراون, ھەموو قوربانیەکانیان پێویستیان بە دادپەروەری, راستی, قەرەبوو کردنەوە ھەیە, ھەموو قەرەبووکردنەوەیەکیش مۆنمێنت و یاداوەری وە بیرھێنانەوەی لە گەڵدایە. تاوانەکان ھێندە زۆرن دوای قۆناغی دادپەروەری وڵات دەبێتە وڵاتی یاداوەری و مۆنمێنت و وەبیرھێنانەوە. لە پشت ئامارە خەمبارەکانەوە رووناکیەک ھەیە, ئەویش کردنەوەی دەرگاکەیە, ھەرچەندە نایانەوێت ئەم دەرگایانە بکرێنەوە, وەلێ جیھان بەرەو ئەوە دەڕوات, ئەوان لە ڕووی کەلتووری سیاسییەوە لە جێی خۆیان نەجووڵاون وەک نەرێت, دەستەواژە رۆژئاواییەکان کاریگەری نەبووە لە سەریان, دەکرا دانپێدانانی ئاشکرا بە تاوانە ئەنجامدراوەکان و بە داوای لێبوردن کردن, تارمایی رابردوو لە ملی خۆیان بکەنەوە, وەلێ ئەوان لە روت بوونەوە زارەتروک بوونە.


ئەگەر چی ئەمانە نەک راستیەکان بڵاو ناکەنەوە, وە دەرگای دادوەریان لەبەردەم قوربانیان داخستووە, بگرە ئامادە نین بچوکترین ھەنگاو کە دان نانە بە تاوانەکان و داوای لێبوردن کردنە بنێن. ھیچ سیاسیەک و بەرپرسێک لە وتەیەکی نابەجێ و کردەیەکی بەدی رابرووی خۆی پەشیمان نییە و بەرپرسیارێتی ھیچ دەرئەنجامێکی خراپیشی ھەڵناگرێت کە لە رابردوو ئەنجامیان داوە, ئەوان وشیاری پەشیمانیان نییە, پەشیمانی و داوای لێبوردن کردن بە نەنگی دەزانن لە کاتێکدا لە روی بانگەشەی سیاسییەوە ئیدعای مەدەنیەت و حوکمی یاسا دەکەن, لە کاتێکدا پەشیمانی و داوای لێبوردنکردن ئەخلاق و بەرپرسیارێتییە نەک تەنھا بەرامبەر رابردوو, بگرە بۆ داھاتووش, بۆ دوبارە نەبوونەوەی تاوانەکان. شەرمکردن لە تاوان و ھەستکردن بە گوناح بەشێکن لە ھەستکردن بە مرۆڤ بوون. ئەگەر تاوان وەک حەرامی کۆمەڵایەتی بکرێتە کلتور, ئیتر ئەم ملھوڕییە جێگایان لە کۆمەڵگادا نامێنێتەوە, دەبێت لەو قۆناغە دەرچین داوای لێبورد کردن کفری سیاسی بێت, دەبێت بکرێتە بەشێک لە سیاسەتی باو, کلتوری باو, سەردەمی پیرۆز ناساندنی دڕندەیی تۆقێنەر بەسەر چووە, ئاڵای دادپەروری و لێبوردەیی جێگای دڕندەیی گرتۆتەوە.

مێژوو پێویستی بە رزگارکردنە.


دۆسیەکان رابردوو پێویستی بە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆو دادگای بەھێز ھەیە بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدات و یەکلای بکاتەوە, ھەر چووە پرۆسەی پشکنین و دادگاییەوە, دوای ساغبوونەوە و سەلماندن و بە بەڵگەکردنی رووداوەکان, ئەوا دەبێتە بەشێک لە مێژوو, ئەوجا پێویستە رووداوەکان بە بێلایەنی و زانستی لەسەر بنچینەی راستیەکان بنووسرێنەوە, بۆ ئەوەی جارێکی دیکە نەوەکانی داھاتوو ناچار نەبنەوە دەستکاری مێژوو بکەنەوە.


ئەوان بۆ نەمرکردن و جوانکردن و رەوایەتیدان بە خۆیان, ھەموو مێژوویەکیان ساختە کردووە, یاداشتەکانیان پچڕ پچڕە, وێڕای بەسەرھاتی تاوانەکان, ناو, شوێن , ساڵ و رۆژی لە دایک بوون , خێڵ و عەشیرەت, ھەموو بە پیرۆز دەزانن, دەست لێدانیان قەبوڵ ناکەن, بۆیە دەبێت ھێما پیرۆزەکان ھەڵتەکێنرێن و روت بکرێنەوە, ھەموو مێژووەکان سەر لە نوێ بنووسرێنەوە, بەمەش ھەندێک خراپ لە داھاتوودا باش دەبن, ھەندێک باشیش خراپە بن, ھەندێک ئازایەتی ئەمڕۆ سبەی دەبنە تاوان, ھەندێک ترسنۆکی ئەمڕۆش دەبنە چرای داھاتوو. کاتێک مێژوو و رەوایەتی لە دیلی ئایدۆلۆجیا و ئەفسانەی نەتەوایەتی و ئاینی رزگاریان دەبێت, ئەوکات پێویستمان بە مێژوویەکی نوێ دەبێت, بە ئازاد بوونی مێژوو لە کۆت و بەندی فەرمانڕەوایان و پیرۆزی و ئایدۆلۆژیا, ئیتر سەرتاپای ئەو مێژووە دەگۆڕێت. دەسەڵاتداران و پەیڕەوکەرانی ئایدۆلۆژیا و ئاینەکان بۆ بە پیرۆز کردنی مێژووەکەیان نووسیویانە, مێژوییەک قسە کردن لەسەری بۆتە کفر. ئێستا دەبێت مێژوو لە روانگەی بەھا دادپەروەریەکان ئازاد بکرێت, مێژوو لە پیشەسازییەوە بکرێتە حەقیقەت, لە ویستی دەسەڵاتداران و بەرژەوەندییانەوە بکرێتە نووسینەوەی راستییەکانی رابردوو. بنچینەی فەلسەفەی مێژوو بریتییە لە پشکنین و گەڕان بەدوای دوو وەڵامدا, کەی و چۆن رویاندا؟, کێ و لە کوێ ؟, چۆن و کێکانمان ھەموو درۆن, مێژوو پڕە لە درۆی کەسانی تاوانبار و دزو ترسنۆک و بوغزاوی ئەژدیھا ئاسای فێڵباز. مرۆڤ لەو رۆژەوەی لە دایک دەبێت مێژووەکەی دەست پێدەکات، بە چاک و خراپیەوە, نابێت کەرت کەرت بکرێن, مێژوو ئاوێنەی ھەموو کردارەکانیەتی, بە ئارەزووی خۆی و ھەواداران نانوسرێتەوە, بەڵکە کردارەکان وشەکان کە پێکھاتەی مێژووەکەن دیاریدەکەن, ھاوکات مێژووی دوێنێ لەمرۆ جیاناکرێتەوە, ھەموو پێکەوە یەکەیەکی دانەبڕاون, نابێت مێژوو پیرۆز نیشان بدرێت, دەبێت پیرۆزیی لێ وەربگرترێتەوە, تەنانەت پیرۆزی لە ئەفسانەکانیش وەربگرترێتەوە, رەوایەتی پێ بدرێت و تەسلیم بە راستیە زانستیە سەلماوەکان بکرێت, مێژوو ئاوێنەی ژیانی رابردووە.


کەواتە ئەوەی ھەیە و نووسراوەو ناو نراوە مێژوو, حەقیقەتەکانی ھەموو رێژەییەو لە گۆڕانە, ناتوانرێت راستیەکان تا کۆتایی بشاردرێنەوە, ئەگەر دەرگای راستیەکانی مێژووش داخرابێتن بە زەبرو ستەمکاری, لەودیو دەرگاکانەوە راستییەکان خۆیان رزگار دەکەن و سەردەردێنن.


نموونەکان چیمان فێر دەکەن.

لە رێکەوتی ٢٤-٣ی ٢٠٢١ یادی کودەتای ساڵی ١٩٧٦ ی ئەرجەنتین کرایەوە, بە ناوی رۆژی راستی و دادپەروەری, بە ئەندازەی ژمارەی قوربانیان داریان چاند لە ژێر ناوی یاداوەری دەچێنین, ھەرچەندە قوربانیان لەم وڵاتە لە رابردوودا, بەشێک لە دادپەروەرییان بۆ گەڕاوەتەوە, وەلێ بەردەوامن لە بەزیندویی ھێشتنەوەی یاداوەرییەکان, کەچی لە وڵاتی ئێمە نە دادپەروەری گەڕاوەتەوە, نە یاداوەریش رێپێدراوە, قوربانیان بەرەو روی سەرکوتی تیرۆری جەستەیی و مەعنەوی دەبنەوە, کەرامەتیان پارێزراو نییە, ناوێرن ئازادانە یادی قوربانیانیان بکەنەوە نەک داوای دادپەروەری بکەن.


دوای ٤٤ ساڵ لە دەسەڵاتی دکتاتۆری فرانکۆ لە ئیسپانیا, تەرمی فرانکۆ لە گۆڕستانی تایبەتی فرانکۆییەکان لە دۆڵی لە شەھیدان بەناوی «فالی دی لوس کایدوس» دەرھێنراو لە دەرەوەی شاری مەدرید لە پاڵ کەسوکارەکەی لە گۆڕ نرایەوە, ھاوکات مۆنمێنتەکانیان تێکدەدرێت, بانکی دی ئێن ئەی دروست دە کرێت, تەرمی قوربانی\یەکان دەردەھێنرێنەوە و دەناسرێنەوەو دەنێژرێنەوە بە مەراسیم, بە پێی ئامار زیاتر لە ١١٠ ھەزار قوربانی ھەیە, گۆڕەکانیان دیار نین, ھەروەھا گۆڕستانەکەش دەگۆڕێت بۆ گۆڕستانی ئاسایی, ھاوکات ھەموو پەیکەرەکانی فرانکۆ لابردران, ناوی ئەو شوێنانەی بەناوییەوە بوون گۆڕان, سێشەممە رێکەوتی ٢٣-٢-٢٠٢١ دوا پەیکەری فرانکۆ لە شاری ملیلیە شکێنرا و شوێنەوارەکەشی پاککرایەوەو تەعقیم کرا. جێگیری سەرۆک وەزیرانی ئیسپانی کارمن کالفۆ وتی " دان پێنان, قەرەبوو, کەرامەت و دادپەروەری بۆ قوربانیان", ھاوکات بڕیار وایە قوربانیان قەرەبوو بکرێنەوە. بەرامبەر بەم کارانە دیسانەوە راستڕەوەکان حکومەتی چەپیان بە کولاندنەوەی برینەکانی رابردوو تۆمەتبار کرد, لە کاتێک ھیچ نەکراوە, بەشێک لە مافی قوربانیان بۆیان گەڕاوەتەوە.


مێژوو پڕە لە خوێن و کوشت و بڕ, زوحاک لە چاویانەوە فریشتەیە, زوحاکەکانی ئەمڕۆ زۆر زیاتر لە زوحاکە ئەفساناویەکانی رابردوو تاوانیان کردووە, لە بری ئەوەی ئەژدیھا لەسەر شانیان بڕوێت, خۆیان بونەتە ئەژدیھای حەوت سەرە. لە مێژووی نوێدا ئەژدیھا ئەژدیھایە نەک پەری دەریا, کەواتە کار بکەین بۆ نووسینەوەی مێژوو لە بەر رۆشنایی دادوەری دادپەروەریدا, پێویستە پەری و ئەژدیھا لەیەکتر جیابکەینەوە. پێش ھەموو کارێک پێویستمان بەو جیاکردنەوەیە ھەیە, پێویستمان بە دەستنیشانکردنی زاڵم و زوڵمەکان رابردوو ھەیە, بۆ ئەوەی لە رێی ئەو زاڵم و ئەژدیھایانەوە نەبینە دێو, پێویستە زڵم و زوڵمەکان پێکەوە چەسپ بکەین, ھەموو زوڵمەکان بلکێنینەوە بە زاڵماکەنەوە.


چۆن ئەمان لە دەرەوەی دادگایی روکەشدا ژیانیان لە قوربانیان سەندەوە, یان ھۆکار بوون, ئێستا پێویستە کرادارو بڕیار و دادگاییەکان رابردوو دادگاییبکرێنەوە, تاوانەکان سەرلەنوێ بپشکنرێنەوە, پێویستە تاوانباران دوای دادگاییکردن و ساغبونەوە, ھەموو ئیمتیازاتەکانیان وەک رێزلێنان و مەدالیا و و نازناوەکانیان لێ بسەنرێتەوە, ئەو مۆنمێنت و دەزگایانەی بە ناویانەوە کراوە, لێیان وەربگرترێتەوەو بگەڕێتەوە بۆ حکومەت, لە گۆڕستانە تایبتیەکان دەربھێنرێنەوە, ناوی ئەو شوێنانەی بەناویانەوەیە بگۆردرێن بە ناوی قوربانیان, لە شوێنی پەیکەرو مۆنمێنت و مەرقەدەکانیان, یاداوەری قوربانیان دروست بکرێت, لەو سەروەت و سامانەی بە ناڕەوا پێکیانەوە ناوە, قەرەبووی قوربانیان بکرێتەوە, تیرۆری جەستەیی و مەعنەوی قوربانیان و نکۆڵیکردن لە تاوانەکان وەک تاوان سەیر بکرێن و سزای بۆ دابندرێت, قوربانی و تاوانبار مەوقعیەتی خۆیان پێ بدرێت, کوردستان لە وڵاتی تاوانبارانەوە بگۆڕێت بۆ وڵاتی قوربانیان, واتا ھەموو روت بکرێنەوە بۆ نوسینەوەی سەرلەنوێی مێژوو .
 

ماڵپه‌ڕی عه‌‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک