١١\٦\٢٠١٠
لەو سەرى
ونبوونەوە دێمەوە تکایە بوەستە ژیان.

رۆژ هەڵهبجەیى
لەو سەرى
ونبوونەوە دێمەوە،
لە نەسلى ئەو نامانەى پەنجەکانى ئاگر
ئاوەڵاى کردن،
هەنگاوەکانى دووکەڵ موتاڵا...
لە بورجى ئەو سێبەرانەى گوڵێک سەرى دێشێ و
باخچەیەک ناڵێت مەرحەبا..!
بولبولێک گێلانە بۆ چڵ دەخوێنێ و
چڵ بە پایپى نەفەس کێشانى خەیاڵەوە،
شعورى پڕە لەچنینى قەفەس...!!
لەیەقینى ئەوچیمەنە قژمۆرانەى،
دوگمەى کراسەکانییان دەکەنەوە بۆ دەستى سەراب و
دوودڵن لە لە دڵۆپێ ئاو....
لە بێئاگایى ئەو مۆمانەى،
لەناو تۆخترین تاریکییا زیکرەکەن و
تەبا لەگەڵ کزەبایەکداو
ڕەشەبا دەکەنە بەرماڵ...!!
لەو سەرى وونبوونەوە دێمەوە...
لەگەورەبوونى ئەو ئازارانەى،قیژە تۆخەکا
ئەوە قاقاى پێڵاوێکە،بەهەنگاوى کونکونەوە
دەچێتەوە سەر لارترین عاتیفە....
لەگەوجێتى دەزووى باران،کەئەدا لەقژى سەحرا،
چما سەحراچ مانایەکى هەیە ئەى باران ...
جگە لە لەشکرى لم و لەنوتفەى غوبارو
لەچوارگۆشەى گەردەلوول؟!
لەکاڵفامى ڕیشۆڵەیەک،
تەریقەتى بەفر جێدێڵێ و
ڕەچڵەکى فڕین دەباتەوەناو پێستى شەو
داگیرسانى خەو....
لەبیرکۆڵى شکۆفەیەک خۆى ڕووتدەکاتەوە،
لەشەونخوونى گەڵاو
نیگاى پڕناکا لەفرمێسکى ئاونگ و
گوێ ناگرێ لەمشتوومڕى جۆگەلە...
لەو سەرى ونبوونەوە دێمەوە...
لەکوچەى نیوەڕۆدا،سێبەر قۆڵبەست دەکرێ و
نۆتەکانى ئاو قفڵ و
ئەندێشەى درەخت ئارشیف و
زاکیرەى گوڵ تینوو...
ئەم هەموو کەڕەتى مردنە دەکاتە چەنى ژیان،
ئەم هەموو پارانەوەى چەترانە
دابەشە بۆ چەند قومى خورافەو
چەنى دەگاتە ماچى باران؟!
ئەم لێدەرکردنە لەماچى بارانا،
یەکسانە بەچەند شینبوونى شەریعەت،
چەند یاساى بێ یاسا....
چ یاسایەکە نابینالەقوڵاى نیوەڕۆدا،
دانەوێڵەى چاوهەڵۆى بکەینە داوێک،
بۆ پەڕندەیەکى تازە ڕواو...
چ شەریعەتێکە شێتگەرا،
زستان بەڕیشى بەفرەوە،
بەعوملەى پەڕەسێلکەوەقومار بکاو
بەهاریش بلێ لەم قومارەدا هەر من براوەم...!!
چ تاوانە ئەو دەستوورە بەچاندنى شەتڵى عاتیفە،
لەبژوێنى کۆترە تەریبەکانى ماتماتیک...
لەهەڵکردنەوەى فڕین،
بۆ پەپوولە شیفۆنەکانى لوغمى چرایەک....
لە زەخرەفەکردنەوەى ئەو کۆلارانەى،
پێدەکەنن لەئاسمانى ئاشوب....
لە هۆنینەوەى ئەو ملوانکە پچڕاوانەى،
جۆگەلەى (با) دزینى شەو دەیکاتە ملى....
لەبەدحاڵیبوونى گوڵەبەڕۆژەکان،
چاو بۆ خۆر دەکەنەوەو دەیپەرستن،
کەدەشمرن ئێوارە دەبێتە تابووتیان!!
لەو سەرى ونبوونەوە دێمەوە...
چى لەمەرحەمەتى ئەم حیکمەتە بکەم،
کە دەڵێ(مردن ئەنجامى ژیانە)
مردن چەندجوانترە،لەدرزى فرمێسکى ئەو کچانەى،
ماڵە شووشەییەکانییان کۆپى کران لە هەناسە بڕکێى خوێن...
مردن چەند گرانترە ،لەهەڕاجکردنى عومرى ئەو بێوە ژنانەى،
چەترى ئومێدییان چنى،لەقامچى نیتشەو لەقوڵپى شەوەزەنگ!
مردن چەند بەتامترە،لەمیمە مزرەکانى نارنج ولیمۆ،
کەدەچنە تەمەنى تامەزرۆ موحیبەت مەودایەکى نییە،
بۆ بەرچینەیەک گفتوگۆ....
مردن چەند بەئەمەکترە،لەناڵەى ئەو گۆزانەى،
بەدەستى ئەنقەستى کانییە کەلەپووتەکانەوە دەشکێن و
ناچنەوە سەر ئاهونزوولەى دەنگ و ڕەنگێ لەدڵى خەییام
مردن چەند ئاشتیترە،لەهەورى هەنارێک دەچێتە شەڕى دانەکان و
لەجوانییا سوهراب وێناى دەکا،
نەک قڵیشانى بەدەم گللەییەکانى چەقۆوە شەڕ شەرم دەکا...
مردن چەندئازیزترە،لەتینوێتى گوڵە شەوبۆیەک،
گەر لەیادى جۆگەلەیەکدا مەلە نەکا،
دەشتى شەهوەتەکانى،لەئینجانەى چ سەفەرێکا ئاو ئەیبا؟؟
مردن چەند نیانترە،لەبەیانییەک لەهەموو تەمەنیا،
دەستى گزنگى نەگرت و بیرى چوو نامەیەک بۆ ئێواە بنێرێ و
لەکوچەى مانگدا مناڵى ئەستێرە بەگڕوگاڵى شەو بشنێ...!!
مردن چەند ئاوەدانترە،لەڕستەى ئاوێک ماناى خۆى،
لەدێڕى درەختێکا ڕەشنووس ناکا
هەتا مەرحەبا لەو چۆلەکە عاریفانەبکا،
بەپۆستى جریوەوە ئاسمان دەکەنەوە!!
لەو سەرى ونبوونەوە دێمەوە،تکایە بوەستە ژیان...
ئەم هەموو حەقیقەتە کە دەمانکوژێ،
چ کوشتارێک ڕاڤەکەم؟؟
تەماشا هەموو رۆژێک،سەریاسەکانى سیاچارە ناتوانن،
حەقیقەت ڕاو بکەن و
نەزیفى دواهەمین هەنار دروێنە...
چ فەرەیدونێک بکەمە ئینشا،
لەجەنگەڵستانەکانى عیشقا،
هەموو فڕینەکانى پەروانەلە ئێوارەدا وەهمى هێنا...!!
وەى!چ فەرتەنەیەکە عیشق،
سێبەرى باڵاى خۆى بڕنێ و
چاوەکانى بڕێژێ بەمیقاتى چۆڵەوانى و
نوسخەیەک لەچاپى نائومێدى....
لەوسەرى ونبوونەوە دێمەوە...
ئاخر حەقیقەت بەکاشیفەى چ زمانێک و
بەمۆدێرنەى چ عیرفانێک و بە وێردى چ مەسیحێک و
بە ئایدیاى چ ئەفلاتونێک وبەسۆفیستى چ ڕابێعەیەک و
بەقوڵنگى چ فەرهادێک وبەموبارەزەى چ دۆنکیشوەتێک و
بەزۆربای چ یۆنانییەک و بەئەلیف لامى چ ئایەتێک و
بە سیخورٍى چ یەهودایەک حەقیقەت دەکرێتەوە ...حەقیقەت؟؟
ئەو هەموو ستایشەى حەقیقەت دەکەم و
کەچى دالغەکانى لەگۆمى چاوەکانمدا شەو دەچێنن...
کەچى ماچەکانى لەسێوى ستیانێکدا،
لاستیکى پەشیمانى کرماندن لێدەدا...
کەچى ئیمامەکانى لەکلۆربوونى هەورێکدا،
دانى گەڵایەکى پایز دەکێشن....
کەچى عاریفەکانى لەگوشینى باخێکى ڕەزدا،
تامى شەرابێکیان نییە،
بچێتەوە سەر ئاخ هەڵکێشانى ترێ....
ئێى حەقیقەت تۆ تەنیایمان پڕ دەکەیت لە تۆنى ناى
بەردەکان بەدەم فلوتى ژەنینى خۆیانەوە،
دەمانبەنەوە سەر ئەبەدییەتى سکون...
تۆ ئیعرابی ئاو دێنى بۆ خنکان و
خۆرئاوابوون دەمانباتەوە سەر تینووبوون...
تۆ قافڵەى عیشقمان ئاوێزان دەکەیت بەخەوى نەعنا،
کەچى هەر دەچینەوە سەرهیجرەتى
وەلى دێوانەو قەیسى مەجنون..!!
تۆ پێمان دەڵێى چ شەڕێکى دۆراِوە،
بێ هۆشانە دژى یەک بین،
کەچى هەر گرێى ئودیب تائاوسانى هۆش،
دەمانباتەوە سەر هەوکردنى زەلکاوترین کوشتن...
لەو سەرى ونبوونەوە دێمەوە قەدەرێکم بەرێ ژیان،
بوەستەو قولانجێک تێڕامان...
قەدەرمانە بگەینە سروتە ساراکانى کەندەڵان،
بەبێ ئەوەى چاویلکەکانى چاومان،
تۆزێک خەیاڵ لە جامى مەعریفەدا هەڵگرێ....
بەبێ ئەوەى خەیاڵ مەلە بکا لە ئاوى تێگەیشتن...
قەدەرمانە مردن سەفەر بکا،
بەکۆڵانەکانى بیرەوەریمان،بەبێ ئەوەى شوێنێک هەبێ
بەمردن بڵێین بەقەدەر دوو باوێشکى گیا
بچۆرەوە سەر باڵى زاهیدبوونى ڕەشەبا...
بەبێ ئەوەى زەمەنێک هەبێ بەمردن بڵێین،
بەقەدەر دوو سڵاو بەقریوەى مناڵییەوە دیلانێ بکە،
لەناو دەقیقە پشت قەموورەکاندا...
قەدەرمانە بڕۆینەوە بۆلاى مەنفاکانى ڕۆح،
چوون هاژەى باڵى پەلەوەران و
پژمەى گوڵان تێکەڵاوکەین و
لەناو موحازەرەکانى باخدا،
فێر نەبین پەرداخێک ئاو بدەینە،
چاوەڕوانى چاوەکانى دارچنار...
چوون دەست لەهەمەڕەنگى گوڵەکانى عاتیفە بدەین و
لەعەترى گوڵستانەوە فێر نەبین مشتێک ڕەنگ بدورین،
بۆ باڵەکانى کەنسمەو کەنارى....
چوون تەونى هەموو جاڵجاڵۆکەکان تێک بدەین و
لەحەوزەى خەرابستاندا فێر نەبین قاپێک پەشیمانى،
بدەینە لەوەڕگاى زیندەوەرزانى...!!
لەو سەرى ونبوونەوە دێمەوە تکایە بوەستە ژیان،
قەدەرێ، قەدەرێکم بەرێ ژیان....
ماڵپهڕی رۆژ ههڵهبجهیی
|