٢١\٤\٢٠١٣
لە خەوما
ببووم بە سەرۆک.

سەرکەش
هەر چەندەی دەمکرد نەمدەزانی چی منی گەیاندبووە ئەم پلە و پایە، ئەم
پۆستە باڵایە، ئەمە چی بوو بابایەکی ڕووتەلەی وەک منی گەیاند بوو بەم
پۆستە، بابایەک بێ عەشیرەت، بێ حزب، بێ ڕەوە چەکدار، بێ دەزگای
زەبەلاحی ڕاگەیاندن! بێ تابووری بە ناو نووسەر و ڕۆژنامەوان و
چەقاوەسووی دوو ڕوو ماستاوچی، بێ تیپی زوڕنا ژەن و دەۆڵەنگێوی بە بەژن
و باڵا هەڵگۆ و کاسە لێس! بێ داهات و داراییەکی لە مشەی چەندان ساڵە
عەمبارکراو، بابایەک بێ ڕابردوو، نە کوڕە شێخ و نە کوڕە ئاغا و نە کوڕە
بەگ و نە کوڕە میر! بۆیە بۆ من جێی تێڕامان و بیرکردنەوە، لی هوورد
بوونەوە، بەدوا داچوون و لێکدانەوەیەکی .. چووزانم یەکجار ئاڵۆز یەکجار
چڕ و پڕ بوو!
ئەوەی کە نەم دەزانی بە چ پرۆسێسێک، بە چ یاسا و ڕێسایەک بە هۆی چ
خەبات و بەرخۆدانێک، لە بەر چ لێزانی و پسپۆری و شارەزاییەک، چ زانایی
و داناییەک کرابووم بە سەرۆک، ببوو بە کێچ و کەوتبووە کەوڵم.
پرسیارێکی زۆر و زەبەنگم بێ وەڵام مابوونەوە! سەرە دەریم لە هیچ
دەرنەدەکرد! نەمدەزانی چۆن، چۆنی لەتەک ئەم پێشهاتە نەخواستراوەدا هەڵس
و کەوت بکەم، هەڵس وکەوتێکی ڕاست و درووستی ژیر و هۆشمەندانە! چۆن
بکارێم ڕەوتی ڕووداوەکان بگۆڕم، جڵەوی ئەسپی شێت وهاری مێژوو
بەدەستەوەگرم! بە هەمووانی نیشاندەم سەروەری یاسا چۆنە؟ دیموکراسی و
پاراستنی مافی مرۆڤ چاوایە؟ ئازادی مانای چییە؟ هاووڵاتی بوون چی
دەگەیەنێ؟ پرۆسەی ئال و گۆڕکردنی دەسەڵات بە چ ئاوایەک دەبێ؟ گەل و
نیشتمان پەروەری چۆن دەبێ؟ داهات و سامانی ووڵات چۆن دەپارێزرێ چۆن
دابەش دەکرێ! جوداوازی نێوان سیاسەتمەدار و بازرگانانی خوێن چییە!
بۆیە هەر ئەوە نەبوو شێت ببم! کە دەمبینی هەڵێکی زێڕینم بۆ هەڵکەوتبوو،
تا بتوانم شرت و شۆی هەموو دیکتاتۆرەکانی دونیا و ناوچەکە بشکێنم! بە
جۆرێک لێیان بکەم بە هەرا کە ببێ بە خانی خانان یان بە تۆزی بانان!
بەڵام کە لە بیر و خەیاڵان ڕادەچووم، پێم وابوو هەرچی دەیپێوم و سەر
ناگرێ!
بیرم دەکردەوە و دیسان بیرم دەکردەوە!
پاڵاوتنم بۆ ئەم پۆستە پڕ لە گێرمە و کێشەیە، پۆستی سەرۆکی هەریمی
باشووری کوردستان! خەونێک بوو خەونی حوشتر! ئەدی چۆن ئەم خەونە دوورە
دەستە لەمنی ماڵە باب وێران بە ڕاست گەڕابوو؟
هەتا دوێنێ کەم کەس دەوێرا خۆی بۆ بپالێوێ! ئەوەی خۆشی بۆ پاڵاوتبا هەر
لە بەراییێ دەیزانی نایباتەوە و خۆی بە دۆڕاو دەبینی! لە بەر ئەم
هۆیانەی سەرەوە و هی تریش! ئەدی کێ لە پشتەوەی ئەم شانۆگەرییە تراژیدی
و کۆمیدیەدا بوو؟ چ هێز و لایەنێکی نهێنی، ناوەکی، دەرەکی، ئاسمانی،
سیحر و جادو و دوعا و پاڕانەوە و لالانەوەی خەڵک، یا نازانم بڵێم چی
ئەم شانۆگەرییەی لەدارخستبوو؟!
سەرم دینا و سەرم دەبرد تەققەی سەرم دەهات لەم هەڵە تەکنیکیە، لەم
ڕیککەوتە دیرۆکییە، لەم عاجباتییە دونیاگرە! سەر دەرکردن هەروا سوک و
سانا نەبوو!
من لەوەتەی سەرەتەققەیەکم لەگەڵ سیاسەت کردبوو، دوژمنی بابە کوشتەی ئەم
ناوە، ئەم پلە و پایە قێزەوونە بووم، هەر لە وێ ڕۆژێ ی سەردەمی
دیکتاتۆری گۆڕکراو، کە تەمەنی لاویتی کردمە سوتماک، هەر لەو چاوتروکانە
بەراییانەی شیعرەکانی پاپلۆ نیرۆدام دەخویندەوە بە زمانی عەرەبی
دەربارەی سەرۆک نیکسۆن، هەر لەو ساوە ڕۆمانی جەنابی سەرۆک (السید
الرئیس) ی گابریل گاریسیام بینی، کە هیشتا دام و دەزگا داپلۆسینەرەکانی
دیکتاتۆری ترس و هەڕەشە بوون! من هەر لەوێ ڕۆژێوە کە کەم تا زۆر
دیکتاتۆریەتی ستالینزمی زۆربەی سەرۆکەکانی دونیام ناسی، بەتایبەت
سەرۆکەکانی خۆرهەڵاتی ناوڕاست، هەندە ڕقم لەم پۆستە ستەمکارانەیە هەڵسا
بوو، کەچی دەفەرموو! کڵاوت بێنە و سڵاوی لێ بکە!.
سەرباری هەموو ئەمانەش من هیچم بەخۆ شک نە دەهات! تا لەم کێ بڕکێ و
ململانەی پارتایەتی و کڵاو لەسەر نان و کڵاو فڕکانە، لە پرۆسەی ئەم
هەڵبژاردنە پڕ لە فڕوفێڵ و گەندەڵیە گرەو ببەمەوە! بەڵام چی دەکرێ
لەگەڵ چارەنووس و نیوچەوانی ڕەش!
با لەمە زۆرتری لەسەر نەچم، بەدەردی سەرۆکە نەخۆشەکەی عیراق گۆتەنی (زۆرگۆتن
قورعانیش ناخۆشە).
بەڵێ ئەو کورسیەی لەسەری دانیشتبووم پێچکەکانی ئەوەندە بڵند بوون
قاچەکانی ئەوەندە دریژ بوون، گرەوی لە قاچی ووشتر و زەرافە و هەر گیان
لەبەریکی تری قاچ درێژ بردبۆوە ! کاتێ لە سەر پشتی ئەم کورسیە بە
ئاسمان هەڵچووە سەیری خوارەوەم دەکرد زەندەقم دەچوو! جێم پێ جێ نەبوو،
بیرم لەوە دەکردەوە ئەگەر هەرکەسێک بیهەوێ قاچەکانی ئەم کورسیەم هەر بۆ
گاڵتە بجوولینێ، هەر هەر ئاوا بە ئاستەم بیهەژینێ، وەرم دەگێڕێ و
سەرەنگرێم دەکا! جا ئەوساکێ! کێ دەیزانی؟ دەبوو لەکوێ خۆ بگرمەوە، بێ
گومان کەوتنە خوارەوەم لەم حەوتەمین چینەی ئاسمانە بێ ئەسکورد شکان نە
دەبوو، ئەگەر هەلا هەلا و هەپڕون بە هەپڕوونیش نە بوومایە.
لەو بەرزایی و بڵنداییە، لەسەر کورسی گۆرین کە تەماشای خوارەوەی هەزار
بە هەزارم دەکرد، دەست و پیوەندەکانم، ئەو گەجەر و گوجەرەی دەورو بەرم
کە بۆ پاراستن و ئاسایشی ژیانی تایبەتی و کەسیم تەرخانکرابوون، زۆر
بچووک و بێ نموود دەهاتنە بەرچاو، لە خوارەوەی ئەوانیش ئەو خەڵکەم
دەبینی یەکجار بچووک و ووردتر بوون، چۆن لەسەر باڵی هەورەوە سەرنجی
زەوی ژیر خۆم بدەم، ئاوا ئەم حەشاماتەم دەبینی، ئەم خەڵکە هەر وەک
دەنکە زەنگیانە دەچوون، خۆم لە چاو ئەوان وەک کەرکەدەنێک فیلەتەنێک،
دێناسورێک دەهاتە بەرچاو! لەم چاوتروکانەدا بوو یەکەمین جار سواری
فڕۆکە بوونی خۆم وەبیر هاتەوە، کە دەمبینی فرۆکەی گۆرین لەسەر هەوران
دەفڕی! شار و دەریا و زەریاکان هەندە بچووکیان دەنواند! هەندە وورد
بوون، بڕوا نەکرێ! ئیتر ئەمەش وێنەیکی ئاوهای هەبوو لەبەر چاوم، کاتێ
دەم بینی ئەو خەڵکە وەک شانەی مێروولە دەر بووین، بۆ بیستنی من، بۆ
بینینی من، بە قسەی وەزیر و گزیر و پیاوە بچوکەکانی دەورو بەرم! دڵم
بەوان و بە خۆیشم دەسووتا! ئەمە چ تراژیدیایەک بوو بە سەر خۆم گەل و
نیشتمانەکەم داهاتبوو!؟
دەم دیت خەڵک بێ وەنەوز دەجوولانەوە، بە یەکا دا دەهاتن، گرمۆڵە دەبوون،
کەچی منی سیاچارە لەم بەرزایی کاکێشانی ئاسمانە، ئەوانم جوان نەدەبینی،
لێکم جودا نەدەکردنەوە، نەم دەزانی کێ دۆستە و کێ نەیار! کێ ڕەخنەی
هەیە و کێ پارتی چەپڵە و هەڵپەڕکێ بوو! کێ خۆشمی دەویست، بەدڵ هاتبوو
پیرۆزباییم لێ بکا کێش بە تەمای دەسکەوت و دارایی گەندەڵکردنم بوو! کێ
خەریکی پلان گێڕان و پاشقۆڵ لێگرتنم بوو، گویم لە دەنگیان نەدەبوو
بزانم چی دەڵێن، هێچ شتێکی ڕاستەقینەم لە وان نە دەزانی! ئەمەش هەندی
تر قوڕەکەی لێ خەست و توند تر کردبوومەوە!
هەر لەبەر هەندێ زۆر لەم بارە نالەبارەم، لە سەر ئەم کورسیە قاچ دریژە
نەعلەتیە وەڕەس و کەوەڕێ و بیزار بووم!
دواجار خۆم بۆ نەگیرا! تا سەری لووتم هاتبوو، تا هێزم تیا بوو قیڕانم!
وەرن ئەم کورسیە نزم بکەنەوە، چەند کاسە لیس و ماستاوچی و سینگ لە
پێشێک! دەست بە سینگەوە لێم هاتنە پێش!
فەرموو سەرۆک! فەرموو سەرۆکی، لە دەم و لچی ئەوان بەردەبۆوە زۆر
بەشانازیەوە دەگووترا، منیش پێم وا بوو هێمنی شاعیر گووتەنی: دەتگووت
گولەم پێوە دنێن!
هەموو ئازای گیانم بریندار دەکەن، بۆ جارێکی تر یەک بە خۆم هاوارم کرد!
بەسەریاندا وەک جانەوەر وەک دەعبایەکی ترساک نەڕاندم!
دەمەوێ گویم لێ بێ ئەم خەڵکە چی دەوێ؟ داواکاری چیە؟ هەندیک لە دەست و
پیوەندەکانم وەک فیشەکە شیتە بۆی دەرچوون، دوای کەمێ بە پەلە پەل و
شلەژاوی لەگەڵ چەند فرتە بۆزیک گەڕانەوە، یەکێک لە فرتە بۆزەکان بە
فەرمی خۆی پیشکەش کرد!
سەرۆکی دەستەی ڕاوێژکارانی کۆشکی سەرۆکایەتی هەرێم!!
دواتر، بە ڕێزلێنانەوە، بە دەنگێکی فەرمی:
فەرموو سەرۆکی، بەڕیزمانی گووت!
منیش هەر بە هەمان تون و میلۆدی دەنگێکی بەرز، تفت و تاڵ، بەسەریا
هاوارم کرد!
پێم بڵێ کێ تۆی کردووە بە سەرۆکی دەستەی تەڕەماش، من دەمەوێ بزانم ئەم
خەڵکە چیان دەوێ؟ دەمەوێ ڕوو بە ڕوو قسەیان لەگەڵا بکەم، ببینم چ
داواکاریەکیان هەس! لێم تێ دەگەی یا دووپاتی کەمەوە ها؟
ببوورە ویستم پێتان ڕابگەیەنم ڕۆژنامەنووسێکی زۆر کامێرای هەموو
دەزگاکانی ڕاگەیاندنی دەرەوە و ناوە هاتوون!
ویستم بڵێم ئەی کوان لە کوێن!
ئێمە لەبەر ئەوەی مۆڵەتی تۆمان پێ نە بوو ڕێگەمان پێ نەداون!
چێ ... چی؟ وەک شێت و هارم لێ بەسەرهات!
گەمژە بۆ واتانکردووە، پرستان بەمن کردبوو؟!
لەم چاوتروکانەدا ئەوڕۆژەم بەبیرهاتەوە کە وەک وێنەگر لەگەڵ
ڕۆژنامەنووسێک لە سەری ڕەش، دانە ڕۆژێک لە چاوەڕوانییەکی بێهودە دابووم،
ڕێگەی چوونە ژوورەوەی منیان نەدا! بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسەکە سەرۆک
ببینم! کە ئەوسا تەنیا سەرۆکی پدک بوو!
دەمووچاوی ئەو ڕۆژنامە نووسەم دەهاتەوە بەرچاو کە دوای گێرمە و
کێشەیەکی زۆر بۆ بردنە ژوورەوەی من لەگەڵ خۆیا، سەرکەوتوو نەببوو، زۆر
بە ئەدەبەوە بە عەرەبی داوی لێبووردنی لێ کردم! من هەر لە نێو بیر و
خەیاڵی ئەوان ڕۆژاندا بووم، کە دەنگی سەرۆکی پاسەوانان وە ئاگای هێنام.
سەرۆکی بەڕێز ئەمە ئاسان نییە ئەمە مەترسی هەیە بۆ تۆ بۆ ئێمە!
هێشتا ئامادەکاری تەواومان پێک نەهێناوە بۆ ئەم مەبەستە!
هاوارم کرد! گوێ بگرە، من نامەوێ لە تۆوە فرمان وەرگرم!
لە تۆوە ببیستم لە تۆوە بزانم چ ڕوودەدا لە دەرەوە! هەر ئێستا! هەنووکە
دەمەوێ بچمە ناو خەڵک بە گوێی خۆم دەمەوێ گوێ ببیستی قسەکانیان بم!
تێ دەگەی لە من!؟
کابرای فرتەبۆز منگەیەکی لێوەهات .... بەسەرچاو گەورەم بەسەر چاو!
بەڵاااااااممممممم
هاوارم کرد بەڵامی چی؟ بڵێ؟ بابزانم !؟
گەورەم ئەمە کاریکی ئاسان نیە، تۆ گیانی خۆت دەخەیتە مەترسی ئەی سەرۆک!
ئەم خەڵکە بواریان پێ بدەی سەرت .....!!
چاوت .....!!
چ ... چ ... چ ئەمە تۆ چی دەڵێی؟
سەرم!
چاوم! چی بڵێ بزانم؟
هیچ !!
بم بوورە سەرۆکی میهرەبان ئەمە هەڵەیەکی زمانەوانی بوو!
لیم بە هەند مەگرە، بەسەرچاو هەر ئیستا هەموو ئامادەکاریەک دەکەین! بۆ
دیدەنی خەڵک لە نزیکەوە و ڕوو بە ڕوو!
کاتێ دەچووە دەرەوە لەگەڵ دەستە و تاخمەکەی پرتەوبۆڵەی بوو، لێمان
دەبێتە خۆسیێ موژیسا سەرۆکی ئۆڕگوای!
لە پڕێک ناو هۆڵەکە پڕ بوو لە ژمارەیەک خەڵکی هاوشێوە، یەک جۆر و ڕەنگ
لە جل و بەرگی خاوێن و پۆشتە، کەسیانم نەدەناسی، یەکێک لە ناویاندا
هێندەی چەترە فیلێک هاتە پێشەوە، بە ڕێز و بە شێوەیەکی فەرمی خۆی دا
ناسین، وەک سەرۆکی دەستەی پاسەوانانی تایبەتی سەرۆکایەتی.
فەرموون سەرۆک! ئێمە ئامادەین بۆ پاراستنی تایبەتی ئێوە، بەڵام بۆ
ئاسانکاری تیمەکەمان تکایە، ڕێنیشاندەری و چاوساخییەکان بەگرنگ بگرن!
ئێمە بۆ دابین کردنی ئاسایش و ئەو پەڕی ئارامیتان، هەموو هەوڵێک دەدەین!
ئێمە هەموو ئامادەییەکمان تیایە! ئێمە لە هەر کاتێک هەست بە مەترسی
بکەین بۆ سەر ژیانی تایبەتی و کەسی ئێوە، هەوڵئەدەین، سنوورێک بۆ
ئاژاوەگیڕان و یاسا شکێنان دابنێین!
بەڕێزتان هیچ تێبینییەکتان هەبوو؟!
بەڵێ من پێویستم بەم گەڕەلاوژەیە نییە!
تۆ پێتوایە من دوژمنی ئەم خەڵکەم؟
ئەم حەشاماتە هاتووە من بکوژن؟
من لە خەڵک ناترسم برالە!
سەرۆک ئێمە لە ژێر فرمانی ئێوەداین، بەڵام نەرم و شلی نواندن لەگەڵ
تیمی پاراستنی تایبەت کار ئاسانی زۆر دەکا.
بڕۆ بپرسە! ئەگەر ئەم خەڵکەی دەرەوە منیان ناوێ! ئەگەر داوا دەکەن هەر
ئێستا دەست لە کار دەکێشمەوە!
من هاتووم لە ڕاژەی ئەواندابم! من دیکتاتۆرێکی ترسنۆک نیم تێم دەگەی؟
بەڵێ سەرۆک!
درێژەی بە ڕوونکردنەوە و زانیاریەکانی خۆیدا، منیش خەریک بوو سەرم لە
گێژەوە دەچوو دڵم تێک هەڵدەهات، بێزم دەبۆوە!
لە دەرگە دەرکەوتم ژمارەی ئەو پیاوانەی بۆ پاراستنم، بۆ چاوەدێری و
ئاگا لێبوونم جممەیان دەهات، لە ژمارە نەدەهاتن! لەم بەریش لە دوور بە
چەندان مەتر ژمارەیەکی زۆر لە پۆلیسی پاراستن بەری هاتنە پێشی
خەڵکەکەیان تووند تووند گرتبوو!
دەربڕینی خەڵک زۆر نەدەبیسرا، لایەنگران و ڕەخنەگران دیار نەبون!
تەنها ژاوە ژاو و فیکە لێدان و چەپلەڕێزانیان تەماوی دەکرد، ریزێک
ئۆتۆمۆبیلی نوێ هاو ڕەنگ هاوشێوە لەسەرپێ ئامادە بوون، بە خۆ
ڕانەگەیشتم هیچ بڵێم! مۆڵەتم نەبوو هیچ بکەم! کە گەیەنرامە ناو یەکێ لە
ئوتۆمۆبیلەکان، لە نێو لیمۆسینەکە لە دواوە دایاننا بووم کەسێک لەتەک
لێخورەکە ژمارەیەکیش لە دواوە و یەکێک لە تەک من بەلای ڕاست دانشتبوو،
خۆم وەک گیراو و دەست بەسەرێک دەهاتە بەرچاو، ئوتۆمۆبێلەکان هێندە خێرا
و تیژ کەوتنە ڕێ دیمەنی دەموو چاوی خەڵک لە دەورو بەرما لیل و تەماوی و
کاڵ دەردەکەوت، نەمزانی چۆن و بۆ کوێ فڕاندمیان!
لە شوێنێک وەستان دەرگایان بۆ کردمەوە، لێنەگەران هیچ کەس لێم نزیک
بێتەوە! بە پەلە پڕوزێ دەستم بۆ خەڵک ڕادەوەشاند، زەردەخەنە و توڕەییم
تێکەڵاو ببوو ئەوە نەبوو وەک بۆمب بتەقمەوە.
ئەوەندەم زانی بوو بە هات و هاوار و دەنگە دەنگێکی زۆر، نەم دەزانی چی
ڕوو دەدا لە سەر جێ یەکی ڕاخراو و ئامادە ڕایانکشاندم، بانگی دکتۆر و
پەرستاریان دەکرد، ڕێشنە ئاوێکی فێنکیان بەدەم و چاوم دادەکرد، لە
دەنگە دەنگ و ژاوە ژاوی ناو هۆڵەکە وەئاگا هاتم ئۆخەی خەون بوو ڕاستی
نەبوو!
٢١\٤\٢٠١٣
ماڵپهڕی کهریم سهرکهش
|