١١\٢\٢٠١١
لە خواپەرستییەوە
بۆ هێرشکردنە سەر رۆشنبیران.

شاخەوان برایم عەبدوڵا
هەرچەندە مزگەوت مەڵبەندى خواپەرستییە، لەگەڵ ئەمەشدا حیزبەکان بەپێى
بارودۆخ و پێویستییان لە قۆناغە جیاجیاکانى کوردستاندا مزگەوتییان بۆ
بەرژەوەندى خۆیان بەکارهێناوە. بەڵام لە ئێستاکەدا ترسەکە لەوەدایە کە
حیزبە ئیسلامییەکان، بەشێوەیەکى بەرنامە بۆ داڕێژراو، خۆیان خزاندۆتە
نێو مزگەوتەکانەوەو لەشکرێک مەلایان دروستکردووە، بەتایبەتى لەقەزاو
ناحیەو گوندەکاندا، تاوەکو بەرنامەى حیزبە ئیسلامییەکان بە خەڵکى
رابگەیەنن و لە بەرانبەریشدا دەسەڵاتى کوردستان نەرمى نواندووەو بە
جۆرێک لەجۆرەکانیشەوە تارادەیەک هاریکاریش بووە لە پەرەسەندنى
دیاردەکەدا.
مانگى رەمەزانى ساڵى پێشوو، بەڵگەیەکى زیندووە کە میدیاى دەسەڵات و
حیزبە عەلمانییەکان، سەدان بەرنامەو دەیان گۆرانى ئایینییان بەرهەم
هێناو لە شاشەکانیانەوە پەخشییان کردو ئەمەش بێ بەرنامەیی و سیاسەتى
دووفاقى عەلمانییەکان نیشاندەدات و بەدیوەکەى تریشەوە لەبەرژەوەندى
ئیسلامییەکان کەوتەوەو پەیامێکیش بوو بۆ مەلاکان بەو مانایەى کە
دەسەڵات لەگەڵتاندایەو چى دەکەن و چۆنتان دەوێت بەئارەزووى خۆتان قسە
بکەن تەنیا دژى دەسەڵات نەبێت.
سەرەڕاى پێویست نەبوونى وەزارەتى ئەوقاف، پێدانى وەزارەتەکە
بەئیسلامییەکان، هەڵەیەکى ستراتیژى دیکەى دەسەڵاتە کە بەم هۆیەوە بەشێک
لە داهاتى دەوڵەتى خستە ژێردەستی ئیسلامییەکان و لە پێناوى بەرژەوەندى
حیزبییاندا خەرج دەکرێت و دەرئەنجامیش ئێستاکە دەبینین کە کۆمەڵگەى
کوردستانى باجەکەى دەدات لەرووى فیکرى و ئازادى رادەربڕین و دیموکراسى
و شارستانییەتەوە.
پێدانى وەزارەتى ئەوقاف بەئیسلامییەکان و بێدەنگى دەسەڵات لەبەرانبەر
چەواشەکارى و دەرکردنى فەتواى نابەجێی مەلاکان بەپاڵپشتى وەزارەت و
یەکێتى زانایانى ئایینى و میدیاى ئیسلامییەکانەوە، بەرانبەر خەڵکانى
رۆشنبیرو ئەو توێژەى وەکو ئەوان بیرناکەنەوە بەرهەمی سیاسەتێکى هەڵەى
حکومەتەو ئەمەش دەرئەنجامێکى ترسناکى بەدواى خۆیدا هێناوە کە ئێستاکە
دەبینین مەلاکان بەئارەزووى خۆیان و بۆ بەرژەوەندى حیزبە ئیسلامییەکان
دادگەو میدیاکانیان قۆرخکردووەو بەهۆیەوە سەنگەریان بەرانبەر بۆچوون و
فیکرى نووسەرانى ئازادیخواز گرتووە.
دادگاییکردنى د.فەرهاد پیرباڵ و دروستکردنى ئەو فەوزایەى لەسەر وشەى
جێندەر کە (تاوەکو ئێستاکەش لەماناى وشەکە نەگەیشتوون) و حەرامکردنى
پێشینەى خانووبەرەو چاودێریکردنى بڵاوکراوەکان بەماناى دروستکردتى
فەوزاو هەروەها لەم رۆژانەش کشانەوە یاخود رێگرتن لە بڵاوکردنەوەى
کتێبێکى شیعرى "قوبادى جەلیزادە"ى شاعیرو دەیان و سەدان شتى دیکەى لەم
جۆرەش بوونەتە مەترسییەکى گەورە بەسەر ئاییندەى پێشکەوتن و دیموکراسى و
رێزگرتن و پێکەوەژیان لەنێوان تاکەکانى کۆمەڵگەى کوردستانى.
هۆکارەکەى بێدەنگى دەسەڵاتە لەوەى نایەوێت خۆى رووبەڕووى شەڕێکى فیکرى
و ساردبکاتەوە لەگەڵ مەلاکاندا، رووبەڕوونەبوونەوەى مەلا سیاسییەکان،
واتە حیزبییەکان لەدواییدا باجەکەى تەنیا کۆمەڵگە دەیدات و ئەو کەمە
دیموکراسییەى کە دەسەڵاتى کوردى هەمیشە شانازى پێوەدەکات، وەکو هەرێمێک
لە چوارچێوەى عێراقێکى دیکتاتۆردا لە دەست دەچێت و ئومێدى ئەو توێژە
بەکۆتا دەهێنێت کە لە کوردستان و دەرەوە ئیش بۆ بەدیموکراسی کردن و
شارستانى کردنى کۆمەڵگەى کوردستانى دەکەن.
بۆیە لە قۆناغێکى وادا پێویستە دەسەڵات، چاوێک بەئەداى کارکردنى
وەزارەتى ئەوقاف و خوتبەى مەلاکاندا بخشێنێتەوەو ڕێگریان لێ بکات لەوەى
چیتر مەلاکان بێ شارەزابوون قسە لەسەر چەمک و بوارە رۆشنبیرى و
هونەرییەکان نەکەن و مزگەوتەکان بۆ ئەجێنداى سیاسییان بەکارنەهێنرێت و
هەروەها چیتریش رۆشنبیران لەسەر بۆچوونەکانیان نەبرێنە بەردەم دادگاکان،
لەگەڵ ئەمەشدا پێویستە رۆشنبیران و چالاکوانانى کۆمەڵگەى مەدەنى لە
وەها مەترسییەک کە رەوتێکى پیاوانى ئایینى بۆ بەرژەوەندى تایبەتى و
حیزبە ئیسلامییەکانەوە خوڵقاندوویانە بێدەنگ نەبن و بەشێوەیەکى
زانستییانەو دوور لە هەر دەمارگیرییەک لەرێگەى سازدانى دیالۆگەوە
بەرەنگارى ئەو رەوتە توندڕەوەى پیاوانى ئایینى ببنەوە کە دەیانەوێت
کۆمەڵگە بگەڕێننەوە بۆ هەمان سەردەمى شوومى دەوڵەتى خەلافەتى ئیسلام کە
لەم قۆناغەدا مرۆڤ لە هەموو بەهایەکى ئینسانى بێ بەشکرابوو.
ماڵپهڕی
شاخهوان برایم عهبدوڵا
|